نەوزادى موهەندیس: تاکگەرایى وەک فەلسەفەیەکى سیاسى بۆ بونیاتنانى تاکێکى ئازادى کوردى.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەمکى تاکگەرایى
تاکگەرایى بە ئینگلیزى Individualism، بریتیە لە هەڵوێستێکى ڕەوشتى، فەلسەفەیەکى سیاسیە،ئایدۆلۆژیایە، یان تێڕوانینێکى کۆمەڵایەتیە کە جەختدەکاتەوە لەسەر بەهاى مەعنەوى تاک. تاکگەرایى داواى ئەوە دەکات کە تاک ڕۆڵى خۆى ببینێت و ئامانج و ویستەکانى خۆى پیادە بکات بۆ ئەوەى ببێتە پنتێکى سەربەخۆ و پشتیش بەخۆى ببەستێت.
تاکگەرایى پێى وایە کە بەرگریکردن لەمافى تاک مەسەلەیەکى ڕیشەییە و پێویستە بێتە دى لەسەروو بەهاکانى دەوڵەت و کۆمەڵگاوە. هەروەها هەموو دەستێوەردانێکیش ڕەتدەکاتەوە بۆ بەرژەوەندیەکانى تاک لەلایەن کۆمەڵگا یان دامودەزگاکان وەکو حکومەت،زۆر جاران تاکگەرایى دژە لەگەڵ تاکڕەوى و کۆمەڵبووندا.
تاکگەرایى، تاک دەکاتە پنتى گرنگیپێدانى و ئەمەش دەستپێدەکات ( لەگەڵ گریمانەى تاک مرۆڤ بریتیە لە هۆکارى سەرەکى و گرنگترین لە خەبات لە پێناو ڕزگاربوندا). بەهەمان شێوە چەمکى تاکگەرایى ئاماژە دەکات بۆ (چۆنێتى بوون وەک تاک)) چونکە تاکگەرایى پەیوەندى بە خاوەندارێتى ((کەسایەتى تاکەوە)) هەیە: لە بێوێنەى (quirk)، بۆهیمى و قۆناغەکانى ژیان،بەشێوەیەک لایەنگیریەک هەیە بەرەو داهێنان و تاقیکردنەوەى جیاواز لە داب و نەریتەکان،و کاروکردەوە باوەکان، بەهەمان شێوەش جێبەجێدەبێت بەسەر هەڵوێستە فەلسەفیە مرۆڤانەییەکان و ئاکارەکانیشیاندا.

تیۆرى تاکگەرایى
بنەماى تاکگەرایى، بریتیە لە شێوازى پێناسەکردنى شتەکان بەپێى جیاوازیان لە شتەکانى تر، کارل یۆنگ ئاوها پێناسەى تاکگەرایى دەکات، کە بریتیە لە پڕۆسەى گۆڕانکارى و پەڕینەوە، لەڕێگەى نەستى کەسیەوە یان کۆمەڵەوە، کە ئامادە دەکرێت بۆ هەست ((بەماناى خەو،یان ئەندێشەیەکى چالاک یان پەیوەندیەکى ئازاد)) ( بەشێوەیەک دەتوانرێت وەربگیرێن لەتەواوى کەسایەتیەکە).
یان بریتیە لە پڕۆسەیەکى سروشتى پێویست بۆ تەواوکردنى نەفس تا جێگەى خۆى دەگرێت و دروستدەبێت). تاکگەرایى بریتیە لە پڕۆسەیەکى هەمیشەیى ناتەواو،وهێشتنەوەى (پێش تاک) بەپشتگوێخراوى، کە وادەکات ئایندەى تاکگەرایى بێتەدى و ڕۆشن بێت.

مێژووى سەرهەڵدانى بیرۆکەى تاکگەرایى
وشەى ((تاکگەرایى)) بۆ یەکەم جار هاتۆتە ناو زمانى ئینگلیزیەوە وەک سیفەتێکى ناشیرینکردن و بێزلێکردنەوە یان قێزەون نیشاندان، لەلایەن ئۆینتیزوە بەکارهێنراوە لە کۆتایى سیەکانى سەدەى نۆزدەهەمدا هەرچەندە دیارنیە کە کەوتبێتە ژێر کاریگەرى ((سیمۆنیەوە)) saint-simonisme ،یان بەشێوەیەکى سەربەخۆ ئەم وشەیەیان داهێناوە.

قوتابخانەکانى تاکگەرایى:
لیبڕاڵیەت، وجودیەت، ئەنارشیزم، بریتین لە نمونەى ئەو بزوتنەوانە کە تاک دەکەنە پنتێکى سەرەکى بۆ شیکردنەوە، هەروەها تاکگەرایى بریتیە لە هاوبەشیکردن بەرەو ((مافى تاک لە ئازادى و بەدەستهێنانى خود)).
1- لیبڕاڵیەت: بریتیە لە فەلسەفەیەکى سیاسى یان ئەو بۆچونە باوەى کە دامەزراوە لەسەر بیرۆکەى ئازادیەکان و یەکسانى.
ئازادیەکان وەک ئازادى ڕاوبۆچوون، ڕۆژنامەگەرى، ئاین، بازاڕى ئازاد، مافە شارستانیەتەکان، کۆمەڵگاى دیموکراسى، حکومەتى عیلمانى و هاریکارى نێودەوڵەتى. جۆن لۆک بە دامەزرێنەرى فەلسەفەى لیبڕاڵى دادەنرێت وەک فەیلەسوفێکى سەدەى حەڤدەهەم و، لۆک دەڵێت: ( هەموو مرۆڤێک مافى سروشتى هەیە لە ژیاندا، لە ئازادى و خاوەندارێتى و نابێت حکومەتەکان ئەو مافە پێشێل بکەن بەپێى گرێبەستى کۆمەڵایەتى، لیبڕاڵەکان لایەنگرى گۆڕینى دەسەڵاتە تاکڕەوەکانن بۆ حکومەتى دیموکراسى نوێنەرایەتى و سەروەرى یاسا).
شۆڕشگێڕە بەناوبانگەکان لیبڕاڵیەتیان بەکارهێنا وەک بیانویەک بۆ گۆڕینى شۆڕشگێڕى بۆ ئەو دەسەڵاتانەى کە بە تاکڕەویان دەبینى، لەهەردوو شۆڕشى ئەمریکا و فەڕەنسادا،لیبڕاڵیەت لەدواى شۆڕشى فەڕەنسى دەستیکرد بە بڵاوبونەوە لەسەدەى نۆزدەهەمدا لەهەموو دونیادا لە ئەوروپا و ئەمریکا و ئەمریکاى لاتیندا سەرەڕاى دژایەتیکردنى لەلایەن ئایدۆلۆژیاى کۆنەپارێزى لەلایەک و دواتریش لەلایەن فاشى و شیوعیەکانیشەوە. لەسەدەى بیستدا وەک دوو ئایدۆلۆژیاى نوێ.بەڵام دیموکراسیەتى لیبڕاڵى خۆى بەسەرکەوتوو بینیەوە لە کۆتایى هەردوو جەنگە جیهانیەکەدا، لە ئەوروپا و ئەمریکاى باکوردا، لیبڕاڵیەت لە دامەزراندنى لیبڕاڵیەتى کۆمەڵایەتیدا بوە توخمێکى سەرەکى لە فراوانبوون لە دەوڵەتى ڕەفاهدا،و لەئێستاشدا حیزبە لیبڕاڵەکان لەدونیادا و لەگەلێک وڵاتدا دەسەڵاتیان لەدەستدایە.

2- وجودیەت:
بریتیە لە لێکۆڵینەوەیەکى فەلسەفى کە مرۆڤ دەکاتە بابەتى خۆى، نەک تەنها بابەتى بیرکردنەوە بەڵکو کار و هەستى مرۆڤ وەک تاکێکى زیندوو، وجودیەت بەشێوەیەکى بنەڕەتى پەیوەندى هەیە بە هەندێک لە فەیلەسوفە ئەوروپیەکانەوە لە هەردوو سەدەى نۆزدە و بیستدا، کە پێکەوە بەشدارن لەو بڕوایەى کە سەرەتاى ئەو بیرە فەلسەفیەیە، سەرەڕاى جیاوازیان لە زۆرێک لە بیروڕا سیاسیەکاندا.
لەکاتێکدا بەهاى هەژموندارى بیرى وجودیەت دەگەڕێتەوە بۆ ئازادى، بەڵام بەهاى بنچینەیى لە وجودیەتدا بریتیە لە ڕەسەنایەتى وەک چەمکێکى فەلسەفى،لە ڕوانگەى وجودیەکانەوە خاڵى دەستپێکى تاک یەکدەگرێت لەوەى کە ناسراوە بە (( هەڵوێستى وجودى))، یان هەستکردن بە لەدەستدانى ئاڕاستە و تێکچوون و ترس بەڕووى دونیایەکى بێسەروبەرەى بێ مانادا، زۆرێک لە وجودیەکان پێیان وایە کە هەندێک لە فەیلەسوفە کلاسیکى و ئەکادیمیەکانیش جا لە هەڵسوکەوت یان ناوەڕۆکدا بێت زۆر دابڕاون زیاد لە پێویست لە ئەزمونى مرۆڤایەتى هەستپێکراو.

فەیلەسوفە بەناوبانگەکانى وجودیەت
بەناوبانگترین فەیلەسوفەکانى وجودیەت بریتین لە هەریەکە لە: سۆرێن کیرکغور وفیودور دۆستۆفسکى و جان پۆڵ سارتەر و فردریک نیتشە.و لەناویشیاندا سۆرێن کیرکغور دادەنرێت بەیەکەم فەیلەسوفى وجودى، سەرەڕاى ئەوەى هیچ کات زاراوەى وجودى بەکارنەهێناوە، کیرکیغور وادادەنێت کە(( هەموو تاکێک، نەک کۆمەڵگا و ئاین)) بەرپرسیارە لە دۆزینەوەى وشەى ژیانى خۆى بەتەنها، بۆ ئەوەى بژێت بە خۆشی و ڕاستگۆیى یان بە ڕەسەنایەتى)).
وجودیەت لەدواى ساڵانى جەنگى جیهانى دووەمەوە بڵاوبۆوە بە هەوڵى جان پۆڵ سارتەر کە بەرهەمەکانى مارتن هایدگەرى دەخوێندەوە کاتێک لە سەربازگەى دیلەکاندا بوو، هەروەها بەزۆرێک لە بوارەکانى تریش کاریگەر بوو لەپاڵ فەلسەفەدا لەناویاندا زانستى لاهوت و دراما و هونەر و ئەدەب و زانستى دەروونى.
سارتەر گریمانەیەکى میحوەرى بڵاوکردەوە لە وجودیەتدا کە دەڵێت: بوون یان وجود پێش ناوەڕۆک دەکەوێت، بەو مانایەى کە بەلاى تاکەکانەوە ئەوە زیاتر گرنگە کە خۆیان تاکن، بونەوەرى زیندووى سەربەخۆ و بەرپرسیار و تێگەیشتوە. لەجیاتى هەر مۆر و ناونیشان یان ڕۆڵ و چوارچێوەیەک یان پێناسە یان هەر پۆلێنکاریەکى پێشوەخت کە بکرێت تیایاندا دابنرێت واتە (ناوەڕۆک) .

3- ئەنارشیزم anarchism:
ئەنارشى یان ئەنارشیزم ((یان دەسەڵات نەویست))لە زمانى ئینگلیزیدا بە(( anarchism)) هاتوە یانى بەبێ دەسەڵاتدار.بریتیە لە فەلسەفەیەکى سیاسى کە بونى دەوڵەت ڕەتدەکاتەوە، و دەوڵەت هیچ گرنگیەکى نیە و زیانبەخشیشە بۆ کۆمەڵگا، لەبەرامبەریشدا بانگەشە دەکات بۆ کۆمەڵگایەکى بێ دەوڵەت و هەوڵدەدات ڕۆڵى دەوڵەت بچوک و قەتیس بکاتەوە لە دەستێوەردانى پەیوەندیە مرۆڤایەتیەکان. بیروڕاى ئەنارشیستەکان یەکگرتوو نیە و ناتوانن لەسەر چەند بنەمایەک ڕێکبکەون هەرچەندە بنچینەکەیان یەکە. ئەنارشیزم دادەنرێت لەخانەى چەپە توندڕەوەکاندا.

جۆرەکانى ئەنارشیزم
زۆرێک لە جۆرو بیرۆکەى ئەنارشیزم هەن،هەموویان لەگەڵ یەکدا ڕێکنەکەوتون، جۆرە بنەڕەتیەکانى ئەنارشیزم بریتین لە:ئەنارشیزمى سۆشیالیستى و ئەنارشیزمى شیوعیى و ئەنارشیزمى کۆمەڵ و ئەنارشیزمى سەندیکایى و ئەنارشیزمى تاکگەرایى.تاکگەرایى ئینگلیزى: individualist بە پێچەوانەى زۆرێک لە جۆرەکانى ئەنارشیزمەوە بڕواى بە کەرتى تایبەت و ئابورى و بازاڕى ئازاد هەیە. کەمێکیش لەم individualistوەک ئیشتراکیەکان دەمێننەوە.
بۆیەکەم جار بابەتە ئەنارشیەکان لە سەدەى شەشى پێش زاین بەدەرکەوت لە میانەى کارەکانى فەیلەسوف تاوى لاوزى، دواتریش لەکارەکانى جوانگ زى و باو جینگیان، بەهەمان شێوە دیوجین و کەلبیەکان و زینۆنى سەردەم دامەزرێنەرى ڕەواقیە و بابەتى هاوشێوەیان پێشکەشکردوە. هەندێک کات یەسوعى مەسیح بەیەکەم دەسەڵانەویست((ئەنارشى)) دادەنرێت وەک جۆرج لۆشارتییە دەڵێت: بۆ یەکەم جار زارەوەى دەسەڵات نەویستى((ئەنارشى)) هاتە نێو زمانى ئینگلیزیەوە لەساڵى 1642دا و لەمیانەى جەنگى ئەهلى ئینگلیزیدا وەک زاراوەیەکى بچوک سەیرکردن و بێڕێزیکردن لەلایەن لایەنگرانى پاشایەتیەوە دژى سەرخڕەکانى بەرامبەریان، بەڵام لەدواى شۆڕشى فەڕەنسى ئەم زاراوەیە بۆ وەێفکردنێکى باش بەکاردەهات.
دەسەڵات نەویستى نوێ ((ئەنارشیزم)) سەریهەڵدا لە بیرى عیلمانى یان دینى ڕۆشنگەرى و بەتایبەتیش بەڵگەکانى جان جاک ڕۆسۆ دەربارەى سەنتڕاڵیزمى مەعنەوى بۆ ئازادى. دواتر ولیلم گۆردیۆن ئەم چەمکەى گەشە پێدا. زۆرى تریش وەک هەریەکە لە ئادمۆند بیرک و بنجامین تاکەر و جۆسیا وارن و بییر جۆزیف برۆدون گەشەى زیاتریان بەم چەمک و زارەوەى دەسەڵات نەویستیە داوە هەریەکە لە قۆناغ و سەردەمى خۆیدا.جۆزیف دیجاک یەکەم کەسى شیوعى بوو کە خۆى ناونا ئازادیخواز.

داهێنەران و بیرمەندانى بیرى تاکگەرایى
زۆرترین بەکارهێنانى باشى زاراوەى تاکگەرایى لە بەریتانیادا لە نوسینەکانى جێمس ئەلیشما سمیپ وە هات کە ملیاریەکى ئینگلیزى و کریستیانێکى ئیسڕائیلى بوو، سەرەڕاى ئەوەى کە یەکێک بوو لە کەسە یەکەمەکانى ئۆینتیزە سۆشیالیستەکان بەڵام لەکۆتایدا خاوەندارێتى بەکۆمەڵى ڕەتکردەوە و لە تاکگەراییدا ((بەجیهانبوونى ))بینیەوە. کە ڕێگە بە ((بنەچەى عەبقەرێتى ))دەدات، کە گەشە دەکات. سمیپ دەڵێت (( بەبێ تاکگەرایى تاکەکان تانوانن کە خاوەندارێتیەکانیان کۆبکەنەوە بۆئەوەى خۆشیەکانیان زیادبکەن)).ولیام ماکول،گوتاربێژێکى ترە،کە یەکێکە لە ناسیاوەکانى سمیپ بەڵام لە کاتێکى دواتردا دەرکەوت، کاریگەر بوو بەهەریەکە لە جۆن ستیوارت میل و تۆماس کارلیل و ڕۆمانسیەتى ئەڵمانى و هەمان دەرئەنجامە باشەکانى دەسکەوت کە سمیپ وەدەستیخستبوو دەربارەى تاکگەرایى، لە کتێبەکەیدا کە لە ساڵى 1847 لەچاپدرا بەناونیشانى((توخمەکانى تاکگەرایى)).

ڕۆڵى تاک لە بونیاتنانى کۆمەڵگایەکى سەرکەوتوودا
لەو ڕاستیە مێژویانەى سەرەوە و لە بیرباوەڕى ئەو کۆمەڵە بیرمەند و فەیلەسوفانەى ڕۆژئاواوە بۆمان دەردەکەوێت کە بیرۆکەى تاکگەرایى لە ئەوروپا و ئەمریکادا مێژوویەکى دێرینى هەیە و هەمووشیان هاوڕان لەسەر ئەو ڕاستیەى کە تاکى مرۆڤ ڕۆڵ و کاریگەرى گەورەى هەیە لەسەر بونیاتنانى کۆمەڵگایەکى پێشکەوتوو و خۆشگوزەران و هوشیار،تاک ڕۆڵێکى بنەڕەتى و میحوەرى هەیە لە هەموو پلان و بیرۆکە مرۆڤایەتیەکاندا، دەستور و یاساکان هەموانیان زۆر بەگرنگیەوە باسیان لە تاک و ڕۆڵى تاک کردوە و هەمیشە بەشێک و ڕووبەڕێکى فراوانیان تەرخانکردوە بۆ ئازادى و یەکسانى بوون و کەسایەتى و ماف و ڕێزگرتن لە تاکەکان، چونکە زۆرباش یاسادانەران ئەو ڕاستیەیان بۆ دەرکەوتوە کە بەبێ فەراهەمکردنى کەشوهەوایەکى گونجاو بۆ بونیاتى تاکێکى ئازاد و سەربەست لەهەموو ڕووەکانەوە ناتوانرێت کۆمەڵگایەکى سەرکەوتوو و گەشەسەندوو پێکەوە بنرێت، تاک بنچینە و دامەزرێنەرى کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکانە،تاک سەرچاوەى ئیلهام و فەلسەفەى ژیاندۆستى و خۆشگوزەرانیە، تاکگەرایى بیرۆکەیەکى سەردەمیانەیە بۆ ئەوەى تاک بەبێ جیاوازى ڕەگەز ڕۆڵى سروشتى خۆى ببینێت لە پێشخستن و گەشەى کۆمەڵگاکاندا،هیچ کات کۆمەڵگا ناتوانێت ببێتە کۆمەڵگایەکى پێشکەوتوو ئازادیخواز بەبێ بوونى بیرۆکە و ئامادەگى تاکى ئازادیخواز و سەربەست، جا هەرکات تاکەکان ئازادبوون لەهەموو ڕوەکانەوە و یەکسانیش بوون لەبەردەم دستور و یاساکاندا ئەوا دەبنە تاکێکى داهێنەر و بە بەخشش و دەتوانن گەلێک دەسکەوت و کار و شاکارى مەزنى مرۆڤایەتیش بونیاتبنێن، چونکە بەکۆى تاکەکان کۆمەڵگاکان دروستبوون، بۆیە تاک پنتى سەرەکیە لە بونیاتنانى کۆمەڵگایەکى پێشکەوتوو و پڕ ڕەفاهدا لەسایەى سیستەم و حوکمڕانیەکى لیبڕاڵ و دەسەڵات نەویست و وەک یەکیدا.

بیرۆکەى تاکگەرایى لەکوردستاندا
بیرۆکەى تاکگەرایى لەکوردستاندا زۆر لەمێژ نیە،چونکە بۆخۆى کوردستان داگیر و دابەشکراوبوە و هێندەى سەرقاڵى مقاوەمەت و شۆڕش بوە لەبوون و مانى خۆى و مێژوو و جوگرافیا و شوناسەکەى نیوهێندە کاتى نەبوە بۆ ئەوەى لا بکاتەوە بەلاى قوتابخانە یان سەنتەرە لێکۆڵینەوەکاندا و توێژینەوە بکات دەربارەى ئایندە و بیرۆکەو فەلسەفە سیاسیەکانى سەردەم،کورد تا ئێستاش خاوەن قەوارە و دەسەڵاتێکى خۆى نیە و ناتوانێت ئازادانە و سەربەخۆییانە سیاسەت و ئابورى و ئەمنیەت و بارى کۆمەڵایەتى خۆى بەڕێوەببات.جا هەر نەتەوە و گەلێک دەسەڵات و دەوڵەت و خاوەن دەستورى خۆى نەبێت ناتوانێت ببێتە خاوەنى ئۆرگان و دامودەزگا حکومیەکان و ناتوانێت ئازادانەش بیربکاتەوە و پلانیش دابڕێژێت،بۆیە بونى دەوڵەت و سیستەمێکى حوکمڕٍانى بەهێز مەرجى سەرەکیە بۆ بیرکردنەوە و دامەزراندنى قوتابخانە و پێگەیاندنى تاکى ڕۆشنگەر و ڕۆشنبیر و بیرمەندى جیاواز بەسەر قوتابخانە جیاوازە فکریە جیهانیەکاندا،هەربۆیە بیرۆکەى تاکگەڕایى چەندە لەکەشێکى دیموکراسى و ئازادیدا دێتە بون،هێندەش زوڵم و زۆر و چەوساندنەوەى خۆماڵیش ڕۆڵیان دەبێت لەوەى کە چۆن تاک ڕێڕە و ڕێچکەى خۆى دەبینێتەوە لە بیرکردنەوە لە ئایندەى.
تاکى کوردى لەماوەى 28 ساڵى تەمەنى حوکمڕانى کوردیدا و لە ئەنجامى جیاوازى و وزوڵم و زۆرى و نادادپەروەرى و خۆسەپاندن و قۆرخکارى لەدەسەڵات و بردنى خێروبێرى وڵات و برسیکردنى تاک و کۆمەڵگا لەلایەن حیزب و سەرکردە سیاسى و بنەماڵە دەستڕۆیشتوەکانەوە،تازە بەتازە هەستیان بەو ڕاستیە کردوە کە چیدى نابێت تاکى کورد لەژێر سایەى حیزب و سەرکردە سیاسیەکاندا بمێنەوە و بەشدارى پیلان و سیاسەتە هەڵەکانیان بکەن،تاکەکانى کۆمەڵگاى کوردەوارى هەرزوو دواى ڕاپەڕینى ساڵى 1991ى گەلەکەمان و دواى قۆناغى شەڕى ناوخۆ و پەنجا بەپەنجاى حوکمڕانى و دواتریش خۆسەپاندن و بەتاڵانبردنى سەروەت و سامانى خەڵکى و نادادپەروەرى و زوڵم و زۆر و تەسکردنەوەى ئازادیەکان و دیموکراسیەت و یەکسانى،ساڵ بەساڵ گەیشتنە ئەو بڕوایەى کە لە حیزب و سەرکردە سیاسیە کۆن و نوێکانیش دووربکەونەوە و لەهەڵبژاردنەکاندا بەشدارى نەکەن و دەنگیان پێنەدەنەوە کە زۆر جار بەقازانجى حیزبە دەسەڵاتدارەکان تەواو دەبوو، چونکە دەنگەکانى ئەمانیان بەساختە و گزیکردن دەبرد بۆ خۆیان.تاکى کورد لەماوەى 28 ساڵى ڕابووردوودا گەلێک گۆڕانکارى فکرى و ئایدیا بەسەریاندا هاتوە و گەیشتونەتە ئەو بڕوایەى کە وەک تاکێک باشتر دەتوانن نمایندەى بیر و هزر و ئایندە و خواستەکانى خۆیان ببن وەک لەوەى لە چوارچێوەى تەسکى حیزبەکاندا قەتیس ببن.تاک چەندە دوور بێت لە حیزبى سیاسى هێندەش ئازادانە بیر دەکاتەوە و دەتوانێت ببێتە تاکێکى بە بەخشش و داهێنەر و سوودمەند بۆ کۆمەڵگا.

چۆن و بە چ میکانیزمێک تاکێکى ساغڵەم و ئازادى کوردى بونیاتبنێین ؟
سەرەتا دەبێت کار و ژیانى سیاسى و حیزبایەتى لە کوردستاندا ڕێکبخرێتەوە، بەشێوەیەک بە پێى دەستور و یاساکان حیزبى سیاسى دابمەزرێت دوور بێت لە ئینتیماى نەتەوە و ئاین و مەزهەب و میلیشیاى چەکدارى و ناوچەگەرێتى.حیزب لە سەر بنەماى هاوڵاتیبوون و دڵسۆزى بۆ گەل و نیشتیمان دابمەزرێت،حیزبى سیاسى نابێت ببێتە جێگرەوەى دامودەزگا شەرعیەکانى وڵات و دەسەڵات و حکومەت،بەڵکو هاوکار و پشتیوانى بێت. حیزب و سەرکردە سیاسیەکان دەبێت لەژێر سایەى دەستور و دەسەڵاتدا بن نەک لەسەروو ئەوانەوە فەرمان بدەن.حیزب و حیزبایەتى تەسک بمێنێت بەڵام بە تۆخکراوەى نا،حیزب تەنها بۆ سەرمەشقکردن و ڕانما و ڕابەرایەتى گەل و جەماوەر ڕۆڵببێنێت نەک بچێتە تەواوى جومگەکانى ژیانى تاک و کۆمەڵگاوە. حیزبى سیاسى دەبێت ڕێز لە دەستور و یاسا و دادوەر و بنەماکانى دیموکراسى و ئازادى و ئاشتى و دادپەروەرى و وەکیەکى و کارى پێکەوەیى بگرێت و ڕێز لەماف و ئازادیەکانى تاک و گروپ و تەواوى کۆمەڵگا بگرێت.حیزب دەبێت کار بکات بۆ زیاتر هوشیارکردنەوەى تاک و کۆمەڵگا و ئینتیماى نەتەوە و نیشتیمانیان لا خۆشەویست کات نەک ئینتیماى حیزب و سەرکردە و بنەماڵەکان،حیزب دەبێت ببێتە فاکتەرى کۆکەرەوەى تەواوى ڕاوبۆچونە جیاوازەکان نەک شەقار شەقارکردنى تەواوى کۆمەڵگا. جا هەرکات حیزب و سەرکردە سیاسیەکان توانیان ئەم کارە بکەن،ئەوا بەدڵنیایى بونیاتنانى تاکێکى ساغڵەم و هوشیار و ئازاد و دیموکراسخواز و خەمخۆرى گەل و نیشتیمان بونیاتدەنرێت.
با تاکى کورد لەهەر چین و توێژێک بێت سەر بەهەر حیزب و ڕێکخراوێکى پیشەیى و سەندیکایى و مەدەنى بێت،بەڵام گەر ئینتیماى بۆ تاکێتى خۆى لەپێش هەموانەوە و دواتر بۆ پابەندبوون بە دەستور و یاساکانەوە بوو ئەوا بەدڵنیایى هیچ کات ڕێگە نادات زوڵم و زۆر و چەوسانەوەى بەرامبەر بکرێت،ئەوکاتیش تاکێکى بوێر و خاوەن ماف و بەبەخششى لێدروست دەبێت،تاکێک کە بتوانێت پشت ببەستێتە سەر توانا مادى و مەعنەویەکانى خۆى،هەست بە هاوڵاتیبونى خۆى بکات لەسایەى یاساو دەستورێکى ڕێز لێگیراودا،تاکێک لەسایەى سیستەمێکى حوکمڕانى و سیاسیدا کە ڕێگەى پێبدات ئازادانە بیر بکاتەوە و ڕاوبۆچونى خۆى وخواست و ویستەکانى دەربببڕێت ،تاکێک کە شکۆ و کەرامەت و پیرۆزیەکانى پارێزراو بێت،ئەوا بەدڵنیایى کۆمەڵگایەکى هوشیار و ئازاد و پێشکەوتوو و سەرکەوتوشى لێوە بەرهەم دێت.
بەم شێوەیە و بەم میکانیزمەى کە دەبێت تاکەکان هاوکار و پشتیوان و هەم هاوبەشیش بن لە دەرکردن و دانانى یاساکان و بەشداریى جدیش بکەن لە ئیدارە و بەڕێوەبردنى گەل خۆیدا،بە ئازادانە دەنگ بدات و ڕێکخراوى مەدنى خۆى پێکەوە بنێت و خەباتیش بکات بۆ وەدیهێنانى ئامانج و خواست و ویستەکانیان بە ئازادانە،ئەوکات بنەما و سیستەم و فەلسەفەى بیرى تاکگەرایى لەهەرێمى کوردستان و کۆمەڵگاى کوردەواریشدا سەرهەڵدەدات و بەهێزیش دەبێت و بەنارچاریش حیزب و سەرکردە سیاسیەکانیش گوێ بۆ ڕاوبۆچون و هەڵوێست و گوتار وکرداریان دەگرێت. جا پێکەوەنانى ئەم سیستەمى تاکگەراییە لەکوردستاندا دەبێت ڕێکخراو بێت و لەلایەن کەسانى نوخبە و دەستەبژێر و بیرمەند و ڕۆشنگەر و ڕۆشنبیرەکانەوە سەرپەرشتى و ئیدارەش بدرێن،هەریەکە لە جێگە و پێگەى خۆیەوە،هیچ تاکێک نیە گرنگى نەبێت و هیچ تاکێکیش نیە ڕۆڵ و کاراکتەرى بەهێزى نەبێت،ئەگەر ژینگە و ئاڕاستەى گونجاو و راِست و دروستى خۆى بدۆزێتەوە و بۆى فەراهەم بکرێت.
هەمیشە دەوڵەت و حوکمڕانى و سەرکردایەتى سیاسى ڕۆڵى گرنگیان دەبێت لەو کار و پڕۆسە گرنگەدا،بەڵام زۆرجارانیش لەم جۆرە دەسەڵاتانەى هەرێمى کوردستان و ناوچەکەشدا بەنیەتى پێشوەختە و بەبەرنامە بۆداڕێژاو حیزب و سەرکردە سیاسیەکان کاردەکەن بۆ ڕێگەگرتن لە پێکەوەنانى دامودەزگا نیشتیمانیەکان لە سوپایەکى نیشتیمانى دوور لە ئینتیماى حیزبی و سەرکردە،دامودەزگاى حکومڕانى لە یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرى.ڕێگردەبن لە هوشیاربونەوەى تاک و کۆمەڵگا لەترسى نەهێشتنى دەسەڵات وحومکڕانیەکانیان،بۆ پاراستنى بەرژەوەندیەکانى خۆیان و حیزب و بنەماڵەکانیان. بۆیە زۆر باش دەزانن چەندە تاک هوشیاربێت و چاوکراوە بێت بۆ ئامانج و ئایندە و خواست و مافەکانى هێندە مەترسى دروستدەکات بۆ سەر دەسەڵاتەکانیان،هەر لەبەر ئەوەشە کە تائێستا و لەماوەى 28 ساڵى ڕابووردوودا هیچ هەنگاوێک هەڵنەنراوە بە ئاڕاستەى تاکگەرایى لەکوردستاندا،بەڵکو هەموو هەوڵەکانیان بۆ قۆرخکارى سیاسى و ئابورى و بازاڕ و هێز و دەسەڵات و دەستى کار بوە،هەموو هەوڵیان بۆ نەکردنەوە و دانەمەزراندنى کارگەى گەورەى بەرهەمهێن بوە ،هەموو هەوڵیان بۆ کردنى کۆمەڵگا و تاکى کوردى بە تاک و کۆمەڵگایەکى بەرخۆرى بێ بەرهەم و نەخوێندەوار و هەژار و برسى بۆئەوەى بۆ پارچە نانێک یان مووچەیەکى کەم تەنها پاشکەوتە و دواکەوتەى حیزبە سیاسیەکان بن.
بۆیە ئیدى کاتى ئەوە هاتوە کە تاک هێز و پێزى خۆى وەربگرێتەوە و ببێتە پنتى داڕشتنى سیاسەت و پلان و بەرنامەى دەسەڵات و حکومەتى کوردى و خۆى نمایندەى خۆى بکات لە هەڵبژاردنەکاندا ئەویش بەگۆڕینى سیستەمى هەڵبژاردنەکان لە تاک بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیى بۆ ئەوەى هەموو تاکێکى سەربەخۆ بتوانێت خۆى کاندید بکات و بشبێتە نمایندەى ناوچە و کۆمەڵگا و چین و تویژەکەى خۆى دوور لە مەحسوبیەت و مەنسوبیەتى حیزبى وەک هەموو تاکێکى لیبَڕاڵى وڵاتە ئەوروپى و ڕۆژئاواییەکان.
خۆشبەختانەش سەرەتاى ئەو هەوڵ و بیرۆکانەى کە گرنگى تاک و تاکگەرایى پیشاندەدات لەئێستاى کوردستاندا سەریهەڵداوە و لانى کەم و لەبەر ڕۆشنایى دەرئەنجامەکانى کۆتا هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نیشتیمانى کوردستاندا لە 30ئەیلولى 2018دا دەرکەوت کە نزیکەى لە 60% جەماوەر بەشدارى پڕۆسەى دەنگدانیان نەکردوە و ئەمەش بە ڕەتکردنەوەى هەژمونى حیزب و سەرکردە سیاسیە کلاسیکى و نوێکان دادەنرێت و زەنگێکى ئاگاردارکردنەوەش بوو بۆیان.کەچیدى تاکى کورد دواتان ناکەوێت و دەنگتان پێنادات ئەمەش سەرەتاى قۆناغێکى نوێى سیاسیە لەکوردستاندا.جا بەدڵنیایش ئەم ڕەوت و بیرۆکە و ئاڕاستەى تازەگەرى و تاکگەراییە لەلایەن حیزب و سەرکردە دەسەڵاتدارەکانەوە بەدژى خۆیانى دەزانن و تا بۆشیان بکرێت دەبنە ڕێگر لەبەردەم گەشە و پێشکەوتنیداو ململانێکەش هەر وا ئاسان نابێت،بەڵام گرنگ سەرهەڵدان و دەستپێکردنێتى و بەردەوامیشى دەوەستێتە سەر ئاستى سووربون و خەمخۆرى و دڵسۆزى تاکەکان بۆ ماف و خواست و ویست و ئایندەى خۆیان و نەوەکانیشیان.چونکە هەرکات ئەم ئاڕاستەى تاکگەراییە لەکوردستاندا سەرکەوت ئەوکات دەتوانین بڵێین کە کۆمەڵگا و تاکى کوردیش لەسایەى حوکمڕانیەکى لیبڕاڵ و دیموکراسیدا گەشەو پێشکەوتن و خۆشگوزەرانى بەخۆوە دەبینێت و لاپەڕەیەکى نوێش هەڵدەداتەوە لەمێژووى خەباتى خۆیداو بەپێچەوانەشەوە ئەوا کاروانى خەباتى بەجێماو لە کاروانى خەباتى مرۆڤایەتى و دیموکراسى و پێشکەوتن و داهێنان بەرۆکى کورد بەتاک و کۆمەڵگاوە بەرنادات ولەتونێلە ڕەش و تاریکەکانی ڕابووردوو و ئێستاش دەربازمان نابێت.

سەرچاوە:
======
.1https://ar.wikipedia.org
.2https://www.noonpost.com
.3 https://weziwezi.com
.4 https://arz.wikipedia.org

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت