هۆمەر نۆریاویی: چاند و فەرهەنگی کوردان،دیلی دەست کاسبکارانی چازان!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مێژووی بازرگانیکردن بە بواری فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییەوە لە ئاستی جیهاندا، دیرۆکێکی کۆن و دێرینی هەیە و سەدان کەس، لایەن، بنکە و ناوەندی ناڕۆشنبیریی لەم ڕێگەوە سامانێکی بەرفرەوانیان بۆ خۆ گلێر کردۆتەوە کە هەرگیز سەتی یەکی ئەو سەرمایە و داهات و سامانە لە پێناو پێشخستن و گەشەپێدانی فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییدا دەکار نەهێنراوە.
ئەم پرسە بە درێژایی مێژوو لە جیهانی سێیەمدا، زەقتر و هەژێنەرتر بووە و لە نێو ڕووبەری چاندیی ئێمەی کوردیشدا بە زەقی دەبینرێت و کەم نین ژماری ئەو کەس، لایەن، بنکە و ناوەندە ناڕۆشنبیرییانەی کە بەناڕەوا و لە ڕێی جۆربەجۆرەوە،دەمێکە دەسەڵات و کلیلەکەی دەروازەی فەرهەنگیان گرتۆتە دەست خۆ و لەمێژە لەم بوارەدا تەراتێن دەکەن و پارە و سامانێکی خەیاڵی لە نێو تەنکەی گیرفان دەنێن. کەچی مخابن بۆ خۆ ئەوەندە پرسی فەرهەنگ و چاندی کوردییان لا گرینگ نییە و تەنێ چاو لە دەسکەوتە مادییەکەی ئەم بوارە دەکەن؛ هەر بۆیە دۆخی فەرهەنگیی کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردیی ئەوەندە شپرز و ئاڵۆزە و کەمتر هەژان و تەکانێکی ڕاستینە بە خۆوە دەبینێت. چونکە لە ڕاستیدا ئەم جۆرە کەس، لایەن، بنکە و ناوەندانە، گەشە و بەرەوپێشڤەچوونی پرسی فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییان لا گرینگ نییە و پتر بۆ خۆدەرخستن و ناوبانگدەرکردن و دەسکەوتە مادییەکەیەتی کە بە ناڕەوا دێنە نێو گۆڕەپانەکەوە؛ مخابن نموونەکان لە نێو کۆمەڵی کوردییدا زۆر زۆرن.
تاڵتر لە هەمووان ئەوەیە کە هەندێکجار گەلێک نووسەر و ڕۆشنبیری کوردیش دەکەنە دارەدەستی خۆ و وەک قەڵغان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕەوت و لایەنە سەربەخۆکان لە ساتەوەختی پێویستدا دەکاریان دێنن ئەگینا بۆ خۆ نە خەمخۆری بواری فەرهەنگ و ڕۆشنبیریین و نەیش توانای نەخشاندنی دوو ڕستەی پاکژی کوردییان هەیە.
ئەم پرسە هەنووکە بۆتە پرسێکی پڕمەترسی و هەڕەشە لە فەرهەنگ و چاندی کوردی دەکات و مخابن ئەم چەشنە کەس،لایەن،بنکە و ناوەندانە، لە زۆربەی بنکە و ناوەندە ڕۆشنبیریی و زانستییەکان هەتا کۆڕ و جڤین و فێستیڤاڵە کوردییەکاندا تاقە بڕیاردەر هەر بۆ خۆن. هەر لەبەر ئەم پرسەیش،بە سەدان سیما و لایەنی خەمخۆری کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردی پەراوێز دەخرێن.
ڕاستە مێژووی ئەم دیاردە ترسناکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش شۆڕشی گەلانی ئێران بەڵام دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕش، خێراییەکی سەیری بە خۆوە بینیوە و دەیان بەناو کەسایەتی،بنکە و ناوەند و پەخشکاری کوردی، قارچکئاسا سەریان هەڵداوە و بوونەتە پێشەنگی بواری ڕۆشنبیریی کوردی و هەسپی خۆ بەلەز لەم مەیدانەدا تاو دەدەن و کەسیش لەبەر دەستڕۆییشتووییان، لێرە و لەوێ،ناوێرێت وەبەر لۆمەیان بدات.
لە بیرمە لە پێشانگەیەکی کتێبی کوردییدا، کاتێک چاوم لە بەرهەمی نوێی شاعیرێکی دیار و ناسراوی کورد دەکرد و لاپەڕەی کتێبەکەم هەڵدەدایەوە، دەبینم پەخشکار بە گەز و پێوانەی خۆی،بەشێکی ڕووبەری کتێبەکەی قرتاندووە و مخابن هەمووانیش کتێبەکە دەکڕن و کەسیش فزەی لەدەم دەرنایە. لێم پرسی، کاکە بۆ وا دەکەن؟ پێی وتم: باشە تۆ کێیت؟ کە وتم: خوێنەرێکی کورد، بە بێ وەستان لە وەرامدا وتی: وەڵڵاهی بەختت یار بوو ئێرە زۆر قەرەباڵغە ئەگینا پڕشەقم دەکردیت! ئەمە سەرگورشتەی تاڵی ڕەوشی بەناو ڕۆشنبیریی ئێمەی کوردە و لەمێژە کلیلەکەی بەناڕەوا کەوتۆتە دەست ژمارەیەک کاسبکار و بازرگان کە تەنێ چاویان لە قازانج و ناوبانگی ئەم بوارەیە و فەرهەنگ و چاندی کوردییان هەرگیز لا مەبەست نەبووە و نییە.
داخراوبوونی بازنەی ڕۆشنبیریی کۆمەڵی کوردی گرێکە سەد هێندە ئاڵۆزتر دەکات و ئەستەمە بەمزووانەیش چارەسەرێک بۆ ئەم ئارێشەیە بدۆزرێتەوە. دەمێکە بەناحەق ژمارەیەک بت دروست کراون و لەبەر ئاستنزمیی ڕۆشنبیریی کۆمەڵی کوردی، هەمووان هەر شوێنکەوتەی ئەو تاقمەن و گەر دە ساڵ جارێک، دەنگێکی جیاواز دەربکەوێت و سووکە ڕەخنەیەکیان بەرەوڕوو بکاتەوە، بە هەزار داخ و مخابنەوە، دەروێشەکانیان هووتەرەی بۆ دەبەن و، سەدان ناو و ناتۆرەی بۆ چێ دەکەن و دەیبەستنەوە بەم لایەن و ئەو لایەنەوە و شاربەدەر دەکرێت.
هەژاربوونی ڕەخنە لە نێو کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردییدا، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامیی ئەم ڕەوشە و تا کاتێک ئاستی وشیاریی تاک و کۆی کۆمەڵ بەرز نەبێتەوە،ئەم دۆخە هەر وا درێژەی دەبێت و بگرە ئاڵۆزتریش.
ئەم بازرگان و کاسبکارانە هەنووکە ئەوەندە لق و پۆیان بۆ نێو هەموو بوارێکی فەرهەنگی شۆڕ بۆتەوە کە بنبڕکردنیان، کارێکی گەلێک چەتوون و پڕزەحمەتە و پێویستیی بە هاریکاریی هەمەلایەنەی گرووپ و ئالی و کەسایەتییە سەربەخۆکان هەیە و گەر هەر وا لە هەمبەر ئەم پرسە هەستیارەدا کەمتەرخەم بین، دادێیەکی تاڵتر و ڕەشتر بۆ ڕووبەری ڕۆشنبیریی خۆ دەنووسینەوە. بۆیە ئەرکی سەرشانی هەموو کەس،لایەن و بنکەیەکی سەربەخۆیە پێکڤە لێرە و لەوێ، کارنامە و فایلی ڕەشی ئەم کەس و لایەن و بنکە و ناوەندانە ئاشکرا بکەین تا چیدی لە نێو ڕووبەری چاندیی کورددا ڕمبازێن نەکەن.
زارووەکانی نێو پانتایی ڕۆشنبیریی کوردی لە خوێنی گەشی گەل دەمژن و بەری ڕەنجی میللەتێک بۆ خۆ دەچنەوە و ئەو سامانەیش بۆ بوارێک دەکار دێنن کە هیچ فڕی بەسەر ڕاژە و خزمەت بە فەرهەنگ و چاندی کوردییەوە نییە و زێتر سەرمایە و سامانی پێ خڕ دەکەنەوە؛ بە واتایەکی ڕاستتر لە وردە کاسبکارێکەوە، دەبنە گەورە بازرگان.
دووکانی ئەم جۆرە کەس، لایەن و ناوەندانە هەر لە تارانەوە تا بە هەموو ستان و پارێزگە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتدا بڵاو بۆتەوە و ڕوو لە هەر بنکە و مەڵبەندێکی ڕۆشنبیریی و ناوەندێکی زانستیی دەکەیت، خودان ماڵ و کاربەدەست و بڕیاردەر هەر خۆیانن و بەس. ئەم جۆرە کەسانە، ئەمڕۆکە دزەیان کردۆتە نێو هەموو بنکە و ناوەندێکی ڕۆشنبیریی، ئەدەبیی و زانستیی و لە هەموو شوێنیک، سەر و پۆتراکیان دەردەکەوێت و ئۆختاپووسئاسا، کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی هەموو شوێنێکیان لە بن چنگدایە.
ئەم کەس، بنکە و ناوەندانە،بەدوور لە چاوی خاوەن بەرهەم، زۆر جار سەرەڕای لەچاپدانەوەی کتێب و بەرهەمی نووسەر و شاعیران، بە شێوازێکی نەشاز و ناجوان، خۆ بە دەمڕاست و تریبۆن و بگرە جەمسەر بۆ کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی ڕۆژهەڵات دادەنێن و کورد گوتەنی:” ئاوایی مەلای تیا نەبوو، کەڵەشێر ئەبێتە بڵقاسم”.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت