حەمە ئازاد بەرزنجی: ئەتەکێتی کوردەواریانە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکێ لە خەسڵەتە سەرەکیەکانی هەمو نەتەوەیەک ئەو دابو نەریتە کۆمەڵایەتیانەیە، کە ئەو میللەتەی پێدەناسرێتەوە. هەر ئەم خەسڵەتانەشن کەسەرنجی، گەریدەو ڕێبواران ڕادەکێشن. ئەو ڕۆژهەڵتناسانەشی کە هاتونەتە کوردستان، زۆربەیان گەواهی بۆ میوانداری و میواندۆستی و ڕێز لە ڕیبوار و خزمەتکردن و ڕاستگۆیی و دەستپاکی و دەمپاراوی بۆ میللەتەکەمان دەدەن. ئەوی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە شێوازی گفتوگۆو ڕێزگرتن و تەوازوعی قسەکەری کوردە بەرامبەر بەمیوان و شێوازی گفتوگۆیە لە کۆڕ ومەجلیسەکاندا. وە میوان ڕێگەدراوە زۆرترین قسەبکات و زیاتر گوێی بۆ گیراوە. لە کاتی گۆکردندا کۆمەڵێ پێشگر، یاخود پاشگر، چ بە وشە یان دەستەواژە بەکارهێنراون، کە نیشانە بون بۆ ڕێزگرتن لە بەرامبەر. لەوانە ( فەرمو ، بەڵێ قوربان، ڕاستدەفەرموی، فەرمو ، کەرەمکە، مام ، خالە، لالە، لالۆ، گەورەم، پورێ، پورە ، میمکە، کاک، خوشکە ، خاتو ، خاتون ، خان ). وە ئەگەر پیاوی ئایینی ، یان عەشێرەتداریش بوبێ ئەوا ( بەگ ، ئاغا ، حاجی ، شێخ ، مەلا ، فەقێ ، خواجە ) بەکار هاتوە. وە هیچ کاتێ بانگکردن، بەتایبەتی لە دەرەوەی ماڵ و لەناو خەڵکی و کٶڕو کۆبونەوەکاندا، بەبێ ئەو پاشگرو پێشگرانە، کەس بانگنەکراوە.
بەتێکەڵبونی کەلتوری وڵاتانی ڕۆژئاواو دراوسێ و بەتایبەتی تر لە ناو خوێندکارو هاوڕێیانی قۆنەغەکانی خوێندن، لە خوێندنگاو زانکۆکاندا کەمی کردە. بەڵام هەر بەتەواو بونی قۆناغەکانی خوێندن و پێنانە ناو کارو کاسبی وپیشە و هەنگاونان بەرەو تێپەڕاندی کاتی مراهقی و جێگیربونی شەخسەیەتی کەسی و پێکهێنانی خێزان و چونە ناو ژینگەیەکی تری کۆمەڵایەتیەوە، جارێکی تر وشەکان دوبارە دەبنەوە و وشەی ( کاک) زیاتر بۆ کوڕان و ( خان ، یان خاتو) بۆ کچان، بەکارهاتونەتەوە.
لە یادمە لە یەکەم دامەزراندماندا، هاوڕێیەکی زانکۆم لە بەر چاوی بەڕێوەبەر، بەناوی خۆمەوە وە تۆزێ بە دەنگی بڵند گازی کردم، دوایی بەڕێوەبەرەکە ناردبوی بەدوایدا پێی وتبو، بۆچی بەوشێوەیە بانگت کرد، وتبوی قوربان هاوڕێی زانکۆمەو ئەوشتانە ئاساییە لە نێوانماندا. پێی وتبو لە زانکۆ ئاسایی بوە. لێرە نا. چونکە ئەم بەڕێوەبەرایەتیە، یەکێکە لە بەڕێوەبەرایەتیە تەکنیکیەکان و ئەندازیار بەڕێوەی دەبات ئێوەش ئێستا لەم بەڕێوەبەراییەتیەدا ئەندازیارن و پێشەنگن، چاوتان لەسەرەو فەرمانبەرەکانی تریش چاو لەئێوە دەکەن.
ڕاستە وتویانە ( بین الاحباب تقل الاداب )، بەڵام ئەمە لەکات و شوێن و کۆڕی تایبەتی خۆیدا. بەداخەوە لە ئێستادا و بە تایبەتی تریش لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا، کە دەچنە ناو ژوری هەمو ماڵیکەوە و سەرچاوەی دەنگوباس و هەواڵ و هونەرو تەنانەت ڕۆشنبیری زۆربەی تاکی کوردە و دەبنە سەرچاوە بۆ شێوازی گۆکردن و دەربڕینی دەستەواژەو وشەگەلێکی بەکارهاتو و دەبنە وێردی سەرزمانی زۆربەی گەنجان و کار لەشێوازی ئاخاوتنی نێوان تاکەکان دەکات.
بێژەرێک بەبێ پەردەو بەئاشکرا لەناو ستۆدیوە دەڵێ: ئەوا ئێستا لەلایەن پەیامنێرمانەوە ( نەسرین )، لە فلان شوینەوە ڕاپۆرتێکی بۆ ئامادەکردوین و بۆمان دەخوێنێتەوە. ئەویش لەوەڵامدا دەڵێ بەڵێ ( فەرەیدون ) و ئیتر دیالۆگێکی ناکوردانە دەست پێدەکات و ئەم ئەو بانگ دەکات، ئەو ، ئەم بانگ دەکات. بۆیە داوا دەکەین وەک ڕێزێک بۆ دابونەریتی کوردەواریمان و بونی مۆرکی کوردەوایانە بەسیمای شیوازی گفتوگۆکانمانەوە، ئەو پێشگرو پاشگرانەی کە نیشانەی ڕێزن لە کەناڵەکان بەکاربهێنرێن. وەک باسیشمانکرد ئەوە شیوازێکە لە سیما جوانەکانی نەریتمان، کە ئێمەی پێ ناسراوین با لەوەیاندا چاو لە هەندی لە کەناڵە بیانیەکان نەکەین.
یەکێ دی لە دیاردەکانی ناو کەناڵەکانمان، پێشکەشکارێک، یان ئامادەکارێکی بەرنامەیەک، دەڵێ: لەکاتژمێر ئەوەندە گوێ بگرن بۆ ( بەرنامەکەم ). وە ئەوەی دەیەوێ بەشداری لە ( بەرنامەکەمدا ) بکات، دەتوانێ لەڕێگەی ئەم ناونیشانەوە و… هتد. بەڕاستی باسی خۆکردن و من، من، لە ئاخافتنی کوردانەدا سنوردارەو زۆرجار وشەکان لەتاکەوە دەکرین بەکۆ، کە ئەویش نیشانەی گەورەیی و نرخ دانە بە ( گۆکەر و گوێگر )، بوتری ( بەرنامەکەمان ). بۆنمونە لەکاتی بانگهێشتکردنی کەسانێک بۆ میونداری نانخواردنێک، دەوترێ سبەی بەڕێزتان دەعوەتن لە ماڵی ( خۆمان )، یان لە ماڵی ( ئێمە ). ناوترێ لە ماڵی ( خۆم ) یان ماڵی ( من ). یان لە کاتی دەرگا لێدان و دەرگا کردنەوەدا، کە دەڵێی کێێە، بەرامبەر دەڵێ ( خۆمانین).
دیاردەیەکی دی لە کاتی تەواو بونی بەرنامەکاندا، دەوترێ ( بەم شێوەیە هاتینە کۆتایی بەرنامەکانمان ). کە بەتەواوی پەرچڤەی وشەیی دەقە عەرەبیەکەیە ( و بهذا الشکل وصلنا الی نهایة البرامج ). کە دەتوانرێ بوترێ ( بەم شێوەیە بەرنامەکانمان تەواو بو). یان ( بەم شێوەیە کۆتاییمان بە بەرنامەکانمان هێنا ).
دیاردەیەکی تر شێوازی دانیشتن لە کاتی چاوپێکەوتن و مقابەلەدا، ‌قاچ خستنە سەر قاچ، و قاچ بڵاوکردنەوە و پاڵدانەوەی لە ڕادەبەدەر، بەتایبەتی لەسەر کورسییە شێوە قەنەفەییەکان. برادەرێک، لە نوسینەوەی یادەوەریەکانیدا، دەڵێ، وەفدێک بوین بەکارێ چوینە لای کەسێکی خاوەن پلەیەکی کۆمەڵایەتی، یەکێ لەئەندامانی وەفدەکە یەکسەر قاچی خستە سەر قاچی و ئاراستەکەشی ڕوەو خاوەن ماڵ و پاڵی لێدایەوە، هەمومانی نارەحەتکرد و لە هاتنە دەرەوەشدا سەرزەنشتێکی باشمانکرد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت