عەلی مەحمود: لە جیاتی هەر بندیوارێك خۆبەخشێك دامەزرێنن.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەیەك لەمەوپێش بەناو خۆ بەخشەكان ناڕەزایەتییان دەربڕی, لە میانی ناڕەزایەتییەكەیان دوشمی “لە بری هەر بندیوارێك خۆ بەخشێك دامەزرێنن” یان بەرز كردەوە.
لە كوردستاندا بندیوار پێ ناسێكی لاستیكی هەیە, زۆر جار ئەو بێوەژنە رەشپۆشە پیاو ئەنفالكراوەی كە بە دەردەسەری و جەفا منداڵەكانی دوای ساڵی 1988 بەخێوكرد و بە دیاریانەوە دانیشت و پرچی سپیكرد, تا دەگاتە پێشمەرگەیەك دێرینی بەشدار لە خەباتی چەكداری كە هەر چركە ساتێكی ژیانی بۆخۆی تراژیدایەك بووە, یان ئەو بەردەستەی لە گوندێكی لادەست مانگانە بە 140 هەزار دینار لە نەخۆشخانەیەك یان مزگەوتێك یاخود قوتابخانەیەك دامەزراوەو دەوام ناكات, تا دەگاتە ئەو ئەفسەرو پلە دارانەی تەواوی نێرینەی خزم و عێلی بە چەكدار نووسیوەو مانگانە موچەیەكی باش وەردەگرن و دەوامیش ناكەن, هەموو ئەمانە زۆر جار بە یەك پێوەر بە بن دیوار دێنە ژماردن.
خۆبەخشیش كەسانێكن بێ ئەوەی كەس داوایان لێبكات ئەركێك دەگرنە ئەستۆ بۆ خزمەتی چین و توێژێكی كۆمەڵگا, ئەمانە تا ئەوكاتە خۆبەخشن كە كارەكەیان تێكەڵ بە خۆژیاندن و بە دەست هێنانی مادی نەبێت, كە لە بەرامبەر كارەكەیان موچەو پاداشتییان وەرگرت نابنە خۆبەخش.
لەم دروشمەوە بۆمان دەردەكەوێت كە ئەم خۆبەخشانە لە بنەچەدا خۆبەخش نەبوونەو بە هەڵە ئەو ناوەیان هەڵگرتوە یان لە خۆ ناوە, بەڵكە ئەمانە كرێكار یان فەرمانبەری عەقدن, بۆ ئەوە بە ئیمتیازاتی كەم كارە كەن تا هەلێكیان بۆ رێك بكەوێت دابمەزرێن, ئەمەش مافێكی شەرعی و رەوای خۆیانە و دەبێت مكوڕ بن لە داواكارییەكەیان وەلێ لە هەمبەر نانبڕاو كردنی كەسی دی نا, كەسی خۆبەخش بێ هیچ چاوەڕوانی و پاداشتێك كارەكانی دەكات و ناهێڵێت ئەوكارە ببێتە سەرچاوەی دەستكەوتی ئابووری.
كەواتە ئەم بەڕێزانە لە بنەڕەتەوە خۆ بەخش نین , وەلێ مافی خۆیانە دابمەزرێن و ئەو داوایە بكەن, یان لە داهاتی كوردستان پشكێكیان بەر بكەوێت, بە پێی دابەشكردنێكی دادپەروەرانە, بە بڕینەوەی موچەی بنەڕەتی بۆ هەمو تاكێكی بێكار یان هەژاری كۆمەڵگا, یاخود دامەزراندن لە پێناو بە سفر كردنی هەژاری لە كوردستان, واتا دامەزراندن لە كەرتی گشتی بە خاڵ بێت و لە پێناو بە سفر كردنی هەژاری بێت و هەموو كۆمەڵگا بەهرەمەند بێت لە كاری كەرتی گشتی, هاوكات جێی خۆیەتی داوا بكرێت ئەوەی موچەی بۆ بڕاوەتەوە لە بڕی موچەكەی كارێك بكات, با هەموو بەهرەمەند بین بە یەكسانی لە داهاتی وڵات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت