نەوزادى موهەندیس: چارەنوسى بەرزاییەکانى جۆلانى سوریاش بە چارەنوسى 3 دورگەکەى ئیمارات دەچێت!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سوریا یەکێکە لەو وڵاتە عەرەبیانەى ماوەى زیاتر لە 53 ساڵە لەلایەن تاکە حیزبێکەوە کە حیزبى بەعسى عەرەبى ئیشتراکیە و لەلایەن تاکە بنەماڵەیەکەوە کە بنەماڵەى ئەسەدە و لەکەمایەتى عەلەوین لەو وڵاتەدا ئەو وڵاتە بەڕێوە دەبەن بەسیستەمى ئاگر و ئاسن و دیکتاتۆریەت و توتالیتارى دوور لە بوونى دیموکراسى و ئازادیەکان و خۆشگوزەرانى و پێشکەوتن، هەرچەندە ئەم باڵەى حیزبى بەعس بەبەراوورد بە باڵى وڵاتى عێراق بە چەپڕەو ناودەبرێن، بەڵام لە جەوهەردا هەردوولایان لەلایەن تاکە کەسێکى مەسیحیەوە (میشێل عەفلەق ) لەساڵى 1937وە دامەزراوە و خاوەنى ئامانجى ( نەتەوەى عەرەب یەک نەتەوەیە و خاوەنى یەک نامەى نەمریشە) و دروشمەکانى( یەکێتى و ئازادى و ئیشتراکیان )بەرزکردۆتەوە، بەڵام هیچ یەکێک لەو دروشمانەیان بەکردارەکى لەسەر زەمینەى واقع بەرجەستە نەکردوە و هیچ کاتیش نەتەوەى عەرەبیان یەک نەخستوە و هیچکاتیش لەجەنگەگانى دژ بە ناعەرەبەکان لە تورکیا و ئیسڕائیلیەکاندا براوەى جەنگەکان نەبوون .
سوریا بۆخۆى وڵاتێکى هەژارى بچوکە لەڕووى پانتایى خاک و ژمارەى دانیشتوان و بونى سامانە سروشتیەکانیەوە، بەڵام خاوەنى پێگەیەکى جیۆسیاسى و هەڵکەوتەیەکى گرنگى سیاسى و ئابورى و ئەمنیە. بۆیە لەلایەن وڵاتانى ناوچەکە لەلایەک و لەلایەکى تریشەوە وڵاتە زلهێزەکانیشەوە لە فەڕەنسا و بەریتانیاو لەئێستاشدا ڕوسیا و ئەمریکاوە هەوڵى کۆنتڕۆڵکردنى دەدەن و درێژەدانى کێشەکانى سوریا لەساڵى 2011وە دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ ناوچەیى و نێودەوڵەتیەکان و ئەوەتا ڕوسیا جەنگى مان و نەمان دەکات لەسوریادا، چونکە سوریا تەنها پێگە و قەڵایەکى ڕووسیایە لەناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، بۆ ئەمریکاش گرنگە چونکە وڵاتێکى عەرەبى سەرسەختى دژى ئیسڕئیلى هاوپەیمانێتى.لەوکاتەوەى لەساڵى 1948وە ئیسڕائیل وەک وڵاتێکى خاوەن سەروەرى و ئەندامى نەتەوە یەکگرتوەکان دامەوزراوە سوریا لەدژایەتى ئاشکرا و نهێنى نەوەستاوە، هەربۆیەشە ئیسڕائیلیش بەلایەوە گرنگە کە ڕژێمى سوریا بگۆڕێت بۆ ڕژێمێکى سازشکارى عەرەبى تر و بتوانێت مامەڵەى لەگەڵدا بکات و پەیوەندیەکانى ئاسایى بکاتەوە وەکو میسر و گەلێک وڵاتى ترى عەرەبى ئیدى ترس و دڵەڕاوکێى نەمێنێت لەلاى باکورەوە.
لەجەنگى حوزەیرانى ساڵى 1967 کە بە شکستى حوزەیران یان (جەنگى شەش ڕۆژە) ى عەرەب ئیسڕائیل ناسراوە، توانرا کە بەشێک لە بەرزاییەکانى سوریا یان (بەرزاییەکانى جۆلان)ى سوریا لەلایەن ئیسڕائیلەوە داگیر بکرێت و تائێستا و ماوەى 52 ساڵە داگیرکراوە و ساڵ بەساڵیش ئیسڕائیل هەوڵى خۆ جێگیرکردن و بنیاتنانى 30 نشینگەى جولەکەى تیادا دەدات و لەئێستادا کە 2/3ى جۆلان لەژێر دەسەڵاتى ئیسڕائیلدایە نزیکەى 17هەزار جولەکەى تیادا نیشتەجێکردوە و ئەو ئاوارە عەرەبانەش کە گەڕاونەتەوە بریتین لە 20هەزار کەسێک. کە لە بنچینەدا دانیشتوانى جۆلان لە عەرەب و تورکومان وچەرکەس پێکهاتوە.
هەڵکەوتەى جوگرافیاى جۆلان کەوتۆتە نێوان ڕووبارى یەرموک لە باشور و شاخى شێخ لە باکورەوە کە سەر بەپارێزگاى قونەیترەیە، 60 کم دوورە لەڕۆژهەڵاتى دیمەشقى پایتەختەوە. کۆى ڕووبەرەکەى 1860کم دووجایە و درێژیەکەى لەباکورەوە بۆ باشوور 74کم و گەورەترین پانتاییشى بریتیە لە 27 کم. ئەم بەرزاییانە پێکهاتەیەکى بەردەڵانى پاشماوەى گڕکانەکانە. ئسڕائیل لە کۆى 164گوند 137 گوند و لەکۆى 147 باخ 112باخى داگیرکردوە. پێش داگیرکردنى ژمارەى دانیشتوانەکەى 154هەزار کەسبوون و 138هەزاریان دەکەوتنە ناوچە داگیرکراوەکەوە، بەڵام بەپێى ئامارى ساڵى 2004 ژمارەى دانیشتوانى ئەم بەرزاییانە بونەتە 40هەزار کەس و ئەوانیتر ئاوارەبوون بەشارەکانى ترى سوریادا.
سوریا و ئسڕائیل لەململانێیەکى بەردەوامدان لەساڵى 1976وە بۆ گەڕانەوەى جۆلان بۆ سوریا وەک بەشێکى دانەبڕاوى خاکى سوریا کەلەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانیشەوە داننراوە بەمافى خاوەندارێتى سوریا بۆ جۆلان. بەڵام ئیسڕائیلیەکان لەبەر زۆر هۆکارى ئەمنى و ئابورى و سیاسى لەگفتوگۆکانیاندا هەمیشە مەرجى ئاسایکردنەوەى پەیوەندیەکانیان لەگەڵ سوریادا کردۆتە پێش مەرج بۆ سەرخستنى دانوسانەکان و سوریاش بەبەردەوامى ئەمەى ڕەتکردۆتەوە، هەربۆیەش لە لایەن کەنیستى ئیسڕائیلیەوە لە 14/12/1981دا یاسایەک بەناوى (یاساى جۆلان) دەرچوو، کە داوادەکات لەڕووى ئیدارى و دادوەرى و یاساوە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەڕێوەببرێت. ئەوەبوو سوریا لە جەنگى عەرەبەکانى دژ بە ئیسڕائیل لەساڵى 1973دا ویستى جۆلان بگەڕێنێتەوە، بەڵام شکستى هێناو ئیسڕائیل توانى بەشێکى تریش داگیربکات. ودواتریش لە گفتوگۆ هەمەلایەنەکانى ئاشتى ئیسڕائیل لەگەڵ فەلەستینیەکان و ئوردون و سوریادا لەژێر ناونیشانى( زەوى بەرامبەر بە ئاشتى ) لەساڵى نەوەدەکانى سەدەى ڕابووردوش هەر نەگەیشتنە ئەنجام.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچى ئیسڕائیل بەرزاییەکانى جۆلانى بەلاوە گرنگە و دەستى لێهەڵناگرێت؟ و چارەنوسى ئەم بەرزاییانە بەکوێ دەگات؟
بەرزاییەکانى جۆلان لەڕووى سەربازی و ستراتیژیشەوە زۆر گرنگە:
1- چونکە دەڕوانێتە سەر ئیسڕائیل و ئوردون و لوبنان و ناوەڕاستى سوریا.
2- وەک لەمپەڕێکى سروشتیش وایە بۆ ڕێگرتن لە هێرشکردنە سەر ئیسڕائیل لەباکورەوە.
3- هەر وڵاتێک ئەم بەرزاییانەى لەژێر دەستدا بێت دەتوانێت کۆنتڕۆڵى ڕۆژهەڵاتى دیمەشقى پایتەختى سوریا و شارەکانى ناوەڕاست و باشورى ئیسڕائیلیش بکات.
4- هەروەها کۆنتڕۆڵى ڕێگاى سەرەکى بەرەو دیمەشقیشى لەژێر دەستدا دەبێت.

لەڕووى ئابوریشەوە:
1- خاکى جۆلان خاوەنى سامانى سروشتیە وخاکێکى بەپیتە بۆ ڕواندنى باخى مێو و ترێ،کە ئیسڕائیل بەکاریدێنێت بۆ دروستکردنى مەى و ناردنەدەرەوەى بۆ دەرەوى ئیسڕائیل و بۆتە سەرچاوەى داهاتێکى گەورە بۆ ئیسڕائیل.
2- هەروەها بە شادەمارى دابینکردنى ئاوى دەریاچەى تەبەریەى ئیسڕائیل دادەنرێت و ئیسڕائیل نیوەى پێداویستى خۆى لە ئاوى شیرین لەو بەرزاییانەوە دابیندەکات.
لەڕووى سیاسیشەوە گرنگى گەورەى هەیە و ئەمنیەتى ئیسڕائیل و خاک و جوگرافیاى ئیسرائیلى فراوانترکردوە و هەڵوێستى سیاسى ئیسڕائیلیشى لەبەرامبەر سوریا و عەرەبەکاندا بەهێزکردوە لە گفتوگۆکاندا و سەنگ و قورسایى زیاترى داوەتە ئیسڕائیلیەکان و مەترسیەکانى سەریشى دوورتر خستۆتەوە.
ئاشکرایە سوریا لەمێژووى کۆن و نوێیدا گەلێک جار ڕووبەڕووى هەڕەشەى داگیرکردنى خاکەکەى بۆتەوە هەر لەساڵى 1524وە لەلایەن عوسمانیەکانەوە و دواتریش فەڕەنسیەکان و لەساڵى 1939شدا دواى تەواوبونى ماوەى ئینتیدابى فەڕەنسى داگیرکردنى لیواى ئەسکەندەروونە کە بە لیواى پانزهەم دادەنرێت لە سوریادا، لەلایەن دەوڵەتى نوێى تورکیا و گۆڕینى دیموگرافیاو ناوەکەشى بۆ پارێزگاى (هەتاى) کە تائێستاو ماوەى 80 ساڵە بەداگیرکراوى ماوەتەوە.
لەم سەردەمى ئێستاشماندا جارێکى تر و لە 18/3/2018دا سوپاى تورکیا شارۆچکەى عفرینى کوردستانى ڕۆژئاواى لە سوریادا داگیرکردوە و هەوڵى قایمکردنى جێگە و پێگەى خۆى دەدات.
ئەم هەموو داگیرکردن و خاکپچڕاندنانەى سوریا لەکاتێکدایە کە عەرەبەکان لە دۆخێکى سیاسى و ئەمنى و ئابورى زۆر خراپدان و لەوپەڕى لاوازى و دڕدۆنگى و دوورلەیەکترن و لەسەر بچوکترین مەسەلە گرنگەکانى عەرەب و ئیسلامیش لەناوخۆیاندا ڕێکناکەون و هەریەکەیان دابەشبونەتە سەر بلۆکێک لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتى دونیا و بەسەر وڵاتە گەورەکانى ناوچەکەشدا لە ئێران و تورکیا و ئیسڕائیلدا، و هەریەکەیان (عێراق و سوریا و لوبنان و سعودیە و میسر و لیبیا و ئیمارات و قەتەر و سودان و یەمەن و تونس و جەزائیرو… هتد.) ئەوەندە کێشەى ناوخۆییان هەیە کە ناپەرژێنە سەر مەسەلە نەتەوایەتیەکانى عەرەب و پێدەچێت سەردەمى زێڕێنى دەسەڵاتى وڵاتانى عەرەبى لەدواى بەهارى عەرەبیەوە بەرەو کاڵبونەوە بچێت و پێویستى بەدەیان ساڵى ئایندەیە تاکو بتوانن کەمێک لەهێز و شکۆى خۆیان بگێڕنەوە ،ئەوەتا لەتازەترین هەڵوێستى وڵاتى قەتەر لە کۆنگرەى لوتکەى سەرانى عەرەبدا لەتونس لە مانگى 3/2019دا لە کۆبونەوەکە پاشگەزبۆتەوە تەنها لەبەر ئەوەى وڵاتانى ترى عەرەب دژى تورکیا و ئێران قسەیان کردوە.
لاوازى عەرەبەکان هەموو کات بۆتە هۆى داگیر و دابەشکردنى وڵات و خاک و گەلەکانیان و هیچیشیان پێناکرێت. هەربۆیەش لە 25/3/2019دا و لەلایەن دۆناڵد ترامپى سەرۆکى ئەمریکاوە و بە ئامادەبونى سەرۆک وەزیرانى ئیسڕائیل بنایامین ناتانیاهۆ و لە کۆشکى سپى و بەبەرچاوى هەموو دونیاوە واژۆى لەسەر بڕیارێک کرد کە ئەمریکا دانى ناوە بەمافى خاوەندارێتى ئیسڕائیل بۆ بەرزاییەکانى جۆلانى سوریا. کە هەموو دونیا و نەتەوە یەکگرتوەکانیش باش دەزانن کە ئیسڕائیل ئەو مافەى نیە،پەرچەکردانى سەرانى عەرەب و گەلانى عەرەبیش تەنها لەچوارچێوەى ناڕەزایى و دەرکردنى بەیاننامەى کۆتایى کۆبونەوەکەیان تێپەڕ نەبوو کە ئەو پەڕى لاوازى نواندن و بێهەڵوێستى بوو.
هەربۆیە بەدڵنیاییەوە چارەنوسى بەرزاییەکانى جۆلانى سوریاش بەهەمان ئەنجام و چارەنوسى 3 دورگە داگیرکراوەکەى ئیماراتى یەکگرتووى عەرەبى دەبێت کە لەلایەن شاى ئێرانەوە لە 30/11/1971دا داگیرى کردن و تائێستاش ماوەى 48 ساڵە بەداگیرکراوى ماونەتەوە و عەرەبەکانیش لەوە لاوازترن کە بتوانن بیگەڕێنەوە سەر خاکى عەرەب و تەنها لە بەیاننامەکانى کۆبونەوەى لوتکەى سەرانى عەرەبدا بیریان دەکەوێتەوە. هەربۆیە بەرزاییەکانى جۆلانیش بەهەمان چارەنوس دەگات و ڕژێمەکانى سوریا و عەرەبەکانیش لەداهاتوودا تەنها فرمێسک ڕشتنیان بۆ دەمێنێتەوە هەروەک چۆن بۆ ئەندەلوس و قورتوبە و ئاگادیر و توڵەیتڵەى ئیسلامیان ڕشت لە ئیسپانیادا کاتێک مەسیحیە ئەوروپیەکان وەدەریاننان و خاکەکەى خۆیانیان ڕزگارکرد. بەڵام بەداخەوە تەنها بۆ کورد و مافە ڕەواکانى بەهێز و یەکگرتوون کە دژایەتى بکەن و داننەنێن بەمافەکانى گەلى کورددا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت