مەنسوور جیهانی: بەهمەن قوبادی پڕشانازیترین دەرهێنەری سینەمای ئێرانە لە فێستیڤاڵی فیلمی کانی فەڕەنسا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سینەماکاری ناوداری کورد “بەهمەن قوبادی” بە بەدەستێهنانی 6 خەڵاتی گرینگی سینەمایی لە خولە جۆراوجۆرەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا پڕشانازیترین دەرهێنەری مێژووی سینەمای ئێران و کوردستانە.
فیلمی سینەمایی “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” A Time for Drunken Horses یەکەمین بەرهەمی بڵندی سینەماکاری بەئەزموونی کورد “بەهمەن قوبادی” لە پەنجا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە ساڵی 2000 لە شاری کان لە وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا و سێ خەڵاتی ئەم فێستیڤاڵە گرینگەی سینەمای جیهان بەدەستهێنا، لەوانە: خەڵاتی “کامێڕای زێڕین” Camera D’or و لە بەشی “دوو هەفتەی دەرهێنەرەکان”دا خەڵاتی “ئەزموون و هونەر” C.I.C.A.E واتە “بەهرەمەندی گەنج، بەرهەمی داهێنەر و بوێرانە”ی ئەم بەشە و هەروەها خەڵاتی “فیپڕشی” FIPRESCI واتە “فیدڕاسیونی نێودەوڵەتی ڕخنەگرانی سینەما”.
لە درێژەدا فیلمی سینەمایی “گۆرانییەکانی وڵاتی دایکیم” Marooned in Iraq لە دەرهێنانی قوبادی لە پەنجا و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە ساڵی 2002 نمایشکرا و خەڵاتی “فڕانسوا شاڵە”ی The Francois – Chalais بەدەستهێنا.
ئەم سینەماکارە کوردە ساڵی 2009 بە فیلمی سینەمایی ” کەس ئاگای لە پشیلەی ئێرانییەکان نییە!” No One Knows About Persian Cats لە بەشی “جۆرێک ڕوانین” لە شەست و دووەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” بەشداریی کرد و خەڵاتی “فڕانسوا شاڵە” و هەروەها خەڵاتی تایبەتی بۆ “کارە نوێیەکان و ڕوانی نوێی” بەدەستهێنا.
“بەهمەن قوبادی” بە وەرگرتنی سێ خەڵاتی فیلمی سینەمایی “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان”، یەک خەڵاتی فیلمی سینەمایی “گۆرانییەکانی وڵاتی دایکیم” و هەروەها دوو خەڵاتی فیلمی سینەمایی “کەس ئاگای لە پشیلەی ئێرانییەکان نییە!”، بە بەدەستهێنانی 6 خەڵاتی گرینگی سینەمایی لە بەشە جۆراوجۆرەکانی فێستیڤاڵی فیلمی “کان”، پڕشانازیترین دەرهێنەرە لە مێژووی سینەمای ئێران و کوردستان.
بە گشتیی سینەمای ئێران تا ئێستا لە 71 خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”، 39 خەڵاتی بەدەستهێناوە کە 6 خەڵاتەکەی “بەهمەن قوبادی” لە ڕیزبەندی سەرەوەی ئەم خەڵاتەنە دایە و وەکوو سینەماکارێکی سەرکەوتوو دێتە ئەژمار، کە زۆرترین خەڵاتی لەم فێستیڤاڵە گرینگە بۆ خۆی مسۆگۆ کردووە.
بێگومان سینەماکاری ناوداری ئێرانی “عەباس کیارۆستەمی” بە فیلمی سینەمایی “تامی گێلاس” Taste of Cherry لە پەنجایەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە ساڵی 1997، خەڵاتی “جڵە خورمای زێڕین”ی Palme d’Or بەدەستهێنا کە یەکەمین خەڵاتی گرینگی سینەمای ئێران لە ئاستی جیهان دێتە ئەژمار و وەرگرتنی سێ خەڵاتی دیکە لەم فێستیڤاڵە، یەکێکی دیکە لە سینەماکارانی پڕشانازی ئێرانە و “ئەسغەر فەرهادی” و “جەعفەر پەناهی” یەکێکی دیکە لەو سینەماکارە ئێرانییانەن کە لەم ڕووداوە گرینگەی سینەمای جیهان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”، ڕۆژی 20ی سێپتەمبەری ساڵی 1946 لە شاری ساحیلی کان لە وڵاتی فەڕەنسا دەستی پێکرد و یەکەمین بەشداربوونی فیلمێکی ئێرانی بۆ فیلمی “کوروش کبیر” واتە “کوروشی مەزن” لە دەرهێنانی “مستەفا فەرزانە” دەگەڕێتەوە کە ساڵی 1962 لە بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمی ئەم فێستیڤاڵە نمایشکرا.
لە درێژەدا کورتە فیلمی “سەرهەڵدانی خۆر” لە دەرهێنانی “ئەحمەد فاڕووقی قاجار” لە بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە ساڵی 1965 نمایشکرا و خەڵاتی “ئەنجوومەنی بەڵای تەکنیکی” بەدەستهێنا.
پاشان فیلمی سینەمایی “زندگی و دیگر هیچ” واتە “ژیان و چی دیکە” Life، and Nothing More… لە دەرهێنانی “عەباس کیارۆستەمی” لە چل و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە ساڵی 1992 نمایشکرا و خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی “جۆرێک ڕوانین” و خەڵاتی “رۆسۆلینی” بەدەستهێنا.
ساڵی 1995 فیلمی سینەمایی “بادکنک سفید” واتە “پفدانگی سپی” The White Balloon لە دەرهێنانی “جەعفەر پەناهی” لە چل و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” نمایشکرا و توانی خەڵاتی “کامێڕای زێڕین”، خەڵاتی “فیپڕشی” واتە “فیدڕاسیونی نێودەوڵەتی ڕخنەگرانی سینەما” و هەروەها خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی “پازدە ڕۆژ دەرهێنەرەکانی کان”ی بەدەستێهنا.
ساڵی 2000 فیلمی سینەمایی “تەختەی ڕەش” Blackboards لە دەرهێنانی “سەمیرا مەخمەلباف” لە پەنجا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”
نمایشکرا و توانی “خەڵاتی دەدوەران” بەدەستبێنێت. و لە هەمان ساڵیشدا فیلمی سینەمایی “جومعە” Djomeh لە دەرهێنانی “حەسەن یەکتاپەناە” خەڵاتی “کامێڕای زێڕین”ی پێبەخشرا.
ساڵی 2001 فیلمی سینەمایی “سفر قندهار” واتە “سەفەری قەندەهار” Kandahar لە دەرهێنانی “موحسین مەخمەلباف” لە بەشی پێشبڕکێی پەنجا و چوارەمین
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” نمایشکرا و خەڵاتی گەورەی “کڵێسەی جیهانی” بەدەستێهنا.
ساڵی 2002 فیلمی سینەمایی “زیر نور ماە” واتە “لە ژێر ڕووناکی مانگ” Under the Moonlight لە دەرهێنانی “ڕەزا میرکەریمی” خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی هەفتەیڕخنەگران” ی پەنجا و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی پێبەخشرا.
ساڵی 2003 فیلمی سینەمایی “پنج عسر” واتە “پێنجی دوانیوەڕۆ” At Five in the Afternoon لە دەرهێنانی “سەمیرا مەخمەلباف” لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی پەنجا و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” نمایشکرا و خەڵاتی “ئەندامانی لێژنەی دادوەران” و خەڵاتی گەورەی “کڵێسەی جیهانی” Prize of the Ecumenical Jury پێبەخشرا و هەروەها فیلمی سینەمایی “تلای سرخ” واتە “زێڕیی سوور” Crimson Gold لە دەرهێنانی “جەعفەر پەناهی” خەڵاتی “ئەندامانی لێژنەی دادوەران”ی بەشی پێشبڕکێی “جۆرێک ڕوانینی” بەدەستێهنا.
ساڵی 2005 فیلمی سینەمایی “خواب تلخ” واتە “خەونی تاڵ” Bitter Dream لە دەرهێنانی “موحسین ئەمیریۆسفی” لە پەنجا و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” نمایشکرا و ڕێزلێنانی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی “کامێڕای زێڕین” و خەڵاتی “ڕوانینی گەنجی” بەشی “پازدە ڕۆژ دەرهێنەران”ی ئەم فێستیڤاڵەی پێبەخشرا.
ساڵی 2010 فیلمی سینەمایی “کپی برابر اسل” واتە “کۆپی بەرانبەرە به ئەسڵ” Certified Copy لە دەرهێنانی “عەباس کیارۆستەمی” لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی شەست و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” نمایشکرا و “ژۆلییەت بێنووش” Juliette Binoche ئەکتەری ناوداری فەڕەنسی ئەم فیلمە خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئافرەتی ئەم فێستیڤاڵەی بەدەستهێنا.
ساڵی 2011 فیلمی سینەمایی “این یک فیلم نیست” واتە “ئەوە یەک فیلم نییە” This Is Not a Film لە دەرهێنانی “جەعفەر پەناهی” لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی شەست و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” نمایشکرا و خەڵاتی “کڵێسەی زێڕینی” بەشی “پازدە ڕۆژ دەرهێنەران”ی بەدەستێهنا و فیلمی سینەمایی “بە امید دیدار” واتە “بە ئەمێدی دیدار” Goodbye لە دەرهێنانی “محەمەد ڕەسووڵ ئۆف” خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بەشی “جۆرێک ڕوانین” و هەروەها خەڵاتی “فڕانسوا شاڵە”ی پێبەخشرا.
ساڵی 2013 فیلمی سینەمایی “گزشتە” واتە “ڕابردوو” The Past لە دەرهێنانی “ئەسغەر فەرهادی” لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی شەست و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی “کان” نمایشکرا و “بێرێنیس بێرژۆ” Bérénice Bejo ئکتەری ئەم فیلمە خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئافرەت و فەرهادی خەڵاتی “کڵێسەی جیهانی”ی بەدەستهێنا و لە هەمان ساڵیشدا فیلمی سینەمایی “دست نوشتەها نمی سوزند” واتە “دەستنووسەکان ناسووتێن” Manuscripts Don’t Burn لە دەرهێنانی “محەمەد ڕەسووڵ ئۆف” خەڵاتی “فیپڕشی” پێبەخشرا.
ساڵی 2015 فیلمی سینەمایی “ناهید” Nahid لە دەرهێنانی “ئایدا پەناهەندە” به ده‌ورگێڕانی “نه‌وید محه‌مه‌دزاده” خەڵاتی “داهاتووی ڕووناک”ی Bright Future بەشی “جۆرێک ڕوانینی”ی شەست و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی “کان”ی بەدەستهێنا.
ساڵی 2016 فیلمی سینەمایی “فروشندە” واتە “فرۆشیار” The Salesman لە دەرهێنانی “ئەسغەر فەرهادی” لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی شەست و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی “کان” نمایشکرا و خەڵاتی “باشترین سیناریۆ” و هەروەها ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران “شەهاب حوسێنی” خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاویی بەدەستهێنا.
ساڵی 2017 فیلمی سینەمایی “لۆڕد” A Man of Integrity لە دەرهێنانی “محەمەمەد ڕوسووڵ ئۆف” لە حەفتایەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ” کان” نمایشکرا و خەڵاتی بەشی “جۆرێک ڕوانینی” ئەم فێستیڤاڵەی بەدەستهێنا. ساڵی 2018 فیلمی سینەمایی “سە رخ” واتە “سێ ڕوخسار” Three Faces لە دەرهێنانی “جەعفەر پەناهی” لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” حەفتا و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” نمایشکرا و خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەدەستهێنا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت