لوقمان مصطفی صاڵح: تاوان، وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەمكی تاوان لە یاسادا پێناسەی جۆراوجۆری بۆ كراوە، دەشێ بڵێین: ئەنجامدانی رەفتارێكە یاسا قەدەغەی كردووە، یاخود ئەنجام نەدانی رەفتارێك كە یاسا بەئەرك هەژماری كردووە. کاتێک باس دێتە سەرتاوان، یەک سەر شێوەی کەسانی تاوانبارلەپێش چاومان وەک تارماییەکی ترسناک وێنادەبێت، بێگومان هەموو هەستەکانیشمان ئاراستەی بکەروکرداری تاوانبار دەبێت، کە چۆن کەسی تاوانبار هەستاوە بە ئەنجامدانی کارێکی تاوانکاری. بێشک هەرکردەیەکی تاوانکاریش دژە بەیاساوڕێساکانە، لەهەمان کاتیشدا پێچەوانەیە لەگەڵ داب و نەریتی کۆمەڵگادا، دەرەنجامی ئەوکردارە تاوانکاریەی کە وای کردبێت، بوبێتە هۆی گەیاندنی زیانی گیانی و مادی بە تاکەکانی تری نێوکۆمەڵگا. ھەروەک دەبینین و دەبیستین لەم ماوەیەدا دیاردەی تاوانکاری لە ھەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی ترسناک روو لە زیادبوون و ھەڵکشانە، ناکرێت ھەروابە سانایی و نادیدە سەیربکرێت و ھۆکارەکانی شەن وکەونەکرێت و ھیچ خوێندنەوەیەکی بۆنەکرێت.!
ڕاستە “تاوان”، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە لە ھەمو کۆمەڵگایەکدا بونی ھەیەو رودەدات، ئەگەرکەسانی ھەرزەکارو نەوجەوان ئەنجامی بدەن یاخود گەورەکان، بەڵام رێژەکەی‌و شێوازی کۆنترۆڵکردنی لەکۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر دەگۆڕێت، ھۆکاری بەرپرسیار لە ھەڵکشان‌و زیادبونی‌گیانی تاوانکاری ‌و کوشتاردا لە ھەمو کۆمەڵگاکانی دونیادا چەند ھۆکارێکن: دابونەریتی کۆمەڵایەتی، خراپ بەکارھێنانی تەکنەلۆژیا، پەروەردەی خێزانی، رۆڵی دەسەڵات لە سەروەرکردنی یاسای پێشکەوتوو جێبەجێکردنی چەسپاندنی سزادا، باری ئابوری کە گرنگترینیانە. تاوان پەیوەندی بە پێشکەوتویی‌و دواکەوتویی کۆمەڵگاوە نییە، وڵاتە عەربیەکانی وەک عێراق ‌و سوریاو ووڵاتانی رۆژئاوا ئەمریکا ئەمانە نمونەی ھەرە دیاری تاوانن‌و سەرقافڵەن لە لیستی تاوانکارییدا.
لە ھەرێمی کەردستانیشدا وەک ھەروڵاتێکی تر بەدەر نیە لە کاری تاوانکاری رۆژانە لەشاروو شارۆچکەکانی کۆمەڵگەی کوردستان ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانی پسپۆرانی بوارە جیاجیاکانی بواری یاسایی و کۆمەڵایەتی و دەرونی توشی جۆرێک لە سەرسام بون کردوە ئەوکارە قێزەون و تاوانە ترسناکانەن کە لەم دواییەدا تاوانی قێزەوون ئەنجام دەدرێ، بەڕاستی پێویستی بەھەڵوەستە کردنە دەنا ئایندەی کۆمەڵگاکەمان لەبەردەم ھەرەشەو مەترسیەکی گەورەدایە. نابێت وناکرێت دەزگا تایبەتمەندەکان لە ئاست ئەم ھەموو تاوانانەدە، ھیچ بەرنامەیەکیان نەبێت، ھیچ رێکارێکی کرداری نەگرنەبەر بۆ کەم کردنەوەی ئەم رێژە زۆر و دوبارەبۆوەی تاوان کە لەلایەن کەسانی تەمەن گەورەو بەتایبەتی نەوجەوانانەوە زیاتر دەدرێت. ئەوەی کە پێویستە پەلەی تێدا بکرێت ھەموار کردنەوەی ئەو مادە یاسایی یانەیە بە جٶڕیک سزاکە توند بکرێت کە ببێتە (ردع ا لغیر) چونکە یاسای سزادانی عێراقی لە دادگاکاندا لە کاتی دادبینی کردنی تومەتباراندا کە تومەتەکەیان لەسەر جێگیر بو سزایان بەسەردادەدرێت بە یاسای سزادانی عێراقی به‌پیی ماده‌(406) فقرة 1 له‌یاسای سزادانی عێراقی 9 جۆر کوشتن سزاکه‌ی لەسێدارەدانە. یەکێک لەوفەقەرانە ج_ کوشتن به‌ریگای وه‌حشیانه یە: ئەو جۆرەکوشتنەیەکەوا ئاسەوار بەجەستەی کوژراو دیارەوەک کوشتن بەقامە ‌چەقوی قەساب یاخوت پارچەپارچەکردن یان سوتاندن. نمونەی سوتانی سێوەخان و مناڵەکانی لەشاری چەمچەماڵ ئەگەر تومەتەکە ساغ بێتەوە بەسەر هاوسەرەکەیداو ئەم کارە قێزەونەی ئەنجام دابێت، ئەوا ئەم مادە یاساییە بەسەریدا جێبەجێدەبێت.
بۆ نەھێشتن و یاخود کەم کردنەوەی گیانی تاوانکاری پێویستە ئەم ھەنگاوانە بگیرێتەبەر: جێبەجێ کردنی ئەو بریارو راسپاردانەی کە دادگا حوکمی پێدەرکردوە لەکاتی خۆیدا جێبەجێ بکرێت، جەخت کردنەوە لە یاسای قەدەغەکردنی چەک ھەڵگرتنی یی مۆڵەت، پیادەکردنی رۆشنبیری یاسایی لەسەرجەم قۆناغەکانی خوێندندا، دانانی سیستەمێک بۆ سنوردار کردنی بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، بەتایبەت ئەنتەرنێت، قەدەغەکردنی ئەوزنجیرە درامایانەی کەتوندوتیژی تیایە، رۆڵی راگەیاندن وەک میدیای بینراوو بیسراو ورۆژنامەکان چونکە ئەم ماکێنانە دەتوانن ڕۆڵێکی گەورە ببینن لە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگابەگشتی و نەوجەوانان بەتایبەتی، دابین کردنی کار بۆئەو نەوجەوانانەی بێکارن چونکە خراپ بونی باری ئابوری یەکێکە لە ھۆکارەکانی زیاد بونی تاوان لە نێوکۆمەڵگادا.
بۆیە کارکردن لەسەر ئەم ھەنگاوانە و چەندین ھۆکاری تر کەپسپۆرانی بوارە جیاجیان پەی پێدەبەن بەدڵنیایەوە دەبێتە ھۆی کەم کردنەوەی دیاردەی تاوان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت