سەرکۆ یونس: سەرنجێک لە سەر نرخەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆچى نرخەکان بەم شێوەیە (0.99 $ & 1.99 $ & 999$ ) دادەنرێن؟!
هەرکەسێکمان کاتێک بەناو بازاڕ یان ناوەندەکانى فرۆشتندا وەک مۆڵ و سۆپەرمارکێتەکان گوزەر دەکەین و بەدواى پێداویستى یەکانمدا دەگەڕێن تێبینى ئەوە دەکەین و دەبینین نرخى هەندێ لە شمەکەکان بەم شێوەیە (49.99$ یان 1.99 $ یان 1.99$) دیاریکراون، ڕەنگە ئەم شێوازە لە نرخ سەرنجى زۆربەمانى کێش کردبێت، لەڕاستیدا ئەمە جۆرێکە لە سەرنجڕاکێشانى کڕیار بەلاى کاڵاکاندا.
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بۆچى بازرگان و فرۆشیارەکان پەنا بۆ ئەم شێوازەى نرخدانان دەبەن و ڕاستەوخۆ نرخەکان دانانێن وەک (1$ یان 20 $ یان 200$ )
نرخ دانانى دەروونى یان دەتوانین بڵێن نرخدانانى سحرى (فێڵ) بریتى یە لەستراتیژییەک بازرگان و فرۆشیارەکان لەسیستەمى بازاڕگەریدا پەیڕەوى دەکەن، زۆربەى بازرگانەکان ئاشنان بەم شێوازە. ئەم بیردۆزە کار لەسەر بارى دەرونى کڕیاردەکات، کڕیار وا هەست دەکات گەر بەم نرخانە پێداویستییەکانى بکڕێت، ئەوا بەو داهاتە دیاریکراوەى ڕەنگە بتوانێت پێداویستى زیاتر پڕبکاتەوە، بەڵام ئەمە وەهمێکە کە فرۆشیار بۆ کڕیارى دروستکردوە، بۆ نمونە ئەگەر شمەکێک یان کاڵایەک بە نرخى (1.99$) بکرێت بەبەراورد بە (2$) لێرەدا هۆکارى دەروونى کار دەکاتە سەر بەکاربەران وا دادەنێت کە لەچوارچێوەى (1$ ) دۆلاردا کاڵاکەى بەدەستهێناوە کەواتە لێرەدا هەستەکە تەنها دەروونى یە، لە لایەکى دیکەوە ڕەنگە مەبەست لە دانانى نرخ بەم شپَوەیە کارکردنبێت بە یەکەکانى دراو (وەک سەنت و یەک دۆلار و پێنج دۆلارى) . بەم سیاسەتەى نرخدانان دەوترێت سیاسەتى نرخدان بەژمارەى نامۆ (غەریب ) کە تێدا ژمارەکە بەکەمتر دەردەکەوێت وەک ئەوەى لەواقعدا هەبێ ئەمەش ئارەزووى کڕیار بۆ کڕینى شمەکەکە راِدەکێشێت.
چەند لێکۆڵینەوەک ئاماژە بەوەدەکات نرخدانان بەم سیاسەتە بەشدارى دەکات لەزیادکردنى داهاتى فرۆشراوەکان ئەمەش بەو مانایەدێت نرخدانان بە ($1.99) وا لە کڕیاران دەکات ڕاستەوخۆ سەیرى ژمارەى لاى چەپى نرخەکە بکەن بەمەش کاریگەرى دەبێت لەسەر دەروونى کڕیار وەها دەکات بەخێراى بڕیارى کڕین بدات، پاشان نرخەکە بە ژمارەکى کەم دێتە پێش چاوى، هەست دەکات کە نرخەکە نزمە، کەواتە لێرەدا تەنها چاو بەراورد دەکات و بەشێوەیەکى بێ ئاگایى لەنێوان ژمارە (1 و 2) دا کڕیارەکە ژمارە بچوکەکە هەڵدەبژێرێت ئەمە دورخستنەوەى کرٍیارە لەوەى کە بڕیارێکى عاقلانە بدات، سەرەڕاى ئەوەى کە هەردوو ژمارەکە لەنرخدا وەک یەکن تەنها بەڕێژەیەکى بچوک نەبێت (1.99 بەبەراورد بە 2 )جیاوازییەکى ئەوتۆى نى یە. ئەم فێڵ و هەڵخەڵەتاندنە لەنرخداناندا تازەیە، زۆربەى کات سەرکەوتنى تێدایە، لەبەر ئەوە زۆربەى کۆمپانیا بازرگانیە گەورەکان ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەکەن.
بەسەرنجدان لەمۆڵ و سەنتەرو سۆپەرمارکێتەکانى هەرێمى کوردستان تێبینى دەکەین ئەم شێوازە لە نرخدانان پەیڕەو دەکرێت بەڵام بەداخەوە زۆربەى کڕیاران هۆشیارى بازاڕکردنیان نى یە و بەچاو بڕیار دەدەن و دەبینین هەندێ کات دەکەونە تەڵەکەوە بەتایبەتى ئەگەر کڕین و فرۆشتن بەشێوازى ڕاستەوخۆ بێت. دەتوانین بڵێن ئەم شێوازى نرخدانانە جۆرێکە لە یاریکردن بە هەست و دەروونى کڕیاران و بەشێوەیەک لە شێوەکان فێڵێکى ڕێگەپێدراو و زانستى یە لەبوارى بازاڕکاریدا، ئامانجەکەش بۆ ئەوەیە کاریگەرى بکرێتە سەر دەروونى کڕیاران و بەکاربەران چونکە یەکێک لە ڕەگەزەکانى خواستى بەکاربەر حەزو ئارەزووە لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت ئامانجەکە بەدەست بهێنرێت، لەتەنیشت ئارەزوى کڕیار بۆ کاڵاکەوە یاریکردن بە نرخەکانەوە دەبێتە فاکتەرێکى دیکە بۆ ئەوەى کڕیار بڕیارى کڕینى کاڵاکە بدات.
یەکێکى تر لە مەبەستەکانى ئەم سیاسەتە ئەوەیە زۆربەى نرخى شمەک و کاڵاکان بەنرخێک دادەنرێن کە کریار وا لێ بکات دوو پارچە یان زیاتر بکرێت وەک نرخى تەنها یەک قوتو دۆشاوى تەماتە تەنها بە (1.900) دینار بێت ئەمە وا دەکات کریارەکە دوو قوتو بکرێت و فرۆشیارەکە بڕى زیاتر بفرۆشێت .
یەکێکى تر لە مەبەستەکانى ئەم سیاسەتە زیاتر بۆ چینى گەنجان و منداڵان و ژنانە، چونکە ئەم توێژانە بڕیارەکانیان لە بارەى کڕینەوە زۆرجار بڕیارێکى هەستەکییە، واتا فاکتەرى هەست ڕۆڵى کڕین دەگێڕێت، لێرەدا فاکتەرى مێنتاڵى زۆر لاوازە لە کڕیندا. بێگومان ئەم سیاسەتە لەو بازاڕانەدا زیاتر بڵاوە کە کێبڕکێ ى فرۆشتنى تێدایە چونکە بازرگان و فرۆشیاران دەیانەوێ بڕى زیاتر بفرۆشن زۆربەى هەست و ئارەزوى کڕیاران بۆ لاى خۆیان ڕابکێشن تا بتوانن ئامانجە سەرەکیەکە بەدەست بهێنن.
فرۆشیار و کۆمپانیاکان دەکرێت بە توێژینەوەیەکى زانستى گەشتبن بەو دەرئەنجامەى کە چۆن بتوانن لە ڕێگەى کەمکردنەوەیەکى ڕمزى نرخەکانەوە قازانجێکى تر بەدەستبهێنن، لێرەدا بەشێوەیەکى سایکۆلۆژى دەیانەوێت کڕیار بخەنە ناو ئەو فێلەوە کە بڕیارە ئەنجامی بدەن. پاشان ئەم فاکتەرە لەسەر ئاستى جیهانى زۆر بڵاوە، لە هەرێمدا هەمان سیاسەت پەیڕەودەکرێت بەڵام کوالێتى کاڵاکان لە ئاستى ئەو نرخانەدانین، بەواتایەکى دیکە کوالێتى کاڵاکان زۆر خراپە، لەگەلڕ ئەوەشدا ئەم سیاسەتە بەکاردەهێنن بۆ کڕیار دەکەوێتە دۆخێکى نا جێگیرەوە، گەر کاڵاکان بکڕێت بەنرخێکى گران و کوالێتیشى خراپ بێت ئەوا کڕیار فێڵى لێکراوە. گەر بە نرخێکى کەمتربێـت (ئەگەر ڕمزیش بێت) کڕیار بیر لەو نرخە دەکاتەوە کە کەمترە، بۆیە ئەو شێوازە لە کەمکردنەوەى نرخ بە ئاڕاستەى زیاترى فرۆشتندا کاردەکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت