نەبەز گۆران: نوێنەرەكانی توركیا لە هەرێم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رووداوەكانی ئەم دوایەی _سلێمانی و شیلادزێ و دهۆك_ وێنەیەكی روونبوو، گەر توركیا وەك دەوڵەتێكی داگیركەری دژ بە كورد، چ وەك هێز، چ وەك ئابووری، گەر خۆشی لەناو گۆڕەپانی هەرێمدا ئامادەیی نەبێت، هەردوو پارتەكەی دەسەڵات_ پارتی و یەكێتیی_ وەك نوێنەری ئەو دەوڵەتە ئامادەن كۆی رێگا سەركوتكارییەكان دژ بە خەڵك بگرنەبەر، تەنها لە پێناو نیگەرانەبوونی دەوڵەتێكی بێگانە.
هەردوو پارتەكە لەم رووداوانەدا وێنایەكیان خستە بەرچاو، ئەویش ئەوەیە: نایانەوێت دەست لەو رۆحە لاواز و دارزیووە هەڵگرن، بە درێژایی مێژووەكەیان لەگەڵیاندا بووە و هەمیشە سێبەری ئەوی تری بێگانەبوون. دەستگیركردنی گەنجان، چ لە شاری _ سلێمانی، چ لە شاری دهۆك و شیلادزێ_ تەنها لە پێناو بەرژەوەندییەكی ئابووری وڵاتێكی بێگانە، نوێنەرایەتیكردنی رۆحێكی دارزیوە، كە ئەو رۆحە دارزیووە بەردەوام ئیشی كردوە تا كۆمەڵگە و تاك، دەست لە سەربەخۆبوون و ئازادبوونی خۆیان هەڵبگرن و، دەست لەو رۆحە شۆرشگێرییە هەڵبگرن فەزای ئازادی دروستدەكات و، جەماوەرێك و تاكێك دروستبكرێت لە ژێر سێبەری ئەو رۆحە دارزیوەدا هەمیشە لەبەردەم ئەوی تری بێگانەدا سەرنەوی بكات و، بە گوتاری نمایشی رۆحە دارزیوەكەی خۆی داپۆشێت.
گوتاری نەتەوەیی و گوتاری كوردایەتی، دوو گوتارن ئەم دوو پارتە وەك فریودانێك لەشوێنە حەماسییەكاندا بەكاری دەهێنن، تا جەماوەری پێشەیدابكەن. ئەما لە واقیعدا هەردوو پارتەكە نەك هەر كردەكانیان، بەڵكوبوونی خۆیان و ئایدۆلۆژییەكەیان مەترسییە لەسەر گوتاری نەتەوەیی و گوتاری كوردبوون. ئەوان لە چوارچێوەی حیزبی و ئایدۆلۆژیدا ئەم گوتارانە بەرزدەكەنە و دەیكەنە كەرەستەیەك بۆ بەرهەمهێنانی مرۆڤی بێ‌ پرسیار و بێ‌ گومان، مرۆڤێك بە هەموو تایپێكی ژیان رازیبێت و گرنگ نەبێت بەلایەوە فەزای ژیان و ئازادی و خۆبوون چییە و، تەنها گرنگبێت لەلایەوە وەك بەرخۆرێك لەناو دەشتی ژیاندا بەشێكی كەمی خۆی پێبدرێت.
لە كۆتایی نەوەدەكاندا مامۆستا (فاروق رەفیق) لە شوێنێكدا وتی: ” ئەم جۆرە لە كوردایەتی ژینگە پیس دەكات.” ئەو كات ئەهلی بەرخۆر لە شێوازە ئایدۆلۆژییە چوارچێوە سنووردارەكەی حیزب، كەوتنە بەرزكردنەوەی دەنگی نارەزایەتی. ئەو ئەهلە پرسیاریان لە مێژووی حیزب، كردە و ئایدۆلۆژیای حیزب نەبوو، تەنها ئەو ئێستا دیاریكراوەیاندەبینی كە جۆرێك بوو لە فەزای فریودان. هەڵبەتە ئەم رستەیە بۆخۆی دەمانبات بەرەو ئەو شوێنەی، هیچ گومان نەكەین دوو پارتەكەی دەسەڵات بەم مۆدێلە لە كوردایەتی، هەم ژینگەی سیاسیی و ئازادی، هەم ژینگەی نیشتیمانی بوون و خۆبوونیان پیسكردوە. مۆدێلێك لە گوتاری خۆنوێنانەی فاشیۆنیان دروستكردوە، لە و ساتانەی پێویستە جەماوەری شەیدا دەكەنە كەرەستەی ئەم فاشیۆنبوونە و، لەو كاتەشدا مەترسی راستەقینە لەسەر كوردبوون، لەسەر ئازادی، لەسەر نیشتیمانی بوون هەیە، لە پێناو بەرژەوەندییەكی دیاریكراوی حیزبیدا، دەبنە نوێنەری ئەویتری بێگانە.
ئەمڕۆ دوو پارتەكەی دەسەڵات_پارتی و یەكێتیی_ نوێنەرایەتی توركیا دەكەن. چاوەروانكراوە سبەینێ‌ نوێنەرایەتیەكە بگوازنەوە بۆ نوێنەراتی، ئێران، عێراق و… هتد. هەرچۆن نزیكەی چەند ساڵێكە وەهمی ” ئەمریكا دەوڵەت بۆ كورد دورستدەكات.” بووەتە وەهمێك بۆیان و جەماوەری پێ فریودەدەن و، لەكۆتایشدا ئەو دیمەنانەمان بینی لە دوای ریفرۆندۆمدا هیزەكانی دوو پارتەكە، بەبێ‌ توانای بەرگری لە شەورۆژێكدا بەشێكی زۆری خاكی هەرێمیان چۆڵكردن و هەڵهاتن بۆ ئەو شوێنانەی مەترسی لەسەر نەبوو.
ئێستاش سەركوتكردن، دەستگیركردنی گەنجانی نارازی، دەستگیركردنی خۆپیشاندەران دژی سوپای بێگانە، چ لە شاری _سلێمانی، یان شیلادزێ و دهۆك_ سەرلەنوێ‌ تازەكردنەوەی ئەو رۆحە دارزیوەیە هەمیشە بە ئەویتری بێگانە دەڵێت: من خزمەتكاری تۆم و لە پێناوتۆدا، ئامادەم خەڵكەكەی خۆم بچووسێنمەوە. ئەوانەی بەرگری لەم رۆحە دارزیوە دەكەن، ئەوانەی بەرگری لەم كردە بێگانە پەرستییە دەكەن، لە ژێر هەرناو بەرژەوەندییەكدابێت، ئەوانەن دوو پارتەكەی ناو دەسەڵات_یەكێتیی و پارتی_ بە درێژای مێژووی حوكمڕانییان خەریكی پەروەردەكردنی ئەم رۆحە دارزیوە بوون تا بۆ هەموو كردەیەكی بێگانە پەرستی بیانوێك بهێننەوە و، بەرگری لەو رۆحە لاوازەی خۆیان بكەن.
دەستگیركردن و سەركوتكردنی گەنجان لەبەر ئەویتری بێگانە، بێگومان هیچ ئازارێك بە رۆحە شۆرشگێڕ و رۆحە بەرزەكەی كوردبوون نادات، بەڵكو جارێكی دیكە وزە دەخاتەوە بەردەمی و بەهێزی دەكاتەوە. ئەو گوتارە فریودەرەش لە ژێر ناوی كوردایەتی حیزبی و نەتەوەیی حیزبی، یەكێك لە ئەركە گرنگەكانی دژبوونە بە مرۆڤی سەربەرز و ئازاد، دژبوونە لە سەرلەنوێ‌ دروستكردنەوەی گوتاری نیشتیمانی، دژبوونە لەگەڵ هەر كردە و بیركردنەوەیەك نەیەوێت بكەوێتە ژێر سێبەری ئەو رۆحە لاوازەی خزمەت بە ئەویتری بێگانە دەكات. نوێنەرەكانی توركیا لە هەرێم بەخۆیان و رۆحە لاوازەكەیانەوە دژ بە گەنجان دەجوڵێنەوە، ئەم نوێنەرانە هەمیشە لەبەردەم هێزی بێگانەكاندا هەڵهاتوو بوون و، لەبەردەم میللەتەكەی خۆیاندا خۆ بە پاڵەوان زان. بەڵام ئەم مۆدێلە تەنها جێگای سەرسامی ئەوانەن هێشتا جەوهەری بیركردنەوە و كردەكانیان ناناسن و رۆحە لاوازەكە بووەتە شوناسی بوونیان. پاشان جوڵەكانی هەردوو پارتەكە دژ بە ئازادی و سەربەستی و نیشتیمانی بوونی گەنجان هەرگیز جێگای سەرسامی نییە، چونكە پەروەردە و ئاكاریان هەر بەم شێوەیە هاتووە و پێویستە لە وێستگە جیاوازەكاندا جارێكی تر ئەو شوناسەی خۆیان دووبارە بكەنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت