پەیوەندیەکی تەلەفونی لە نێوان سەرۆکی کۆماری عێراقی فیدراڵ، بەڕێزدکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح و……… ئارام قزلەری!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدرەنگانێکی شەودا زەنگی تەلەفونەکەم لێێ داو کاتێک ڕوانیمە ژمارەی تەلەفونەکە ! بینیم ژمارەیەکی زۆر سەرنج ڕاکێش بو دودڵ بوم لە وەڵامدانەوەی بەڵام وتم: نەگ زەرور بێت با وەڵام بدەمەوە.
قزلەری : بەدەنگێکی نزم وتم بەڵێ فەرمون کێن جەنابتان.
سەرۆک کۆمار: ئەمکاتەتان باش قزلەری دکتۆر بەرهەمم لە سەرۆکایەتی کۆمارەوە قسەت لەگەڵ ئەکەم..
قزلەری : سەرچاوم کاک بەرهەم گیان بفەرمون لە خزمەتاندام.
سەرۆک: لەڕاستیا پێم خۆش بو بەسەرتان بکەمەوە و هەواڵی تەندروستیتان بپرسم.
قزلەری: زۆر سوپاس بۆ هەواڵ پرسینتان کاک بەرهەم گیان بەڵام ئێوە تا ئێستا نە
هەواڵتان پرسیوم و نە تەلەفونیشتان بۆ کردوم خێرە وامنتان بیر کەوتۆتەوە.
سەرۆک: قزلەری گیان دوێنی لەگەڵ هەر هەمو ڕاوێژکارەکانم گفتوگۆیەکی تێروتەسەلمان کرد سەبارەت بەوەی کە وەک پێشمەرگەیەکی دێرین…. وەک ڕێكخستنێکی دێرین…. وەک زیندانێکی سیاسی و ….لەسەرو هەموشیانەوە وەک خاوەن گۆڕستانێکی بچوک و پۆلێک شەهیدی قارەمان کارێکت پێ بسپێرین بتکەینە ڕاوێژکار لە سەرۆکایەتی کۆمار لە بەغدای پایتەخت .
قزلەری : زۆر سوپاستان ئەکەم کە منتان بیرکەوتۆتەوە و دەتانەوێت بمکەنە ڕاوێژکار لە سەرۆکایەتی کۆمار……بەڵام کاک بەرهەم ئەکرێت بزانم لە چ بوارێکدا دەمکەنە ڕاوێژکار لە لای خۆتان.
سەرۆک : لەڕاستیا قزلەری گیان ڕاوێژکارەکان ئەوەندە زۆرن لە لای من پێم شەرمە ژمارەیان بلێم ، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی شەهیدەکانەوەو ئاشنا بون لە ئازارو نەهامەتیەکانی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان … دوای مشتومڕێکی زۆر بڕیارماندا بە تێگڕای دەنگ و وەک ڕێزێک بۆ خۆت ومێژوت و خانەوادەکەت ئەو پلەیەت پێ ببەخشین و بتکەینە ڕاوێژکاربۆ کاروباری شەهیدان ..
هەرچەندە ئەوپلەیە بە بەراورد لەگەڵ ئەوهەمو قوربانیەی بنەماڵەکەتان بەخشیویانەو خۆشتان تێکۆشەرێکی دڵسۆزو قارەمان بون . بۆ ئەوەی ویژدانمان ئاسودە بکەین بەوەی تێکۆشيران و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان ، بەسەر بکەینەوەو پێیان بڵێین ئەوە مێژوی پڕ لەسەروەری ئێوەو بەرهەمی خوێنی پیرۆزی شەهیدە نەمرەکانی ئێوەو سەرجەم شەهیدانی گەلەکەمانە، کە ئێمە بوینەتە سەرۆک کۆمارو ئەم پلەو پۆستەمان بەدەست هێناوە!!!.
قزلەری : کاک بەرهەم نازانم بە چ زمانێک سوپاستان بکەم و لە خۆشیاندا فرمێسک بە چاوما دێتە خوارەوە کە سەرۆک کۆمارە بە ویژدانەکەمان لەم شەوە دڕەنگەدا کە کاتی حەوانەوەی تایبەتی خۆتانە منتان وەک پێشمەرگەی دێرین و کەسوکاری شەهیدان لە بیرە .
بڕوا بکە کاک بەرهەم گیان هەر پێش ئەوەی جەنابیشتان ئەو پەیوەندیەم پێوە بکەن ئەمانبیست و ئاگادار بوین لەوەی کە زۆربەی ئەوانەی جەنابتان داتان مەزراندون لە سەرۆکایەتی کۆمار، هەر هەمویان کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگەی دێرین و زیندانیانی سیاسی و تێکۆشەرە قارەمانەکانن . بۆیە وەک ئارام قزلەری هەر لە چاوەڕوانی ئەوەدا بوم لەهەر کات و ساتێکدا بێت پەیوەندیم پێوە بکەن و کارێکم پێ بسپێرن لە سەرۆکایەتی کۆماردا.
سەرۆک: قزلەری گیان تۆ باسی چی ئەکەیت بە گۆڕی شەهیدان پێش ئەوەی ئەم پۆستە وەربگرم بڕیارم دابو ئەوانەی لە سەرۆکایەتی کۆمار دەبێت کار بکەن ، هەر هەموی پێشمەرگەی دێرین وکەسوکاری شەهیدان وئەو تێکۆشەرانە بن ، کە بێ پشت وپەنان و بەهۆی گەندەڵی بەرپرسەکانەوە پشت گوێخراون و کەس لێیان ناپرسێتەوە.
سوێندیشم خواردوە کە کەسوکاری بەرپرسان …. کەسی نزیکی خۆم…. دانەمەزرێنم …. خۆش بەختانە تا ئەم پەیوەندیەی لەگەڵ تودا دەیکەم قزلەری گیان!!! نە کوری هیچ بەرپرسێک… نە کچیان… نە برایان… نە خزمێکی خۆم…. دانەمەزراندوە و گەر پۆستەکەشم لەدەست بدەم هیچ کەس لەوانەی ناوم بردن لای من دا نەمەزرێن ونایەنە سەرۆکایەتی کۆمارەوە.
قزلەری : کاک بەرهەم گیان مادام جەنابتان ئەوەنە دڵسۆزی خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگەی دێرین بن !!! منیش هەوڵ ئەدەم لەزوترین کاتدا خۆم ئامادە بکەم و بگەمە کۆشکی کۆماری لە بەغدای پایتەخت.
خۆشەویستانم!!!!!! سەرتان نە ئێشێنم لە شپرزەیمدا بەهەڵەداوان ویستم بچم بەرەو کەنتۆرەکەو جلەکانم کۆبکەموە .
لە خۆشیا ئەگریام بەڵام چۆن گریانێک و گریانەکەشم بۆ ڕاوێژکاریەکە نەبو، بەڵکو لەخۆشی ئەوە ئەگریام کە دکتۆر بەرهەم چەند بەوەفایە بۆ تێکۆشەران و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان!!.
وەڵا خێری خێزانەکەم نەنوسێت ڕای وەشانم و خەبەری کردمەوە ، وتی پیاوەکە ئەو گریان ولورە لورەت لە چیە ؟ کامان مردبوین لەخەوتا ؟
وتم وەڵا کەستان…. وتی ئەی ئەشکەنجەیان ئەدایت ؟ وتم ئەشکەنجەی چی تۆ تێک چویت…وتم ژنەکە بۆ لەو خەوە خۆشە خەبەرت کردمەوە ، وتی ئەرێ پیاوەکە بەڕاست بۆ وا بەکوڵ ئەگریایت ؟ وتم کاک دکتۆر بەرهەم ساڵع بوو بەتەلەفون قسەی لەگەڵ ئەکردم وتی کردومیت بە ڕاوێژکار لە لای خۆم ….
کەوام وت وتی دەستم بشکێت من جوزانم ئەوەیە!! ئەمزانی شەهیدەکانت هاتونەتە خەوت و بۆ ئەوان ئەگریت ، وتی بمزانیایە خەبەرم نە ئەکردیتەوە ، خێرا ڕۆشت وهاتەوەو سەیرم کرد دەنکێ حەبی بەدەستەوەیە لەگەڵ پەرداخێک ئاو!!
وتی پیاوەکە ها ئەو حەبی خەوە بخۆ با خەوەکەت نەزرێت بەڵکو خەوت لێ بکوێتەوە و تەلەفونت بۆ بکاتەوە!!…
بەس توخوا ئەگەر تەلەفونی بۆ کردیتەوە .. پێی بڵێ کاک دکتۆر بەرهەم خوا ڕۆژ ئەکاتەوە تا ئەو کاتەی چاومان ئەچێتە خەو…. بەداخی ئێوەی بەرپرسانەوە ڕۆژ بەرێ ئەکەین… ئەوەی تۆزێک ئاسودەمان ئەکات تەنها ئەو کاتانەیە کە چاومان ئەچێتە خەو .. خێرە لە خەوەکەشدا وازمان لێناهێنن و نایەڵن کەمێک مێشکمان ئیسراحەت بکات و ئاگامان لە ئێوەی بەرپرسان نەبێت .

ئارام قزلەری
ستۆکهۆلم
19- 04- 2019

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت