کارزان کۆیی: خاک پۆشەکان لانەی سەربەرزی تێکۆشەرانە.
ئازاد سەراوی) لە کتێبی (خاکپۆشەکان) دا خوێنی پێشمەرگە و یادەوەریە مەزنەکان و خەبات و بەرخودانی هەزاران کەسی لە لەبیرچونەوە و ونبوون پاراستووە و سەری بەنەماڵەی شەهیدە گووم ناوەکانیشی زندوو کردۆتەوە و هیواو ئومێد و وەفاشی بەخشیوەتە نەوەی تێکۆشەران، کە میژووی خەباتی باوکیان لەیاد ناکرێت!
ئەوو مێژووە پڕشنگدارەی (ئازاد سەراوی) لێی دەدوێت. ئەم زەمانە نیە. ئەو زمانەیە. کەهەموو وەرزەکان وەرزی پێشمەرگە و بەرگری و خوێن و هێرش و شەهید بوون بوو… ئەوو زەمانە بوو کە هەموو وەرزەکان پێشمەرگە بۆنی خاک و خۆڵی لێ دەهات. نەک وەک بەرپرسەکانی ئێستا هەموو وەرزەکان بۆنی مارکەیان لێدێت.
ئازاد سەراوی بۆبەرز ڕاگرتنی ناوی تێکۆشەرەکان بۆ جارێکی دی بەشوێن پێکاندا چۆتەوە و سەر لەنوێ شاخ و لوتکەو چیا و چەم و کانیاو هەورازو نشێو تولە ڕیگاو گرد و حەشارگاکانی بەسەر کردۆتەوە. هەرشوێنێک کەبۆنی هەناسەی پێشمەرگەی لێ هاتبێت، هەر شوێنێک کە بۆنی خوێنی شەهیدان و فرمێسکی دایکی گرتبێت (ئازاد سەراوی) بەخامە پڕ لەهەنسکەکەی زندووی کردۆتەوە.
خاک پۆشەکان بۆ خۆی ڕۆمانێکی زندووی ڕاستەقینەیە و لاپەڕەکانی خوێنی لێ دەتکێن. خاک پۆشەکان بەر پڕسەکان خڵتانی شەرمەزاری دەکات و پێیان دەڵێت: گەر خۆڕاگری و بەرخودان و هاوکاری خەڵکی شارباژێڕ نەبوایە. گەر ئێمەی پێشمەرگە نەبوینایە هەمێستا ئێوە نەدەبوون.
ئایی چەند ستەمە دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبەکان و بەرپرسەکان لەلوتکەی بێوەفایدابن بەرامبەر ئەم تێکۆشەرە مەزنانە، (خاکپۆشەکان)ی (ئازاد سەراوی) چرایەکە بۆ ڕۆشنکردنەوەی ناخی دڵی بێ هیواکان و بەبەرپرسەکان دەڵێت: بەسە گێڕانەوەی یادەوەریەکانتان ئەوە ئێوە نەبوون. ئەوە ئێمە بووین شۆڕشمان کرد و بەخوێنی هاوڕێکانمان و هەنسکی دایکمان ئێوەمان درووستکرد.
لەکۆتاییدا بەپێویستی دەزانم بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حیزبەکان بڵێم: ئەوە دەرئەنجامی بێوەفایی و خەم ساردی ئێوە بوو. بەرامبەر قارەمانەکانتان، ئەم بوارە بۆ (ئازاد سەراوی) ڕەخسا. ئەوەتا لەبری ئێوەی خەم سارد ئەم شاکارە جوانە پێشکەش بە نەوەی تێکۆشەران دەکات.