عەلی مەحمود: شەهادەو دەسەڵاتدارێتی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جارێكیان سیاسییەكی گەنجی كورد بە هەڵچونێكی سەرچڵانەی وردە بۆرژوازیانەوە وتی” چاكسازی بە نەخوێندەوار ناكرێت”, هەمان قسەی هاوچینە بۆرژواكانیان لە سەروبەندی كۆمۆنەی پاریس و ئۆكتۆبەردا دوبارە كردەوە كە بە تەوسەوە دەیان وت” دەوڵەت بە كرێكار و پینە دۆز بەڕێوە ناچێت” , لێ ئەزموونەكانی جیهان ئەوە ناسەلمێنن , بگرە لە زۆر حالەتدا پێچەوانەكەی تەواو راستە, هەرچەندە چاكسازی دەستەواژەیەكی لاستیكییە و هیچ ناوەرۆكێكی كۆنكرتیی لە خۆ ناگرێت , چاكسازییەك بە ئاراستەی دادپەروەری كۆمەڵایەتی نەبێت هیچ مژدەیەكی بۆ گەل پێ نییە , باشترین چاكسازی ئەوەیە حكومەتێكی دەستوری بۆرژوازی بنیات بنرێت, كە تیایدا بە یاسا بەرژەوەندییەكانی سەرمایەداران بپارێزرێت , وەك چۆن ترامپ باجی سەر دەوڵەمەندەكان كەمكردەوە, دەستی برایانی كوشکی ئاوەڵا كرد بۆ تێك دانی ژینگە, بۆیە دەبێت دروشمەكانی ئێمە لە پاڵ چاكسازی و حوكمی یاسا دادپەروەری بێت, ئێمە دادپەروەر خوازمان دەوێت نەك شهادە خواز.
مێژووی تازە پێمان دەڵێت دوو لە باشترین سەرۆكەكانی نیو سەدەی رابردووی جیهان, لۆلا و باوكی هەژاران مۆخیكا, خاوەند بڕوانامەی تێكۆشان بوون تەنها, كەچی باشترین دەسەڵاتداریش دەرچوون, بەشێكی زۆری گەلەكانیان ” بەرازیل و ئۆرۆگوایان” لە هەژاری دەركرد, كەچی دەیان نموونەی خاوەند شەهادەی باڵای زانكۆ بەناو بانگەكانی جیهان لە بەردەستە گەلەكەیان بەرەو مەرگەسات بردووە .
باشتر بوو رەخنەگران رەخنەكانیان بەو ئاقارەدا ببردایە كە نابێت هەموو جومگەكانی دەسەڵات لە دەست بنەماڵەكان كۆببێتەوە, هەنوكە 3 دەسەڵاتە راپەڕاندنەكان سیادییەكەی كوردستان” سەرۆكی هەرێم, سەرۆكی وەزیران, سەرۆكی دەزگای ئاسایش” لە دەست ئامۆزاكاندان” سەرۆكی زانیاری و جێگیری سەرۆكی حكومەت”یش لە دەست ئامۆزاكانی دیدان وێڕای ئەگەری پەرلەمانیش, ئەوانی دیش بونەتە چەپڵە لێدەری گەمەی ئامۆزاكان.
خۆ منداڵی بنەماڵەكان ئێستا هەموو دەرچووی هارفاردەكانن, خۆ بنەماڵەكان ئێستا هەموو لە ژێر جامانەو سەرینەكانیان وەك میرەكانی كەنداو شەهادەی گەورە گەورەی زانكۆ بەناو بانگەكان راخراوە, كەچی فاشلترین حوكمڕانن و رۆژ بە رۆژ چونجڕك توندتر لە كورسییەكان گیر دەكەن.
لە كۆتادا ئێمە حوكمڕانییەكمان دەوێت نوێنەرایەتی زۆرینەی 99%ی كۆمەڵگا بكات و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و ئابوری لە بەرژەوەندی نوێنەرەكانی كە 99%ی كۆمەڵگان ئەنجام بدات, بەشێوەی ژیرانە كاری شیاو بۆ خاوەند شهادەكان دابین بكات, لە گەڵ كەرامەتیاندا بگونجێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت