بورهان شێخ ڕەئوف: کۆنگرەى میونشن (55).

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کۆنگرەى میونشن بۆ ئاسایش یەکەم جار لە ساڵى 1963 بەسترا ئەوکات لە ژێر ناوى دیدارى نێودەوڵەتى بۆزانستى بەرگرى بوو کەلە نێوان هەردوو چالاکوانى بەناوبانگ دژ بە نازیزم و هیتلەر (ئیڤان فۆن کلایست ) و زاناى بوارى فیزیا ( ئەدوارد تێلەر) هاتە دامەزراندن، دواتر ناوەکەى گۆڕا بۆ (کۆنگرەى نێودەوڵەتى بۆ زانستەکانى بەرگرى ) دواتریش جارێکى تر ناوەکەیان گۆڕى بۆ (کۆنگرەى میونشن بۆ ئاسایش ).
گرنگى ئەم کۆنگرە لەوەدایە کە بایەخ بە پرسەکانى ئاسایش دەدات وەکو سەکۆیەکى ئازاد سیاسەتوانەکان لێکۆڵینەوە لە کێشەو قەیرانەکانى پەیوەست بە ئاسایش دەکەن بە شێوەیەک ئەمساڵ زیاتر لە پێنج سەد کەسایەتى پایە بڵند بەشداربوون تێیدا لە سەر ئاستى جیهان هەر لە سەرۆکى وڵاتان و سەرۆکى وەزیران و وەزیرانى دەرەوە و بەرگرى لەوانە ڕاوێژکارى ئەڵمانیا خاتوو ئەنجێلا میرکل و مایک بێنس ى جێگرى سەرۆکى ئەمریکاو وەزیرى دەرەوەى روسیا و سەرۆکى میسر عەبدولفەتاح سیسى و و میرى قەتەرو… تد.
کۆنگرەى ئاسایشى میونشن کۆنگرەیەکى ساڵانەیە و لە شارى میونشنى ئەڵمانیا دەبەسترێت لە و کۆنگرەدا دەربارەى سیاسەتى ئاسایشى نێودەوڵەتى بەشداربووان لە هەموو ئاستەکاندا هەروەها شارەزایان بیرۆکەکانیان دەخەنەڕوو بۆ ستراتیجیەتى تازەو هەوڵ و کۆشش بەرەو ئاشتى و سەقامگیرى بیرۆکەکانیان ئاڵوگۆڕدەکەن و تاوتوێ ى هەموو پرسەکانى وابەستە بە ئاشتى دەکەن.

سەرهەڵدانى ناکۆکى لە نێوان ئەمریکاو ئەوروپا
ئەوەى ئەمجارە لە سەر مینبەرى کۆنگرەى میونشن وەدەرکەوت ئەو ناکۆکیە گەورەو ئەو دیدە جیاوازانە بوو کە لە نێوان دانیشتوانى هەردوو کەنارى ئۆقیانووسى ئەتڵەسى واتە ئەمریکاو ئەوروپیەکان سەرى هەڵداوە کە ئەمە سەرەتایەکى باش نابێت بۆ ئایندەى ئاسایش و ئاشتى وئەو سیستەمەى کە ساڵانێکە جیهان بەڕێوە دەبات بە سەرۆکایەتى ئەمریکا و بە تایبەتى دواى جەنگى ساردو لە بەریەک هەڵوەشانەوەى یەکێتى سۆڤیەتى جاران.
ناکۆکیەکانى ئەمجارە بەجۆرێک بوو زۆر بابەت و مەسەلەى تایبەت بە هەردوو کەنارى گرتەوە هەر لە مەسەلەى ئابوورى و بازرگانى تادەگاتە مەسەلەى ئاسایش و ئاشتى لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین و بە تایبەتى سیاسەتەکانى سەرۆک ترەمپ کشانەوەى لە زۆرێک لە ڕێککەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان مایەى نیگەرانى و سەرئێشەى گەورەیە بۆ ئەوروپیەکان.

خاڵە ناکۆکەکانى ئەمریکاو ئەوروپیەکان
گرنگترین خاڵى ناکۆکى نێوان ئەمریکا و ئەوروپیەکان بەتایبەتى لە گەڵ ئەڵمانیا و فەرەنسا دەرکەوت کاتێک ڕاوێژکارى ئەڵمانیا نیگەرانى خۆى و وڵاتانى ترى ئەوروپاى ڕاگەیاند لە سەر زنجیرە بڕیارگەلێک کە سەرۆکى ئەمریکا ترەمپ داوێتى کە هەمووى دژ بە بەرژەوندى هاوپەیمانە ئەوروپیەکانێتى لە پەیمانى ئەتڵەسى تەنانەت نیگەرانیەکەیان بەڕادەیەک بوو کاتێک مایک بێنسى جێگرى سەرۆکى ئەمریکا لە ناوهۆڵى کۆنگرەکەدا سڵاوى سەرۆک ترەمپى بە ئامادەبووان ڕاگەیاند دانیشتووانى هۆڵەکە کە پێکهاتبوو لە زۆر لە سەرۆک و وەزیرو جەنراڵەکانى سوپا بێدەنگى باڵى بەسەر هۆڵەکەدا کێشاو کەس خۆشحاڵ نەبوو.
لە ڕووى بازرگانیشەوە ئەنگیلا مێرکل نیگەرانى خۆى لە لێدوانێکى سەرۆکى ئەمریکا دەربڕى کەوتبووى کڕین و هێنانى ئۆتۆمبیلى ئەوروپى بۆ ئەمریکا هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشى نەتەوەیى ئەمریکا وتى ئەمە هەنگاوێکە مایەى ترس و بێزارییە بۆمان.
خاڵێکى ترى ناکۆکى لە سەر زارى وەزیرى دەرەوەى فەرەنسا ( جان- ئیف لۆدریان ) دەرکەوت کە ڕەخنەى لە بڕیارەکەى ترەمپ گرت لە سەر کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا بە بێ ڕاوێژ لە گەڵ هاوپەیمانەکانى وتى نازانرێت چ ئاژاوەیەک ڕوو دەدات لە ئاوا بارودۆخێکدا و چ بۆشاییەک دروست دەبێت و کێ پڕى دەکاتەوە.
خاڵێکى تر ى ناکۆکى گەورە کە لە کۆنگرەى وارسۆ ى چەند ڕۆژ پێشتریش سەرى هەڵدابوو لە نێوانیاندا لە کۆنگرەى میونشنیش بە هەمان شێوە و ڕیتمى پێشوو ئامادەبوو مەسەلەى ئێران بوو ئەگەرچى ئەمریکا لە ساڵى ڕابردوو یەک لایەنە کشایەوە لە ڕێککەوتننامەى ( 5+1) و ئابڵووقەو سزاکانى توندتر لە جاران خستەوە سەر ئێران خوازیار ە ئەوروپیەکانیش هەمان هەنگاو بگرنەبەر بەڵام ئەمان دیدو بۆچوونى تەواو جیاوازیان هەیە لە گەڵ ئەمریکا تایبەت بە دۆسیەى ئێران.
لە بەرامبەردا ئەوروپیەکان لە سەر زارى فیدریکا مۆگیرینى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى یەکێتى ئەوروپا ڕایانگەیاند کە ئەمان پابەندن بە جێبەجێکردنى تەواو ڕێککەوتنامەکەوە.
هەروەها وەزیرى دەرەوەى ئەڵمانیاش ڕایگەیاند بە بێ جێبەجێکردنى ئەو ڕێککەوتنامە ناوچەکە بەرەو جەنگێکى کراوە دەڕوات ناوچەکە ئارامى و ئاسایش و سەقامگیرى بە خۆیەوە نابینێت .
بابەتێکى جێناکۆکى نێوان ئەو دووبەرە ئەوەیە کە هەندێک لە وڵاتانى هاوپەیمانى ناتۆ بوودجەى پێویست و تەرخان ناکەن بۆ بوارى بەرگرى و سوپا کە ئەمریکا دەخوازێت هەریەک لە وڵاتانى ئەندام ساڵانە2% داهاتى گشتى بۆ تەرخان بکەن بەڵام هەندێک لە ئەندامانى ناتۆ تا ئێستا پابەند نابن.
دۆسێ یەکى دى کە زۆر جێگەى نیگەرانى ئەمریکایە و ئەوروپیەکان بە تایبەتى ئەڵمانیا کارى لە سەردەکات و پابەندە پێوەى ئەوەیە کە ڕاکێشانى بۆڕى غازى شل ڕووسیایە لە بەلتیقەوە بۆ وڵاتانى ئەوروپا کە ناسراوە بە ( نورد ستریم 2 ) ئەمریکا دەڵێت چۆن دەبێت وڵاتێکى گەورەى ئەوروپا کە ئەڵمانیایە دیلى ڕوس بێت بە هۆى غازەوە.
بابەتێکى تر کە مایک بینس جێگرى سەرۆکى ئەمریکا ڕەخنەى توندى لێگرت مەسەلەى کڕینى چەک و ڕۆکێتە لە ڕوسیا لە لایەن هاوپەیمانانى ئەمریکاوە ئەویش مەبەستى تورکیا بوو کە بۆندى کڕینى سیستمى S400 لە گەڵ ڕوسیادا واژۆ کردووە، بێنس وتى ئێمە ناتوانین بەرگرى لە ڕۆژئاوا بکەین لە کاتێکدا ڕۆژئاوا پشت بەچەکە ڕۆژهەڵات ببەستێت.
ئەوەى بە وردى سەیر وتوێژو باسەکانى کۆنگرەى میونشن بکات هەست دەکات کە ئاستى ناکۆکى و دیدو بۆچوونەکانیان لە پلەیەکى باڵادایە و ئیتر ناکرێت بەو سیستەمەى جاران جیهان بەڕێوە ببرێت بە تایبەتى دروشمە کەى سەرۆک ترەمپ کە دەڵێت ئەمریکا پێش هەمووشتێک ئیتر هیچ بوارێک بۆ هاوپەیمانەکانى ناهێڵێتەوە بۆ بەرگرى و هاوبەشێتى ڕاستەقینەو سەرۆکایەتى جیهان، جاران ئەمریکا بۆیە قسەو فەرمانى لە هەموو شوێن دەڕۆیى و جێبەجێدەکرا چونکە دەستى کراوە بوو.
بە هەرحاڵ لە کۆتاییدا ئەوەى لە کۆنگرەى 55 میونشن هەستى پێکرا جیهان بە بارو دۆخێکى نا ئاسایى تێپەڕ دەبێت سەرهەڵدانى ناکۆکى و ململانێ ى نێوان ئەمریکا لەگەڵ ڕوسیاو چین و هەروەها ئەمریکا پشتى کردۆتە هاوپەیمانە کۆنەکانى لە ئەوروپا و یابان وایان دادەنێت کە ئەمانە ڕکابەرى ئابورى بن لە ئایندەدا.
لە لایەکى ترەوە حاڵەتێکى ترس و لەرز ئەوروپاى گرتۆتەوە بەئاستێک سەرۆکى کۆنگرەى میونشن (ولفجانج ئیشینجر ) ڕایگەیاند کە جیهانى لیبراڵ و ئازاد لە سەر لێوارى داڕمانە بۆیە داواى لە سەرکردەکان کرد کە لە ئاستى بەرپرسیارێتى مێژوویى دابن و ئەو دامودەزگاو دامەزراوانەى کە ساڵانێکى دوورو درێژە دامەزرێنراون بینپارێزن بە تایبەتى هاوپەیمانى ناتۆ کە ترەمپ هەڕەشەى ئەوە دەکات پاشەکشەى لێبکات ئەو هاوپەیمانێتیە سەربازییەى کە پارێزگارى لە ڕۆژئاوا بە گشتى و ئەوروپا بە تایبەتى دەکات.
هەربۆیە سەرۆکى کۆنگرەکە خوازیار بوو لە ئامادەبووان کە گوێ بۆ دەنگى بیرو هۆش بگرن و ناکۆکیەکان وەلاوە بنێن و خواست و ئیرادەى سیاسى بخوڵقێنن بۆ چارەسەر کردنى هەموو کێشەو ململانێکان لە ئەوروپا دەرەوەى ئەوروپا و نیگەرانى خۆى نەشاردەوە لە نەمانى متمانەو سەر هەڵدان و گەشەکردنى ناکۆکى لە سەر سنورەکانى ئەوروپا دوورنیە بگوێزرێتەوە بۆ ناو ئەوروپا لە کاتێکدا ئەوروپا ش گیرۆدەى کێشەکانى برێکیست و کێشەى ئاوارەو پەناهەندەکان لە تورکیا و هەڕەشەکانى ئەردۆگان بۆ بنیاتنانەوەى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت