لاوک کونجرینی: خولانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە بازنە گەورەکەدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مێژووی 27 ساڵ حوکمڕانی هەرێمی کوردستان پر بووە لە گلاندن و ڕاونان و دواتر بە کۆبوونەوەیەک ڕەوشەکە هێور بۆتەوە. لەسیلەی ئەم گرژی و هێوربوونەوەی پارتی و یەکێتی، بەرژەوەندی گەورەی هێزەکانی ناوچەکەو دەرەوەی ناوچەکە دەبینرێت.
تا بەرزانی هەڵە گەورەکەی ڕێفراندۆمی ئەنجام نەدا، بە وتەی خۆی: حسابی بۆ کەس نەکرد. جڵەوی سیاسی و هەژمونی هەرێم و تا بەغدادیشی لە چنگی خۆیدا بوو، تا کار گەیشتە ئەوەی ئەمریکا و چەمە سیاسییەکانی لە ناوچەکە بە بەرژەوەندی بەرزانی لە گەڕدا بوون، هیچ هێزێک بە پێوەری سیاسی بەرزانی هەژماری بۆ نەدەکرا لە عێراق.
لەدوای ڕێفراندۆمەوە هاوکێشە سیاسیەکان هەڵگەڕانەوە، گەر لە نێوان یەکێتی و گۆڕان دا، کەسایەتییەکی کاریزمای بەهێز هەبووایە، دەیتوانی ئەو بۆشاییەی پارتی لە دوای ڕێفراندۆمەوە جێی هێشتبوو، پڕیان بکردایەتەوە.
پارتی سوودمەندی کۆمەڵێک پێگەی سیاسی و ئیداری و دارایی گرنگە، بۆیە تا ئێستا بە پێوە وەستاوە. بەڵام دەبێت ئەوەمان لە بیر نەچێت لە دوای خیانەتی 31 ئابەوە هیچ کاتێک پارتی بە هێندەی ئێستا پەیکەرە سیاسییە زەبەلاحەکەی فشۆڵ نییە.
ئەگەرچی یەکێتی بەهۆی فشارە زۆرەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی ناوچەکە لەسەر ئەم حیزبە لە دوای ڕووخانی سەدامەوە ببووە پاشکۆی پارتی، لە دوای 16 ئۆکتۆبەرەوە ئەوەمان بۆ دەرکەوت، ئەم هێزە دەرکەوتەکانی لە بەرژەوەندی پارتی بە خواستی خۆی نییەو بە زۆرداری سیاسی بەرژەوەندخوزەکانی ناوچەکەو جیهان پێی دەکەن، وەک چۆن بە بزوتنەوەی گۆڕان و پیاوەسپییە نەتەوەییەکەی نیشتمانمان( نەوشیروان مستەفا) یان کرد و، بە زوڵمی سیاسی بۆ ماوەیەک دووریان خستەوە لە مەیدانە سیاسییەکە.
وەک لە نامەکەی کەمال کەرکووکی بەر لە ڕۆژێک پێش 16 ئۆکتۆبەر بۆ بەرزانی نوسیووە، ئەوەمان بۆ دەسەلمێنیت، کە پیلانێکی ترسناک، بەڵام گەورەتر لە خیانەتی نیشتمانی، پارتی بۆ لەناوبردنی هێزەکانی یەکێتی لە کەرکووک دایان ڕشتبوو.
پارتی بۆ شانزەی ئۆکتۆبەر ژێر بەژێر ئیتفاقی کرد بوو لە گەڵ عێراق، هێزەکانیان بکشێنەوە بۆ شارۆچکەی پردێ بەبێ تەقەو، لە ڕێی شێخ جەحفەریشەوە، وەک کەمال کەرکوکی لە نامەکەیدا بۆ بەرزانی نووسیوە، هانی هێزەکانی یەکێتی بدەن بۆ بەرەنگار بوونەوە. ( نامەکەی کەمال کەرکوکی لە خوارەوە دادەنێین)
16ی ئۆکتۆبەر پەرچەکرداری ڕێفراندۆم بوو، ئەگەر هەموو ئەو هێزانەی لە کەرکوودا بوونیان هەبوو سەر بەپارتی بوونایە، جگە لە پاشەکشێ هیچی تریان ئەنجام نەدەدا، بەڵکو لە تاکتیکی سەربازیدا ژیرانەیە کۆمەڵێک پاشەکشێی سەربازی. لەبەر ئەوەی جۆڵاندنی ئەو هێزە پەرچەکرداری مزڕییەکەی بەرزانی بۆ ڕیفراندۆم و هێندە حساب بۆکردنەکەی بەرزانی بوو بۆ ئەمریکاو خۆرئاوا. نەک بڕیار لە دەستی عێراقدا بێت. جگە لەوەش وەک لەسەرچاوەیەکی فەرمی یەکێتی ییەوە دەستم کەوتووە، یەکێتی چەند کاژمێرێک پێش ئەوەی هێزەکانی عێراق بە ئاراستەی کەرکووک بجوڵێنێت، لە ڕێی دۆست و هەواڵگیرییەکانییەوە، هەواڵی ئەوەی بەدەست گەیشت بوو، کە پارتی لە دواوە لە هێزەکانی یەکێتی بدات و دواتر هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق، کە سەرکردەکەیان ( فازیل بەروارییە) و، سەرکردەیەکی سەربازی پارتیشە، بە چەکە نوێ وێرانکارییەکانی، کە ئەمریکا ڕادەستی لەشکری عێراقی کرد بوو بۆ لەناوبردنی داعش، هەموو هێزەکانی یەکێتی لەناوبەرێت و، کەرکوکیش نیوە وێران بکرێت. بۆیە پاش کەمێک لە بەرەنگاریی، پاشەکشێیەکی نا ڕێکوپێکیان ئەنجام دا. مردنی فازیل بەرواریش بە تەمومژاوی وەک چەندین سەرکردەی ئەم حیزبە ئەنجام دراوە.
ئەو ئاماژانەی سەرەوە لەسەر 16 ئۆکتۆبەر، وابەستەیە بە بێ ئاگایی بزوتنەوەی گۆران، لەسەر قسەکردنیان بە هەمان ڕتمی پارتی. کۆمەڵێك لە ڕێکخەر و پەڕلەمانتار و مێدیاکاریی بزوتنەوەی گۆڕان، هەمان وشەو ڕستەی پارتیان دەوتەوە لەسەر 16ئۆکتۆبەر. بەڵام قسەیان لەسەر دیوە شاراوەکەی ئەم ڕووداوە نەدەکرد. تەنها ئەو کەسانەیان تاوانبار دەکرد، کە پارتی وەک تاوانباری سەرەکی 16 ئۆکتۆبەر ناوزەندی دەکردن.
لەلایەکی ترەوە لە دوای هەڵبژاردنی 30- 09- 2018 پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندن و سەنتەرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان هێندەی قسەیان لەسەر تەزویر و گزی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی کرد، نیو هێندە قسەیان لەسەر ئەو هەموو تەزویرەی پارتی نەکرد، کە لە هەولێر و دهۆک کردیان.
ئەم هێما سیاسیانەی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ پارتی دەبێت بە چەک و لە دژی بەرامبەرە تەقلیدییەکەی بە بەرژەوەندی سیاسی خۆی بەکاریی دێنێت. کەواتە هەنگاوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە دوای 16 ئۆکتۆبەر سوودمەند نییە بە خودی بزوتنەوەکە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ هێزێكی تری باڵادەستی ناجۆری هەژمونداری ئەم هەرێمە بەرهەمەکەی دەچنێتەوە.
ڕایەڵەیەک هەیە لە نێوان یەکێتی و گۆڕان لەبەرامبەر پارتی، ئەویش کارکردنی سیاسی هەردوو هێزەکەیە لەسەر کەلاوەی سیاسی پارتی. بە وتەی بەرزانی لە دوای دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان بە وەفدی یەکێتی وتبوو: گەر گردەکەی لە هەولێر بوایە لەسەر زەویی تەختمان دەکرد. ئەم قسیە بەلای منەوە زۆر ڕاستە، دەیتوانی. ئەی هەر لە 1997 دا نەبوو پارتی، دەیان کچ و کوڕی شۆڕشگێری سەر بە پەکەکەی لەبەرچاویی تورکیا و جیهان بە ناشرین شێوە شەهید کرد، چی لە پارتی گۆڕا؟، پەکەکە چی بۆ کرا جگە لەیادکردنەوەی ساڵانەی کارەساتەکە؟.
جگە لەوەش: هەم پەکەکەو هەم بزوتنەوەی گۆڕان هەم هێزەکانی تر دەبێت ئەوە بزانن. گەر پارتی بەربەستێکی سەربازی نەبینێت، پەکەکە لە قەندیل بەم شێوەی ئێستا نەیدەتوانی بمێنێتەوە، بەهەمان شێوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و هێزەکانی تریش، گەر هێزە سەربازییەکانی یەکێتی نابێت، ئەوانیش لە گورزی لەناوبردن و پلانی ناشایستەی ترسناکی پڕ خیانەتی پارتی ڕزگاریان نەدەبوو.
کەواتە دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان لەو بازنەیە بێتە دەرەوە، کە لەدوای بەشداریکردنیان لە کۆتا کابینەی نێچیرڤان بە بەربڵاویی و بەبەرنامە، کە هێمنی و خۆگیڤکردنەوەو باڵا دەستیان بەپارتی بەخشی. بەڵام ئەمەیان نەکرد. لە دەستنیشانکردنی کابینەکەی مەسرور بەرزانی، زیاتر چوونە پیشوەو، پارتی لەهەوڵی ئەودا بوون وەک چەکێک لە دژی یەکێتی بەکاریان بهێنێت، بەڵام سەرکەوتو نەبوون. چوونکە وێستگەی ئەمڕۆی یەکێتی هەمان وێستگەی سیاسی جاران نییە، بەڵکوو وێستگەکەی باڵا دەستی سیاسی هەرێمەو، بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەرەوە، لەوانە پەرچەکرداری ڕێفراندۆم و ئەو بەرڕۆشنییەیە، بۆ ئەمریکا و خۆرئاوا، دەبێت گۆڕانکاریی لەم هەرێمە بکرێت و، چیتر هێزێک چەند دەیەیەک لە جێگای خۆی ڕاوح نەکات لە هەژموونداریدا. ئەمە سەرەتای کەم کردنەوەو داڕمانی سیاسی یە بۆ پارتی و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا زیاتر دێتە خوارەوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت