دکتۆر کەمال میراودەلی: سوریا و سیناریۆکانی: بەشی حەوتەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژاوا: لە مەترسی كشانەوە بۆ سەرکەوتنی سەربازیی- سیاسیی و پرۆژەی بە حکومەتبوون؟!

( 1 )
کەتنی ترامپ
تەنها کەمتر لە پێنج مانگ لەمەوبەر ترامپ بە حەماسەتێکی کەرانەوە، یان بە کەرێتییەکی حەماسییەوە، موژدەی بە گەلی ئەمریکا دا: داعشم فنیش کرد، لە سوریا دەکشێینەوە، مناڵەکان بۆ سەری سال دەگەرێنەوە ناو ماڵ و حاڵی خۆیان. ئەمە ترسولەرزی لە دڵی هەموو کوردێكی کوردا پەیدا کرد: خیانەتێكی تر، خوێنبەلاشییەکی تر. کاردانەوە خێراکان: وازهێنانی وەزیری بەرگریی ئەمریکی و سەرکاری یەکەمی سەرۆکی ئەمریکا بۆ جەنگی دژەداعش، جووڵانەوەی ئەمریکییەکان بەرەو عێراق، مەترسییەکەی جددییتر کرد. بەلام هەمیشە باوەڕم وا بوو ئەمە نایەتە دی. هەر نەبێ لە رووی لۆجیستییەوە، هەر نەبێ لە رووی ئەخلاقییەوە، هەر نەبێ لە بەر کەرێتی و کتوپڕیی و یەکلایەنیی و زیدەڕۆیی دیکتاتۆریانەی ىڕیارەکە کە سسیتمی فرە-دەسەلاتیی هاوسەنگ و موئەسسەساتی ئەمریکا قبوڵی ناکات.

( 2 )
کاردانەوەکان
هەرواش بوو: کاردانەوە توند و خێراکان دوا بەدوای وازهێنانی ماتێس و مکگورکدا، سینات، کۆنگرێس، پنتاگۆن، وەزارەتی دەرەوە، کۆنە ئەفسەر و شارەزایانی سەربازیی، میدیای چەپ و راست، هاوپەیمانە زلەکان: فەرەنسا، بەریتانیا، ئەلمانیا ئەوورپا هەموویان دژی سەرەرۆیی و بێسەرو بەریی و گەمژەیی ئەو ترامپکەتنە بوون. تاکە دیکتاتۆرێ کە بۆی هەڵدەپەڕی ئەردۆگان بوو، پۆتین لە دڵەوە دەیخواست ئەمە بەراست بگەڕێت بەلام وەک کۆنە شارەزایەکی شاراوەکانی ئەمریکا، لە پنتاگۆن بەگومان بوو. هەر کاتێ روویدا و بە چاوی خۆمان دیمان باوەڕی پێ دەکەین ئەگینا، قسەی بۆشە و قسەش ناچێتە ناو گیرفانەوە.
دڵنیاین ئەو ترامپکەتنە کۆتایی هات. ئەمەش بەلگەکان.

( 3 )
ترامپ ناتویتینێ
سەیرو سەمەرە. هەر وەک باسوخواسی کشانەوە، هەر نەبووبێت، ئێستا ترامپی تویتەرچی ئەوە چوار مانگ زیاترە دەربارەی سوریا و کشانەوە و مشانەوە ناتویتێنێ. چریکە لێبڕاوە.
دیارە، هەر نەبێ لە ڕواڵەت و پێشکارییدا، کارە ئەمنیی و هەڵسانگەندنە سەربازییەکانی بۆ دوو داڵەکەی هاوپەیمانی و هاوبیریی بۆلتن و پۆمپیۆ واز لیهێناوە. ئەوان ئیستا لە پیشەوە ئایدیۆلۆجییەتەکەیان دەخەنە کار و لە پشتەوە پلانەکان و پیلانەکان دادەڕێژن، بڕیارە گرنگەکان ئامادە دەکەن، ئەمە لە کێشەی ئێران و پشتگیریی ئیسرائیل و ئەم بەزمەی دوایی ڤێنزوێللاش ئاشکرایە، بۆ ترامپ هیچی تێناچێت لە گەڵیان بروا، گەرچی بە هۆی ڤینزوێللاوە لە بۆلتن بێزارە، ترامپ شەڕی زەلکاویی درێأخایەنی ناوێت، سەرکەوتنی خێرای دەوێت، ئەمە لە کاراکاس بەدینەهات، بەلام لە سوریا بەدی هات. کورد بەدیهێنا. ئەمەش زۆر ستی چەسپاند، ڕەوشێکی ؛ ستاتسکۆ [ئەمری واقیعی] سەربازیی، ئداریی، سیاسیی، نیونەتەوەیی دورستکردووە کە بۆ ئەمریکا و ئەوروپا پاراستنی پێویستە نەک هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی.

( 4 )
کشانەوەی مەحال
هیچ شتێک هەتاهەتایی مەحاڵ نییە، بەلام لە هەلومەرجی ڤۆلەتایلی/ زۆربزێوی ئێستا و دوورخایەنیشدا کشانەوە ، بە بێ جێگرتنەوە، مەحاڵە.
ترامپ ئێستا لە بنکەی پشتگیرییەکەی دڵنیایە، ئەمریکا بووە بە دوو بەشەوە، بەشی ترامپیی ئەمریکاخواز: نەتەوەیی، سپیی رەگەزپەرست، و دیوارخواز و کۆچبەرنەویست و هەموو توێژەپەراویزکراوەکانی گوندنشین و ڕەش و ئەفریقیی و ئاسیاییش، کە گەدە و گیرفانیان لا لەپێشترەو قازانجیان لە بووژانەوەی ئابووریی و نەهێشتنی ىێکاریی ئەو کردووە- چی بکات، یان نەکات، پشتگیریی دەکەن.
بە پێچەاونەوە دیمۆکرات ولیبرالەکان هەموو ئەمریکاش بکاتە ئالتوون دژایەتی دەکەن.
– بەلام هیشتا ، دوای رزگاربوونی ترامپ لە پشکنیاریی ڕوسیاگەیتی (مۆلەر) یش، گرنگ ئەوەیە بەلانسەکە بپارێزێت، هەڵەیەکی کوشندە نەکات، ئابووریی دانەڕمێ، کارەساتێکی سیاسەتی دەرەوە نەبێتە باسوخواسی میدیای [فەیکنیوزی] دژ بە ترامپ. ئەمەش دیسانەوە بەختی ئێمەیە، هەر تەقەیەکی تورک لە کورد و کوشتنی شەڕوانێکی سوریای دیمۆکرات، دەبیتە هەواڵێکیی گەورە و بە نیشانەی لاوازیی و فەشەلی ترامپ دەخوێندڕێتەوە و جاڕ دەدرێت. جا چ جا بکشێتەوە و تورک هێرش بەرێت و جەنگی سوریا نوێبێتەوە و کەرامەت و عەقل و بەرژەوەندی ئەمریکا بەر لافاوی خوێن و وێرانکاریی کەویت لە کاتێکدا کە لە ٢٠٢٠ دا هەڵبژاردنی نوێی سەرۆکی ئەمریکا دەستپیدەکاتەوە!
پۆتین بۆ مەبەستی هەرە گەورە و ستراتیجی مێژوویی و جیۆپۆلیتیکی ڕاكێشانی ئەردۆگان بۆ دەرەوەی ناتۆ و ناو ڕایەلەی روسیا، ئەم گەوادییەی بەرامبەر عەفرین قبوڵ کرد، بەلام هیچ هۆیەک نییە کە ئەمریکا تەنازول بۆ تورک بکات و تەنازولی پێنەکات. لای ڕوسیا تورکیا ئەردۆگانە، لای ئەمریکا ئەردۆگان تورکیا نییە و دەبینن ڕۆژبەڕۆژ پایەکانی دەسەلاتی پتر دەلەقن و خۆری لە ئاوابووندایە.
بۆلتن و پۆمپیۆ لە یەمینییە ئایدیۆلۆجییەکانن ، دژایەتی تێرۆریزم و ئێکستریمی ئیسلامیی بەشێکە لە بیرو ئەجندایان. ئەوان دەزانن کە ئەردۆگان نەک تەنیا ئیخوانییەکی پیسە بەلکو ئیخوانییەکانی دنیا بە خەلیفە و سوڵتانی خۆیان دەزانن و ئێستا هەموو پلان و پیلانە جیهانییەکانیان لە سەر پێچکەی پەیمانی دووقۆڵی تورکیای زەبەلاحی موفلیس و قەتەری پاشکۆی ملیارداردا دەخولێتەوە.
ترامپ لەم ڕوانگە ئایدیۆلۆجییەوە لێیان نزیکە بەلام خووی تایبەتی خۆشی هەیە، بەلای ئەو ئاسانترە سەرکردە بەهێزەکان/ دیکتاتۆرەکان./ئۆلیگارگەکان یەکسەر بگوشێ و بە پێوەندی کەسیی ئامانجەکانی بەدەستبێنێت. بۆیە شتیكی لەگەل ئەردۆگاندا هیشتۆتەوە، بەلام بە پێویستی نازانێت لەم کارەدا بەرەنگاری ىۆلتن و پۆمپیۆ بێت. راستیی لە جەوهەردا لەگەڵیانە. ئەو کاتە بوو کە تورکیا بە شێوەیەکی ناشایستە پێشوازی بۆلتن ی کرد دوای ئەوەی وتی: مەرجی پاراستنی کورد مەرجی لەپێشینەی ئێمەیە، کە ترامپ تویتاندی: گەر دەست لە کورد بدەن ئابووری تورکیا وردو خاش دەکەم. ئەمەی لە بەر خاترو بۆ تۆڵەی بۆلتن وت، هەردوای تویتەکە پیوەندی پێوە کرد: سەیر کە چۆن تویتاندوومە.!
ئیدارەکەشی لە ڕووی ستافەوە لاوازە. تا ئێستا هەوڵی دامەزراندنی وەزیرێكی بەرگریی نوێی نەداوە، بۆی ناکرێ، کاتی کەمی بۆهەلبژاردنی 2020 بەدەستەوە ماوە، لە بۆلتن و پۆمپیۆی دلسۆزتر و هاوبیرتر دەست ناکەوێت، بۆیە بەلای منەوە هەر هەڵەیەکی وەک ڤێنزوێللاش بکەن، لە گەلیان دەژی و بەیەکەوە، دەچنە هەلبژاردنی 2020- ەوە.

( 5 )
ئەمە لە ڕوانگەی هەلومەرج و دارودەستەی راستەوخۆی ترامپ. پێویست دەکات ئەوەش وەبیر بێنینەوە کە سینات و کۆنگرێس بە یاسا کشانەوەی ئەمریکایان لە سوریا قەدەغەکردووە. لایەنی ستراتیج و جیۆپۆلیتیکی جیهانیی و خەبات بۆ نەوت و گازی دەریا ناوەراست و کێشەی ئێران و ئیسرائیل و دەوری ڕوسیا، و پێوەندییە تێکشکاوەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا: ئەوانە هەموو هۆکاری ڕاگری هەر هەوڵیکی کشانەوەی بێ ئامانج و ئەنجامی ئەمریکان لە سوریا.

( 6 )
بودجە بۆ یەپەگە
ئەمانەی سەرەوە لە ئاستی دیمەنە سیاسییە جیۆپۆلیتیکییەکەدا..
بەلام بۆ دڵنیایی زیاتر، هەنگاو و هەوالی پراتیکیی هەیە.
ئەمریکا لە بودجەی 2019 دا 550 [پێنسەد و پەنجا] ملیۆن دۆلاری بۆ پشتگیری هەسەدە دانابوو. 300 ملیۆن راستەوخۆ بۆ چەکدارکردن و مەشقپێکردنی ‌هێزەکانی هەسەدە ، و 250 بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی.
https://www.dailysabah.com/war-on-terror/2018/02/12/pentagon-2019-budget-allocates-550-million-for-ypg
گەر ئەمریکا نیازی کشانەوە یان پشتکردنە کوردیی هەبایە لە بودجەی 2020 دا ئەم یارمەتییەی دانەدەنا. بەلام لە بودجەی 2020 یشدا پێجنسەد و پەنجا ملیۆن دۆلاری بۆ هەمان ئامانج داناوە لەگەڵ 250 ملیۆنی تر بۆ [ئامانجی تر] کە دیاری نەکراون. واتە بودجە هیشتراوەتەوە و زیادکراوە. 2020 یش ساڵی هەڵبژاردنی نوێ دەبێت، بودجەش کۆنگرێس بڕیاری دەدات، ئەو کۆنگرێسەی کشانەوەی لە سوریا قەدەغەکردووە.dailysabah
بە سەر سەعودیە و ئەماراتیشیدا سەپاند 300 مڵیۆن بدەن. لەمە تەنیا 100ملێن دیارە کە لەکاتی قەیرانەکەی خاشقچیدا سەعودیە بە تاکە چەکیک پیشکەشی کرد.

( 7 )
سایسەتکارییەکانی جێمس جێفریی
دەبێ لە سیاسییە ئەمریکیی و ئەوروپاییەکانی سەر گۆڕەپانەکە بترسین. لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، مەیجەر نۆیل کاربەدەستێکی بەریتانی نەک دۆستی کورد بەلکو کورپەروەریش بوو، کوردیست بوو، بەلام لۆبی عەرەبی لە لەندەن و عەرەبەکان و عەرەبیستەکان ئەویان لاداو عەرەبیستی دژ بەکوردیان لە جێی دانا و کوردیان بە زیندوویی کەوڵکرد و باشووریان لووشدا.
من مەترسیم هەبوو لە دانانی جێمس جێفری، کە بە هاوسۆزیی لەگەڵ تورک ناسراوە و بەرپرسی ئەجندای سوریا بوو، بۆ جێگرەوەی مکگورک، کە دۆستی کورد بوو و تورکەکان دوژمنایەتییان دەکرد، لە 5 ی کانوونی دووەمی 2019 دا.
A- جێفری لە راگەیاندنەکانی پێش دامەزراندنی ناحەزیی خۆی بۆ کورد و پەکەکە نەشاردبۆوە. لە وتارێکیدا بۆ بیرخانەی ئەتلانتیک لە 17 ی دیسەمبەری 2018 دا دەڵێت:
[پێوەندی ئەمریکا بە هێزەکانی سوریای دیمۆکرات تەکتیکی و سەوداکارییە. ئێمە پێوەندی بەردەواممان بەو کیانە نیمچە-دەولەتانەوە نییە.. ئەمریکا بۆ ئامانجی تایبەتی دیاریکراوی جەنگ دژ بە داعش پشتگیری هەسەدەی کرد.]

The U.S.’s relationship with the SDF is “tactical” and “transactional”, Jeffrey “We don’t have permanent relations with sub-state entities,” he said, adding the U.S. supported the SDF with the specific goal of fighting against ISIL.www.hurriyetdailynews.com

B- زیاد لە هەموو دیپلۆمات و سیاسیی ئەمریکی ئەو جەختی لەوە دەکرد کە یەپەگە لکێکە لە پەکەکە. لە کۆبوونەوەیەک لە برۆکسل لە 15ی مارتی 2019 دا لە وەلامی پرسیارێکدا دەڵێ:
[[ سەرۆک [ترامپ] ڕوونی کردۆتەوە کە ئەو زۆر خەمخۆریی مەترسیی ئەمنیی ڕەوای تورکیایە. تورکەکان لە هەسەدە دەترسن کە هاوبەشی لۆکالیی ئێمەیە لە سەرووی ڕۆژهەلاتیی سوریا، کە تارادەیەک کوردییە و تا رادەیەکی زۆر سەرکردەکانی کوردن، پێوەندی تەواوی بە پەکەکەوە هەیە و تورکیا نیگەرانی ڕەوای هەن. سەرۆک و ئێمەش هەموومان بەلێنمان داوە نیگەرانییەکانی تورکیا نەهێلێن. بەلام ئێمە هەروەها زۆر بەتەنگەوەین کە نەهیڵین خەلکی کورد کە لەگەل ئێمە دژی داعش راپەرین و تارادەیەکیش دژی ئەسەد، لە هەموو مامەڵەکردنێکی خراپ لەگەڵیان بپارێزین. ئێمە زۆر بە سەختی کار بۆ ئەوە دەکەین هەردوو ئامانجەکە [ ئەمنی تورکیا و پاراستنی کورد/ پێکەوە جێبەجێبکەین.] www.state.gov
C- لە 19 ی نیسانی 2019 دا دەڵێت:
[ ئەمریکا خواستی ئەوەی هەیە کە دامەزراندنی ناوچەیەکی ئامان لە ناو سوریا لەسەر سنووری تورکیا بەرچاو بگرێت کە ژمارەیەکی سنوورداری سوپای تورکی لێ هەبێت، بەلام هیچ هێزێکی یەپەگەی لێنەبێت. جیفری لەمەش پتر وتی: یەپەگە لقیکی پەکەکە یە . بە ئاماژە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان کە ئەمریکا و ئەوروپا بە تێرۆریستی دادەنێن.]

US Syria envoy James Jeffrey said the United States is willing to consider a safe zone inside Syria on the Turkish border that would include a limited number of Turkish forces but that is free of the People’s Protection Units (YPG),
Jeffrey added that the YPG is “the PKK’s offshoot,” referring to the Kurdistan Workers Party, which Turkey, the United States and the European Union all consider a terrorist organization.

Read more: www.al-monitor.com

کەواتە تا 19 ی نیسانیش، جێفری یەپەگەی بە بەشێک لە پەکەکە دادەنا و زیاتر جەختی لە سەر هەقیانەتی تورک بە دامەزراندنی ناوچەیەکی ئاسایش لە ناو سنووری سوریا بێ بوونی کورد، دەدا. al-monitor.com

دیارە ئەم هەڵوێستانە بە کارتێکردنی تورکیا و لۆبی تورکی بووە کە لۆبی ئیسرائیلیشی تێکەڵە، و وەک هەڵوێستی شەخسی خۆی دەریبڕیون. ئەگینا لە 8 ی نۆڤەمبەری 2018 دا جەختی کردۆتەوە:
هەڵوێستی ئێمە دژی پەکەکە ئاشکرایە. بەپێچەوانەی پەکەکەیەوە ئێمە یەپەگە وەک ڕیکخراوێکی تێرۆرسیت ناناسین. ئێمە قەت ئەوەمان نەکردووە.]
“Our position against the PKK is clear. Contrary to the PKK, we do not define the YPG as a terrorist organisation. We have never done that,” Jeffrey said.
یان دیارە مەبەستی ئەوەیە گەرچی یەپەگە لە پەکەکەشەوە سەری هەڵدا بێت [ کە ئەمە قبول دەکەن] بەلام لە ئامانج و کردەوە و دەوری لە سوریادا جیاوازە و هاوپەیمانی ئەمریکایە و بە تێرۆریستیان دانەناوە و داینانێن.

( 8 )
چ کار لە هەڵوێستی دیپلۆماتەکان دەکات؟
دیپلۆماتەکان گەر بۆیان بلوێ سەربەخۆ کار بکەن وەک سایکس و پیکۆ کار دەکەن. بەلام لەم زەمانەدا بۆچوونی کەسییان هەرچییەک بێت، بە کۆمەڵێ مەرجەوە بەستراوەتەوە، بە گۆڕینی راستییەکان لە سەر گۆڕەپانی ڕووداوەکان، گۆڕینی پێشخواستەکان، گٶڕینی سیاسەتی گشتیی، گۆڕینی هاوکێشە جیۆپۆلیتیکەکان، گۆڕینی هێزی دروست و پۆتێنشیالی کاراکتەرەکان، گۆڕینی سیاسەتی مەرکەزیی دەولەتەکەیان یان بۆچوونی سەرکارەکانیان، هەروەها ئەزموونی کارکردنی خۆیان لەگەل کاراکتەرە سیاسیەکانی هاو-ئەجندایان. ئەوەشمان لە بیر نەچێ ئەمڕۆ میدیا کۆنەباو [ترادیشنال] و دیجیتالی نوێ ئاگادار و چاودێریی زۆربەی وتە و جووڵەکانە. گەندەڵییش هەیە. لۆبیییەکان و پارەی ملیۆنیی کار لە گەندەڵەکان دەکات گەر بتوانن بیشارنەوە. یەکەم راوێژکاری ئەمنیی ترامپ مایکل فلین، پێنج ملیۆن دۆلاری پێشەکی لە ئەردۆگان وەرگرتبوو تا خزمەتی ئەجنداکانی تورکیا لە ئیدارەی ترامپدا بکات.www.theguardian.com لە زۆر جاریشدا دیپلۆماتەکان دوور نییە گەوادی نهێنیی ئیسرائیل و سەهیۆنیزم بن.  هەرچۆنێ بێت جێفری گۆڕاوە. ئێستا تێڕوانینێکی باشتر و وردەکارتری بۆ مەسەلەی یەپەگە و ناوچەی ئاسایشی تورکخواست هەیە.

( 9 )
ئەرکەکانی جێفریی لە سوریا
ئەرکی جێفری لە سوریادا چوار لایەنە:

1- کارکردن لەگەڵ هەسەدە و هاوپەیمانانی ئەوروپیی و جیهانی و عێراق بۆ بەردەوامی جەنگ دژی داعش و مانەوەی هەسەدە وەک هێزێکی جەنگاوەری پرۆفێشنال و کۆنترۆل و باشتکردنی ئیدارە و پێشکەوتنی ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی هەسەدە و چارەسەری گرفتەکانی.

2- کارکردن دژی رژێمی ئەسەد و دەوری ئێران و میلیشیاکانی

3- کاری دیپلۆماسی لەگەڵ روسیا و ئۆپۆزیسیۆنی سوریی و نەتەوە یەکگرتۆکان بۆ پرسی لیژنەی دەستووریی و دەستووری نوێی سوریا و چارەسەرکردنی دوایی کێشەی سوریا بە شێوەیەکی سیاسیی بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتۆکان.

4- کاری چر و خەست و بەردەوام بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان تورکیا و کورد و مەسەلەی ناوچەی ئاسایش یان جیاکەرەوە کە تورک دەیخوازێت. هەر چواریان پێوەندی راستەوخۆیان بە چارەنووسی کورد و ڕۆژاواوە هەیە گەرچی خاڵی چوارەم گەرمتر و لەپێشترە.

( 10 )
هەڵویستی ڕوونی ئێستای جەیمس جێفری
ئێستا لە هەموو ئەوانەدا جێفری هەڵویستی روونی هەیە. ئەمەش لە دوا چاوپێکەوتنی لەگەڵ سکاینیوزی ئەماراتی لە رۆژی 30 ی نیساندا بە روونی دەریبڕیوە، بۆیە گرنگە هەڵوێستەکانی وەک خۆی بزانین بە تایبەتی کە لە بەر ئەو چوار ڕۆڵەی دەیانبینێت، دیمەنە گەورەکەی سوریا لە زۆر گۆشەی جیا پێکناکۆکەوە پێشکەش دەکات. ئەو وشانەی ناو کەوانەکان قسەکانی جێفری ن.
1- دەربارەی میلیشیای ئێرانی لە سوریا
[میلیشیای ئێرانی لە سوریا بوونە هەڕەشە بۆ هەموو ناوچەکە بە هێنانی سیستمی سارۆخی بالیستی دوور-مەودا و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان/ درۆن و سیستمی بەرگری کە لە پێویستییەکانی جەنگان دژی بەرەنگارانی حکومەتی دیمەشق بەدەرن. ئەوانە هەڕەشەن بۆ ولاتانی داروسێ وەک ئیسرائیل و ئوردون و تورکیا و لە دواییدا هێزەکانی ئەمریکیی]]
ماناکەی: دەرچوونی میلیشیای ئێران لە سوریا ئامانجیکی لەپێشی ئەمریکایە و پشتگیری ئیسرائیل دەکەن و گوشار دەخەنە سەر ڕوسیا بۆ ئەم ئامانجە.
2- هەلوێستی رووس بەرامبەر میلیشیاتی ئێرانی و هاوئاهەنگیی لەگەڵ روسیا
جێفری دەڵێ:
[[ئێمە ئەوپەڕی گرنگیی بەم پرسە دەدەین و لەگەڵ ڕوسیا باسمان کردووە، ئەمە پێوەندی بە پاشەڕۆژی سوریاوە هەیە. مۆسکۆ بە روونی هەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆن و ولاتانی تر لەم بارەوە تێدەگات.
نزیکی ڕۆژانە هاوئاهەنگییمان لەگەڵ ڕوسیا هەیە لە هەموو ئاستێکدا. لە هەندێ لایەنەوە پێشکەوتنمان بەدەستهێناوە، لە هەندێکی تر خیلافمان هەیە، دیارە روسیا پشتگیری ڕژێمی ئەسەد دەکات، گرفتە سەرەکییەکە لێرەدایە واتە ڕژێمی ئەسەد]
ماناکەێ: رۆژانە پێوەندیی هەیە، و گەر روسیا واز لە پشتگیریی ئەسەد بێنێت دەشێ لە سەر بەشکردنی بەرژەوەندییەکان لە سوریا ڕیکبکەون. حەفتەی داهاتوو پۆمپیۆ دەچێت بۆ ڕوسیا بۆ گفتوگۆ لە سەر زۆر مەسەلە لەوانە سوریا. بە سەرهەڵدانەوەی توندی بەرەکانی شەڕ لە ئیدلیب تورکیا خەریکە لە هەموو هاوکێشە سیاسییەکان دەچێتە دەرەوە. روسیا و ئەمریکا بەیەکەوە لە ئاخریدا چارەنووسی سوریا دیاری دەکەن، هەموو پرۆسەکانی تر تێکەلی تراژیدیا و کۆمیدین.
3- پرۆسەی چارەسەریی سیاسیی و دەستوور
[هاوئاهەنگیی لەگەڵ ڕوسیا و نوێنەری نەتەوەیەکگرتۆکان بۆ سوریا میستەر بێدرسۆن دەکەین بۆ چارەسەری سیاسیی بە پێی ىڕیاری 2254, بەلام پرۆسەی ئەستانا هیچ پێشکەوتنیکی دەربارەی لێژنەی دەستووریی بەدەستنەهێناوە کە یەکێکە لە هەنگاوە میحوەرییەکانی پرۆسەی سیاسیی]
4- دەربارەی ناوچەی ئامان یان جیاکەرەوە کە تورکیا داوای دەکات
[[ وەک هەر دانوستانێک، لەسەر هیچ شتێک ڕێکناکەویت تا لە سەر هەموو شتێک رێکنەکەویت.! بەلام پێم وایە ئێمە راوێژکاریی کاردارمان لەگەڵ تورکیا هەیە. لایەنی تورکی مەترسیی زۆریان هەیە کە من تێگەێشتنم بۆیان هەیە هەروەها سەرۆک ترامپ -یش. ئێمە ئەم بابەتە وەک بنەمایەک بۆ گفتۆگۆکانمان بەکاردێنین. لێرەدا دووبارەی دەکەمەوە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا گفتوگۆی زیاتر دەکەین. هیوادارم پێشکەوتنی زیاتر بەدەستبێنین.]
ماناکەی: قسەی دیبلۆماسییانەی بێ ناوەڕۆک. داواکاریی تورکیا بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئامان و دژەفڕ لە ناو خاکی سوریا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای 2013 لەو کاتەوە نە ئیدارەی ئۆباما نە هی ترامپ نە ئەوروپا نرخێکیان بۆ ئەم داوایە دانەناوە. ئێستاش تورکیا ڕەوشی زۆر خراپترە، لاوازترە، وەرەقەکانی سووتاون، دەیەوێت وەک شەڕی خۆتڕێن تەنیا بە هەڕەشەی کوشتنی کورد بە هەموو ئامانجەکانی بگات بەلام کوردکوژیی هەموو پلانەکانی هەلوەشاندنەوە و زیاتریش تا ڕووخانی تەواو.
5- چارەنووسی ‌هیزەکانی سوریای دیمۆکرات:
[[ دەبێ لە بیرمان نەچێت هێزەکانی سوریای دیمۆکرات هێزی سەربازیی شێوە-حکومەتیین و شەریکمانن لە تێکشکاندنی داعش و بەشداری دەکات لە دابینکردنی ئاسایش و زامنی نەگەڕانەوەی داعش. ئەندامانی هەسەدە هاونیشتیمانی سوورین وەک هەموو ئەو کۆمەلە سیاسییانەی لە عێراق ئیشمان لەگەڵ کردن پێش رووخاندنی سەددام، کە هەموویان لە هاوولاتی عێراقیی پێلهاتبوون.
چارەسەریی دوورخایەن کە پێی بگەین لە سەر بنەمای بریاری 2254 دەبێت. هەرچی ئێمە دەیکەین لە سەر ئەم خاڵە وەستاوە. دەبی هەڵبژاردن لە هەموو سوریادا بکرێت، و کار بۆ پرۆسەیەکی سیاسیی بکرێت کە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ زامن بکات، جگە لە ئازادییەکان و پێشکەوتنی دیمۆکراتیی بۆ هەموو دانیشتووانی سوریا لەوانەش دانیشتووانی سەرووی ڕۆژهەڵاتی سوریا
هەروەها نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا جاختی کردەوە کە ئەمریکا پاڵ بە ‌ێزەکانی سوریای دیمۆکراتەوە نانێت کە ببنە بەشیک لە سوپای سووریی]]
قال جيفري: “علينا ألا ننسى أن قوات سوريا الديمقراطية هي قوات عسكرية شبه حكومية وهي شريكتنا في هزيمة داعش، وتساهم في تحقيق الاستقرار وضمان عدم عودة داعش. وأعضاء قسد هم مواطنون سوريون، تماما مثل العديد من المجموعات السياسية في العراق التي عملنا معها قبل إطاحة صدام حسين، حيث كانت مؤلفة من موطنين عراقيين”.
وتابع: “الحل البعيد الأمد الوحيد الذي يمكن التوصل إليه يعتمد على القرار 2254. فكل ما نقوم به مبني على هذه النقطة. يجب إجراء انتخابات في كل سوريا والسعي من أجل عملية سياسية تضمن حقوق الإنسان الأساسية، بالإضافة إلى الحريات والتطور الديمقراطي للجميع في سوريا بمن فيهم سكان شمال شرقي سوريا”.
وأكد المبعوث الأميركي الخاص إلى سوريا أن بلاده لا تدفع قوات سوريا الديمقراطية لكي تكون جزءا من الجيش السوري.
ماناکەێ: ئەمە ڕوونترین هەڵویستی سیاسیی ئەمریکایە لە زمانی سیاسییە. بریاربەدەستەکەی سەر گۆرەپانی سوریا و بەرپرسی پێوەندییەکان لەگەڵ کورد و سوریا دیمۆکرات. لەمەدا پێناسەیەکی نوێ بۆ سوریای دیمۆکرات بەدی دەکەین:
1- ئەوان میلیشیا نین بەلکو ‌هیزی شیوە نیزامی- حکومەتین واتە لە پرۆسەی بوون بە حکومەت دان
2- گرنگە کە ئیعتیراف بە هێزەکانی کورد وەک شەریکی بەهێزترین هێزی سەربازیی دنیا واتە ئەمریکا لە تێکشکاندنی مڕندەتترین هیزی فاشیستی ئیسلامیی داعشدا دەکات وەک [ شەریک لە سەرکەوتن] دا پێناسەیان دەکات.
3- جاران دەیوت پیوەندیمان تاکتیکییە و بە کۆتایی تێکشکانی داعش کۆتایی دێت. ئێستا دەلیت: ‌هەسەدە ‌‌یزی سەربازیی شێوەحکومەتیین و ئەرکی دوای داعشیان زامنکردنی ئاسایشە لە ناوچەکەدا کە سێیەکی خاکی سوریایە! و هەروەها زامن بن بۆ نەگەڕانەوەی داعش.
4- تا ئێستا تورکیا بە توندی دژی بەشدارکردنی کورد بووە لە پرۆسەی جنێف. ڕوسیاش بۆ خاتری هەڵخەلەتاندنی ئەردۆگان لەگەل ئەم داوایەی تورکیا ڕۆیشتووە گەرچی وەک پرینسیپ باوەڕی بە پێویستیی بەشداری کورد هەیە لە پرۆسەی سیاسیدا، جێفری روونتر قسە دەکات:

A- ئەم دەورەی کورد و هەسەدە وەک هێزی نیزامی سەرووی روۆژهەلاتی سوریا دەمێنیتەوە تا چارەسەری سیاسیی کێشەی سوریا بە پێی بریاری ئەنجومەنی ئاسایشی 2254 چێبەجێنەکریت

B- کورد وەک هاونیشتیمانی سوریی دەبێ بەشداربن لەم پرۆسەیە

C- ئەم بەشدارییە تایبەتمەندی ناوچەی دەسەلات و ‌ هەسەدە نابی تێکبدات بەلکو بیچەسپێنیت ئەویش بە دامەزراندنی وەک ناوچەیەکی ئیداریی شیوە سەربەخۆ وەک چۆن ئەمریکا لەگەڵ کوردی عێراق پێش و پاش رووخانی سەددام کردی.
ئەم بۆچوونە لە راگەیاندنی دواییدا زیاتر دەسەلمێنیت: کە
D- ئەمریکا بە هیچ جۆر دانوستاندن لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد ناکات و دەیەوێت بە پرۆسەی سیاسیی 2254 و هەڵبژاردن کۆتایی پێبێنێت
E- ئەمریکا نایەوێت ‌یزەکانی سوریای دیمۆکرات ببنە بەشیک لە سوپای سووریی [ راستی ریگای گفتوگۆی جددیش نادات.
هەموو ئەمانە ئاخری دەبێ لەگەڵ روسیا نەک تورکیا، ڕێکەوتنیان لە سەر بکرێت. بۆیە زۆر گرنگە کوردەکانی رۆژاوا پێوەندی نزیک و دیپلۆماسییەتی چالاک لەگەڵ روسیا بەکاربخەنەوە.

[چاوپێکەوتنەکە بە نووسین و ڤیدیۆ: www.skynewsarabia.com

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت