دکتۆر کەمال میراودەلی: تورکیا و جەنگی جیهانیی یەکەم. بەشی چوارەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چۆن لە ڕوانگەیەکی مێژوویی یەوە لە دەوری ئێستای ڕوسیای پۆتین تێدەگەین؟ ئێستایی رابردوو: ڕوسیا لە قرمەوە بۆ جەنگی جیهانیی یەکەم و ئەولاتر.
بێگومان پێشینەی بڕیاردەری جەنگی جیهانی یەکەم هاوپەیمانی بەریتانیا و فەرەنسا بوو لەگەڵ ڕوسیا دژی هاوپەیمانی دەولەتی عوسمانیی و ئەلمانیا و نەمسا- هەنگاریا.
هاوپەیمانی نێوان فەرەنسا، بەریتانیا، ڕوسیا بە پەیمانی سیقۆلیی [ تریپل ئینتانت] ناسرا.[ ئەو پەیمانە کۆن بوو، لە هاوپەیمانییەکی فەڕەنسیی-ڕوسیی ساڵی 1894 ەوە، کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەیمانی سێقۆڵیی ئەلمانیا و نەمسا و ئیتالیا پێکهێنرابوو، پەڕەی سەندبوو.]www.encyclopedia.com
هاوپەیمانی جەنگی جیهانیی یەکەمی ئەلمانیا و نەمسا-هەنگاریا بە هێزە نیوەندەکان [سێنترەڵ پاوەرز] ناسرابوو.

دەوری ڕوسیا لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا
مادام لەم بەشەدا زیاتر جەخت دەکەمە سەر دەوری ڕوسیای سیاسیی و سەربازیی جیۆپۆلیتیکی لە جەنگی جیهانیی یەکەم و فۆرمیولەکردنی ڕێکەوتنی سایکسپیکۆدا، ئەوا بۆ ئەوەی مێژوو تەنیا وەک حیکایەت تێنەگەین، بەلکو وەک ئەو ڕەگەزە بنیاتییانەش کە لە سەر زەمینەی جوگرافییەک و ئارایەکی جیۆپۆلیتیکیی و ئایدیۆلۆجیی تایبەتیدا دەیجولێنن و لێکی دەدەنەوە، گرنگە کەمێک قووڵتر و دوورتر و بە وردەکاری پتر هەم لە پرۆسەکە و هەم لە دیمەنە گەورەکەی دەورە مێژوویی یە دووبارەبووەکانی ڕوسیا تێبگەین، دیارە زۆر لەو رەگەزانە هێشتا چالاک و کاریگەر و هەمیشە ئامادەن.

رابردوو ئێستایە
رابردوو ڕاستیی رابردوو واتە تێپەڕیو نییە. فۆلکنەر وا دەڵێ. بەلای منەوە بۆیە ڕابردوو نییە، چونکە لە جۆگرافیاکەیدا زیندووە. ئێمە لە لاپەرە مردووەکانی کتێبی مێژوودا رووداوەکان ناخوێنینەوە، بەلکو لە برین و بیرەوەرە زیندووەکانی جوگرافیادا. لە بیرمانە یەکەم ئازار و بێزاریی روسیا ی لاوازکراو دوای هەرەسی سۆڤیەت، لە جەنگی سربیا و کۆسۆڤۆ لە 1999 دا بوو، کاتێ ناتۆ کەوتە بۆمباردومانکردنی بەلگراد کە ئاخری بووە هۆی لیکهەلوەشان و پاڕچەپارچەبوونی یۆگۆسلاڤیا.wikipedia.org
ئەمە بە پێشینە مێژووییەکەی ئەم جوگرافیا و رووداوەوە برینێکی گەورەی لای پۆتین دروست کرد، کە وەک فاکتەرێکی نەگۆڕ، جۆری بیرکردنەوەی ئەو دەربارەی ئەمریکا و ناتۆ رەنگ دەکات. فلاشباکێک: جەنگی جیهانی یەکەم بە بۆردومانکردنی بەلگراد لە لایەن نەمساوە لە 28 ی تەموزی 1914 دا بە کرداریی دەستیپێکرد. ڕوسیا بۆ بەرگریی لە ئەوان چووە ناو شەڕەکەوە. بەلام لە 1999 لەپێش چاوی ڕووس، سربیا تەفروتونا دەکرێ و ئەو دەسەلاتەی نییە وەک جەنگی جیهانی یەکەم بە هانای سێربەکانەوە بچێت.
بەلام ئەمە تەنیا جۆگرافیای بۆمبابارانی بەلگراد نییە، کە بە جووڵە و جمینە جیۆپۆلیتییەکەکانی دووبارە دەبێتەوە. ئەوە لە هەموو ئەو جۆگرافیایەدا بەکارە کە میژووی جەنگە ئیمپراتۆریی و بەربەرەکانییە جیهانییەکان و کارەساتە مرۆیی یەکانیان هەڵگرتووە.
بۆ ڕوسیا ئەوە چەندبارەبوونەوەی جۆگرافیای میژوویی هەموو ئەو جەنگە خوێناویانە بوو، کە روسیا لە بەلقاندا کردبوونی. بە تایبەتی جەنگی قرم!

جەنگی قرم ئێستا کار دەکات!
لەم لەحزەدا کە ئەمە دەنووسم، لە 14- 15 نیسانی 2019 دا، ڕوسیا مانۆریکی جەنگی گەورە لە قرم دەکات، کە تێیدا پێشکەوتوترین چەکی روسی کۆبەندی بەرگری ئێس- 400 تاقیدەکاتەوە، ڕوسیا چوار کەتیبەی لەم چەکە لە قرم جێگیرکردووە.youtube.com
هەر لەم کاتەشدا زاوا گەندەڵەکەی ئەردۆگان لە واشنتۆنە، پەنای بۆ زاوا سەهیۆنییەکەی ترامپ بردووە، کە ترامپ بەزەیی پێیاندا بێتەوە، لە بەردەم پۆتین و خەلکی تورکیا و ئیخوانەکانی دنیا ئەردۆگان بە ژێوان بوونەوە لە کڕینی ئێس- 400 شەرمەزاری نەکا و کە کڕیشی سزای ئابووریی و سیاسیی نەخاتە سەر تورکیا و، وەک پێشتر ترامپ لە تویتێکدا هەڕەشەی کردبوو، رژێمەکەی تەفر و تونا نەکات!!.. واتە دیسان خەلیفەی ئیسلام پەنا بۆ ئاڵقەی نزیکی ئیسرائیل و سەهیۆنیزم [ زاواکەی خۆی و زاواکەی ترامپ] دەبات بیپارێزێت.
[ بڕوانە: ئار-تی عەرەبی – 16- 04- 2019] ئەمەش تەڵەی تۆڵەی پۆتینە لە تورکیا! واتە ئەمەش بە مانایەک هێشتا تۆڵەی جەنگی قرمە لە تورکیا.

ئێستایی جەنگی قرم
باشە ئەمە چ پێوەندی بە جەنگی قرمی 1854- 1855 ەوە هەیە؟ زۆر.
ڕاستیی وەک ئەوە وایە ڕووس ئەو جەنگەی دوێنی دۆرانبێت و ئەمڕۆ بە ئیس- 400 ەوە گەڕابێتەوە قرم و بەلقان… میللەتانی زیندوو، کە بیر دەکەنەوە، عەقل بەکاردێنن، دەرس وەردەگرن، هەڵەکان دووبارە ناکەنەوە، کار لە سەر وانە و ئەزموونە تراژیدیەکانیان دەکەن. ڕووسەکان تێگەیشتن کە ئەو تێشکانە گەورە و ئەو هەموو قوربانییەی لە قرم دایان، لە ئەنجامی نەبوونی زۆری جەنگاوەر و ئازایەتیی لە جەنگا و ئامادەیی بۆ قوربانی بە ماڵ و گیان نەبوو، بەلکو بە پلەی یەکەم، لەبەر دواکەوتنیان لە تەکنۆلۆجی و ئەسبابی جەنگدا بوو، ، بەریتانیەکان ئەستۆلی کەشتیی جەنگیان بە هێزتر و کاریگەرتر بوو، فەرەنسا و بەریتانیا تفەنگی تازەیان هەبوو کە کوشندەتر بوون، تەکنۆلۆجی نوێی پێوەندی تەلەگرافی کارەباییان بۆ یەکەمجار بەکاردێنا.. روسیا لە سنعەتی جەنگییدا، دواکەوتبوون، دۆڕاندیان.

دەرسەکانی قرم
لەمەوە تێگەیشتن کە بەبێ توانستی مونافەسەی تکنۆلۆجی جەنگ ناتوانن براوە بن و تەنانەت بەرگریی لە خۆیان بکەن و ولاتەکەیان داگیر دەکرێت، لەمەوە گەورەترین و خێراترین پرۆژەی پیشەسازکردن و خۆچەکدارکردنەوە و بنیاتی کەشتیی جەنگییان دانا. ئەمە لە جەنگەکانی دواییدا تا ڕاددەیەکی زۆر بە هانایان هات.
[ شۆکی ئەو تیشکانە روسیای ناچار کرد کە بەرنامەیەکی ‌چاکسازیی رادیکالی فراوان و خێرا لە سەردەمی دەسەلاتی قەیسەر ئەلکساندەری دووەمدا ئەنجام بدا، کە لە سەرەتای 1855 دا هاتبووە سەر حوکم. روسیا هەندێ سنعەتی قورسی هەبوون وەک کانگەسازیی، بەرهەمهێنانی ئاسن، نەوت و شتی ئاوا – بەلام بە بەراورد لەگەڵ ئیمپریالییە مونافیسەکانی بەریتانیا و ئەلمانیا و فەرەنسا بچووک بوون، ئەوە [تامی تاڵی] دۆڕان لە جەنگی قرم [ 1853- 1856] بوو کە دواکەوتنی ئیمپراتۆریەتی روسیا و پێویستی پەلەی بۆ سنعەتسازییکردن، دەرخست. کارخانەکانی ڕوسیا نەیاندەتوانی چەک و زەخیرە و مەکینەگەل بە قەدەر پێداویستیی بەرهەمبێنن. داهێنانی [زانستیی] زۆر کەم بوو، زۆربەی تەکنۆلۆجی نوێی روسیا لە رۆژاواوە هاوردە دەکرا. ڕێگای خەتی ئاسنی شەمەندەفەر نەگبەتانە ناتەواو و بێخێر بوو، خەتی ئاسنی تەواو و واگۆنی پێویست بۆ ‌هێنان و بردنی سەرباز و جیهاز و کەلوپەل بە قەبارەی گەورە و چەندێتیی زۆر ، نەبوو. ڕیفۆرمەکانی ئەلکساندەری دووەم لە شەستەکانی سەدەی نۆزدەیەمدا بۆ گەشەپێدانی گواستنەوەیەکی [رادیکالی] بوو لە ئابووری روسیادا]…[ لە حەفتاکاندا حکومەت چەندین پرۆژەی بنخانی مەزنی دامەزراندن بە تایبەتی ڕۆنانی هێڵی ئاسنی شەمەندەفەر].alphahistory.com/russian
ئەوەی ئەم ئەزموونەی چاکسازیی ڕادیکالی ڕوسیا نیشانی دا گرنگی فێربوون بوو لە مێژوو، بیرکرنەوە و نەخشەسازیی نوێ و دەوری گرنگ و رێبەرانەی حکومەتی نەتەوەیی لە زامنکردنی هەلومەرجی ئازادکردنی پراتیک و پرۆسەی ئابووریی و راکێشانی سەرمایە و پلانی بنسازیی مەزن و زامنکرنی ئەرکی هەرە سەرەکی دەولەت کە بریتییە لە پاراستنی دەولەت و میللەت خۆی، پاراستنی نیشتیمان و خاک و خەلک، ئاسایش و کەرامەتی هاوولاتان لە روانگەیەکی درێژخایەنی زانستیی متمانەپێکراودا. بەرهەمەکانیش گرنگ و گەورە و خێرا بوون.
تا بە سالی 1900 گەیشت خاوەنێتی نیوەی سنعەتە قورسەکانی روسیا هی بێگانە بوون [ لە ئەنجامی ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەوە بە هۆی چاکسازییەکانەوە]. بەلام ئیمپراتۆریەتی ڕوسیا چوارەم دەوڵەتی گەورەی دنیا بوو لە بەرهەمهێنانی ئاسن و پۆڵا و دووەم گەورەترین دەوڵەت بوو لە بەرهەمی نەوت/پترۆل دا. خەتی شەمەندەفەری نوێ گوازتنەوە و هاتوبردیان بۆ دوورترین هەرێمەکانی ئیمراتۆریەت ئاسان کرد.. ئەمەش رێگەی خۆش کرد بۆ دروستکردن و بەکارخستنی کارخانە، کانگەسازیی، پرد و بەربەست و پرۆژەی تر لەو هەرێمە دوورانەدا. ئابووری ڕوسیا لە ماوەی دە ساڵدا پێشکەوتنی زیاتری بەدەست هێنا لەوەی لە سەدەیەکی تەواوی پێشوودا بەدەستی هێنابوو.. گەشەسەندنەکەی ئەوەندە خێرا بوو کە کە مێژووناسیی ئابووریی ئەلێکساندەر گێرشێنکرۆن ناوی ناوە : ”هەڵقولانی مەزن.”
بۆ وردەکاری زیاتری پرۆژە و پرۆسەی چاکسازییەکان بڕوانە: alphahistory.com/russian
بەڵام بێگومان هیشتا روسیا بە تەنیا لە توانستی دا نەبوو مونافەسەی دەوڵەتە ئەوروپییە سنحەتسازە گەورەکانی وەک ئەلمانیا و بەریتانیا و فەڕەنسا بکات.

دەبابەکانی ستالین لە جەنگی جیهانی دووەمدا
جۆزیف ستالینیش 1878- 1953 ئەم دەرسەی جۆگرافیا و جیۆپۆلیتیک و گرنگی چارەنووسسازی سنعەتسازیی و تەکنۆلۆجی جەنگ فێر بوو بوو. لە ماوەی دەسەلاتی دیکتاتۆری ئەودا لە 1929 تا 1953 یەکێتی سۆڤیەتی لە کۆمەلگایەکی وەرزێریی یەوە گۆڕی بە زلهێز/ سوپەرپاوەرێکی سنعەتیی و سەربازیی.www.history.com
ئەم رەوتی سنعەتسازکردن و خۆچەکدارکردنە بە کوشندەترین و کاریگەرترین ئامرازی نوێی جەنگی مەیدانیی و بەرەیی، بە تایبەتی لەگەڵ نزیکبونوەوەی هیستریای جەنگی هتلەریی بە خێراییەکی سەرسوڕمێنەر پەڕەی سەند.
بە پێی سایتی ناودار و باوەڕپیکراوی گلۆبال سیکیوریتی/ ئاسایشی جیهانیی. [ تەنیا لە کانوونی دووەمی 1939 تا کانوونی دووەمی 1942 واتە لە ماوەی دوو ساڵدا، ئیحتیاتی دەولەت و پێوسیتییەکانی خۆئامادەکردن بۆ جەنگ پێنج ئەوەندە [واتە سەدی پێنجسەد] لە بەرهەمهێنانی ئاسندا زیادی کرد، لە سەدا دوو سەد بۆ مس، لە سەدا دووسەد و بیست بۆ زنک. مەکتەبی سیاسیی حیزبی کۆمۆنیست کۆمەڵێ فەرمانی بۆ زیادکردنی سنعەتی جەنگیی وەک دەبابەی تی-34 و تازەکردنەوەی کارخانەی دروستکردنی فرۆکەی جەنگیی و مودێلی نوێ لە سالی 1940 دەرکرد…. تەنیا لە ماوەی سێ ساڵدا لە نەخشەی پێنجسالەی سێیەمدا، 3000 سێ هەزار دەزگا و کارخانەی سنعەتی مەزنی تازە دروستکران لەوانە بۆ تواندنەوەی ئاسنەکان و مس، پالاوگەی نەوتی، کارخانەی دروستکردنی سەیارە، و کارخانەی کاغەز و مەوادی بیناسازیی. و دەستیان بە بەکارخستنی کارخانەکانی دروستکردنی دەبابە و فرۆکەی جەنگیی و تۆپخانە کرد، جگە لە کارخانەی فیشەک و زەخیرەی جەنگیی.www.globalsecurity.org
بە پێی سایتی نەشنالئینتیرێست دەبابەکانی سۆڤیەت لە جەنگی جیهانی دووەمدا ، تانکی تی-34 ی رووسیی، لەگەڵ هەندێ ناتەواویشدا، باشترین و سەرکەوتوترین تانکی مەیدانی جەنگ بوو.
[[لە سالی ١٩٤١ کە هیتلەر هیڕشی باربۆرۆسای بۆ [داگیرکرنی روسیا و ئیبادەکردنی جوولەکەکانی ئەوی دەستپێکرد،] بە بێ رەتکردنەوە، تی- 34 باشترین تانک بوو لە جیهاندا.. تا نیوەی سالی 1941، روسیای سۆڤیەت زیاتر لە 22،000 تانکی هەبوو، زیاتر لە تانکی هەموو ولاتانی دنیا بەیەکەوە.. و چوار ئەوەندەی تانکەکانی چەکخانەی ئەڵمان. تا کۆتایی جەنگەکە سۆڤیەت نزیکەی 60.000 تانکی تی- 34 ی بەرهەمهێنابوو..

In 1941 when Hitler launched Barbarossa, the tank T-34 was indisputably the best in the world؛ By mid-1941, the USSR had more than 22,000 tanks—more tanks than all the armies of the world combined, and four times the number of tanks in the German arsenal. By the end of the war, the Soviet Union had produced nearly 60,000 T-34 tanks—.

nationalinterest.org

گومانی نییە هاوشانی ئیرادەی بەهێزو خۆبەخشیی و قارەمانیتیی رووسەکان، ئەوە کەتیبەی دەبابەکانی ستالین بوو کە ستالینگرادی دروستکرد و نەک هەر ڕوسیای لە داگیرکاری ئەلمان پاراست، بەلکو گەیاندیە بەر دەرگای بەرلین و نیوەی بەرلینی لەگەڵ تەواوی ئەوروپای ڕۆژهەلات و ولاتانی بەلتیک بۆ خۆی برد و بەرەیەکی سیاسیی جیهانی نوێی ڕۆژهەلاتیی بەرامبەر تەواوی بەرەی ڕۆژاوا دامەزراند.

لە ستالینەوە بۆ پۆتین
پۆتینیش کە پێش هەرەسی یەکێتی سۆڤیەت، فەرماندارێکی کەی.جی.بی بوو لە ئەلمانیا و ئاگاداری پێشکەوتنی رۆژاوا بوو، ئەزموونی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت و داوەشاندنی روسیای (گۆرباجێڤ) و (یەلتسن) ی بینی، ئەم دەرسەی باشتر دەزانی.
[ لە ناوەراستی نەوەدەکان زۆربەی پرۆژە سنعەتسازییەکانی رووس بە حیسابی [پێوانەی] رۆژاوایی بە موفلیس دادەندران. دوای هەرەسی دارایی روسیا لە 1998 ڕەوشەکە خراپتریش بوو. وەزارەتی ئابووریی ڕایگەیاند کە 400 سنعەتسازیی جەنگیی نەیاندەتوانی قەرزەکانیان بدەنەوە. پیشەسازیی جەنگ پێوسیتی بە مۆدێرنازە کردن هەبوو و زۆر لە بەرێوەبەرانی پرۆژەکان بە تاسەوە بوون بنەما سەرەکییەکانی بازاڕدۆزینەوە، دارایی، و پراکتیسی بیزنیسی نوێ فێر بن. زۆر کارخانەی چەک تەنیا چەند رۆژێکی کەم لە حەفتەدا کاریان دەکرد.]

By the mid-1990s most Russian defense enterprises would have been considered bankrupt in Western terms, and the situation worsened after the financial collapse of 1998. The Ministry of Economy reported that 400 defense enterprises were unable to pay their debts. The industry needed modernization and many defense enterprise managers were eager to learn about the basics of marketing, finance, and modern business practices. Many defense plants reduced operations to only a few days per week .
www.globalsecurity.org

بەم ڕەوشە شڕەوە پۆتین بۆی دەرکەوت ئەمریکا و ناتۆ ئامادەنین ڕوسیا وەک دەولەتیكی خاوەن ئیرادەی سەربەخۆ قبوڵ بکەن، دەشیزانی روسیا بە بێ مونافەسەی تکنۆلۆجی چ هی جەنگ و چ هی ئینتەرنێت و دیجیتال و زیرەکیی دەسکرد، و چ هی مونافەسەی دارایی و توانینی رۆبل کە بە پشتیوانی ئیحتیاتی زێڕ، ناتوانێ لە سەرپێی خۆی بوەستێ و دۆلار سنگی لە زەویی نەدات، ناتوانێ ڕوسیا وەک دەوڵەتیکی مەزن و سەربەخۆ و خاوەن بریاری ئازاد بپارێزێ و وەک زلهێزێک بگەڕێتەوە بۆ مەودا جیۆستراتیجییەکانی: دەریای ڕەش و رۆژهەلاتی نیوەند- وەک چەک ئەوسا وەک تەکنۆلۆجی نوێ و سنعەت و ئابووریی.
پۆتین دەزانێ وەرگرتنەوەی قرم ئاسانە، بەلام پاراستنی بە بێ سەرکەوتن لە مونافەسەی چەکدا، واتە بە بێ ئێس-400 ناکرێت.. بەردەوامبوونیش لە چەکسازی مۆدێرن و مونافەسەکاردا بە بی ئابوورییەکی بەهێز و داراییەکی پتەو و دەورێکی جیۆستراتیجی و جیۆپۆلیتیکی سەلامەت و گەلێکی قەناعەتدار و پشتیوان نابێت. ئەمە کرۆکی دەرسەکانی مـێژووی جەنگ و تراژیدیاکانی روسیایە. کە پۆتین کاریان لە سەر دەکات. کەواتە ئەوە جوگرافیای قرمی دوێنێیە، دەرسەکانی ئەزموونی تێشکان، کە لە جوگرافیای قرمی ئەمڕۆدا ئامادەیە.
گەر لە تێشکانی قرمەوە ڕووسەکان وانەی گرنگی دەوری چارەنووسسازیی سنعەتسازیی و چەکسازیی فێر نەبوونایە، ئێستا کەس نەیدەزانی روسیا چۆن دەبوو.
لە قرم پۆتین کەتیبەکانی ئێس-400 دادەمەزرێنێ و تاقیدەکاتەوە.
لە واشنتۆن زاواکەی ئەردۆگان هەوڵ دەدا لە تەڵەی ئێس-400 ی پۆتین ڕزگاری بێت.
لە سوریا ئێس-400 نیوەی ئاسمانی سوریای کردۆتە مەودای دەسەلاتی پێوەنانی رووس کە ئەمریکا ناتوانێ لێی نزیک بێتەوە.
سەدان هەزار سەرباز ناتوانن ئەو دەورەی ئێس-400 ببینن.
ئێس-400 یش بە بێ عەقلێک دروستی بکات و نرخ و بەهای ستراتیجی بزانێت و بەکاری بخات و زیاتر و زیاتر پێشی بخات [ئێس- 500] ، تەنیا پارجە ئاسنێکی تر دەبێت.

تێوەگلانی روسیا لە جەنگی جیهانیی یەکەم
1- بێگومان ئەوە ئاشکرایە کە روسیا لە سەرەتاوە بە هۆی هەوڵی داگیرکردنی دەردەنیل و بەسفۆر و ئەستەمبول لە شەڕەکەوە نەگلا، گەرچی ئەمە هەمیشە ئامانجی جیۆستراتجیی روسیا بوو. بەلکو بە هۆی سێربیاوە. ئەو فتیلەی ئاگری شەڕەکەی هەڵگیرساند، تێرۆرکردنی گەورەسەرداری نەمسا فرانز فێردیناند بوو لە لایەن نەتەوەیارێکی سەربی لە سەرایڤۆ لە 28 ی تەمووزی 1914. گەرچی سەربیا داواکانی نەمسای بۆ راگرتنی جەنگی راگەیاندن و لیکۆلینەوە لە تاوانەکە قبول کرد، لەگەڵ ئەمەشدا نەمسا-هەنگاریا خۆی بۆ جەنگ و هێرشکردنە سەر سربیا ئامادە کرد. بۆ ئەم مەبەستە ئەڵمانیا بێ قەید و شەرت، پشتگیریی نەمسا-هەنگاریای کرد، واتە لێرەدا هاوپەیمانی ئەلمانیا و نەمسا-هەنگاریا دروست بوو،
2- روسیا کە هەمیشە وەک نەتەوەیەکی سلاڤی پشتیوانی سەربیا بووە، لە مەترسی ئەم هەڕەشەیەدا ئەویش کەوتە خۆی و ئامادەیی جەنگیی دژی نەمسا بە چڕی دەستپێکرد.
3- نەمسا پێوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ سێربیا بڕی و مەترسی جەنگ پتر بوو. فەرەنسا و بەریتانیای هاوپەیمانی روسیا بە مەترسییەکی زۆرەوە لە ئەگەری هەڵایسانی جەنگی بەلقانیان روانی و بەریتانیا هەوڵی جددی دا بە دیپلۆماسییەتی جیهانیی و بەستنی پەیمانیکی نوێ بەر بە هەڵایسانی جەنگ بگرێ. ئەڵمانیا ئەمەی قبول نەکرد و هانی نەمسای دا لە نەخشە سەربازییەکانی بەردەوام بێت. داڵەکانی جەنگ لە ئەلمانیا و نەمسا باڵادەست و بڕیاردەربوون، لە 28 ی تەمووزی 1914 دا، نەمسا-هەنگاریا جەنگی دژ بە سێربیا راگەیاند. هەر ئەو شەوە هێزی تۆپخانەی نەمسا بە سەر ڕووباری دانوبدا دەستی بە بۆردومانکردنی بەلگراد کرد.
4- لە بەرامبەردا ڕوسیا ئامادەیی سەربازیی لە چوار ناوچەی سنووری هاوبەشی لەگەڵ نەمسا-هەنگاریادا جۆش دا. ئەڵمانیا ئینزاری ڕوسیای کرد کە هێزەکانی لە سنوورەکان بکشێنێتەوە. ڕوسیا قبوڵی نەکرد، ئەڵمانیا جاڕی جەنگی دژی روسیا دا، فەرەنسای هاوپەیمانی ڕوسیا، هەر ئەو ڕۆژە هێزەکانی خۆی خستە ئامادەباشییەوە، و لە 3 ی ئابدا فەرەنسا و ئەلمانیا دەستپێکی جەنگیان لە دژی یەکتر ڕاگەیاند. کاتیکیش لەشکری ئەلمانی چووە ناو بەلچیکاوە، کە وەک بێلایەن خۆی راگەیاندبوو، بۆ ئەوەی لەوێوە هێرش بۆ سەر فەرەنسا بکات، بەریتانیاش ترسی لێنێشت و جەنگی دژ بە ئەڵمانیا جاڕ دا.
بەم جۆرە جەنگەکە وەک جەنگێکی ئەوروپایی دەستیپێکرد و جگە لە ئیتالیا و ئەمریکا کە لە سەرەتاوە بێلایەنیی خۆیان راگەیاند، هەموو ئەوروپا تێوەگلا و یەکەم جەنگی جیهانیی هەڵگیرسا.www.history.com

بۆچی روسیا پشتگیریی سێربییەکانی کرد؟.
بەلام بۆ روسیا هەمیشە هاوسۆزی سەربییەکان بووە؟ لێرەدا کۆمەڵە فاکتەرێک یەکدەگرنەوە.
1- – سێربییەکان وەک ڕووس سلاڤین، و هەمیشە ئومیدی دروستکردن یان دروستکردنەوەی نەتەوەی پان- سلاڤی مەزن یان هەبووە و بۆ ئەم مەبەستەش هەمیشە بۆ نەتەوەی سلاڤی بەهێز ئیمپراتۆریەتی روسیایان ڕوانیوە. ڕوسیاش ئەوانی وەک هاوپەیمانی دوژمنی سەرەکیی خۆی دژی نەمسا و عوسمانییەکان دەزانی.
2- سلاڤیەکان وەک ڕووس زۆربەیان مەسیحی ئەرسەدۆکسیین و لە لایەن عوسمانییەکانەوە چەوسابوونەوە و زوڵملێکراو بوون و لەمەشدا پەنای هەمیشەییان ڕووس بووە. ڕوسەکان خۆیان بە پارێزەری هەموو مەسیحییە ئەرسۆدۆکسەکان لەوانە مەسیحییەکانی ئەستەمبوڵیش دەزانی و ئەمە هۆکارێکی جەنگی قرم بوو کە باسمان کرد.
3- هۆکاری جیۆپۆلیتکی: وەک پێشتر باسم کرد بە درێژایی سەدان ساڵ عوسمانییەکان و ڕووس لە جەنگدا بوون، هەر لە سەدەی شازدەوە تا سەدەی بیست. و راستیی ئێستاش بە ماتیی و ژیلەمۆیی هەر ماوە. روسیا و تورکیا سنوورێکی دوور و درێژی هاوبەشیان لە قۆقاز هەیە کە هەردەم بۆتە هۆی گرژیی و دژایەتیی و دەریای ڕەشیش ستراتیجییەکی قوولایی ئەمنی خەتەرناکی بۆ ڕوسیا هەیە.. ئەمەش وای کرد جەنگ و بەربەرەکانییەکانی عوسمانی-ڕووسی ماوەدرێژترین زنجیرەی بەربەرەکانی بن لە ئەوروپادا.
4- یەکەمجار روسیا ئیرادەی خۆی بە سەر تورکیادا لە دوای جەنگی 1768-1774 بە ئیمزاکردنی پەیمانی کوچوک کەینارجا لە تەموزی 1774 دا،Treaty of Küçük Kaynarca فەرز کرد، کە تێیدا دەولەتی عوسمانی مافی پاراستنی مەسیحییە ئۆرسۆدۆکسەکانی بە روسیا داو وازی لە کۆنترۆلی یەکلایەنەی خۆی بە سەر دەریای ڕەشدا هێنا و ڕیگای گەیشتنی روسیای بۆ دەریای ڕەش و ڕاستیی بۆ دەستخستنە ناو کاروباری دەوڵەتی عوسمانیش کردەوە.www.britannica.com

5- کۆنگرە و پەیمانی ڤێننا 1815
6- نەمسا و پروسیا و روسیا و بەریتانیا هاوپەیمانبوون لە جەنگی دژ بە ناپلیۆندا.و لە 9 ی مارتی 1814 دا مانگێک بەر لە واز‌هێنانی ناپلیۆن، هاوپەیمانی چاومۆنت یان پێکهێنا و . هاوپەیمانیەکانی ئاشتی دوای ئەوە لەگەڵ فەرەنسادا، لە ڤێننا، نەک تەنیا لە لایەن ئەو چوار دەولەتەوە، بەلکو لەلایەن سوید و پورتوگال و ئەسپانیاشەوە ئیمزاکرا.
لە پەیمانی ڤێنای 1815 ش روسەکان ویستیان دەستیان کراوە بێت بەرەو خوارووی ئەوروپا بکشێن و ڕێگای گەیشتنیشیان بە بەندەرەکانی ئاوی گەرم لە دەریای رەش و هەروەها دەریای ناوەراست کراوە بێت. هەولی بەریتانیا کە ڕێگریان بێت، یەکێک بوو لە هۆیەکانی بەرپابوونی جەنگی قرم.
7- لە جەنگی نێوان فەرەنسا و پروسیای ساڵی 1870 پروسیا توانی بە سەر فەرەنسادا زال بێت و هەرێمەکانی ئەڵمانیا یەکگرتنی خۆیان وەک ئیمراتۆریەتی ئەڵمانیا راگەیاند لە ژێر سایەی پادشای پروسی ویلهێلمی یەکەم. پەیمانی فرانکفۆرت لە 10 ی مایسی 1871 ئەلاسکا و بەشێک لە لۆرین ی دا بە ئەلمانیا. تێکشکاندنی فەرەنسا لە لایەن ئەلمانەوە و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا ئەو هاوتایی هێزەی نەهێشت کە لەوەتی کۆنگرەی ڤێننای 1815 لە ئارادا بوو و بۆ ماوەی دوو دەیە بسمارک خاوەن دەسەلاتیکی گەورەی بریاردەری پرسە نیونەتەوەییەکان بوو.. هەوڵدانی فەرەنسا بۆ گێرانەوەی ئەلاسک-لۆرین و مەترسی لە جەنگێکی تر لەگەڵ ئەلمانیا، هەروەها مەترسی بەریتانیا لە تێکچوونی هاوتایی هێز لە ئەوروپادا، بوونە هۆکارێک لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی یەکەمدا.
8- فەرنسا گڕی بزاڤە نەتەوەیی یە سەربەخۆخوازەکانی بەلقانی خۆش دەکرد. روسیا بەرامبەر ئەمە بیرۆکەی پانسلاڤیزم و یەکێتی سلاڤەکانی لە ژێر سەرکردایەتیی روسیادا بلاودەکردەوە. لە نیوان 1804-1817دا سێربیا دژی حوکمی عوسمانی راپەڕی، بە هاندانی روسیا لە داواکاریی حوکمی خۆیی یەوە لە 1804 دا بوو بە جەنگی سەربەخۆیی.
9- شۆڕشی سێربەکان ئاخری بوو بە ڕەمزی دروستکردنی دەولەتی نەتەوەیی لە بەلقاندا.. و هانی راپەرینی مەسیحییەکانی لە یۆنان و بەلگاریا دا. لە سالی 1875- 1876 بە هۆی داڕمانی ئیدارەی عوسمانی لە بەلقاندا، بۆسنیا و بولگاریا و هەرزەگۆڤینا لە دژی عوسمانییەکان شۆڕشیان کرد. سێربیا لە 30 حوزەیرانی 1876 جەنگی دژی عوسمانییەکان ڕاگەیاند. روسیاش، بە بەهانەی هاوپشتی برایانە لە ژیر دروشمی پان-سلاڤیزم جەنگی دژی دەولەتی عوسمانی ڕاگەیاند.. بەمجۆرە جەنگی روسیی-تورکیی 1877- 1888 بەرپابوو.. ئەو هەلومەرجە شەرانیی و قەیرانییەی لەمەوە سەری هەڵدا بە تەنگژەی رۆژهەلاتیی مەزن ناسرا. کە بریتی بوو لە چەندین راپەرین و جەنگ لە بەلقاندا کە رێگای بۆ خۆتێگەیاندنی هێزە نێونەتەوەییەکان خۆش کرد و بە پەیمانی بەرلینی تەمووزی 1878 کۆتایی هات.
10- لە سەردەمی قەیسەری روسی پیتەری مەزنەوە [ 1672- 1725] ، ڕوسیای قەیسەری هەوڵی زامنکردنی مافی دەریاوانیی لە دەریای ڕەشەوە بۆ دەریای ناوەراست دەدا. روسیا مافی ڕەهای دەویست نەک تەنیا بۆ کەشتی بازرگانی بەلکو بۆ کەشتی جەنگییش – و بەریتانیا هەمیشە دژی ئەوە دەوەستایەوە کە روسیا هەر جێپێیەکی دەسەلات لە رۆژهەلاتی دەریای ناوەراست دابمەزرێنێت ..
بەلام بەشداریی روسیا لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا ئەم مافەی لە ڕیکەوتنی سایکسپیکۆ دا بۆ مسۆگەر کرد لەگەڵ کۆنترۆلکردنی دەردەنیل و بەسفۆر و ئەستەمبوڵیش. بەلام وەک لە بەشی داهاتوودا باسی دەکەم شۆرشی ئۆکتۆبەری 1917 ی روسیا، ئەم دەسکەوتەی لە دەستدا و سەرکەوتنی روسیای گۆڕی بە گەورەترین شکستی جیهانیی لە مێژووی ڕوسیادا. ئەمەش بە پیلانی پێشەکی ئەمریکا و بەریتانیا بە پاڵپشتی سەهیۆنیزم بوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت