كارۆخ عوسمان: HDP چی دەباتەوە لەم ھەڵبژاردنەدا؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئامەد، باتمان، وان، ئاگری، ھەكاری، بەدلیس، ئیغدیر، ماردین، موش، سێرت، دەرسیم و شڕناخ.
واتا HqDP لەكوی 21 شاری گەورەی كوردی لەتوركیا 12 شارەوانی گەورەی شارە گەورەكان (ئیلایەتەكان) مسۆگەر دەكات بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 24ی حوزەیرانی 2018.
ھەدەپە لەشارەكانی ئیغدیر، ھەكاری و شڕناخ دەتوانێت تەواوی شارەوانیەكان بەدەست بێنێت، كە لەھەكاری 4 و لەشڕناخ 7 لەئیغدیر 4 شارەوانین.
لەشاری ئامەد لەكۆی 18 شارەوانی دەتوانێت 16 شارەوانی بباتەوە.
لەشاری ئاگری لەكۆی 8 شارەوانی دەتوانێت 7 شارەوانی بباتەوە.
لەشاری وان لەكۆی 13 شارەوانی دەتوانێت 12 شارەوانی بباتەوە.
لەشاری باتمان لەكۆی 6 شارەوانی 4 شارەوانی دەباتەوە.
لەشاری ماردین لەكۆی 10 شارەوانی 6 شارەوانی دەباتەوە.
لەشاری موش لەكۆی 6 شارەوانی 4 شارەوانی دەباتەوە.
لەشاری سێرت لەكۆی 7 شارەوانی 4 شارەوانی دەباتەوە.
لەشاری تونجەلی (دێرسیم) لەكۆی 8 شارەوانی 6 شارەوانی دەباتەوە.
لەشاری بەدلیسیش لەكۆی 7 شارەوانی 4 شارەوانی دەباتەوە بەڵام بەبێ شارەوانی مەركەزی شار.
لەم شارانە زۆرینەی شارەوانیەكان بەناوەندی شارەوانی گەورەوە دەباتەوە.
بەڵام ھەر بەپێی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی ڕابردوو لەشاری (گازی ئانتاب) كە لەگرنگترین شارەكانی توركیایە ھەدەپە ناتوانێت ھیچ شارەوانیەك بەدەست بھێنێت، گازی ئانتاب لەگەورەترین شارەكانی پیشەسازیەو دەورو كاریگەری زۆری ھەیە لەناوخۆی توركیادا، ئیستانبۆڵ چەندە گرنگە لەھەرێمی مەڕمەڕەو توركیاو سیاسەتی دەرەوەی توركیا گازی ئانتابیش لەھەرێمی باشوری ڕۆژھەڵاتی ئەنادۆڵ و ناوخۆی توركیادا جێدەستی دیارە لەپیشەسازی و بازرگانی و ڕاكێشانی شەریكەكانی وەبەرھێنان بۆ ناوچەكە.
لەشارەكانیتری وەك؛ ئادیامان، ئەرزنجان، ماڵاتیا، ئانتاكیا (ئیسكەندەروون) كیلیس و ماڕاش ناتوانێت ھیچ شارەوانیەك بەدەست بھێنێت.
وە لەشارەكانی وەك:
1- شانڵی ئورفادا واتا ڕحا، ھەدەپە لەكۆی 13 شارەوانی تەنھا دەتوانێت 3 شارەوانی بچوك بەدەست بھێنێت.
2- ئەرزڕوم لەكۆی 20 شارەوانی تەنھا دەتوانێت 3 شارەوانی بچوك بەدەست بھێنێت.
3- قاڕس لەكۆی 8 شارەوانی تەنھا 2 شارەوانی بەدەست دەھێنێت.
ئەو شارانەش بەھۆی تێكەڵاوكردنی كۆمەڵایەتی و تەتریكەوە ڕێژەی كورد تێیاندا كەمبۆتەوە بۆیە ھەمیشە ئەو شارە بەجوگرافیا گەورانەی كورد دەنگەكانیان بۆ حزبی حاكم دەچن، جگە لەتەتریك كردن عەڕەب و لازو توركی عەلەوی و چەند نەتەوەیەكیتریان لێ نیشتەجێ كردوون، جگە لەوەش خەڵكی ئەم شارانە خەریك كراوە بەپیشەسازیەوە، ئەمەش ھەستی نیشتمانی و نەتەوەیی، ڕوحیەتی بەرەنگاری داگیركاریان لەناو براوە.
ھەدەپەش وەك حزبەكانیتری توركیا دەڵێت: ئیستانبۆڵ شارێكی گرنگەو یەكلاكەرەوەیە. بەڵام لەبنەڕەتدا بۆ ھەدەپە وانیە، چونكە نفوزی شارەوانی و حوكمی محەلی ئەو حزبە لە ئیستانبۆڵ نیەو تەنھا دەتوانێت لەناوچە كوردنشینە چڕەكان دەنگ بھێنێت، دەرچوونی كاندیدەكانی پەرلەمان لەمێتڕۆپۆلە توركیەكان ئەوە ناگەیەنێ كە HDP بتوانێ شارەداریەك دەستەبەر بكات، چونكە بازنەی ھەڵبژاردنە محەلیەكان لەبازنەی شار واتا بازنەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیلایەتەكان بچوكتریش دەبێتەوە، ھەر مەركەزو ئیلچەو قەسەبەیەك بازنەیەكی تایبەتی ھەڵبژاردنە.
حزبەكانی وەك MHP و CHP لەناوچە كوردیەكان بەشێوەیەكی گشتی لاوازن، تەنھا AKP دەتوانێ دەنگی كاندیدەكانی پەرلەمان و تەنانەت شارەداریش مسۆگەر بكات، لەكۆی 22 بازنەی ئیلایەتەكانی جوگرافیای كوردانی باكور جەھەپەو مەھەپە ناتوانن ھیچ مەركەزێك ببەن، تەنھا چەند ئیلچەو قەسەبەیەكی بچوك نەبێت، بەڵام ئاكپارتی دەتوانێ زۆرینەی ڕەھای شارەوانیەكانی 10 شاری گەورە (ئیلایەت)ی كوردان و شارەوانی ناوەندی شاری بەدلیس ببات.
جگە لەتەتریك و ھۆكارەكانیتر HDPش كێماسی خۆی ھەیە لەوەی كەناتوانێ نیوەكەیتری شارەوانیەكانی باكوری كوردستان ببات، ئەویش پشتگوێخستنی ئایینە لەمەبدەئی حزبدا، ڕاستە ھەندێ ئاینزاو سەرپۆش بەسەری كاندید كردووە، بەڵام لەجەوھەری حزبدا دین بەڕاددەیەكی زۆر تەرك كراوەو علمانیەت و كۆمۆنیزم بەسەریاندا زاڵە، لەو دواییانەشدا كۆمەڵگەی توركیا زیاتر بەرەو دینداری دەڕوات بەكوردو تورك و پێكھاتەكانیترەوە. جگە لەسیاسەتەكانی ئاكپارتی كە نیوەی كوردانی باكوری كوردستان ھاوشانی تورك پێوە ڕەزامەندە.
كوردانی توركیاش بەشێوەی ئێرە واتا باشور (كوردستانی عێڕاق) زیاتر پابەندن بەقائیدەوە، واتا ھەدەپەش نەیتوانیوە ڕزگاری ببێت لەحزبی قائید، ئەوەتا سەزای تەمەلی و پەروین بوڵدان ھاوسەرۆكانی ھەدەپەن، بەڵام ھێشتا خەڵكی كورد لەتوركیا ئیعتڕافی پێنەكردوون و پابەندن بەسەرۆكانی زیندانیكراو، بۆیە تاڕاددەیەكی زۆر چالاكوانەكانی ھەدەپە وازیانھێناوە.
ئەمەش كاریگەری نەرێنی كردۆتە ڕێژەی دەنگەكانی حزب، ڕاستە ئەمە خاوەندارێتی كردنە لەسەرۆك، بەڵام سەرۆكەكانیش بەبێ چالاكوان و سیاسەتمەدارەكانیترو خەڵكی عەوام ناتوانن ھیچ بن.
ئەوەی بەڕوونی دیارە لەم ھەڵبژاردنەدا ھەدەپە دەنگەكانی ڕەنگە لەكەمی بدات، بەڵام بازنە بازنەبوونی ئیلچەو قەسەكان شارەوانیەكانی بۆ مسۆگەر دەكات، ئاكپارتیش فێڵێكیتری كردووە، ئەویش زیادكردنی شارەوانیە لەو ناچانەی كە دەنگەكانی خۆی تێدا زۆرترە لەحزبەكانیتر بەتایبەت ھەدەپە، چونكە لەناو كوردیەكاندا تەنھا ھەدەپە ڕكابەری ئاكپارتیە.
ئاكپارتی جگە لەزیادكردنی شارەوانی قەییومیشی داھێناوە، كە ھەمان دەستەڵاتەكانی سەرۆكی شارەوانی ھەیە، كە لەناو شارەوانی ھەڵدەبژێردرێت و ڕاستەوخۆ سەر بەوەزارەتی داخیلیەیە، بۆ ئەوەی چاودێر بێت بەسەر شارەوانیەكاندا ئیدارەو دارایی شارەوانیەكانی بەتەواوی لەبن دەستە. ئەوەش وەسیلەیەكیتری بێ ئەرزشكردنی شارەوانیەكانەو كەمكردنەوەی دەستەڵاتەكانی سەرۆكی شارەوانیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت