بورهان شێخ ڕەئوف: سووتاندنى دانەوێڵەى جوتیاران لە عێراق و سوریا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەى ئەمساڵ و لە وەرزى دروێنەى دەغڵ و دان لە عێراق و سوریا ڕویدا بەم فراوانییەى ئێستاى باوەڕناکەم لە مێژووى کۆن و نوێ ى ئەم ناوچەیەدا ڕوویدا بێت ئەگەر لە سەردەمانى پێشوو و کۆنى فیوداڵى و دەرەبەگایەتى لە کێشەى نێوان ئاغاو جوتیارو یان کێشەى کۆمەڵایەتى و خێڵەکى لە نێوان خێڵەکاندا وەکو تۆڵە سەندنەەوە لە دژى یەکترى پەنایان بۆ سووتاندنى پووش و پاوەن و دانەوێڵەى یەکتر بردبێت ئەوەش لە لایەن خەڵکى ترسنۆک بێ بارەوە ئەنجام دراوە تەنانەت لە ناو خێڵەکانیشدا ئەو کارە بە کارى کەسانى ترسنۆک وبێ توانا قێزەون ناوبراوە.
ڕاستییەکەى سەرەتا ویستم ئەم وتارە تەنها بە شاڵاو پەلامار بۆ سەر جوتیارانى کورد لە عەفرینەوە تا خانەقین ناوبنێم بەڵام کاتێک سێرچم کرد و بەدواى هەواڵەکاندا گەڕان بۆم دەرکەوت نەک جوتیارى کورد، بەڵکو شتەکە فراوانتر ەو سنوورى کوردستانى بڕیووەو تا ناوەڕاست و باشوورى عێراقیش.
بۆیە ئەگەر تا ئەوکاتە بە پیلانى عەرەبە هاوردەکانى سەردەمى پێشووى عێراقمان زانیبێت ئەم تاوانەگەورە کە سووتانى بەرهەمى ساڵێکى جوتیارانە و تاکە سەرچاوەىداهات و پارووى دەمى مناڵەکانیان بێت جگە لە پیسکردنى ژینگە و سووتاندنى بە کۆمەڵى هەزاران جۆر زیندەوەر و ئاژەڵى کێوى کە تاوانێکە کەس ناتوانێت پاکانەیەنان بۆبکات بە هەموو پێوەرەکان و یاسا وڕێسا و ئاینەکانیش ئەوا ئێستا گوومان بۆ زۆر فاکتى تر دەچێت و پێویستى بە خوێندنەوەى وردو گشتگیر هەیە بۆ هەموو پاڵنەرو کارەکتەرەکانى لە ئاستى بڵندا لە عێراق بە تایبەتى کە حکومەتى هەڵبژێراو هەیە و دامو دەزگاکانى دەوڵەت هەر لە ئەنجوومەنى نوێنەرانەوە تاوەکو سەرۆکایەتى کۆمار بە سەدان ڕاوێژکارو بە حکومەت و سوپاو دامودەزگاى هەوڵگرییەوە کە بوودجەى زەبەلاحیان بۆ تەرخانکراوە.
ئەگەر لە سوریا کاولەى دواى شەڕو ماڵوێرانى بێت هەربەشەى بەدەست وڵاتێک و میلیشیاییەکەوە بێت ئەوا عێراق ئێستا لە دۆخێکى تردایە و سەرمەستى دواى سەرکەوتنەکانن لە شەڕى داعش و کۆنترۆڵى تەواوى ناوچە جێناکۆکەکانى مادەى 140 ى دەستوورى عێراقیشیان کردووەو ئەرکى پاراستنى سەروماڵى هاوڵاتیان لە ئەستۆى هێزەکانى سوپاى عێراق و وەزارەتى ناوخۆ و حەشدى شەعبی دایە.
ئەوەى ڕویدا سووتانى هەزاران دۆنم زەوى چێنراوى جوتیاران لەم دوو وڵاتە عێراق و سوریا بە تایبەتى تریش ناوچە کوردنیشینەکانى، کارەساتى سروشتى نەبووە تاوەکو بە بێدەنگى بەڕێ بکرێت تەنها داخ و پەژارەى بۆ بخورێت بەڵکو ئەوەى ڕوویداوە بە بەرنامەوبە ڕێکخراوى بە مەبەست ئەنجام دراوە کە دەکرێت خوێندنەوەى جیاجیاى بۆ بکرێت:
1- ئەوەى سووتاندنى بەرهەمى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستانە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەڕۆن کە عەرەبە هاوردەکانن کە پێش پرۆسەى ئازادى عێراق بە بڕیارى مجلس قیادە سەورەى بەعس زەوی جوتیارە کوردەکانیان پێ درابوو کە دواى پرۆسەى ڕووخانى سەدام ڕایانکردوو زەوییەکان گەڕانەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانى خۆیان بەڵام ئێستا لە دواى ڕووداوەکانى 16 ئۆکتۆبەر بە پشتیوانى پارێزگارى داسەپاوى کەرکوک دەخوازن زەوییەکان داگیر بکەنەوە جارێکى تر.
2- ئەم کردەوانە دەچێتە خانەى کارى تێکدەرانەو و تیرۆریستى یەوە چونکە پەیوەندى بە ئاسایشى خۆراکى ئەم دوو وڵاتەوە هەیە لە کاتێکدا ئەمساڵ ساڵێکى پڕ خێرو بەرەکەت و باراناوى بوو کە ساڵانێکى درێژبوو باران بەم شێوە نەباری بووە و بەشێکى زۆرى کشتوکاڵیش لەم وڵاتانەدا پشت بە بارانى سروشتى دەبەستێت بۆیە چاوەڕوان دەکرا بەشى پێویستى خۆراکى ناوخۆیى هاوڵاتیان بەرهەم بێت و پێویست بە هاوردەکردنى گەنم و لە دەرەوە نەبێت کە ئەمەش زیان بە وڵاتانى تر دەگەیەنێت کە چاویان لە بازەڕەکانى عێراقە بۆ ساغکردنەوەى بەرهەمەکانى خۆیان.
3- ئەم تاوان و کارەساتانە ناکرێت چاویان لە ئاستادا دابخرێت و بە کردەوەیەکى ئەنجامدەرى نەناسراو لەلایەن حکومەت و دامودەزگانییەوە دابپۆشرێت چونکە دەتوانرێت و دەکرێت بکەرەکەى دیارى بکرێت، چونکە دیارە کێ زیانمەندەو و کێ سوودمەندە و ناکرێت بە کارى سودفەو ڕێککەوت ناوزەد بکرێت، بە تایبەتى هەواڵەکانى پارێزگاى سەلاحەدین باس لەوە دەکەن کە کەرەسەو پێداویستى تەکنۆلۆجى پێویست دەستى بە سەرداگیراوە کە بەکارییان هێناوە بۆ ئەنجامدانى ئەو تاوانە مەزنە.
4- هەموو ئەوانەو ڕۆڵى میلیشیا و ناکۆکى تائیفى و ئتنیکیش لەو هۆکارانە کە دەکرێت کاریگەرییان هەبێت لەسەر ئەو ڕووداوانە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت