حەمەئازاد بەرزنجی: پانۆڕامای تەزویر، مراوەغە، مفاوەزە، مزایەدە، مساوەمە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوای قۆناغی شۆڕش و سەرکەوتنی، کاری پەرلەمانتاری و هەڵبژاردن و هەنگاونان بەرەو قۆناغەکانی دیموکراسی دەستپێدەکات. ئەمە لای ئەو وڵات و نەتەوانەی کە دەیانەوێ لە ڕێگەی ڕێبازو هۆکارە دیموکراسیەکانەوە، وڵات بەڕێوەبەرن و خزمەت بەبەرژەندییە باڵاکانی گەل بکەن.
لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیشدا ، هەمو پارت و لایەنەکان ، کاندید و بەربژێرەکانی خۆیان دیاری دەکەن و ئەوی لە توانایاندا بێت ، لە چوارجێوەی یاساو ڕێنماییەکانی هەڵبژاردن بەکاریدەهێنن بۆ سەرکەوتنیان . ئەمە کارو ڕێوشوێنی ئاساییەو، دوای تەواو بونی کاری هەڵبژاردنیش، ئەنجامەکان لەماوەیەکی کورتدا، ڕادەگەیەنرێت و حکومەت پێکدەهێنرێت.
مەخابن لای ئێمە ئاڕاستەی قۆناغەکانی هەڵبژاردن و پێکهینانی پەڕلەمان و حکومەت و ئەنجامەکانی ، بەئاستێکی ئاسۆییدا ناڕوات و چەندان هەڵدێرو قۆرت و هەڵبەز و دابەزی وای بۆ دروستدەکەن، کەچەندەها مانگ بخایەنێت و چەندەها دەرهاویشتەی نەخوازراوی لابەلای وای لێبکەوێتەوە، کە ئەمانەش خۆیان لەناوخۆیدا ببنە سەرچاوە، بۆ چەندان کێشەی دی.
هەرلەیەکەم بانگەشەی هەڵبژاردن دەستدەکرێ، بەهێنانەپێشی هەرچی مەلەفە، چ لەکۆن و چ لەنوێ، هەڵدانەوەی قەتماغەی برینە بەسوێکان و کولانەوەیان و گەیاندیاننە تاسەر ئێسقان. نەک ئازاری دەرونی، بەلکو هەندێ جار گەر ئارەزومەند بن لەوانەیە ئازاری جەستەیی یەکدیش بدەن و هەڕەشەی نابەجێش لە یەکدی بکەن. ئامانجیش بێجگە لە ویستی سەرکەوتنە تاقانەکەی خۆیان، ڕیسوا کردنی لاکەی بەرامبەریشە بەهەرشێوازێک بێت. لە هەمویشی ناسۆرتر پەنابردنە بەر ترساندن و تۆقاندن و موچەبڕین و پەنابردنە بەر تەزویرە. تەزویر لە دەنگدان، لە زیادکردن و پڕکردنەوەی کارتی دەنگدان و بەکارهێنانی هەمو ئەو تەکنۆلوژیایەی کەلەبەردەستیانایە و بەرنامە داڕێژی چڕوپڕ بۆ کاری تەزویرکردنەکە.
لەهەرهەموی قورستر تەزویرە لەدەرهێنانی پێناسەی باری شارستانی و پێناسەی کەسیی تاکی هەڵبژێر، بەناو و وێنەی کەسانی دیکەی خۆیانەوە. ئەمە دەتوانرێ پێی بوترێ دەستبردن بۆ ناموسی تاکی کوردی و دەستدرێژیکردنە بۆ ناو بەهاو کایە کۆمەڵایەتیەکان . چونکە کە تۆ تەزویری پێناسەی کەسێکی دیت کرد واتە بەو پێناسە نوێیە دەتوانی ببی بە ئەو، وە دەتوانی بەو پێناسە دەستبگریت بەسەر هەمو موڵک و ماڵ و وە دەتوانی ئاڵووێریان پێوە بکەیت و بیشیانفرۆشی. بە کورتی و کوردییەکەی دەتوانی ببی خاوەنی هەمو موڵکێکی مادی و مەعنەوی بە منداڵ و خێزانەکەیشییەوە ، ببی بە باوکی منداڵەکانی، ببی بە مێردی خێزانەکەشی . ئائەمەیە ترسناکی تەزویر کاتێ بە دورییەکی قوڵ بۆی بڕوانی . بەڵام بە داخەوە هەندێ بەلایانەوە ئاساییەو هەر دەڵێی نە بایان دیوە نە بۆران.
دوای کاری هەڵبژاردنەکان و هەرچۆنێ بێت ئەنجامەکە جێگیردەبێ و ڕەوشەکە خاودەبێتەوە ، ئەوسا دەستدەکەن بە (( مراوەغە )) و دەستی دەستی و خۆدزینەوە و دواخستن ودرێژەپێدانی کات . چونکە ئەمان لەلایەک دەیانەوێ هەڵسوکەوتە ناشرینەکانیان لەکاتی هەڵبژاردن و کارە تەزویریەکانیان لە بیر خەڵک بەرنەوە ولەلایەکی دی لەبەرئەوەی سوڵتەیان بەدەستەوەیە ، هەرچۆنێ بێت درێژەپێدانی کاری حکومەتی پێشوتر لە قازانجیانەو دەیانەوی چەندان مانگی دیکەش هەر درێژە بدەن بەکارە نایاسایی و تەمومژاوییەکانیان کە بۆتە سەرچاوەی دارایی نادیار بۆیان و تا دواسات بەردەوامی پێبدەن. سەرەرای ئەمانە دەیانەوێ کێشە ناوخۆییەکانی ناو حزبەکانیانی پێبەرنە دەرەوە و، هەناردەو تێکەڵی ناو کێشەو داخوازیەکانی جەماوەری بکەن. بەم جۆرە دەیئاخزیننە ناو دانوستاننەکان و ناو دانیشتنەکانیانەوە . وە دەیانەوێ چاکترین، باڵاترین و شیاوترین پلەوپۆستی ناو دەسەڵات بۆ قوتبەکان و قوتبزادەکانی ناو حزبەکانیان فەراهەم بکەن و سەرچاوەیەکی دارایی وایان بۆ بدۆزنەوە کە بتوانن، خۆیان و دەستەودایرەو ئەو حەمکە حەشاماتەی کەلەچواردەوریانە ، بەموچەی باشی حکومییەوە چەندساڵێ بەڕێبکەن و بەڕێوەیبەرن، بشبێتە سەرچاوە و داهات بۆ دواڕۆژێکی دورتریان و ، بۆ ڕۆژی تەنگانەیان ،بۆ هەرکاتێ کە دەستیان لەوپلەوپایانە بەردەبێ.
بەم شێوەیەو بە هەمان هەناسەوە دەچنە ناو کۆبونەوەو دانوستان و ڕێکەوتنەکان دەسپێدەکەنەوە، لە پێشەوە لە ڕێگەی لیژنەی ئاسایی ئامادەکارو چەند مانگێکی دی بەسەردەبەن و دەمی یەکدی تاقیدەکەنەوەو هەرجارەی کێشەی پۆستێ بۆ یەکدی قوتدەکەنەوە ، کە دەزانن لای بەرامبەر پێی قاڵسە و درێژە بەدانیشتنەکان دەدەنەوەو، دەمێ ئەم بۆلای ئەو دەمێ ئەو بۆ لای ئەم. لەکۆتادا دەگەنە ئەو ئەنجامەی کە لیژنەکانیان زۆر بەهێز نین و خاوەن بڕیارو ئەندامی بنەماڵە و قوتب و قوتبزادەی هیچ لایەکی تیانییەو دەگەنەوە مریشکە ڕەشە و سەرلەنوێ لە سەری ساڵانەوە دەستپێدەکەنەوە . لەم کایەو نێوەندە نوێیەدا جارێکی دی بە کۆمەڵێ وشەی بریق و باق ختوکەی هەستی لایەنگران و هەندێ لە بێلایەنان دەدەن و دەیکەنە مانشێتی سەرەکی ڕۆژنامەو سایت و کەناڵ و تیڤییەکانیان. بەمەشیان دەتوانرێ بوترێ بانگەشەی دەستی دوی دوای هەڵبژاردنەکان دەستی پێکردۆتەوە . هەندێ ئاڵووێر و گۆڕانکاری دەکەن لە هەندێ پلە و پۆست و دەستکاریکردنی هەندێ لە وشەو دەستەواژەکان لەناو بەندەکانی ڕێکەوتن و یان ناو هەندێ لە پێڕۆ و دەستەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم یان لەهەر کون و قوژبنێکی دیکەدا بێت. سەر لە نوێ خەڵک بێهیواو بێزار دەکەن وکەشێکی بێورەیی وادەخوڵقێنن کە خەڵک دەگەیەننە ترۆپکی بێزاری کە پێیان بڵێن بابە بەس ڕێکبکەون ئێمە هیچمان لە ئێوە ناوێ . بەم جۆرە کارە گزیکارەکانیان کەلە کاتی هەڵبژاردنەکاندا کردویانە لە بیر خەڵکی دەبەنەوە . بژێوی ژیانی خەڵکی و ئاڕاستەی بەردەوامی ئاستی ئابوری وڵات دەبەستنەوە بە دەرەنجامی ڕێکەوتنەکانیان و بەم جۆرە هەمو چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵ بێزارییەکی گشتگیردایاندەگرێ و دەیانەوێ سەقامگیری و ئارامییەکی وا بێتەکایەوە کەهەر چینە بچێت بەلای کارو کاسبی خۆیەوە.
ئەم هەڵبەزو دابەزە لە دانیشتن و دانوستانەکاندا پێدەنێتە قۆناغێکی نوێ، کە ئەویش قۆناغی مزایەدەی نیشتمانی و حزبی و بازرگانی کردن بە هەڵوێست و جێگۆڕکێکی وشەکانە . ئەو دەڵێ ئیتر بۆ ڕەخنەمان لێدەگرن و قسەمان پێدەڵێن ، ئەوا ڕازیبوین هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بالە ناو پەڕلەمانەوە بێت . ئەم دەڵێ هەڵبژاردنەکە گەر لەنێو کۆمەڵ و خەڵکیشەوە بێت ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە و بەربژێرەکە متمانەی زیاتر دەبێت . ئەو دەڵێ پێکهێنانی حکومەت زۆر دواکەوتوەو ، ئیتر لەوەزیاتر ئامادەنین بۆ یەک چرکەیش دوای بخەین و هیچ بیانویەک قبوڵ ناکەین . ئەمیش دەڵێ وەک پێشینان و بەرهەڵستکارانی قەدیم فەرمویانە : ئەو پۆست و یاسا و کارانەی ڕەهەندی نیشتیمانییان هەیە ، دەبێ کۆدەنگی لەسەر بێت و نابێ بە تەنها بە دو حزب تێپەڕێندرێت . وەکو پێشتر کۆ دەنگی هەبوبێ بۆ دابەشکردنی پۆستەکان و تەزویرو بردن و دابەشکردنی بەرهەمی نەوت و هەمو موڵک و سامانی وڵات و داهاتی حکومەت. ئیتر لەم مزایەدەیەدا ئەم خۆی بەرزدەکاتەو ئەو کەبس دەکات و پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە . خۆشیان دەکەنە کەڕەی شەربەت لەو هەڵە گەورانەی کە بەسەر ئەم میللەتەیاندا هێناویانە لە مێژوی حوکمڕانییاندا ، هەر لە ڕیفراندۆمی ناوەخت و چۆڵکردن و بە دەستەوەدانی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان و موچە برین و موچە پاشەکەوتکردن و خۆ دەولەمەنکردن و دەستبەسەراگرتنی هەمو کون و قوژبنێکی سێکتەرەکانی ئابوری ئەم وڵاتە.
عاقیبەت هەر ڕێککەوتنە، هەروەک خۆشیان باش دەزانن . کەسیان بەبێ ڕێککەوتن لە گەڵ ئەوی دی ناتوانێ یەک هەنگاو بنێ . لێرەوە قۆناغی مساوەمە دەست پێدەکات و دەستدەکرێ بەدابەشکردنی پۆستەکان. لە پێناوی پۆستێ یان چەند پۆستێکی بەهادار بۆ کوڕو کوڕەزا و برازای ئەم ، دەبێ ئەوی بەرامبەریش چەندین پۆستی سیادی بۆ تەرخان بکرێ بۆ کوڕو کچ و کچەزاو میمک زادەکانیان . ئەوجا ڕۆل و گوشاری وڵاتانی دراوسێ و دەرەوە ، دەست پیدەکات و ئەوی دوێنێ لەسەری ناکۆک بون و وڕکیان بۆ دەگرت بە مۆڕەو چاولێسورکردنەوەیەکی قەواڵێ یان ئاغایەک، هەر هەمویان لەیەک سەفدا ڕیزپێدەبەستن و ئەوجا حکومەت پێکدەهێنرێت.
بەڕاستی هەر ئەم میللەتەی ئێمەشە بەرگەو تەحەمولی، ئەم هەمو شانۆگەریانە دەگرێت و تیاشماندایە خۆی لە پێناویاندا بەختدەکات و هەمو شانۆکارەکانمان لێبۆتە پاڵەوانی ڕاستەقینەو گوێش نادەینە ، ئەو هەمو تەزویر و مراوەغەو مفاوەزەو مزایەدەو مساوەمانەی کە بەئاشکراو بەبەر چاومانەوە دەیکەن و لە گەڵیشیاندا ڕاهاتوین و چەند ساڵە ڕامان کێشاوەو هەر دەیشێگوزەرێنین . وە ئەمانە لەگەڵ ئێمەدا نەبن لە هەر وڵاتێکی دیکەدا بن ناتوانن بۆ تەنها مانگێکیش ئەو وڵاتە بەڕێوە بەرن . میللەتی وا نەرم و بێدەنگیان لە هێچ شوێنێ دەستناکەوێ . ئیتر نازانم ئەوان شایانی ئێمە نین ، یان پێجەوانەکی و خودا ئەوانی بەباڵای ئێمە بڕیوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت