کارا فاتیح: سوێندخواردنی بەرپرسان کە نیەت دەبێتە ڕێوڕەسم، ئیتر سوێند نابێتە هێزی مەعنەوی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سوێند هێزێکی مەعنەوییە لە نێوان کەسی سوێندخۆر و کەس یان بابەتی سوێندپێخورادا، ئەم هێزە مەعنەوییە وا دەکات ئەو شتەی ئەو دوو لایەنە لە سەری ڕێکەوتوون، یان ڕاستتر کە لایەنی یەکەم پەیمانی لە سەر دەدات، پارێزراو بێت و کەسی سوێندخۆر لێی لا نەدا: خودا، پەیامی ئایینەکان، نیشتمان، هەر بابەتێکی تری پیرۆز دەکرێت ببێتە بابەتی سوێندپێخوراو، لە سەر ئاستی کۆمەڵایەتییش سەر و چاوی گەورە و ئازیزان و گۆڕی مردوان و تەڵاق و شەرەف و نامووس و… هتد، بوونەتە بابەتی سوێندپێخواردن..
سوێندخواردنی بەرپرسان لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدایە؟ سوێندخواردنی بەرپرسان بۆ ڕازیکردنی دڵی زۆرترین کەس، هەم بە خودایە و هەم بە نیشتمان، هەر لە یەکەم لەحزەوە ئەم سوێندە لەو باوەڕە ئایینییە هەڵدەگەڕێتەوە، کە پەیامبەری موسوڵمان گوتوویەتی [مَنْ حَلَفَ بِغَيرِ اللهِ فَقَدْ كَفَرَ أو أشْرَكَ… رواه الترمذي.واتە: هەر كەسێك سوێند بە جگە لە خوا بخوات، ئەوا بەدڵنيايییەوە كوفرى كردوە، یان هاوبەشى بۆ خودا داناوە.] هەروەها ئەو ڕایەڵەی بەرپرسی سوێندخۆر بە نیشتمان و خاک و میللەت و هەر بابەتێکی تری ناسیۆنالیستییەوە دەبەستێتەوە، توانای دروستکردنی ئەو هێزە مەعنەوییەی نییە، چونکە بەرپرس لێرە، پرس و بابەتگەلی نیشتمان و خاک و میللەت و ئاو و ئاڵا و ئەم شتانە نەیهێناون و تێكۆشان لە پێناو ئەمانەدا، ئەم بەرپرسانەی دروست نەکردوە، تا وەفا و پەیمان و چاکەدانەوە و هەر شتێكی تری لەم بابەتانە وجوودی هەبێت، ئاڵوگۆڕێکی ئیقلیمی و جیهانی ئەم بەرپرسانەی هێناوە، بۆیە هیچ پێوەندییەکی مەعنەوییان بە خاک و میللەت و نیشتمان و…هتد، ییەوە نییە.
سوێندخواردن پەیامێکە بڕێکی زۆر نهێنیی هەڵگرتوە، ئەم نهێنییەیش لە نیەتدا چەسپاوە، واتە ئەوە نیەتە ئەم نهێنییە دەپارێزێ و هەڵی دەگرێ و دەیگەیەنێتە جێ، بەڵام کە سوێندخواردن بوو بە ڕێوڕەسم، هەموو سیفەتێکی نهێنیی خۆی دەدۆڕێنێت، هەر لەم ڕێوڕەسمەیشەوە نیەت دەبێتە عەرز و نماییش، کە سوێندخواردن بوو بە ڕێوڕەسم، ڕێگەکانی پەیمانبردنەسەر و پەیمانشکاندن، وەفا و بێوەفایی، درۆ و ڕاستگۆیی تێکەڵ و شوێنگۆڕکێ دەکەن، ئەوەی تۆ بە خراپەی دەزانیت، ئەو بە چاکەی دەزانێت، ئەوەی لای ئەو ڕاستگۆیییە لا زۆری تر بێبەڵێنییە، دین خۆیشی ئەم مەسەلەیە نەرم دەکاتەوە، بۆ بەرپرس و کاربەدەست و دەستڕۆیشتووی ئەمڕۆ سزاکە شتێکی ئەوتۆ نییە و لە حاڵەتی پابەند نەبوون بە سوێندەوە هێندە سزای بۆ دانەنراوە، لە قورئاندا هاتوە: { فَكَفَّارَتُهُ إِطْعَامُ عَشَرَةِ مَسَاكِينَ مِنْ أَوْسَطِ مَا تُطْعِمُونَ أَهْلِيكُمْ أَوْ كِسْوَتُهُمْ أَوْ تَحْرِيرُ رَقَبَةٍ فَمَن لَّمْ يَجِدْ فَصِيَامُ ثَلاَثَةِ أَيَّامٍ ذَلِكَ كَفَّارَةُ أَيْمَانِكُمْ إِذَا حَلَفْتُمْ وَاحْفَظُواْ أَيْمَانَكُمْ كَذَلِكَ يُبَيِّنُ اللّهُ لَكُمْ آيَاتِهِ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ [المائد:89.] واتا: که‌فاره‌تی ئه‌و جۆره‌ سوێندانه،‌ نان و خۆراکدانه‌ به‌ 10 که‌سی هه‌ژار به‌ شێوه‌یەکی مام ناوه‌ندی، که‌ بۆ منداڵ خێزانتان سه‌رفی ده‌که‌ن، یاخود پۆشته‌کردنیان یاخود ئازادکردنی به‌نده‌یه‌ک، ئه‌گه‌ر توانای ئه‌ویشتان نه‌بوو، با سێ ڕۆژ به‌ڕۆژوو بێت، ئه‌مه‌ که‌فاره‌تی سوێنده‌کانتانه‌ کاتێک سوێند ده‌خۆن و نایبه‌نه‌ سه‌ر، جا ده‌توانن سوێنده‌کانتان ببپارێزن و نه‌یانشکێنن، ئا به‌و شێوه‌یە خودا ئایه‌ته‌کانی خۆیتان بۆ ڕوون ده‌کاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سوپاسگوزاری بکه‌ن.
سوێند کە ڕەهەندێکی دینیی هەیە، بۆ بەرپرس و دەسەڵاتدار هێندە قورس نییە:
1- تێرکردنی 10 هه‌ژار له‌ خواردنێکی ئاسایی که‌ منداڵ و خێزانی خۆتی پێ تێر دەکەیت هێندە گران نییە. نەک دە هەژار، بەڵکوو ئەو وا دەزانێت هەموو وڵات لە سایەی ئەمەوە سکیان تێر دەکەن.
2- پۆشته‌کردنی 10 هه‌ژار، بە جلوبه‌رگێکی ئاسایی هێندە زۆری تێ ناچێ بۆ ئەو، مەگەر ئەو نییە بە دەوری خۆیەوە سەدان و بگرە هەزاران خزمەتی دەکەن، ئەویش نان و ئاو و بەرگیان بۆ دابین دەکات.
3- ئازادکردنی به‌نده‌یه‌ک، مەگەر ئەو نییە خۆی بە خاوەنی ئازادکردنی کوردستان و پاراستنی دەزانێت؟
4- خۆ ئەگەر هیچ یەک لەم خاڵانە نەکرا، ئەوا کەفالەتی سوێند دەکرێت سێ ڕۆژ بەڕۆژووبوون بێت.
دین زیاتر ئەم بابەتە نەرم دەکاتەوە، پەیامبەری موسوڵمان ئەم جارە دەڵێت: [من حلف على يمين فرأى غيرها خيراً منها، فليكفر عن يمينه، وليأت الذي هو خير.” رواه مسلم.] واته، هه‌ر که‌سێک له ‌ئێوه‌ سوێندی خوارد و پاشان زانیی که‌ خێرتر هه‌یه‌ له‌وه‌ی که‌ سوێندی له ‌سه‌ر خواردوه‌، ئه‌وا با ڕوو بکاته‌ ئه‌وه‌ی که‌ خێره‌ و که‌فاره‌تی سوێنده‌که‌ی بدات.
لەمەوە تێ دەگەین، شکاندنی سوێند، نەک بۆ نێچیرڤان بەرزانی و مەسروور و قوباد و یووسف و هەڤاڵ و عەلی حەمەساڵح و… هتد، هێندە گرنگ و جێی باس نییە، بەڵکوو مەلا عوزێر و حاجی کاروان و عەبدوللـەتیف سەلەفی و عەلی باپیر و سۆران عومەر و… هتد، دەتوانن وەک ئاو و دۆ سوێند بخۆن و پابەندیش نەبن، دەتوانن دەست بە قورئانیشدا بدەن و گەڕیش نەبن، ئەوە تەنها لە نەستی عەوامی موسوڵماندا هەیە، لەبەر ئەوەی تەڵاقێک کەوتوەتە سەر زاری، لە ژنەکەی جیا دەکەنەوە، وا دەزانێ ئەوەی سوێندێکی خوارد و درۆی کرد، سوێند دەیگرێ و تۆڵەی لێ دەسەنرێ…
ئەم باسە بۆ ئەوە نییە تا بە لامانەوە ئاسایی بێت، سوێند بخۆین و پابەند نەبین، بەڵکوو بۆ ئەوەیە لەو توڕەهاتە تێ بگەین کە ناوی مەراسیمی سوێندخواردنی بەرپرسانە.
سوێند کاتێ هێزێکی مەعنەوی دروست دەکات، کە دەبێتە نیەت، نیەتیش پێویستە لە پشتییەوە ئیرادە هەبێت بۆ جێبەجێکردنی، ئیرادە بۆ ئەوان هێزی یاسایە لە سەروویانەوە، کە ئێستا ئەو هێزەی یاسا نییە، بۆ ئێمەیش ئیرادە، هێز و هۆشیارییە، ئەوە هێزی ئیرادە و هۆشیارییە کە دەتوانێت پابەندمان بکات بە سوێندەوە.
نەبوونی یاسا لە سەروو بەرپرس و دەسەڵاتدارانەوە، نەبوونی هێزی ئیرادە و هۆشیارییش بۆ ئێمە، هەمیشە سوێند دەکاتە ڕۆتین و بابەتێک کە پێشێلکردن و بەدرۆخواردنی کارێکی ئاسایی و سادە بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت