نەبەز جەلال: ئاشتکردنەوەی نیشتیمانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە واتای ئاشکردنەوەی گروپ و تاقم نییە بۆ مەرامی کورتی سەرخستن و بردنەوەی دەستکەوتی کەم و کاتی.!
پارتی بۆ ئاشتکردنەوەی یەکێتی و، یەکێتی بۆ ئاشتکردنەوەی پارتی، دوای 31 ی ئاب، ڕێککەوتنی ستراتیژیان بۆ دەستکەوتەکان، واژۆ کرد.!
ھەردووکیان بە عەقڵی ڕازیکردنی پلەو پۆست و بەرژەوەند خوازی، ئەو یەکگرتنەوە و پێکەوە کارکردنیان ڕێکخستبوو، نەیش گەیشتنە ئەنجام.!
ئەوان بۆ بەرژەوەندی سەرانی ھەردوو لا ڕێککەوتبون نەک بۆ خەڵک و دواڕۆژەکەی. کاتێک بەرژەوەندییە کەسییەکان تێکچوون، ئیتر سەراپای ڕێکەوتنەکە پووچەڵ بۆوەو مانای نەما.!
بە نموونە واژۆکردنی ڕێککەوتنامەی دەباشانی « گۆڕان و یەکێتی»یش چوون لەسەر بنەمای بەرژەوەندی کەسی و بازرگانی سەرانی سیاسی نەبوو، پشت گوێ خراو ئاوڕی لێ نەدرایەوە.!
ئاشتبوونەوەی گشتی بۆ خەڵکە، نەک گروپێکی بچووک، کە خۆیان کردووە بە خاوەنی خەڵک و دەنگی بڕیاری زۆرینە.
کەم بینی و کاڵفامییە، خواستی زۆرینەی خەڵک لە گروپێکی دیاریکراوی نێو دەسەڵاتدا ڕام بکەن و لە دیدی سیاسەتی پارت و بازووی کەسە پایەدارەکانی حیزبدا کۆم بەکەن.
پارتی و یەکێتی دوای ئەو ھەموو کردە ناجۆرە سیاسی و خراپییەی بۆ خۆ چەسپاندن و مانەوەیان ئەنجامیان دەدا، درێژەو بەردەوامییەکەشیان وەک کاری کردە لە دۆخی چەقبەستوی گۆڕەپانەکەدا دەقۆستەوە بۆ خۆ گیرکردنی زیاتر لە مانەوەو سەرکەوتن و ، گرتنە دەستی باڵاترین پلە لە بەژنی دەسەڵاتدا.!
لە ئێستادا ھەموو لایەنەکان بە گومانەوە سیاسەت لە گەڵ یەکتردەکەن و متمانەیان بەیەک نەماوە.!
ئەم گومانەش گەرچی ناوەرۆک و ھۆکارەکانی دیار و کوشندەن،بەڵام ئەگەر و ئومێدی خۆ دەربازکردن و ڕەوینەوەی ئەستەم نییە بۆ کورد و سیاسەتەکەی.
ئێمە « کورد » بە زەمەنی سیاسی و ململانێ تێپەڕیوو،نیوەی جەستەمان نوقمی لیتاوی دوژمنە.!
بۆیە ئیتر کاتییەتی پێکەوە بەیەک دەست و ھەڵوێستی بەھێز، ھەوڵبدەین نیوە زیندوەکەی تری جەستەمان ڕزگار بکەین و بیخەینە خزمەت خەڵک و خاکەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت