نەبەزجەلال: حوکومەتێکی کوردی یان خێرپێکراو ” صەدەقە!؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پارتی ” دوای دڵنیا بوونەوە لە ڕێژەی کورسی و چەسپاندنی ئەنجامە گوماناوییەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بە زوویی وەک براوەیەکی بێ منەت لە دەسەڵات و هێزی یەکەمی بەپرسیار لە گۆڕەپانەکە، مژدەی ڕابەرایەتیکردنی خۆی بۆ حوکم و بەڕێوەبردن، بە خەڵک و حیزبەکانی تری بەشداربوو ڕاگەیاند.!
بە شانازییەکی لووت بەرزانەی سەیرەوە، هەنگاوی خۆی بۆ پێکهێنانی گفتوگۆو، ئامادەکاری لە بنیاتنانی کابینەی نوێ بە شێوازێکی هەستانەوەو جیاوازتر لە ڕابوردوو، وەک حوکومەتێکی خێرپێکراو ” صدقە “ی بێ ڕکابەر لەسەر بنەمای ڕێژەیی و، لەژێر دەستی بەربژێرەکانی حیزبەکەیاندا بۆ هەردوو پۆستە باڵاکەی ” حوکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم ” لەڕێگەی مەکتەب سیاسیەکەیانەوە بە گوێی لیستە ڕەنگ جیاواز و براوەکانی پلە دووهەم و سێهەمی نەیاردا، داو و دیاریکرد.!.
ووتە بێژو بڵندگۆکانی پارتی بە جۆرێک تیف تیفەی بوغرایی و تەپڵی سەرکەوتن و بزەی بردنەوەی خۆیان خستە نێو شەقام و ئەو گۆڕەپانە سیاسییەی کە پێشتر تێیدا دەست و پێ سپی، شکست و لاکەوتەی گۆشەگیری بوون، بە کاردانەوەکانی کارەساتی لەدەست دانی نیوەی خاکی کوردستان، بە مل کەچبوون و بێدەنگی بە مەرجەکانی حکومەتی ئێراق و دۆڕاندنی کەیسی ڕیفراندۆم، بە بەزۆر بەجێهێشتنی شەرمنانەی کورسی و پۆستی سەرۆکی هەرێم، دۆخەکەیان ئاڵەو گێڕکرد و ڕووی قسەو هاتنە ناو کایەکەیان بۆ پیشاندانەوەی سیما شاراوەو پاڵەوانە وەهمییەکان دەستەبەرکرد.!
سەرەتای گووتە و هەنگاوەکانی سەرکردایەتی پارتی بۆ پێکھێنانی کابینە نوێکە، بەگوژمی توڕەیی و رۆحیەتی تۆڵە سەندنەوەی بە ناو خەنجەرە ژەهراوییەکەی شازدەی ئۆکتۆبەر و کڵاو لەسەر نان و پشت لە زەویدانیان بوو لە کێبڕکێی پۆستی سەرککۆمار و پەرلەمانی ئێراقدا.
دەستنیشانکردن و دابەشکردنی پلەو پۆستە حکومییەکان بە ویست و بەرژەوەندی خۆیان بۆ دیاریکردن و جەختکردنەوەی ھەڵوێستی ڕاستەڕێ و تاک پلانی سەری سەرەڕاکراوی سەرۆکی دروستکراوە بۆ بردنەوە.
لە سروشتی ئێستادا پارتی ھەر جۆرە نەرمییەک و ملدانێک قبوڵ بکا ھەر دەبێتەوە بەنرخ و شکۆ و دەچێتەوە خانەی کێرڤ و ھێزی سەرکەوتن بۆ بردنەوەی ئامانج و گرتنە دەستی دەسەڵاتی کۆتایی، ئەوسا کورد گووتەنی: تێدەگەین کە ھەموو ڕێگاکان چۆن دەچنەوە سەر بانە.!
گەر ھێزەکانی تری دەرەوەی پرۆژە بەناو سیاسییەکەی پارتی ھەست بە بوون و پێویستی تەواوی بەرھەڵستکارانەی ئەم قۆناغە نەکەن و تێنەگەن لەو جۆری چەرخاندن و سازدانی ئامادەکارییەی پارتی بۆ دروستکردنی دووبارە دۆخێک لە بەرکەوتنی کاری کردە لە جۆرە گەمەیەکی تری گشتگیردا بە شێوەی ریفراندۆم و سەربەخۆییە پیا ھەڵدراوەکەی بەزۆر ئەنجامیانداو خەڵکی ھەرێمیان تێوەگلاند، بەئەوھا کارێکی تری ھاوشێوە ئەرکە خوازراوەکەی دەچەسپێنێ و ھەموو دەبێ بۆ چەند دەیەیەکی تر بە پارتی بڵێن بە ڕیشی مەردانت قەستەم و لێی بێدەنگ بین چۆن ئێستە واقمان وڕ ماوە بەم بەخشندەییە،کە لە ڕاستیدا سەرەتای کارکردنیانە بۆ قۆناغی پێش گۆڕانکاری ناوچەکە.
پارتی خۆی بەحیزبی دایک ناوبردووە ، ھەر بۆیە دایم بە باوەشی کراوەوە ھەنگاو دەنێ، بەڵام چۆن باوەشێکی دایکانە.!؟
ھەموان دەزانین کە پارتی لەسەردەمی ئاوارەیی و ڕاپەڕیندا یەکێک لە حیزبە بچوکەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی بوو، بە ڕێژەیەکی کەم وەچەی گەنجی پێشمەرگە کۆنەکانیان کە پیر بوبوون، بەشداری ئازادی دوای ئازادکردنی ھەرێمی کوردستان بوون، لەم ھاتنەوەیەشیدا باوەشی بۆ زۆرترین جاش و خۆفرۆش وکەسە گوماناوییەکانی کە بەسودی پارتی ئیشیان کردبوو لەگەڵ بەعس کردەوە،قەبارەی خۆی پێ گەورە و گەورەتر کرد.!
دوای 31ی ئاب بۆشایی ناوچەکەی قۆستەوە و فشاری بە حیزبوونی خستە گەڕ و شوێنە دورە دەستەکانی ناوچەکەی کردە حیزبی، پایتەخت ( ھەولێر ) یان بە بەرژەوەندی ھێزی دەرەکی و ئەمریکا خستەوە ژێر دەست، لە زۆر ڕووەوە خۆی پێ تۆکمە ترکرد.
چاوترسێن و کۆنتڕۆڵی تەواوی سنورەکەی خۆی لەڕێی پلانێکی گشتگیری سەربازییەوە خستە ژێر چاودێریی وردی خۆیەوە، ڕێگەی بەھیچ لایەنێک نەدا دەرفەتی گەشە کردنی سیاسی ھەبێ .!
ناوەندی بڕیاری بەڕێوەبردنی بەھێزکرد، بووە لایەنی یەکەمی بێ ڕکابەر، جۆری پەیڕەوکردن و سیاسەتی بەرفراوانی پارتی، کە ئامانج تێیدا قازانج بەکات و ، سەروەری دەسەڵات بۆ داھاتوو چەسپیوو سەرکەوتووبو.
لەدەستپێک و سەرەتای ئەم خاڵی کارکردنەوە، پارتی نییەتی دەست درێژکردن و باوەشی ھاوکاریکردنی بۆ خزمەتی خەڵک و حیزبەکانی تر دەکاتەوە، ئەو ھەمیشە لەسەرەوە سەیری خوارەوەی کردووە و نایەوێت ئەم بۆچوونەشی بگۆڕێ، ئەو دەزانێ چۆن دەبێ بە براوەی گۆڕەپانەکەو شەرمیش لە ھیچ دەرئەنجامێک نەکردووە.!
ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆی کۆنترۆڵکردووەو ناھێڵێ کەس نەفەسێکی سیاسی ئازادی تێدا بدات،کەسیش بۆی نییە بێ پرس و ئاگاداری دەست لەگەڵ نەیارەکانی پارتی تێکەڵ بکات، یان دەبێ ئامادەی ھەر ئەگەرێک و پێدانی باج و ڕوو بەڕوو بونەوەی قورس بێ.!
لەم دەرئەنجام و سەرچاوەیەوە مێژووییەوە کە ھۆکاری بەرز بوونەوەی ڕێژەی کورسی و نفوسە حیزبییەکەی پارتی بەم جۆرەیەو ناکرێ بە براوەی یەکەم سەیر بکرێ، بێجگە لەو فێڵ و کەڵک و ساختەکارییانەی لە ھەڵبژاردندا کراون بۆ یەکلاکردنەوەی ڕێژەی دەنگەکان و بردنەوەی سەنگە قورسەکەی، کە خۆیان باشتر لەو ئاڵۆزییە حاڵی دەبن.
بەدەر لەو بینینە سیاسییەی پارتی کردویەتە مەرام و ھەوڵی بردنەوەی بۆ ئەدا، دەبێت باشتر بەرچاوو ڕوونی و نیەت پاکی پیشانبدات و بخاتەبەردەست و دەست لەو جۆرە ھەڵسەوکەوت و کیبریائەش ھەڵگرێ کە لووتی دەسەڵاتی ڕەھای پێ چۆتە ئاسمانەوە.!
یەکێتیش لەم ساتەدا بە ھیچ جۆرێ چاوی چاوەڕاونی لە سەر نییە وەک ھێزی کاریگەر و راستەوخۆی دۆخە سیاسیەکەی چۆتە سەر مێزی گفتوگۆ، ھێندەی ھەمی کەسی و باڵی گروپی تیا تاوو توێ دەکرێ ھێندە باس لە پرۆژە یەکانگیرییە نیشتیمانیەکەی کورد ناکرێ بۆ ساڕێژکردنی برینێک.!
دەنا کورد ھیچ ھەنگاوێکی ڕاستەقینەی ستراتیجی و پراکتیکی تۆکمەی پێ نانرێ و ھەر خەریکی ئەمڕۆ بە سبەی دەبێ بۆ « ئەبێ و نابێی، براوەو دۆڕاو » دەبێتە باسی، کە لە ڕاستیدا کەس براوە و کەسیش دۆڕاو نییە، ھەموان کوڕی ئەم خاک و گەلەین.!
تێبینی: گورزی ئاگادارکردنەوەی لێدانەکەم تەنھا مەبەستێک نییە بۆ سەرانی دەسەڵاتداری پارتی، وەک نییەت خراپی بۆ حیزبێکی کوردی.
پارتییە دەتوانێ وەک پرۆژە، دۆخی ئاشتەوایی و تێگەیشتنی ڕاستەقینەو ڕوونتر لە ئێستادا دروست بکا، بەدڵنیایی لە داھاتووی ئەم قۆناغەشدا، دەگۆڕدرێ و پارتیش بەختی ئەو چانسە بەرکەوتەیی و مێژووییە لەدەست دەداو دوا دەکەوێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت