نەوادى موهەندیس: گرژییەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران بەرەو کوێ؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مێژووى ململانێ و گرژییەکانى نێوان ئەمریک او ئێران دوورو درێژن، لەو کاتەوە دەستیپێکردوە کە ئەمریکا لەدواى جەنگى جیهانى دووەمەوە وەکو جەمسەرێکى کاریگەرى سەرگۆڕەپانى سیاسى و ئابورى و ئەمنى دونیاى ئەوکاتە و تاکو ئێستاش دەرکەوتووە، تەنها ئەو کاتانە دۆستى دەوڵەتى ئێرانى پاشایەتى حەمەڕەزاشاى ئێران بوو تاسەرەتاى ساڵانى حەفتاکانى سەدەى ڕابووردوو، ئاشکرایە لەساڵى 1953دا هەر بە هەوڵى ئەمریکا بوو کە توانرا کودەتا بەسەر هێزى محمد موصدق بکرێت و حەمەڕەزا شا بگەڕێنرێتەوە سەر تەختى شاهانشاهى ئێران و ئیدى ئێران و شاهانشاکەى خۆیان بەقەرزبارى ئەمریکا دەزانى و هەمیشە ملکەچ و گوێڕایەڵ بوون، بەڵام کاتێک حەمەڕەزا شا هەستى کرد کە نرخى نەوت نزمە و کۆمپانیا نەوتیە جیهانیەکانیش کەوتونەتە دوژمنایەتیکردنى ئێران و داهاتى نەوتەکەى و گەرەکیانە بێهێزى بکەن، کەوتە دژایەتیکردنى ئەو کۆمپانیایانە و دواتریش ئەمریکا و ئەوەبوو ئەنجام بەڕووخاندن و سەرەونگومکردنى خۆى و ڕژێمەکەى کۆتایى هات لەساڵى 1979دا، ئیدى ئەمریکا و ئێران دواى ئەو مێژوەش و دواى ئەوەى کە کۆمارى ئیسلامى ئێرانى شیعە مەزهعەبى توندڕەو وخاوەن خەون و خەیاڵى فراوانخوازى و ناردنەدەرەوەى شۆڕشەکەى بۆ ناوچەکە و دونیاش هێندەى تر پەیوەندیەکان ساردووسڕبونەوە و تەنانەت کار گەیشتە ئەوەى ئەمریکا پیلانى ڕووخاندنى ئەو ڕژێمەش دابنێت لە ڕێگەى هەڵایسانى جەنگى 8ساڵەى عێراق ئێران و سەپاندنى گەمارۆى 30 ساڵەى سەرى. بەم شێوەیە دەبینین کە مێژووى پەیوەندیەکانى ئەمریکا و ئێران هیچ کات پەیوەندیەکى دۆستانەى گەرموگوڕ نەبوە بەدرێژایى 70 ساڵى ڕابووردوو.
هەربۆیەش ئەم باکگراوند و هەڵبەز و دابەزە بەردەوامەى پەیوەندیەکانى نێوانیان هیچ متمانەیەکى پتەوى نەهێشتوە لەنێوانیاندا، لەلایەک ئەمریکا هەمیشە ویستویەتى ئێرانێکى دەوڵەمەند و خاوەن نەوت و نفوز و پێگە و گرنگى جیۆسیاسى لەپاڵ یەکێتى سۆڤێتى جاران و ئێستاى ڕوسیاى میراتگرى بلۆکى سۆسیالیستى لەخولگە و فەلەکى سیاسەت و بەرژەوەندیەکانى خۆیدا بسوڕێتەوە و نەبێتە مەترسى بۆ سەر بەرژەوەندیەکانى خۆى و هاوپەیمانەکانیشى لەناوچەکەدا لە وڵاتانى دەوڵەمەندى کەنداو و ئیسڕائیل و میسر و… هتد. لەلایەکى تریشەوە ئێران هەمیشە ویستویەتى خۆى وەکو وڵاتێکى زلهێزى ناوچەکە پیشان بدات و ململانێى لەلایەک لەگەڵ ئەمریکا و لەلایەکى تریشەوە لەگەڵ سعودیە و تورکیا و میسر و ئیسڕائیلدا دەکرد بۆ ڕابەرایەتیکردنى وڵاتانى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین و گەرەکى بوو ببێتە پاڵەوان و یاریکەرى سەرەکى سەر گۆڕەپانەکە و هەژموونى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و پلانەکانى خۆى بسەپێنێتە سەرهەموان.
ئێران مێژوویەکى دوووردورێژى هەیە لە ترس و تۆقاندنى وڵاتانى کەنداوى عەرەبى دەوڵەمەند و هەمیشە وەک مەترسیەکى گەورە خۆى پیشانیان داوە و هەوڵى زۆریشى داوە بۆ دەستبەسەراگرتنى بەحرەین و 3 دورگەى ئیمارات و لەڕێگەى نفوزى مەزهەبى شیعەشەوە خۆى خزاندۆتە ناو کۆمەڵگا عەرەبیەکانى یەمەن و عومان و سعودیە و بەحرەین و کوێت و عێراق و سوریا و لوبنان و میسر و تەنانەت مەغریبى عەرەبى و… هتد. لەم چەند ساڵەى ڕابووردوودا بەئاشکرا و بەنهێنى پشتیوانى لەهەر هێزێکى تیرۆریستى یان بەناو مقاوەمەتى شۆڕشگێڕى کردوە لە لوبنان و فەلەستین و سوریا و عێراق و یەمەن بۆ ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ ئەمریکا و بەرژەوەندیەکانى و هەموو جەنگ و ململانێکانیشى لەسەر زەمینە و ئاو وهەوا و لەناو گەلان و لەسەر حسابى ئەو وڵاتانە بەرپاکردوە دوور لە سنورەکانى خۆى. بەم شێوەیە ئەم ململانێ مێژوویەى ئەمریکا و ئێران بۆتە مۆتەکەیەکى ترسێنەر بۆ سەر تەواوى ناوچەکە و گەرەکە چارەسەرێکى سیاسى یان سەربازى یەکلایى بکاتەوە و ئیدى ناوچەکە بۆ ماوەیەکى کاتیش بێت دووربخرێتەوە لەو ململانێ ناڕەوایە کە هەیە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەم ململانێیە تاچەندى تر بڕدەکات؟ بەرەو کوێ و بەچ ئاڕاستەیەک کۆتایى پێدێت؟ سەرکەوتووى کۆتایى کام لا دەبێت؟ ناوچەکە چى بەسەر دێت؟ و زۆر پرسیارى تریش.
پاڵپشت بەو ڕاستیانەى کەلەسەر زەمینەى واقع دەبینرێت و دەتوانرێت گریمانەى بۆ بکرێت،ئەوەیە کە ئەمریکا گەرەکێتى ڕێگا چارەسەرى سیاسى پیادە بکات تائەوئاستەى بڕدەکات ، لەڕێگەى بەسەرداچوونەوەى ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەى نێوان ئێران و وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکا کە ئەمریکا تاک لایەنە هەڵیپەساردوە و ئێرانیش هەڕەشەى هەڵوەشاندنەوەى دەکات. ئەمریکا گەرەکێتى گەر ڕژێمە ئیسلامیەکەى ئێرانیش بەتەواوەتى نەڕوخێنێت و بەدەردى ڕژێمى بەعسى ێدامى عێراقى نەبات ئەوا چنگ و پەلى بکات و نینۆک و کەڵبەکانى کورتبکاتەوە، بەشێوەیەک چیدى تواناى مەترسى و هەڕەشەى نەبێت لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى، گەر ئێران ملکەچى نواند و بەمەرجەکانى ئەمریکا ڕازى بوو ئەوا دەتوانێت بەشێوەیەکى بێترس و بێهێز و لەخولگەى سیاسەت و بەرژەوەندیەکانى ئەمریکادا بمێنێتەوە و نەبێتە مەترسى زیاتر،گەر بەپێچەوانەشەوە بەڕەقى و بێ بەرنامە و غرورى سیاسى مامەڵەى کرد،ئەوا بەدڵنیایى ڕووخاندنى ئەو ڕژێمە مسۆگەرە گەر بەجەنگى گەرمیش نەبێتـ، ئەوا ئەمریکا لەڕێگەى سەپاندنى گەمارۆ ئابوریە توندەکانى سەر کەرتەکانى نەوت و غازى سروشتى و بەگشتى کەرتى وزە و دواتریش کەرتى دارایى و بانکى و دواتر کەرتى سەربازى و ئەمنى و پیشەسازى و دەریایى و ..هتد. ئیدى ئێران ملکەچ دەکات.
جا بەم شێوەیە بەبێ بوونى داهات و بڕینى شادەمارى داهاتەکانى ئێران کە نەوت و غازى سروشتیە ناتوانێت خۆڕابگرێت و مەرگ و ڕووخاندنى خۆى مسۆگەر دەکات و بەم شێوەیە لەهەردوو باردا ئێران گەورەترین زیان بەر هێز و نفوز و ناو وناوبانگى دەکەوێت گەر ڕازیبێت یان ناڕازى و ئەمریکاش وەک زلهێزێکى دونیایى گەورە و بەتوانا و خاون نفوز و دەسەڵات و تەکنەلۆجیاى نوێ سەرکەوتنى گەورە مسۆگەر دەکات. ڕەنگە جەنگى ڕاستەوخۆى گەرم نەکرێتە سەر ئێران وەک ئەوەى کە ڕوویدا لەگەڵ عێراقدا لەبەر ئەوەى ئێران وڵاتێکى پان و پۆڕ و گەورە و خاوەن سنورێکى فراوان و خاوەن گەلانێکى زۆرینە مەزهەب شیعەى خاوەن بیروباوەڕى توندڕەو و دەمارگیرن بۆ دەسەڵات و مەزهەبەکەیان، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێکهاتەى گەلان و کۆمەڵگاى ئێرانیش یەک و یەکگرتوو نیە و گەلانى جیاواز لە فارس و کورد و ئازەر و تورکومان و عەرەب و بەلوش و… هتد. دەژین و ماوەى زیاتر لە 40 ساڵە لەجەنگ و لە ژێر بارى برسێتى و گەمارۆى ئابوریدا ژیان بەسەر دەبەن و چیدى تواناى بەرەنگارى و برسێتى زیاتر ناگرن.
بۆیە ئەم ململانێیانە لەکۆتادا بەرەو ئاڕاستەى نەمان و سەرەونگومکردنى ڕژێمى ئیسلامى ئێرانى هەنگاو دەنێت و ناوچەکەش بەرەو ئارامیەکى کاتیش بێت دەچێت بەپێى پلانەکانى ئەمریکا و پاراستنى هاوپەیمانەکانى لەعەرەبەکان و لەپێش ئەوانیشەوە ئیسڕائیلە.
بۆیە پێویستە لەسەر دەسەڵاتدارانى ئەم وڵاتانەى ناوچەکەوە بەگەورە و بچوکیانەوە بەهەژار و دەوڵەمەندیانە و بە بەهێز و لاوازیانەوە ململانێکانیان لەگەڵ ئەمریکاى زلهێزى دونیا نەگەیەننە ئاستێک کە خاڵى نەگەڕانەوە تێپەڕ بکات چونکە هیچکات ناتوانن درێژە بەو ململانێ نابەرابەریە بدەن، چونکە ئەمریکا وڵاتێکى دوورە دەستە و هیچ جەنگێک لەسەر خاک و گەلانى خۆى ناکات و بەڵکو تەواوى خەرجى و کاولکاریەکان لەسەر حسابى گەلان و خاکى وڵاتانى ناوچەکەیە،بۆیە ڕاستترین سیاسەت و پلان بریتیە لەوەى کە خۆیان و بەرژەوەندیەکانیان بگونجێنن لەگەڵ بەرژەوەندیەکانى ئەمریکا و زلهێزەکانى ترى ئەوروپا و ڕوسیاشدا، وازبێنن لە ململانێیەک کە کۆتایى شانۆگەریەکە بۆ هەموان ڕوونە و هەموو کودەتا و ڕاپەڕین و خۆپیشاندانە جەماوەریەکانى ناوچەکە و ڕووخاندنى ڕژێمە دیکتاتۆریەکانى ناوچەکە هەموانیان بەقازانجى ئەمریکا تەواو دەبن و دەستى ئەمریکا و دامودەزگا جاسوسیەکانى ئەو وڵاتانەى لەپشتەوەیە.
ڕاستیەکى حاشاهەڵنەگر هەیە کە بریتیە لەوەى، لەم قۆناغەدا نە ڕوسیا و نەوڵاتانى ئەوروپاش ناتوانن بەر بەهەژموون و سیاسەتەکانى ئەمریکا بگرن و بەتایبەتیش لەسەردەمى سەرۆک ترامپدا کە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت پێشبینى هەنگاوە چاوەڕواننەکراوەکانى بکات و وەکو ئەمریکیەکى ڕەسەن مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەکات و سیاسەتى ( دار و گوێزەرەکەى ئەمریکا) پیادە دەکات، دارەکە بۆ ئەو سەرکردە و وڵاتانەى ململانێى لەگەڵ دەکەن و گەرەکیانە لەخولگەى بەرژەوەندیەکانى دەربچن و گوێزەرەکەش بۆ ئەو وڵات و سەرکردانەى کە ملکەچدەکەن و گوێڕایەڵن بۆ ئەمریکا. جا گرەوى بردنەوە تاسەر لاى هیچ کام لە سەرکردەى ئەم ناوچەیە نیە، چونکە ئەمریکا لەپێناو بەرژەوەندیەکانى خۆیدا پشت دەکاتە نزیکترین دۆستى خۆى و تەنها وتەنها بەرژەوەندیەکانى خۆى دەپارێزێت و مامەڵەش لەگەڵ دیفاکتۆ و ئەمرى واقیعدا دەکات و هیچ کات دۆست و دوژمنى تاسەرى نەبوە و ناشبێت. جاهەق وایە هەموو سەرکردەکانى ئەم ناوچەیە ئەم ڕاستیە هەرگیز لەبیر نەکەن و خۆیان و سێبەرەکانیان لەبەرامبەر ئەمریکادا لێ گەورە نەبێت ، چونکە هەموانیان هەر لەڕێگەى ئەمریکاوە هاتونەتە سەر دەسەڵات و پشتیوانیان لێکراوە، نەک بە دەنگ و پشتیوانى گەلەکانیان و لەبەرئەوەى هیچ کام لەو سەرکردانە ڕێزى دیموکراسى و مافى گەلەکانیان و دادپەروەرى کۆمەڵایەتیان لەلا نەبوە و تەنها بڕوایان بە بەکارهێنانى هێز و تۆقاندن و ترس و گرتن و کوشتن و ڕاوەدونانى سیاسى هەبوە، هەربۆیەش لە نزیکترین هەلدا گەلەکانیان پشتیان تێدەکەن و ئاواتەخوازن هێزێکى دەرەکى ببێتە فریادڕەسیان و هاوکارى بکەن بۆ ڕووخاندنى ڕژێمە دەسەڵاتدارە تاکڕەو و زاڵم و چەوسێنەرەکانیان، ئتترین ئەمریکاش دەتوانێت لە کورتترین ماوەدا و بە دەرزیەکى بچوک میزڵدانە فوتێکراوەکەیان بتەقێنێتەوە و پوچەڵ بکاتەوە.وەکو دەڵێن (پەند بۆ ئەو کەسانەیە کە پەند وەردەگرن).

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت