بەهرۆز جەعفەر: ریفراندۆم و ڕاستی کێشەی کورد لە عێراقدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکەم/ کورد لە دەستوری عێراقدا ( کە خەڵکی بە لێشاو ساڵی 2005 چوون دەنگیان بۆ دا) هیچ مافێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی نییە، بەڵکو بە ناڕاستەوخۆ ئەگەر دەستورەکە بخوێنیتەوە بەتایبەت ماددەی 113 و 115 کە باس لە پێکهێنانی هەرێم ئەکات، گەلی کورد بەشێکە لەگەلی عەرەب!. بە مانایەکی تر هیچ سنورێکی جوگرافی بۆ گەلی کوردستان دیاری نەکراوە لە دەستوری عێراقدا، کە سنوری جوگرافیش نەبو یانی مافی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەستەبەر نە کراوە. لەمەش ڕوونتر ئەوەیە کێشەی کورد یان دانپادانانی بونی کورد لە عێراقدا دانپیانانێکی یاسایی- دەستوری- نێودەوڵەتی دۆکیومێنتکراو «وثائقي» نييه، بەڵکو بابەتەکە تەنها پرسێکی سیاسیی ڕووکەشە. ئێستا ئەگەر دوو سەرکردەی شیعە بچنە لای سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەهدی بڵێن بۆچی ئەم هەموو بودجەیە ئەدەی بە هەرێمی کوردستان، ناڵێ لەبەرئەوەی لە دەستور یان یاسای بودجە یان فوڵان یاسای بەرجەستەکراوی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە وا بکەم، بەڵکو ئەڵێ ئەمە باشترە لەوەی شەڕی نێوان کوردو عەرەب لەم قۆناغە هەڵگیرسێت و بە خوێن ئەم گرفتە قووڵتر بکەینەوە.
دووەم/ گرفتی ڕاستەقینەی کورد لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا «گرفتی دەوڵەتە» چونکە لە چوارچێوەی دەوڵەتدا ناسنامە – Identity دروست ئەبێت. نەبونی دەوڵەت ناسنامەی کوردی خستۆتە بەر مەترسی هەموو کاتێک.
سێهەم/ لە ڕووی ئەخلاقیەوە بۆ هەر تاکێک و دەوڵەتێک نەنگیە دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەر گەلێکی دیکەی ژێر دەستە بێت لە هەر شوێنێک، چ جای ئەو بابەتە پەیوەست بێت بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان
چوارەم/ هەموو ڕۆژێ گەلی کورد ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بکات فەشەل دێنێت، مافەکانی خۆی بەر تەسک تر ئەکاتەوە، کارەساتی مرۆیی و سیاسی و ئابوریی ئەخوڵقێنێت، ئەگەر لەناوخۆی کوردستاندا پێشوەخت چاکسازی نەکات، سیستەمی دارایی بەهێز بینا نەکات، ئەرتەشێکی نیشتیمانی بەرجەستە نەکات. لە دەرەوەی عێراق لۆبی نەکات ، خۆی بە شێوەیەکی زانستی و تیۆری نەخاتە سەر نەخشەی جیۆپۆلەتیک ی ناوچەکە. خوێندنەوەی دەستوری و یاسایی قووڵی پێشوەختە نەکات. ئەوا شکستی ئەو ڕیفراندۆمە لە بەرایی دا دیارەو، پێویست ناکات درێژەی بدرێتێ. بەڵام وەک گوتم هەر کراو سووربون لەسەری ئەوا لە ڕووی ئەخلاقیەوە بێ موبالاتی لەبەرانبەر پرسی ناسنامەو دەوڵەت «ئەگەر ڕووکەش» یش بێت بێ ویژدانیەو پێویستە دەنگ بەو ڕیفراندۆمە بدرێت. ئەگەرچی بازدانێکی وا بێ ئەو ئامادەکارییانە ئەگەری کەوتنە ناو گۆمەکە زیاترە وەک لە پەڕینەوە.
پێنجەم/ ئەگەر پارتی و یەکێتی لەوە زیاتر درێژە بەکات بدەن و، هەنگاوەکان بەرەو سەرلەنوێ بیناکردنەوەی کەسێتی تاکی کورد نەهاوێژن، دیراسەی ووردی گەمەی جیۆپۆلەتیک و گەنەی بازاڕ نەکەن و، ئەکتەر و ڕۆڵی ئەکتەرەکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا نەناسن، هەروەها نا بەرپرسانە کێشەکان بە ڕۆژگار بسپێرن ئەوا مێژوو ڕەحم بە کەس ناکات.
شەشەم/ ئەگەر نەتەوەیەک، حکومەتێک، (سیاسی! ) یگەلێک ئەوەیان بیر چوبێتەوە لە حەویجە پێشمەرگە دیلەکان لە قەفەز نران و لە ناو بازاڕدا سوکایەتیان پێ ئەکردن، ئەوەیان بیر چوبێتەوە ئاڵاکەیان لەژێر پێی حەسەن پلایسەکاندا بو، لەبەر گەندەڵی و شەڕەشەقی ناوخۆیی بیریان چوبێتەوە دوو سەنتەر دروست بکەن تاوانەکانی داعش و میلیشیا عێراقییەکان دەرهەق بە گەلی کورد دۆکۆمێنت بکەن، خەریکی دابچڕینی دوو شڕە پۆستی وەزیری یان مودیر عامێک بن بۆ کوڕو ئەولادەکانیان، ئەوە دۆخەکە وا ئەخوازێت سەری خۆتیان لەگەڵ نەیەشێنیت و ئەمانە بۆ ئەوە نابن درک بە ڕاستی گرفتی خۆیان لە جوگرافیایەکی وا هەستیاردا بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت