مەحمود عەبدوڵڵا: کۆمەڵگای کوردستان تۆقین لە کرانەوە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەستەمە بتوانین بڵێین کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی کراوەیە، بەڵام مەیلێک بەرەو کرانەوە و شارستانیەت هەیە. هەڵبەت مەیلی کرانەوە و بەرەو پێشچون لە ئاستی تاکەکەسدا هەیە، به ڵام هیچ بزوتنەوەیەکی سیاسی و فیکری نییه، که به بێ دوو دڵی بەرگری لە بەهاکانی شارستانیەت بکات، لە بەر ئەوەی ئەو ڕێکخراوە سیاسیانە و تەنانەت هەندێک کەسی سیاسی کە بانگەشەی دیموکراتی و تاکگەرایی و ئازادی ئەقڵیش دەکەن لە پڕێکا دەکەونە داوی زۆرینە و بەشێوەیەکی تەکتیکیش بێت چەپڵە بۆ کۆمەڵگەی داخراو لێدەدەن. ڕۆژێک بەتوندی هێرش دەکەنە سەر کۆگەرایی و، ڕۆژێکیش لە ژێر ناوی ناتوندو تیژی دەگەڕێنەوە و نکۆڵی دەکەن لەوەی وتویانە یان لانیکەم وا لەجەماوەر دەگەیەنن کە ئەمانیش گەڕاونەتەوە سەر ڕێگا ڕاستەکە، ڕێگای ڕاستیش لەدیدی تاکی خێڵەکی هەمان بڕوا بونە بە خێڵ و ناعەقڵانیەت و نەریتی بابوباپیران وەک یەک بیرکردنەوە و هۆیهاکردن لەوانەی دەیانەوێت بەتەنیا بڕۆن و لە بازنەی کۆمەڵگای داخرا و دەچنە دەرەوە.
لەڕاستیدا من گومانم هەیە حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان بەڕاستی خوازیاری کۆمەڵگایەکی کراوەبن، باسکردن لە بەهاکانی شارستانیەت شتێکی ڕوکەشە تەنها دەمامکێکە، چونکە ئەمانە هەرکاتێک خۆیان ڕوبەڕوی یەکێک لەبەهاکانی شارستانیەت دەبنەوە” دیموکراتی ” دەگەڕێنەوە سەر ئەسڵی خۆیان و، دەڵێی هەر چەمکی دیموکراتییان نەبیستووە. ئەگەرچی لەسەرەتاوە وەک مامۆستای دیموکراسی و ڕۆشنگەر خۆیان دەناسێنن. ئەم مەیلە بۆ گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگای داخراو لە سەر ئاستی تاک و ڕێکخراویش هەمیشە ئامادەیە. واتا تا ئێستا ئامادەنین لەنیوەی ڕێگاش نەگەڕێنەوە، کاتێک کۆمەڵگای داخراو بانگیان دەکات هەموان دەیانەوێت قارەمانی گوێڕایەڵی عەوام بن بۆ ئەوەی تەنیا نەکەون. چونکە کۆمەڵگا لەگەڵیان نایەت.
دۆگماتیزمێکی ئەفلاتونی هەیە، کە لە هەموو گۆڕانێک زراوی چووە هەمو گۆڕانێک نەفرەت لێکراوو هەمو وەستاوییەک پیرۆزە. لەڕاستیدا من پێم وایە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بزوتنەوەیەکی شارستانی راستەقینە بونی نەبووە، جگە لەلاسایکردنەوەیەکی بێتام و ڕوکەش و ماکیاج نەبوە، دیارترین بانگەشە کارەکانی شارستانیەت و کۆمەڵگای کراوە دواجار دە گەڕێنەوە ژێر باڵی سەرخێڵێک، یان حیزبێکی خێڵەکی هەڵبەت دەزانن پاساویش بۆ ئەم هەڵوێستەیان بێننەوە، چونکە ڕێگای شارستانیەت واتا تەنیایی و لەسەر پێی خۆ وەستان و عەقڵانیەت نەک لاسایکردنەوەی شارستانیەت لەمزگەوت. شارستانیەت بەر لەهەرشتێ لەسەرپێی خۆ وەستان و عەقڵانیەتە ئەوەی کە مێشکمان ئەکۆڵێ بە بانگەشەکردن بۆ عەقڵانیەت و لافی ئەوە لێدەدات کەشاسواری ڕێگای شارستانیەتە، ڕەنگە لەترسی ئەوەی کتێبەکەی نەخوێندرێتەوە یان بۆی چاپنەکرێت یان لەبەر ئەوەی لە فیسبوک لایک و کۆمێنتی کەم نە بێتەوە، یاحیزب بۆ ئەوەی دەنگەکانی کەم نەبیت لە ژێر پەردەی ئیحترام خۆی فڕێدەداتەوە ناو جەماوەر و بەدڵی ئەمان دەدوێت.
لە ڕاستیدا هۆیهای مەلاکان و عەوام لەکاتی شکاندنی تابۆکانیان هیچ نییە جگە لەوەی ترسیان لە گۆڕان نەبێت، هەموان زراویان چووە لەوەی کە دەبێت عەقڵ سەروەریان بێت و، شیوەن بۆ پێداویستیتە عاتفیە کۆمەڵایەتیەکان دەکەن. بەڵام دەڵێن ئێمە نامانەوێت دەستبەرداری کلتوری باب و باپیران و ئاینەکەمان بین، هەموو ئەم قسانەشیان لەڕاستیدا هیچ نین جگە لەتۆقین لەشارستانیەت تۆقین لە عەقڵ. چونکە بەڕاستی لە عەقڵدا ئاسودەیی و ئاسایشی دەرونیی نییە لە هەسارەی عەقڵدا بەهەشت بونی نییە. بەهەشتی دەرون تەنیا لە کۆمەڵگای خێڵەکی دەست دەکەوێت. ئەم عەوامە “لە هەموو شوێنێک بۆ دیموکراسی دەگەڕێ و لە هیچ کوێ دەستی ناکەوێت” چونکە بەڕاستی دیموکراتی و کۆگەرایی سەر بەدوو کۆمەڵگای جیاوازن، ئەوەی کە دەبێت بۆی بگەڕێین دیکتاتۆریە لە کۆمەڵگای داخراو و کۆگەرا و تۆقی و لە بەهاکانی شارستانیەت، ئەم شیوەنە جارێک بۆ خوداو جارێک بۆ کۆمەڵگا و بەها جوانەکان لەقەڵەم ئەدرێت، تەنیا شیوەنێکە لەژێر کاریگەری کۆنەستدا بۆ کۆگەرایی و خێڵەکیەت دەکرێت تاک نایهەوێت بۆعەقڵی خۆی بچەمێتەوە بۆیە سەدان بتی بۆخۆی دروستکردووە و دڵی پێ خۆش دەکات.
لەگەڵ داڕوخانی کۆمەڵگەی داخرا و”خێڵەکی” و گواستنەوە بۆ کۆمەڵگەی کراوە “شارستانی”، فشاری شارستانیەت دەستپێدەکات واتا هەمان نیگەرانی کارل پوپەر لە کتێبەکەیدا” کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی”دا ئەم نیگەرانیە بە بەرهەمی تەقەڵایەک کە ژیان لە کۆمەڵگای کراوە لە ئێمە دەیخوازێت دادەنێت بۆ پەیڕەویکردن لە عەقڵ و چاوپۆشی لە لانیکەم ی هەندێ لە پێداویستییە عاتفیە کۆمەڵایەتیەکان، و لەسەر پێی خۆ وەستان و قبوڵکردنی بەرپرسیارێتی و دەبێت قبوڵی بکەین و تەحەمولیبکەین” چونکە نرخێکە دەبێت بیدەین لەبەرامبەر زیادبونی زانین و مە عریفە و عەقڵ. بەڵام لە نەستی تاکیکورد دا کۆگەرایی شتێکی سروشتییە و هەمو دەرچونێک لەکۆ، بە شەیتانیەت و خراپ دادەنێت تاکیکورد دەیهەوێت دڵخۆشێکی بێ ئەقڵ و بێ مەعریفە بێت نەک نیگەرانێکی خاوەن مەعریفە و ئەقڵ .
هەمیشە ڕووی لە خێڵگەرایی و کاری دەستە جەمعی و بیرکردنەوەی پێکەوەییە ، هەر کەسێکیش لە و بیرکردنەوە کۆگەراییە لابدات و ڕێگای شارستانیەت بگرێت، بەیەک وشە لەکۆڵخۆی دەکەنەوە و ئێژن ڕێگای شەیتانی گرتووە .
دەڵێن دوڕیانی کۆمەڵگای کراوە و شارستانیەت دوڕیانی خوداو شەیتانە ڕەنگە ئەمقسەیە لەمەوە هاتبێت، بەڵام من پێم وایە مرۆڤ دەبێت لە دۆزەخی عەقڵدا بسوتێت نەک لەبەهەشتی نەست و سۆزدا دڵداریبکات لەگەڵ وەهم، هاوڕێیەتی شەیتانم پێباشترە. لە ژیان لە گەڵ وەهمەکانی ئێوەدا، ئێوە لەڕاستیدا بەرگریی لە خوداو ئاینی خودا ناکەن، بێ ئەوەی بزانن لە عەقڵ و نیگەرانیەکەی تۆقیون، به واتایەکی تر له شارستانیەت ئەترسن، وەک چون مناڵێک لەوە دەترسێ لەسۆزی دایک بێ بەش بێت ئاوا ئەترسن خێزانەکەتان کۆمەڵگا داخراوەکەتان بروخێت و بەرگەی فشاری شارستانیەت نەگرن، توند دەستی یەکتان گرتوە، تا هۆیها لەهەر کەسێک بکەن کە وەهمەکانتان لێ بزردەکات و داواتان لێدەکات عەقڵ بکەن بەسەروەری خۆتان. ئێوە ئەڵێن شارستانیەت قاچی ڕوتە، ئەی هەر ئێوەنین بۆ قاچە ڕووتەکانی بەهەشت نەفرەت لە عەقڵ دەکەن، بەڕاستی ئەگەر ئەقڵ بەڕوتی بدیترایە دەبو هەموتان خۆتان شاردبایەوە. هەرچەندە بەهیچ بەرگێک ناتوانن لەبەردەم مندا دایپۆشن ،سەت بەرگیش بپۆشن من هەر بەڕووتی دەیبینم و دەزانم ئاوستان کردووە بە وەهم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت