دڵشاد مەجید: لەمەودای دوور یەکێتی باردۆخی باشتر دەبێ لەپارتی.!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چۆن ململانێکانی دەسەڵات لەناوەند تەحریکی ململانێکانی ھەرێم دەکا و داینمۆکەیەتی.

• پارتی دوای شکستی پرۆسەی سەرۆک کۆمار، حەجم و کاریگەری و پێگەی خۆی ھەم لەناو شارعی عێراقی ھەم لەناو حزبە سیاسیەکانی بۆ دەرکەوت. لەوێوە ھەموو تواناکانی لەکوردستان خستەگەڕ بۆئەوەی ھێزی خۆی لەکوردستانەوە جارێکی تر ئاراستەی بەغدا بکا. پارتی ئەو ڕێکەوتنانەی ئێستا لەگەل بەغدا کردویەتی دەزانێ کۆنکریتی نین و کاتین.. بۆ بەرێکردنی قوناغێکە قوناغی بەھێزکردنی ناوەند.. پارتی بۆی دەرکەوت لە (مەدوای دوور یەکێتی دەبێتە خاوەن بڕیار لەناوەند).. بۆیە پارتی ھەوڵدەدات یەکێتی تەحجیم و احتوا بکا..

# گۆڕان و حزبەکانی تر دەبنە بەدیلی یەکێتی.؟
• حزبەکابی دەرەوەی پارتی و یەکێتی دوای ئەوەی نەیانتوانی پێگەیەی سیاسی لەناوەند دروست بکەن. بوونە ھێز گەلێکی ھامشی. ئەو بێ ئومێدبوونەیان لەناوەند.. بە ئومێدی وەرگرتنی دەسەڵات لەھەرێم پڕ کردووە.
ئەگەر ئەمرۆ ئەوھێزانە لەھەرێم بە چوونە نێو بەرەی پارتی ھەژمار بکرێن.. بەڵام زۆربەی ئەو ھێزانە لەکاتی ململانێی سەرۆک کۆمار لەبەرەی یەکێتی بوون. ئەم ھێزانە بەتایبەتی گۆڕان، بڕیاری ھاتنە ناو حکومەتی پێشوەختە دابوو.. ئەمەش مافێک و کارێکی ئاساییە ئەوەی ئاسایی نەبوو، گۆران وەک کارتێکی گوشار بۆ سەر یەکێتی دەبینرا.
• گۆران ھەرگیز نابێتە بەدیلی یەکێتی بۆ پارتی. یەکێتی جگە لەھەژموونی ھێزو دارایی و زۆن.. خاوەنی حزورێکی گەورەو بەھێزە لەبەغدا بە 21 ئەندام پەرلەمان و خاوەنی پێگەی سەرۆک کۆمارە.. خاوەنی نفوزێکی سیاسی و جەماوەری و پەرلەمانیە لەناوچە دابڕاوەکان. خاوەنی (6) کورسیە لەکەرکوک. خاوەنی پەیوەندیەکی بەھێزی ناوخۆیی عیراق و ئیقلیمیە. پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ ئەمریکا ھەیە.
ھەرچی گۆرانە ھێزێکی لۆکاڵیە و پەیوەندیەکانی لەدەرەوەی گردەکە زۆر لاوازە. بەڵکو ئێستا ئەمریکیەکانیش سەردانیان ناکەن، گۆڕان بۆ زانینی ھەڵوێستی ئەمریکا..داوا لە کوردەکانی ئەمریکا ئەوانەی پەیوەندیان بەمەلەفی عیراق ھەیە لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکەن کەھەلوێستی ئەمریکایان بۆ بپرسن ..
لەسەر ئاستی عیراقیش جووڵەیان نەماوە..ھێزەکانی تری وەک کۆمەڵ و یەکگرتوو و نەوەی نوێش بەھەمان شێوە.
واتە ئەگەر ململانێیەکەی کوردستان بۆ بەھێزکردنی پێگەی سیاسی بێ لەبەغدا، پارتی بیەوێ ھاوکێشەکانی کوردستان ھاوتەریب بکا لەگەڵ بەغدا .. ئایا بۆ پارتی یەکێتی گرنگترە یا گۆران و حزبەکانی تر..؟

# دواڕۆژی ململانێی دەسەڵات لەناو پارتی و یەکێتی.
• یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی لەمەودای دوور حزبێکی تۆکمەو بێ کێشە دەردەکەوێ. بەتایبەتی دوای ئەوەی ھەر دوو کارەکتەری بەرھەم ساڵح و کۆسرەت رەسوڵیان لە داواکردنی وەرگرتنی دەسەڵاتی یەکێتی دوورخستەوە..
بەڵام پارتی لەمەودای دوور و نزیک دەکەوێتە ناو ململانێی ئامۆزاکان.. ئێستا ھەرچی خەڵکی ئیدارەیە لە ناو حکومەت کەسەربەنێچیر بوون، ریزیان گرتووە لەمەسیف بۆ نوێکردنەوەی وەلائ بۆ مەسروور و پێشکەشکردنی (سی ڤێ) کەزۆربەیان دژایەتی خۆیان بۆ ئیدارەی بێچیر بەیان کردووە. مەسرووریش بڕیاری داوە تەواوی ستافی حکومەت بگورێ.. خەڵکانی سەربەخۆی دێنی.. ئەمەش دەبێتە مایەی سەرھەڵدانی ناڕەزایی و سەرئێشە بۆپارتی.. ھەروەھا خەڵکی پارتی بێ ئومێد بوونە لەپارتی و دەڵێن بارزانی باوک بۆ ھێنانە پێشەوەی کورەکەی ھەموو شت دەدات بەحزبەکان.. بۆ نموونە دەڵێن گۆڕان ئەو ھێزە نیە ئەو ھەموو پۆستەی بدرێتی.. دەڵێن ئێمە کار بۆ پارتی دەکەین خەڵکی گۆڕان و حزبەکانی تر پۆست و ئیمتیازت وەردەگرن. ئەم ناڕەزاییانە بەئاشکرا لەناو لق و ناوچەکان دەبیسترێ.

• گرنگی کەرکوک بۆ یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی ، تەنیا بۆ پێگەی جەماوەری و دارایی نیە، گرنگترین شت بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی کەرکوکە.. کە دەوری باڵایان دەبێت بۆ ئەو تەرەفەی بیەوێ لەسەر عەرشی یەکێتی دابنیشێ. بۆیە ھەر نەرمیەک و تەنازولێک لەکەرکوک.. دواڕۆژی دەسەڵاتی بنەماڵەی تاڵەبانی لەق دەکا.. ھەروەھا ھەموو باڵەکانیش ناوێرن سازش لەسەر کەرکوک بکەن.. چونکە ئیعلانی مەرگی خۆیان دەکەن..

# یەکێتی ھێشتا بە ئەعسابی سارد گەمەکان دەکا.
• لێکدانەوەکان بۆ کارە تاکڕەویەکانی پارتی لەپەرلەمان لە 18- 2.. بە ھەڵە شرۆڤەی بۆ دەکرێ و ھەندێک بەبێ منەتی پارتی و بێ دەسەڵاتی یەکێتی دەیخوێننەوە. ھەندێکیش بۆ تەنگاوکردنی یەکێتی دەزانن.. بەڵام خۆی لەئەرزی واقیع ئەگەر یەکێتیش لە کۆبوونەوەکان ئامادە بوایە. ھەر ھەمان دەرئەنجام دەبوو.. بەڵام لێرە لێک تێنەگەیشتنە دروست بووە.. یەکێتی کەداوای رێکەوتنی سیاسی لەپارتی دەکا.. بۆئەوەیە کە ھیچ شتێک لەپەرلەمان و حکومەت بەبێ لێکتێگەیشتن و ڕێکەوتن نەڕوا.. واتە یەکێتی دەیەوێ بەو رێکەوتنەی پارتی ملزم بکا کەھیچ کارێکی تاکلایەنانە لەدەرەوەی سازان ئەنجام نەدا. بۆیە بەرای من ھێشتا یەکێتی ( بەئەعسابی سارد ) برەو بە یاریەکە دەدات.. تاکە ھەڵەی یەکێتی پەلاماردانە ڕاگەیاندەکەی بوو بۆ سەر گۆران، ھەروەھا کارنەکردنی لەسەر لێکترازاندنی نێوان حزبەکان لەپەرلەمان.
——————
# تێبینی ئەم نووسینە ھیچ پەیوەندی بەڕێکەوتنەکە نیە، پێش ڕێکەوتنەکە نووسراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت