Daesh-1

بورهان شێخ ڕەئوف: چارەنووسى چەکدارە دیلەکانى داعش.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەى بووەتە بابەتى ڕۆژەڤو ڕووبەرێکى زۆر ى میدیاکانى جیهان و ناوچەکەشى داگیرکردووە چارەنووسى چەکدارە دیلەکانى دەوڵەتى ئیسلامى یە لە عێراق و شام چونکە پێکهاتەى ئەو هێزە ڕەشپۆشە فرە ڕەگەزە کە لە هەموو کون و قوژبنێکى ئەم جیهانەوە هاتبوون بۆ عێراق و سوریا ئێستا لە دواى تێکشکانى ئەفسانەکەیان بوونەتە بارێکى قورس بۆ وڵاتەکانیان و کەس خۆى ناکات بە خاوەنیان و مرۆڤایەتى شەرمەزارە لە ئاست تاوانەکانى ئەو تاقم و باندە توند ئاژۆ و خوێن ڕێژانە.
ئێستا ئیتر وڵاتە ئەوروپیەکان دەبێت هەڵوێستى خۆیان یەکلایى بکەنەوە لەمەڕ چارەنووسى ئەو سەدان چەکدارەى کە لە ڕیزەکانى داعشدا بوون کارى توندو تیژى یان ئەنجامداوە هاوڵاتى ئەوروپین و ڕەگەزنامەى ئەو وڵاتانەیەن پێ یە و لە زیندانەکانى هەسەدە دان لە باکورو ڕۆژهەڵاتى سوریا یان هەندێکیشیان لە عێراق و هەرێمى کوردستانن و یان لە لایەن هەسەدەوە ڕادەستى حکومەتى عێراق کراونەتەوە.
لە کاتێکدا ئەمریکا فشار دەکات لە وڵاتە ئەوروپیەکان کە ئەو هاوڵاتیانەیان تێوەگلاون بە کارى توندوتیژى لە ڕیزەکانى داعش وەربگرنەوەو ڕێکارى یاسایی یان لەبەرامبەر بگرنەبەر لە هەمانکاتدا وڵاتانى ئەوروپى وەکو ئەڵمانیاو فەرەنساو بەریتانیا لە هەوڵى دۆزینەوەى ئەڵتەرنەتیفێک دان کە ئەو چەکدارانە نەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان لە بەر چەند فاکتەرێک بە پلەى یەکەم سیاسى یە.
هەموو ئەمانە لە کاتێکدا دێن کە هێزەکانى سوریاى دیموکرات گەمارۆى تەواویان خستۆتە سەر چەکدارەکانى داعش لە ناوچەى باغۆز کە پێدەچێت لە هەرئان و ساتێکدا تەواوى بنکەو بارەگاکانیان ئازاد بکەن هەرچەندە شەڕەکە زۆر سەختەو هیچ مەودایەک لە نێوانیاندا نەماوە و تێکەڵ بە یەک بوون تەنانەت ڕۆڵى هێزى ئاسمانى و ڕۆکێت و تەکنۆلۆجیاش نەماوە و هەموو پاشماوەى چەکدارە تاوانبارەکان خۆیان بۆمب ڕێژکردوەو لە تۆنێلەکانیاندا خۆیان حەشارداوە بەڵام گەمارۆن و هێچ کۆمەک و ئیمدادێکیان پێ ناگات بۆ یە لە کۆتاییدا هەر دەبێت خۆیان بدەن بە دەستەوە یان بجەنگن تا دەکوژرێن.
بۆ یە لە ئێستادا چارەنووسى ئەو چەکدارانە بەگەرمى کەوتۆتەوە بەرباس بە تایبەتى چارەنووسى ژن و مناڵەکانیان چ ئەوانەى ڕەگەزنامەى ئەوروپى و بیانى و ئەوانەى ڕەگەزنامەى عێراقیان هەیە ، لە نێو ئەو وڵاتانەدا فەرەنسا بڕیارى خۆى یەکلایى کردۆتەوە کە لە عێراق و بە گوێرەى یاساى عێراقى هەموو ئەو هاوڵاتی یە فەرەنسانەى کە لە ڕیزەکانى لەشکرى ڕەشپۆشى داعشدا بوون دادگایی بکرێن بەڵام وڵاتانى ترى وەکو بەریتانیا و ئەڵمانیا لە نیوەى ڕێگادا وەستاون خۆیان یەکلایى نەکردۆتەوە ئایان پێشوازیان لێ بکەن وەرین بگرنەوە و ڕوبەڕوى یاسایان بکەنەوە یان ڕەگەزنامەکانیان لێ بسەننەوە بێبەرى یان بکەن لە مافى هاوڵاتى بوون؟
لە ساڵى 2014 ەو لەڕاگەیاندنى دەوڵەتى خەلافەى ئیسلامى داعشەوە ڕێژەیەکى زۆرى هاوڵاتى ئەوروپى بە تایبەتى ژن پەیوەست بوون بەو ڕێکخراوە تیرۆریستیەو کە ڕێژەکە ى لە 16 – 17 % لەو شەش هەزارکەسەى کە لە هەموو وڵاتانى ئەوروپاوە کۆچیان کردووە ژنن.
لەلایەکە تریشەو ڕوسیا ش هەمان کێشەى هەیە کە ئەوانیش نزیکەى 4000 ژن پەیوەست بوون بە ڕیزەکانى داعشەوەلەسەر زارى سەرۆک پوتین خۆیەوە ، بێجگە لەوەى 5000 ژنى تر لە کۆمارەکانى یەکێتى سۆڤیەتى پێشووەو پەیوەندییان کردووە بە داعشەوە، جگە لەوەى باس لەوەش دەکرێت 1100 منداڵیشیان لە گەڵدایە.
لە کۆتاییدا ئەوەى دەبینرێت هەموو حزب و تاقمە پۆپۆلیستەکانى ئەوروپا کە تازە هەڵکشاون دژ بەوەن ئەو جەنگاوەرە تیرۆریستانەبگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان هەر ئەوەش واى لەو وڵاتانە کردووە کە بیر لەوە بکەنەوە کە ڕەگەزنامەکانیان لەو هاوڵاتیانەیان بکشێننەوە، لەلایەکى تریشەوە فشارەکانى ئەمریکاش لەو وڵاتانە کە هاوڵاتیەکانیان وەربگرنەوە و هەڕەشەى ئەوەى کە ئەگەر وەریان نەگرنەوە ئەوا هەسەدە ئازادیان دەکات ئەوەش هەڕەشەیەکى جددیە کە ئەوانەبە ڕێگەیەک لە ڕێگەکان بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان کە ئاسایش و ئارامى ئەو وڵاتانە دەخەنى مەترسیەوە و دوورنى یە چەندین کارى تیرۆریستى ئەنجام بدەن و لە کاتێکدا هەمووان دەزانین کە داعش سیاسەت و تاکتیکەکانى گۆڕیوە بۆ گورگى تاک کە بە تەنیا لە هەر شوێن و ڕێ یەکدا بۆیان لوا گورزى خۆیان بوەشێنن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت