دکتۆر کەمال میراودەلی: ئابووریی و سیاسەت. بەشی یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بێگومان کۆکردنەوەی ئەو دوو وشە نائاسایی نییە. بەلکو زۆر ئاسایی و سروشتیی و لۆژیکییشە. وشەکان تەنانەت تێکیەکن و جیا کردنەوە قبوڵ ناکەن.
ئەو کۆمەڵە یاسا و پلان و ڕێوشوین و بەرنامانەی حکومەتێک لە ماوەی کورتخایەن [سالێک بە پێی بودجە] یان پێنج ساڵ [ وەک نەخشەسازیی دوور خایەن] ڕەچاویان دەکات، پێیان دەوترێ: [سیاسەتی ئابووریی] ئەو ولاتە.
هەروەها لکێکی گرنگی ئەکادیمیا بواری [ئابووری سیاسیی] یە.
وەک هەموو بیرۆکە تیۆریی و پراکتیسێکی تری ژیان ئەم پێکەوەبوونەی سیاسەت و ئابووریی هەمیشە لە پەڕەسەندن و پەلۆپۆکردن دایە. ئەمڕۆ دەشێت لە زۆر جەمسەرەوە ئەو پێوەندییە فرەلکە دایلەکتیکییە چ لە رووی تیۆریی و چ لە ڕووی ڕەوشی بوونی وەک دینامیکی کۆمەڵیی و سیاسیی لە ئاستی نێوخۆیی، ناوچەیی و نیونەتەوەیی و گلۆبالدا، شییبکەینەوە.

( 2 )
پۆلیتیکەل-ئیکۆنۆمی
ناوە-ئینگلیزییەکە بۆ سیاسەتئابووریی واتە: پۆلیتیکەل ئیکۆنۆمی، هەردوو لە ڕەسەنی یۆنانییەوە دێن. پۆلیتیک: ڕێکخستنی [پۆلیس] واتە شارە. راستییەکەی پۆلیتیک لە بنەڕەتا شارنشینیی، شارەوانی/ شاریاریی واتە ڕیکخستنی کاروباری بەرێوەبردنی شار و شارۆچکەکان و شارنشینان دەگرێتەوە.
مانای ئەسڵی “پۆلیتیک” ی یۆنانی شارنشینە کە لە چوارچێوەی دەوڵەتە-شاردا بە هاو-شار دەناسرێ. ڕاستیی وشەی [سیتیزن] ی ئینگلیزیی/ فەرەنسییش کە ئێستا ئێمە بە هاونیشتمان یان هاو-وڵات زمانگۆڕیی دەکەین، خۆی تەنیا مانای [شارنشینە] و هیچی تر!. ئەوە بوونی شارنشین-ە بە هاو-وڵاتی دەوڵەتەشار کە مانایەکی زێدەی دەستووریی، یاسایی، سیاسیی و دیمۆکراتیی پێدەدات..
بیرۆکەکە لای ئەرستۆ سادەیە: مرۆڤ زیندەیەکی کۆمەڵنیازە و نیازەکانی فرەن بە کەسێ یان خێزانێک بە تەنیا دابین نابن. وەک کۆمەل پێکەوە دەژین، پێویستییان بە هاوکارییە، بەڵام بەربەرەکانیش لە سەر پێداویستیی و سەرچاوەکانی ژیان دروست دەبێت. بۆیە ژیانی کۆمەڵیی پێویستی بە میکانیزمی پۆلیتیکی [سیاسیی] لە شێوەی ڕێکار و ئاسا و یاسا و سەرکردە و رێبەرایەتیی و بنسازیی رێکخراو دەبێت.
دیارە ئابووریی، ئیکۆنۆمی، ئەو ناواخن و چوارچێوەیە کە هەموو چالاکییەکان و پرسەکان و پێوەندییەکان و کێشەکانی شار کۆ دەکاتەوە.

( 3 )
مانای ئیکۆنۆمۆس
ئەمەش لە مانای وشە یۆنانییە بنجەکەوە دیارە:
ئیکۆنۆمۆس: کە وشەیەکی لێکدراوە و کوت و مت مانای وشەی لێکدراویی کوردی [ماڵداریی] دەگرێتەوە. بە مانای بەرێوەبردنی ماڵ بە مانا ئابوورییەکەی واتە چۆنیەتی دابینکردنی پێویستییەکانی ماڵ و منداڵ و زیادکردنی داهات لە ڕیگای بەرهەمهێنان و دابینکردن و دابەشکردنی زیرەکانە و عاقلانەی پێداویستییەکان. ئەم دەورەی مالداریی و مالبەرێوەبەریی لە زۆربەی کۆمەلگا سروشتییەکاندا ژن بینیویتی. کورد دەلێ: ژن و ماڵیان وتووە. زاراوەی ”ماڵداریی” کوردیی زیاتر لەگەڵ ڕامکردن و بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات وەک سەرمایەیەکی سروشتیی گرنگی کۆمەلگای شوانکارەیی و کشتوکاڵی سەریهەڵداوە.
کەواتە بەرێوەبردنی ماڵ، مالەکان، بنەماڵە، گەڕەک، گەڕەکەشار، شارۆچکە یەکەمجار ئەرکێکی پێداویستیی ئابووریی بووە. جیاکردنەوەی بەرێوەبردنەکە لە ئابووریی و دانی ئەرکەکە بە سیاسەت دیارە بازدانێکی چەشنیی دەسەلاتییە، ڕێکخستنی ناوماڵ یەک کەس دەتوانێ بیکات. رێکخستنی هاوکاریی یان بەربەرەکانی کۆمەلە ماڵیکی زۆر، دابەشکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان، دابینکردنی پێویستییەکان لە ڕێگای دابەشکردنی کارەوە، پەیدابوونی شمەک و کەلوپەلی جیا و پێویستیی ئالوگۆر و بازار، هتد ئەمانە پرۆسەیەکن لەگەڵ پێشکەوتنی ئابوورییدا ئالۆزتر دەبن و پێویستییان بە دەسەڵاتێکە لە دەرەوەی هەموویان و لە هەموویان و بۆ هەموویان بیت ئەویش دەسەلاتی پۆلیتیکە: دەسەلاتیی شاریاریی [مەدەنیی]: تاکەکانی کۆمەڵ پێکەوە وەک هاو-شاریی یان هاو-ولات بەشداربن تێیدا.
دیمۆکراسیش [دەسەلاتی خەڵک] لەم پێویستییەوە بۆ ڕێکخستنی پۆلیس و پۆلیتیک و شارنشین سەر هەڵدەدات.
بەم جۆرە ئابووریی سیاسیی و سیاسەتی ئابووریی و دەوری حکومەت و سیستمی دەسەڵات تێکەڵ دەبن.

( 4 )
سیاسەتی ئابووریی و حکومەت
بێگومان ئەوە بەڵگەنەویستە ئابووریی بێ کارتێکیی سیاسەت نییە و هەموو دەوڵەتیک [سیاسەتی] ئابووریی هەیە کە حکومەتی دەسەلاتبەدەست دایدەنێت. واتە هەوڵدان بۆ ڕیکخستنی چالاکییە ئابووریی و داراییەکان لە لایەن حکومەتەوە. هەر لە بەر ئەمەشە وەزارەتی ئابووریی و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی نەخشەسازیی و بانکی نێوەندیی و لیژنەی ئابووریی و دارایی و کۆمیسیۆنەکانی دەستپاکیی و چاودێریی، هتد لە پەرلەمانەکاندا، هەن.
بەلام ڕادەی خۆتێگەیاندنی دەوڵەت لە ئابووریی پێوەندی بە شێوەی حوکم و فەلسەفەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی دەسەڵات لە لایەکەوە و، هەندێ هەلومەرجی سیاسیی و ئەمنی وەک باری نائاسایی و هەڕەشەی دەرەوە هەیە. وەک لە پێشەوە وتم لە وڵاتە کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکاندا سیاسەتی ئابووریی نێوەندبڕیار و فەرمانئابوورییە بە ناوی ئابووری سۆشیالیستەوە. لێرەدا حکومەت نەخشەسازیی پێنجساڵیی دەکات و هەموو پرۆسەکان دەخاتە ژێر فەرمانی کۆمەڵێک یاسا و ڕێکاری ئایدیۆلۆجی و سیاسییەوە.
لە ئابووری سەرمایەداریشدا حکومەت دەورێکی گەورە دەبینێت- زۆر جار زۆر گەورەش، لە ڕێگای رێکارەکانی یاسایی و باجسەندن و بودجەدانان و پێشکارخستنی کەرتەکان و ئاسانکاریی یان کۆسپکاریی بۆ پرۆژەی درێژخایەن و سنعەتسازیی گەورە. لێرەوە ناکۆکییەکی ئایدیۆلۆجی لە نێوان لیبرالییە نوێکان [راسترەوەکان] کە دەیانەوێت دەوری حکومەت تا ئەوپەری کەم بکەنەوە و ڕێگە بە کاری ئازادیی سەرمایە و کۆمپانیا و پرۆژەکانیان بدەن و، لە نێوان میانڕەوی سیاسیی و چەپ وسۆشیال دیمۆکراتەکان کە دەیانەوێت حکومەت دەوری کاریگەری بۆ زامنکردنی ئاستێکی مانادار لە داپەروەریی کۆمەلایەتیی و دابەشکردنەوەی قازانج و کۆنترۆلی پرۆسە ئابوورییەکان بۆ بەرژەوەندی گشتیی هەبیت، خۆی دەردەخات.
بەلام هیچ کام لەم دووانە بە فەرمانئابووری یان فەرمانی سیاسیی و حیزبی ئەنجامنادرێن بەلکو لە ڕێگای یاساکان و ڕێکارەکان و بودجە و دام و دەزگا ئابورییەکانەوە.
هەرچۆنێک بێت هەر حکومەتێک ئەوپەڕی راستڕەو یان لیبرالی نوێ بێت ناتوانێ دەوری خەلک واتە دەنگدەران پشتگوێ بخات چونکە کەرتێکی گەورەی داهاتی دەوڵەت راستەوخۆ لە شێوەی باجەکان لە بەری ڕەنج و گیرفانی هاوولاتانەوە دێت. هەروەها لە زۆربەی ولاتان[ گەنجان و خانەنشینان] هێزی هەرە گەورەی دەنگدان پێکدێنن هەر سیاسەتێکی دارایی کار بکاتە سەر دەرفەتی کار و ئاستی ژیانی ئەو دوو کەرتە کار لە دەنگدانەکانیان دەکات. [واتە دیسانەوە پێوەندیی بنەڕەتی ئابووری بە سیاسەت و دیمۆکراسییەوە]
بۆ ئەوەی کارتێکردنی حکومەت بە تایبەتی لە سیاسەتی دارایی [ زیاد کردن و کەمکردنی رادەی سوودبایی لە پارەی پاشەکەوتکراو یان قەرزکراو] بێلایەن بکرێت هەموو ولاتە دیمۆکراتەکان لە پاڵ بازاڕی ئازاد و ئازادیی مونافەسەدا، بە یاسا سەربەخۆیی [ بانکی نەتەوەیی یان نیوەندییان] زامن دەکەن. ئەوکات، ئەوە بانکی مەرکەزییە کە بڕیار دەدات چۆن کۆنترۆلی ڕەوشی ئابووری لە ڕیگەی ئامرازە داراییەکانەوە: بە تایبەتی زیادکرن یان کەمکرنی سوودبایی پارەقەرزکردن و پاشەکەوت کردن و چاپکردنی پارە و خڕکردنەوە و پیشکەشکردن و لێکۆلینەوەی داتای ئابووریی و پێشکەشکردنی راپۆرتی هەڵسەنگاندنی باری ئێستا و پێشبینکاریی دەربارەی مەودای نزیک و دوورخایەنی ئابووری وڵات.
ئەم هەنگاوانە تەنیا کارگوزاریی [ئیجرائاتی] دەستووریی و یاسایین کە حکومەتان ناچارن بۆ متمانەداربوونیی سیاسەت وپرۆسەی ئابوورییان ئەنجامی بدەن. بەلام کارتێکردنی سیاسەت لە ئابووریی زیاتر لە مانا فراوانەکەی سیاسەتدا [سیاسەتی ناوخۆیی، بەریوەبردنی سیاسەت خۆی وەک شیوازی حوکم، دیمۆکراسی، سەروەریی یاسا، ئاسایشی ناوخۆیی ، ئاسایشی خۆراک و پتەوی سیستم و ڕەوش و ئاسۆی ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆیی و پێوەندییە دەرەوەییەکان و ئابوورییدروستیی و وهێزی بەرگریی و سەربازیی و جەکی مۆدێرن و… هتد’ خۆی دەردەخات.

( 5 )
سسیتمی ئابووریی و سروشتی دەوڵەت
بە کورتی پێوەندی ئابووریی و سیاسەت بە شێوەیەکی گەوهەریی، سروشتی دەوڵەتەکە دیاری دەکات و لە یەک پرسیاردا خۆی دەنوینێت: ئایا [وەک سیستم و ئەرکی مۆدێرنی دەولەت] دەوڵەتێکی سەرکەوتوو یان دەوڵەتێکی فاشیلە{ فەیلید ستەیت]؟
یان زیاتر بڕۆین لە کۆئاخنە گلۆبالەکەدا: ئایا دەوڵەتێکی بەهێزە و دەتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ و سەربەخۆیانە بڕیار بدات یان دەوڵەتێکی پاشکۆیی لاوازا و بەر بەڵایە؟
ئەمە پرسێکی ئاڵۆزە بەتایبەتی لەم سەردەمەدا چونکە بە شێوەیەکی ڕەها پێوانەی هێز و کارسازیی و سەرکەوتوویی هیچ دەوڵەتێک هیچیتر پرسێکی ناوخۆیی نییە، دەوڵەتێک سیاسەت و ئابووریدروستیی ناوخۆی هەرچەند ساغ و سەرکەوتووبێت ناتوانێت لە دامێنە گلۆبالەکان واتە نێونەتەوەیی و جیهانداگرەکان خۆی وەدوور خات. ڕاستیی سەرکەوتوویی هەر سیستمێک بە ڕادەی سەرکەوتن لە ئیدارەکردنی پێوەندییە جیهانییەکاندا ئابووریی و سیاسیی دەپێورێت. زۆربەی ڕژێمە فاشیلەکان ئەوانەن کە لە ئیدارەکردنی دیمۆکراتی یان عەقلانیی ژیانی سیاسیی و ئابووریی و خزمەتگوزاریی ناوخۆدا فەشەل دێنن و پەنا دەبەنە بەر قەرزی زۆر بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانیان و دەکەونە ژێر ئەو بارەوە.
هەروەها کێشە و سیاسەتی ساقیت و فەشەل و هەرەسی هەردەوڵەتیکێش ئەگەر بچووکێش بێت کار لە دەور و بەری ناوچەیی و جیهانیی دەکات. گەر ئەم ڕوانگەیە بە پرسە ئابووریی و بازرگانییە مەزنەکانی وەک و بازرگانیی و بازاڕی سەرچاوەی ستراتیجی وەک نەوت و گاز و یۆرانیۆمەوە ببەستینەوە، ئەوا پێوەندییەکان زیاتر توندوتۆل و خەتەرناک دەبن. گەلەکۆمەکیی دەیان ولات بە سەرکردایەتی ئەمریکا بۆ رزگارکردنی کوەیت لە داگیرکاریی سەددام لە سەدەی ڕابردوودا و ، هاروژانی دنیا دوای کارەتێکدەرەکانی کەشتییەکانی گوازتنەوە لە ئاوی ئەماراتدا لەم دواییەدا، ڕاستیی ئەم بۆچوونە دەردەخەن. بوونی وڵاتێکی کەمدەرامەتی وەک سۆمال یش بە دەوڵەتی فاشیل، دەیکا بە گەرای تێرۆریزم.

( 6 )
کۆتایی دەوڵەتی نەتەوەیی
کەواتە لە کاتێکدا بە شێوەیەکی ئەفسانەیی دەوترێت کە لە رٶژاوا و ئەوروپادا ‌‌هێزەکانی ناسیۆنالیزم و بیری دەولەتی نەتەوەیی سەریانهەڵداوەتەوە، ئەمە لە ئەفسانە زیاتر نییە، دەوڵەتی نەتەوەیی گەر [قوژبنۆکەیەکی] ی مابێت [ سنوور و زەمان و ناسنامەی تایبەتیی و هەلومەرجی ئابووریی و سیاسەتی سەربەخۆی ] نەماوە، دنیای ئەمڕۆی گلۆبال کە چەند دەوڵەتێکی زلهێز و جیۆپۆلیتیکی نەوت و گاز و دۆلار و سیستمی سەرمایەگوزاریی و قەرز و تەکنۆلۆجیای ئاسمانگیر کۆنترۆلی دەکات.، جێگەی دەوڵەتی نەتەوەیی دوورەپەریزیی تێدا نەماوەتەوە. دەوڵەتانی گەورەی وەک چین و روسیا و هیندستان بێ پێوەندیی گلۆبالیی و بازرگانیی و بازاڕی سەرمایە و تەکۆنۆلۆجیای ئینتەرنێت و سیستمی دارایی [ تا ئیستا دۆلاریی] گۆڕینەوەی جیهانیی پەکیان دەکەوێت.
ئەمەریکا لە سایەی ترامپیزمدا دەیەوێت جارێكی تر بە بەکارهێنانی ئەوپەڕی زاڵبوونی دۆلار و سیستمی دارایی و هێزی سەربازیی زەبەلاحی خۆی، بۆ ناسیۆنالیزمێکی ئەمریکیی [یەکەمجار ئەمریکا] بگەڕێتەوە، بەلام ئەمەش ئاسۆی سەرکەوتنی دوورخایەنی چ لە نێو کۆمەلگای ئەمریکا خۆیدا و چ لە ئاستی جیهانییدا نییە، ئەمریکاش ناتوانێ بە تەنیا لێبخوڕێ. لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2020 دا چ سەرۆکێکی تر هەڵبژێردرێت، چ ترامپ خۆی هەڵبژێردرێتەوە ئەم سیاسەتە دەگۆڕێتەوە بۆ سیاسەتێکی فرەلایی جیهانیی. بەدیلی ئەمە جەنگی جیهانییە کە جەنگی کۆتایی یە و هیچ دەوڵتیک نایەوێت بیکات. دەوڵەتێکی بە ڕواڵەت بەهێزی وەک سەعودیەش کە یەکەمی جیهانە لە داهاتی نەوتدا و لە ساڵی 2018 دا یەکەم دەوڵەت بووە لە کڕینی فڕۆکەی جەنگیی و چەکی نوێ بەلام هیشتا بیستوشەشەمین دەوڵەتە لە هێزی سەربازییدا و لە پاشەرۆکەکانە لە هێزی عەقڵیی/ تەکنۆلۆجی ئاسمانگردا .. بۆیە ترامپ ڕاست دەکات کە دەڵێ: ئێمە نەیپارێزین بە دوو حەفتە هەرەس دەهێنێت. بزانن حەوسییەکان بە بەدەستهێنانی زیرەکانەی تەکنۆلۆجی سارۆخسازیی و درۆن، چییان پێدەکەن.
مەگەر[ تاکە هێزێکی موعجیزەی شازی مەزن] کە قیمەت بۆ دنیا دانەنێ و بە تەنیا لێبخوڕێ و پێویستی هەر بە هیچ کەس و دەولەتێک نەبیت لە هەموو لایەکی تەکنۆلۆجی و بنخانسازیی و ئابووریی و جەنگییشدا سەرکەوتوو بێت، میرنشینەکەی بیربۆشەکانی باشوور بێت..
بەلام لە دایەلکتیکی فەلسەفییدا هەموو شتێک سەدی سەد پێچەوانەکەشی دروستە:
من حیساب بۆ کەس ناکەم = من ئامادەم نۆکەریی و خیانەت و خۆفرۆشیی بۆ هەر هێزێک بکەم بمپارێزێت لە پێش هەموویانەوە دوژمنە مێژوویی و جۆگرافییە هەرە خوێنخۆرەکانی کورد و جار لە دوای جار بۆ زەماوەندی ئەنفالکردنی ولاتەکەم هەڵپەڕم.
ئەمەیە ئەو عەقلییەت و فەلسەفە و ستراتیج و سیاسەتەی کە لەشکرێک لە قاحبەی ڕٶشنبیریی و بۆشنبیر و قاحبەئەکادیمیی و ڕۆژنامەنووس لە میهرەجانی خۆرووتکردنەوەی مووچەخۆرییدا هەڵدەپەڕێنێت و حیزبەکانی باشوور دەکاتە گەوادخانەی تۆرانیی ئەتاتورکیی.
بزانن قاحبەیەکیان، هەر نەبێ وەک فێمینیستەکانیش، دژی هێرشی تورک بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان خۆی ڕووت دەکاتەوە؟
نا سبەینێ زەماوەندی خۆڕووتکردنەوە بۆ داگیرکەر دەگێڕن!!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت