بورهان شێخ ڕەئوف: یەمەن قوربانى ململانێ ى هەرێمایەتى نێو دەوڵەتیەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر چى یەمەن جێگەو پێگەى کۆنترین شارستانى عەرەبى یە لە دێر زەمانەوە و عەرەبەکان لەوێندەرەوە بۆ شوێنەکانى ترى وەکو نیمچە دوڕگەى عەرەب و شام و عێراقیش چوون, بەڵام ئێستا وڵاتێکى هەژارى پەراوێزخراوى داماوى دەستى شەڕى ناوخۆیى و ململانێى ئیقلیمى و نێودەوڵەتى یە کەلەم باسەدا هەوڵدەدەین لە چەند ڕوویەکەوە خوێندنەوەى بۆبکەین بە گوێرەى توانا.

ئەو ململانێ یانەى کەلە یەمەندا هەن:
1- ململانى َى ناوخۆیى: ئەگەرچى یەمەنى باکور و یەمەنى باشوور ساڵى 1990 یەکیانگرتەوە لە دواى تەواو بوونى شەڕى سارد و هەڵوەشانەوەى یەکێتى سۆڤیەتى جاران کە ئەوسا یەمەنى دیموکراتى باشوور کە عەدەن پایتەختى بوو سەربە یەکێتى سۆڤیەت بوون و حزبى سۆسیالیستى یەمەن فەرمانڕەوایى دەکرد و لە باکوورى یەمەنیش عەلى عەبدوڵا ساڵەح سەرۆک بوو ئەو زیاتر لە بەرەى ڕژێمە عەرەبیەکانى سەر بە ڕۆژئاوا بوون کە پایتەختەکەى سەنعا بوو بەڵام پاش ماوەیەکى کورت کێشەو ململانێ کەوتە نێواان باکوور و باشوورییەکانەوە شەڕ هەڵگیرساو عەلى عەبدوڵا ساڵەح کە سەرۆکى یەمەنى یەکگرتوو بوو پەلامارى باشوورى داو عەدەنى داگیرکردو خۆى واتەنى جودا خوازەکانى ڕاونا، لەو ساوە تا ساڵى 2011 و سەرهەڵدانى بەهارى عەرەبى هەر بەو شێوە یەمەن بەڕێوە دەچوو, بەڵام لە دواى بەهارى عەرەبى و سەرهەڵدانى شۆڕش لەو وڵاتەعەلى عەبدوڵا ساڵەح لە ژێر فشارى گەلى یەمەندا دەستى لە کار کێشایەوە و عەبد ڕەبە مەنسورهادى جێگرى بووە سەرۆک کۆمار و ڕێککەوتن کرا دەستوورى نوێ بۆ یەمەن بنووسرێتەوە و جۆرێک لە سیستمى فیدراڵى بۆ یەمەن پەیڕەو بکرێت لە نێوان باکوورو باشووردا، بەڵام دواتر سەرهەڵدانى حوسیەکان کە کەمینەیەکى زەیدى عەلەوین کە لە مەزهەبى شیعەو ئێرانەوە نزیکن توانیان لە گەڵ تاقمەکەى عەلى عەبدوڵا ساڵەح کودەتا بکەن و سەنعاى پایتەخت داگیربکەن و ودواتر شارەکانى تریش.
2- ململانێ ئێرانى و عەرەبستانى سعودى: لە دواى کودەتاکە ململانێ و شەڕێکى قورس سەرى هەڵدا لە یەمەن لە نێوان باکور و باشوورییەکاندا دواتر بووە شەڕى نێوان حکومەتى شەرعى کە سەرۆک عەبد ڕەبە مەنسوور هادى سەرۆکایەتى دەکرد و و عەرەبستانى سعودیە و ئیمارات و هەندێکى تر لە وڵاتانى کەنداو ئەمریکاش بەناوى هاوپەیمانى عەرەبیەوە کۆمەکیان دەکردن کودەتاچییەکانیش کە پێکهاتبوون لە حووسیەکان و تاقمى حزبى کۆنگرەى عەلى عەبدوڵا ساڵەح ئێران پشتیوانى دەکردن دواتر حووسیەکان و عەلى عەبدوڵا ساڵەح هاوپەیمانێتییەکەیان تێک چوو و عەلى عەبدوڵا ساڵحیان کووشت.
3- ململانێ ى ئیماراتى عەرەبى یەکگرتوو و عەرەبستانى سعوودیە لە یەمەن: هەرچەندە ئەم دووانە بە ڕوواڵەت و ئاشکرا وەکو ڕاگەیەنراوە هاوپەیمانن لە هاوپەیمانى عەرەبى بەڵام لە ڕاستیدا ململانێ یەکى شاراوەى توند لە سەر بەرژەوەندى هەیە لە نێوانیاندا کە هۆکارى ڕاستەقینەى درێژەکێشانى شەڕى ناوخۆیى یەمەنە کەوا بۆ چوار ساڵ زیاترى درێژەى هەیە و هیچ هیوایەکیش لە ئاسۆەوە دیار نى یە بۆ چارەسەرکردنى.

ئامانجەکانى هاوپەیمانى عەرەبى
ئاشکراترین فاکتەر کە ئەو وڵاتانە کردوویانەتە پاساوو بیانوو بۆ ئەوە ى بچنە یەمەنەوە جگە لە شەڕى ناوخۆى یەمەن ئەم سێ فاکتەرەن:
1- گێڕانەوەى حوکمى شەرعى بۆیەمەن واتە حکومەتەکەى سەرۆک مەنسوور هادىکە ئێستا لە مەنفایە لە عەرەبستانى سعوودیە.
2- بەرگرتن لە هەژموون و فراوان خوازى دەستوەردانى ئێران لە کاروبارى یەمەن.
3- پاراستنى سنوورەکانى عەرەبستانى سعوودیە کە لەوێوە ڕۆژانە ڕۆکێت بارانى هەندێ شارى عەرەبستان دەکرێت.

ململانێ ى سعوودیەو ئیمارات لە یەمەن
زیاتر فاکتەرى ئابوورین کە پاڵ بەو دوو وڵاتەوە دەنێن دەستوەردانى شەڕى ناوخۆى یەمەن بکەن و بیکەنە شەڕى خۆیان کە ئەو وڵاتە باجێکى قورسى داوە هەوڵدەدەم لە دواتر بارودۆخى مرۆیى ئەو وڵاتەش بخەمەڕوو بە کورتى.
ئیمارات هەوڵى ئەوە ى داوە کە بەندەرەکانى یەمەن داگیربکات و دەستوەردانى سەربازى تێدا بکات وەکو ئەوەى هەر لە سەرەتاوە بەندەرى عەدەن و دواتر بەندەرى موکەلا و دواى ئەویش بەندەرى ئەلمخا، دوا هەوڵیشیان بەندەرى حەدیدەیە کە تا ئێستا یەکلایى نەبووتەوە ئەمانەش بۆ ئەوەیە کە ڕکابەرى بەندەرى دوبەى نەکەن کە ئێستا بەندەرێکى گەورەى جیهانى یەو داهاتێکى گەورەى هەیە لە کاتێکدا ئەگەر بەندەرەکانى یەمەن ئارام و سەقامگیر بن ئەوا دەبنە ڕکابەرى بەهێز بۆ دوبەى کە ئەمەش بەزیانى گەورە بۆ ئیمارات دەگەڕێتەوە.
عەرەبستانى سعوودیەش ئامانجێکى ئیستراتیجى و دوورمەوداو درێژخایەنى هەیە ئەگەر بۆى بلوێت ئەویش ئەوەیە کە ڕێڕەوێکى وشکانى بۆسەر دەریاى عەرەبى بکاتەوە بۆ ئەوەى بۆڕى نەوت فرۆشتنى پیادا بڕوات لە پارێزگاکانى حەزرەمەوت و مەهرەوە لە یەمەن.
جا بۆزیاتر ڕوونکردنەوەى ئەو ململا نێ یەى کە لە نێوان ئیمارات و سعوودیەدا هەیە لە یەمەن ئیماراتییەکان هەرلە سەرەتاوە دەستیانگرت بە سەر پارێزگاى حەزرەمەوت لە ڕێگەى ئەو هێزانەوە کە سەربەخۆیانن کە ناسراوان بە نوخبەى حەزرەمەوت کە ئەمەش ڕێگربوو لە بە دیهاتنى ئامانجەکانى عەرەبستانى سعوودیە، بۆیە سعوودییەکان ناچار بوون پەل بهاوێژن بۆ پارێزگاى ئەلمهرەى دوورەدەست کە یەکێک لە دووررترین ناوچەکانى یەمەنە لە ناوەندەوە و هاوسنوورى سوڵتاننشینى عەمانە بەم شێوە توانیان ڕێ لە فراوانبوونى ناوچەى هەژموونى ئیمارات بگرن سعوودییەکان.
بۆیە ئێستا هەموو ئەو لێدوان و پاساوانەى کە بۆ درێژەدان بە شەڕى یەمەن دەى هێننەوە ئەو دوو وڵاتە کەوتوەتە ژێر پرسیارەوە خۆى لە پاراستنى بەرژەوەندییەکانى خۆیاندا دەبینێتەوە.
بۆ یە چەندە بۆیان بکرێت درێژە بەو شەڕە ماڵوێرانکەرە دەدەن چونکە وەستانى شەڕ واتەبەدى نەهاتنى ئامانجەکانى سعوودیەو ئیمارات.

ئامانجى هێرشى وڵاتانى کەنداو یان هاوپەیمانى عەرەبی
وڵاتانى کەنداو دەڵێن حووسیەکان هەڕەشەن بۆ سەڕ ئاسایشى عەرەبستانى سعوودیە لەلایەکى ترەوە حکومەت و ئیدارەى ئەمریکا ئاگادارى کردونەتەوە هەواڵ و هەواڵگرى وردى پێداون کە حووسیەکان 300 ڕۆکێتى زەمین بەزەمینى ڕوسیان گواستۆتەوە بۆ نزیک سنوورى عەرەبستانى سعوودیە کە مەودایەکەیان 300 کم لە کاتێکدا سعوودیە تا ئێستا نزیکەى 120 ملیار دۆلارى لە شەڕى یەمەن خەرج کردووە.

قەیرانى مرۆیى لە یەمەن
ژمارەى دانیشتووانى یەمەن 28 ملیۆن کەسە لەوانە سێ ملیۆن یەمەنى ئاوارەو دەربەدەرن و نزیکەى یەک ملیۆن تووش بوون بە پەتاى سامناکى کولێرا کەحاڵەتى وا تا ئێستا لە هیچ وڵاتێکدا تۆمار نەکراوە، هەشتاو پێنج هەزار مناڵى یەمەنى تەمەنیان لە ژێر پێنج ساڵەوە لە برسانا مردوون بەهۆى بەد خۆراکیەوە، جگە لەوەى 8.4 ملیۆن کەس تووشى بەد خۆراکى بوون هەروەها چواردە ملیۆن کەس لە سەر لێوارى برسێتیدان، هەرچەندە ئامارى ورد لە بەردەستدا نى یە بە هۆى بارودۆخى تایبەتى یەمەنەوە لە بەرئەوە ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان ڕایدەگەیەنن کە ژمارەیەکى زۆریش بە هۆى شەڕو بەد خۆراکی یەوە مردوون و کوژراون.
لە کۆتاییدا ئەگەرچى ئەمریکیەکان بڕیارى ئەوەیان داوە کە پشتیوانى هاوپەیمانى عەرەبى ناکەن ئیتر بە هۆى ئەوەى خەڵکى سڤیل کراوەتە ئامانج لە هێرشە ئاسمانییەکانى هاوپەیمانى عەرەبى بۆ سەر شارەکانى یەمەن و خەڵکى بى گوناهو سڤیلى زۆر کوژراون و ئەمە نەک لاى ئەمریکیەکان بەڵکو لە هەموو جیهاندا بووەتە مایەى نیگەرانى وبێزارى زۆر.
ئایا ئەمریکیەکان پەیوەندییە مێژووییەکانى خۆیان لە گەڵ عەرەبستان کە زیاتر لە حەفتا ساڵە بەردەوامە دەکەن بە قوربانى شەڕى یەمەن لە کاتێکدا سعوودیە گەورەترین کڕیارى چەکى ئەمریکیە کە تا ئێستا بایى 90 ملیار دۆلار چەکى ئەمریکى کڕیووە لە ساڵى 1950 ەوە هەروەها ئەو هاوپەیمانێتیە لە سەردەستى شا عەبدولعەزیزى ئالسعودو سەرۆک تیۆدۆر ڕۆزفلت لە ساڵى 1945 لە سەر کەشتیەکى جەنگى ئەمریکى لە ئاوە هەریمیەکانى میسردا واژۆ کراوەو بنەماکانیان داناوەو تا ئێستا بەردەوامە لە زۆربەى ململانێ و قەیرانەکانى شەڕى ئۆکتۆبەرى 1973 و 11 سپتەمبەرى 2001 نێوان ئەمریکاو عەرەب و عەرەب و ئیسرائیل نەلەرییەوەو خۆى گرت و لە سەر پێى خۆى وەستاو پێناچێت لەم قەیرانەى یەمەنیشدا بە ئاسانى بلەرێتەوە.
ماوەتەوە ئەوە بڵێین پێگەى جوگرافى یەمەن زۆر گرنگە و بێ وێنەیە لە جیهاندا ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەیەکەوە دەبەستێتەوە و خەڵکى هەژارى یەمەن باجى ئەو پێگە دەدەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت