سامانی وەستا بەکر: گرنگتر و گەورەترە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

واباوە کە بۆنە ئایینیەکان زۆرترین خەڵک لێی کۆئەبێتەوەو یاد ئەکرێتەوە، بەڵام ئەم بۆنە ئاینیانە هەرچەنە بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی ناوچەیەکی جوگرافی لێی کۆئەبێتەوە، بەڵام لە دووبەرەکی و ڕای جیاواز بێ بەش نین. بۆ نمونە زۆر کەم موسوڵمانانی هەردوو مەزهەبی سونەو شیعە پێکەوەو لە یەک کاتا یادی جەژنەکانی ڕەمەزان و قوربان ئەکەنەوە، بەڵام هەرچی نەورۆزە کۆی نەتەوەی کورد لەسەری کۆکەو لەیەک ڕۆژا هەمووان پێکەوە یادی ئەو بۆنەیە ئەکەنەوەو جەژن ئەگێڕن، کە ئەمەش یەکێکە لە بەهێزترین ئەو خاڵانەی کە کوردی بەیەک و یەکگرتووی هێشتۆتەوە. لەکاتێکا نەتەوەی کورد باوەڕدارو ئاینزای زۆر جیاوزی هەیە و، هەر کۆمەڵە باوڕدارێک لەکاتێكی جیاوزا یادی بۆنە ئاینیەکانی ئەو ئاینە ئەکەنەوە، کە هەڵگری پێناسەکەین. بۆیە لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە کە نەورۆز گەورەترین خاڵی بەهێزی مانەوەی کوردە و، ئەبێ گرنگی زیاتری پێبدرێ و مێژووەکەی و سەرەتای دروست بوونی ئەو بۆنەیە لە خوێندنگاکانا بخوێنرێ و هەروەک چۆن ئەوەشمان بۆ ئاشکرایە کە نەورۆز بۆ نەتەوەی کورد لە کۆی بۆنە ئاینەیکانن گرنگترەو گەورەترە.
جەژنی نەورۆز پێشینەیەکی دوورودرێژی ھەیە و کۆنترین بۆنەو جەژنی مرۆڤە لە سەر زەوی، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەو بوارەدا کراون کۆنترین مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی ئەو کاتەی کە لە ئەشکەوتەکانا ژیاون رۆژی یەکەمی بەھاریان کردووە بە جەژن. نەورۆز ھەمان جەژنی (تەمووز و عەشتار)ە کە سۆمەرییەکان پێش ئەوەی لە ئەشکەوتەکانی کوردستان بێنە دەرەوە و بەرەو خوارووی ئەو شوێنەی ئێستا وڵاتی عێراقی پێ ئەوترێ بڕۆن ئەو جەژنەیان بەڕێوە بردووە.
گرنگی نەورۆز لەوەدایە کە توانیویەتی کۆی لەمپەڕەکان تێپەڕێنێ و بێ لێکدانەوەی جیاوازی ئاین و مەزھەب لە درگای دڵی ھەمووان بات و بەناو دڵا شۆڕبێتەوە ئیتر ئەگەر لە پشتی ئەم کۆ یەکی و ھاوبەشی و ھاوڕابوونەوە ئەفسانەش ھەبێ ھیچ گرنگیەکی نیە چونکە لە بوونی خودی نەورۆز خۆی نەبێ ھەرچی چیرۆکێک ھەبێ ھەمووی ئەفسانەن، بۆیە لێرەوە ئەگەینە ئەو باوەڕەی کە ئەکرێ ئەفسانە یەکێکبێت لە باشترین میتوود بۆ یەکگرتنی میلەتی پەرش و بڵاو یان میلەتێکی وەک کورد کە خاونی چەندین دیالێکت و ئاین و مەزھەبی جیاجیایە.
ئەو بۆنانەی کە زۆرترین خەڵک لەخۆی کۆئەکاتەوە بۆنە ئاینیەکانە کە زۆرترین خەڵک لە یەک کاتدا بەشدار ئەبن بەڵام بۆ نەتەوەی کورد نەورۆز بۆنەیەکی گەورەترە چونکە سەرجەم ئاینە جیاجیاکانی نەتەوەی کورد لەسەر ئەم بۆنەیە ھاوبەشن و لەیەک کاتدا بەشدار ئەبن و یادی ئەکەنەوە کەواتە گرنگترین بۆنە بۆ نەتەوەی کورد نەورۆزە.
ھەنێ جار ئەو ئه‌فسانه‌یه‌ که‌ گیانی ناو کۆی هاودڵی له‌ نێوان دانیشتوانی ناو سنورێکی جوگرافی ئه‌وه‌نده‌ ئه‌باته‌ پێشه‌وه‌ که‌ میلله‌تێکی لێ دروست ئه‌کات ئه‌مه‌ به‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه‌ دروسترە که‌ زمان و زاراوه‌ی زۆر و جۆراوجۆریان تیایه‌.
نەورۆز چرکە ساتێکە کە نەتەوەی کورد ھەستی گەڕانەوەی بۆ مێژوو لادروست ئەبێ و ئاوێتە بوونی بە خاک و ئینتما بوونی بۆ خاک بۆ ئەگەڕێتەوەو ھەستی ژیانەوەو ژیانێکی نوێ و ھیوای بۆ دروست ئەبێت.
ئەو ئەفسانانەی بە بەرۆکی نەورۆزا ھەڵواسراون سوودێکی زۆری لێ وەرگیراوە، بێجگە لە یەک بوون و ھاوبەشی و ھاوڕابوونی کۆی کۆمەڵگە بەڵکو سوود لە چیرۆکی ئازایەتی کاوەو خۆێن ڕێژی زوحاک (ئاستیاگ)یش وەرگیراوە ھەر بۆ نمونە ناوی کاوە وەک پاڵەوانێكی میللی لە چەندین یاد و بۆنەدا کە کورد تیایا زەرەرمەند یان دۆڕاوە یان زوڵمی لێکراوە ئەھێنرێتەوە پێشەوە تا سەرلەنوێ ئازایەتی ببەخشێتەوە بە کۆمەڵگە، یان تا ئێستاش ئەگەر کەسێک زۆردار بێت پێی ئەوترێ زوحاک وەک وەبیرھێناوە و ئاگادارکردنەوە.
نەورۆز داب و نەریتێکی زۆر کۆن و دێرینە کە لە لایەن کورد و فارس و تورک نەتەوەی دیکەوە بە شێوەی جۆربەجۆر پەیڕەو ئەکرێت، ڕەگ و ڕیشەی ئەگەڕێتەوە بۆ کەونارایەکی پێش لە مێژوو وە ھەندێ پێیان وایە زاڵبوونی کاوە بە سەر زوحاک سەرچاوەی نەورۆزە بەڵام نەورۆز زۆر لە ئەفسانەی زوحاکیش کۆنترە شارەزایانی نەورۆز بڕوایان وایە جەمشێد کە یەکێک لە پاشاکانی پێشدادییەکان بووە نەورۆزی داھێناوە هەرچەنە ژیانی ئەو پاشایانە لە ئەفسانە بەدەر نییە و بەسەرھاتەکانیان زۆر خەیاڵین وسەردەمەکەشیان پێش لە چاخی مێژووە کەوابێت بنەمای نەورۆز ئەگەڕێتەوە بۆ چاخە دێرینەکان.
ئەکرێ سەرکەوتنی ھەخامنشییەکان بەسەر دەوڵەتی ماددا و کۆتاییھاتنی تەمەنی یەکەمین دەسەڵاتی کوردی و سەرکەوتنی تیرەیەکی فارس و دامەزراندنی دەوڵەت لە لایەن ئەوانەوە بۆتە ھۆی ئەوەی کە لە کۆنەستی فارسەکان بە گشتی و لە نەستی کەسێکی وەک فیردەوسیدا (دانەری پەرتووکی شانامە) بە تایبەتی ئەفسانەیەکی لەو جۆرە وێنا بکرێت و ڕوخساری دوژمن(کورد)ی پێناشرین بکرێت.
ئەفسانەی کاوە و زوحاک و ئەوەی فیردەوسی باسی دەکات ھیچ بنەمایەکی مێژوویی نییە دیارە زوحاک یان (ئاستیاگ) ھەبووە و دوایین پاشای مادەکان بووە بەڵام نەوەک ئەو جۆرەی کە فیردەوسی باسی ئەکات، ئاخر فیردەوسی وەکو کابرایەکی خوێنخۆری مار لەشانی زاڵم باسی ئەکات کە ئەبوو ھەموو رۆژێ مێشکی دوو گەنجی دەرخوارد بەن ھەر بۆیە کاوەی ئاسنگەر لێی یاخی ئەبێت و شۆڕشێک لە دژی بەرپا ئەکات و تەخت و تاراجی لێ تێکئەیات لە کاتێکا ھەر لەو وتارە پڕ بەڵگەکەی د. مەولود ئیبراھیم حەسەنا ھاتووە کە ئاستیاگ دوایین پاشای مادەکان بووە نەک زاڵم و شێت نەبووە بەڵکو پیاوێکی تا بڵێی ڕووخۆش بووە بەڵام مێژووی پەیوەندیدار بەو کابرایە تەواو پێچەوانە و شێوێندراوە.
پاش رووخانی ئیمپراتۆریەتی مادەکان ئەوانەی ھاتوون و سەرگوزشتەو و مێژوو ئەنووسنەوە ئەبێ بەو شێوەیە بینوسنەوە کە دەسەڵات بەدڵێتی، کەوابوو ئەگەر ڕوخسارێکی سامناک لە دوایین پاشای مادەکان واتە ئاستیاگ پیشان بەن شتێکی سەیر نییە ئەگەر زۆر دووریش نەگەڕێینەوە و ووردبینانە لە مێژووی ھاوچەرخی خۆمان بڕوانین کە ئەبینین ئێستاش دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان چۆن لە ھەموو ڕێگەیەکەوە ھەوڵ ئەیەن ڕوخساری راستەقینەی ئازادیخوازان بخەنە بن پەردەی سەدان ناو ناتۆرەی دزێوەوە ھەر بەوجۆرەش سەردەمی کۆتای دواین دەسەڵاتی کوردی ماددەکانیان لێ کردووین بە ئەفسانەیەک کە لەوێدا دواین دەسەڵاتداری کورد بە دیکتاتۆر و خۆێن ڕێژ و بێ بەزەی وێنە کراوە.
به‌ گوێره‌ی ساڵنامه‌ی زه‌رده‌شتی ساڵ به‌سه‌ر دوانزه‌ مانگ دابه‌ش کرابوو هه‌ر مانگێکیش 30 ڕۆژ بووه‌، به‌مجۆره‌ ساڵێک ئه‌یکرده‌ 360 ڕۆژ، واتا هێشتا 5 پێنج ڕۆژ یان وردتر 5 ڕۆژ و 5 سه‌عات و48 خوله‌ک و 50 چرکه‌، ئه‌ما بۆ پڕ کردنه‌وه‌ی ساڵێکی ته‌واو. هه‌ر ته‌نیا پشتگوێ خستنی ئه‌و 5 سه‌عات و 48 خوله‌ک و 50 چرکه‌یه‌ی که‌ خوڵی ساڵی پێ کۆتایی یەت ئه‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ر 120 ساڵێک هاتنی ڕۆژی نه‌ورۆز یه‌ک مانگ دوا بکه‌وێت. له‌ سه‌رده‌می ده‌سته‌ڵاتی ساسانیەکانا چه‌ند جارێک ساڵ کراوه‌ته‌ 13 مانگ تا له‌ سه‌رده‌می ده‌سته‌ڵاتی مه‌له‌کشای سه‌لجوقی (1072- 1092ز)، له‌ لایه‌ن وه‌زیری وی واتا نیزامول مولک له‌ ساڵی 1074ز، ساڵنامه‌ی جه‌لالی داهێنرا له‌و ساڵنامه‌یه‌یا شوێنی نه‌ورۆز له‌ 21 ئادار چه‌سپ کرا.
جەژنی نەورۆز لە كاتی سەراتای بەهارا دەست پێئەكات لە زانستی ئەستێرەناسیا سەراتای بەهار لە نیوەگۆی باكووری زەوی بەو كاتە دەگوترێت كە خۆر لە هێڵی ئیستیوای زەوی تێئەپەڕێت و ڕوو لە باكوور ئەکات، بەم چركەساتەش چركەساتی یەكەمی بورجی كاوڕ ئەوترێت و لە ڕۆژژمێری کۆچی هەتاویا بە یەكەم رۆژی (هورمز رۆژ یا ئورمزد رۆژ) لە مانگی یەكەمی بەهار هاتووە هەروەها نەورۆز لە رۆژژمێری زایینیا یەكسانە بە 21 و 22ی مارس.
هه‌رچه‌نده نەورۆز‌ سه‌ره‌تا ته‌نیا خۆشی نواندن بوو به‌ درێژ بوونه‌وه‌ی ڕۆژ و هاتنی به‌هار بەڵام له‌ سه‌رده‌می ساسانیەکانا بۆ یەکەمجار به‌رگێکی ئایینی له‌به‌رکرا و بوو به‌ یه‌کێک له‌ جه‌ژنه‌ ئایینیه‌کانی زه‌رده‌شتی. دیاره‌ پێشوتریش به‌ هۆی نه‌ریتی ئاگر کردنەوەوە له‌ نه‌ورۆزا ئه‌وانه‌ی که‌ دژی یادکردنه‌وه‌که‌ی ئه‌وه‌ستانەوە هەر هه‌مان ئه‌و ئاگر کردنه‌وه‌یان ئه‌کرده‌ بیانو که‌ گوایا ئه‌مه‌ جۆرێکه‌ له‌ ئاگری پیرۆزی ئاته‌شگاکانی زه‌رده‌شتی و خه‌ڵک به‌و شێوه‌یه‌ ڕێزی لێئەگرن.
ئەگەر لە مێژووی نەورۆز بڕوانی ئەبینی ئەم بۆنەیە بۆ چەندین ھۆکار گەڕێنراوەتەوە لەوانە ئه‌گه‌ر سه‌یری ساڵنامه‌ی سروشتی گه‌ردوونیی بکه‌ین بۆمان ده‌رئه‌که‌وێت که‌ که‌ژه‌کانی ساڵ په‌یوه‌ندیان به‌ سوڕانه‌وه‌ی گۆی زه‌وی هه‌یه‌ له‌ چوارده‌وری ته‌وه‌ڕه‌یی خولگه‌یه‌کی دیاریکراوی خه‌پڵه‌ی خۆر. یان گوایە پێنچ ڕۆژ پێش یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوی “نەورۆز” گیانی مردووەکان گەڕاونەتەوە ناو ماڵەکانی خۆیان و دوای کۆتایی هاتنی پێنج ڕۆژه‌که‌، ئینجا ده‌بوو به‌ نه‌ورۆز و یه‌که‌م ڕۆژی ساڵی نوێ ئنجا له‌ ڕۆژی نه‌ورۆزا ئه‌وان ئه‌چوونه‌ سه‌ر بانی خانوه‌کانیان و شوێنی بڵندی تر نزیک ماڵه‌کانیان بۆ ئاگر کردنه‌وه‌ وه‌ک ماڵئاوایی کردن له‌ گیانی مردوەکانیان که‌ له‌و پێنج ڕۆژه‌یا له‌ناویانا بوون.
لای زەردەشتیەکانیش خەڵک سەرەتای ساڵی نوێیان نەئەزانی بۆیە پیاوانی ئاینی واتا موغ و هیربه‌د و موبه‌دان لە شوێنە بەرزو سەربانی ماڵەکان ئاگریان کردۆتەوە وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکی ساڵی نوێ.
ھەندێکیش لە سۆمەرییەکان لە مێزۆپۆتامیا لایان وابووه‌ که (دموزی) خوداوه‌ندی به‌پیتی له‌ پایزدا ده‌کوژرێت لە بەھارا زینوو ئەبێتەوە.
ئەوانەی مێژووی نووسی ئیسلامن نوسیویانە کە خەڵکی جوتیار 25 رۆژ پێش ھاتنی نەورۆز دانەوێڵەی جواروجۆریان لە قاپێک یان دەفرێکا چاندووە ھەر جۆرێکان لە کۆتای ئەو 25 رۆژەیا کام جۆریان باشتر ڕسکاو ڕوابوون ئیتر ئەو جۆرەیان ئەچاند ھەتا بەروبوومی باشتر بچێنەوە.
ئێستاش وێڕای ئەوەی کە بە پێی بەڵگە مێژووییەکانیش دەرکەوتووە کە نەورۆز جەژنێکی تەواو کوردییە و لە کوردستانەوە بە وڵاتان و ناوچەکانی دیکەی دەورووبەرمانا بڵاو بووەتەوە، ھێشتا وەک پێویست لە ڕوومان نایەت ڕاشکاوانە بڵێین ئەو جەژنە جەژنێکی ڕەسەنی کوردییە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت