ڕەوەند جەزا: میرنشینی یەکێتی و پارتی.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لاپەڕەکانی مێژوو پیشانمان دەدەن کە لە ڕابردوودا و بە تایبەت سەدەیەک پێش ئێستا چەند میرنشینێک ھەبوون کە ھەریەکەیان ناوچەیەکی کوردستانیان بەڕێوەدەبرد.
ئەم میرنشینانە بەردەوام ناکۆکبوون و خیانەتیان لە یەکتر کردووە بە نمونە براکان لە میرنشینی بابان و بۆتان چەندینجار لەشکری ئێرانی و لەشکری عوسمانیان ھێناوەتە سەر یەکتر. ئەو دژایەتییە ناوخۆیەی میرنشینەکان و نێوان میرنشینێک بۆ میرنشینێکیتر، ببوە ھۆکار بۆ ئەوەی بە ئاسانی لەلایەن ھێزەکانی دوژمنەوە داگیربکرێت و میلەتی کوردی بێبەشکرد لە بوونی دەوڵەتی سەربەخۆ.
جێگەی داخە دوای سەدەیەک و بوونی ئەزمونی ڕابردوو و بەرەوپێشچونی دنیای سیاسی و مەعریفی لە ھەموو جیھاندا، دوبارە حوکمی میرنشینی لە کوردستان سەرھەڵبداتەوە و لە شوێنی میرنشینی بابان و بۆتان، میرنشینی یەکێتی و پارتی دروست ببێت بە سەرکردایەتی دوو بنەماڵە و دوای سەدەیەک ھێشتا بەردەوامبن لە ناکۆکی و خیانەتکردن لە یەکدی، پشتیان بە ئێران و تورکیا ( دوژمنی لە مێژەی کورد) بەستبێت و ئامادەبن لەشکری دوژمن بھێننە سەر خاکەکەمان لەکاتی بونی ھەر مەترسیەک کە لەسەر بەرژەوەندی کەسی و بنەماڵەیی خۆیان ھەبێت.
بنچینەی بەڕێوەبردنی ئەم میرنشینانە لەسەر کڕین و ترساندن و بێ ئومێد کردنی خەڵکی دامەزراوە. توانیویانە پیاوانی ئاینی و ئاین بەکاربھێنن بۆ خزمەتی خۆیان، نمونەی بانگخوازێکی سلفی کە دەڵێت: خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین دژی حکومەت دژی بنچینەکانی ئیسلامە. لە کاتێکدا بە وتەی بەرپرسێکی پارتی، بە تایبەت بانگێشتنامەی لە سەری ڕەشەوە بۆ دێت. چەندین نمونەی پیاوی ئاینی ھەیە کۆمەڵەیەکی زۆری خەڵکیان فریوداوە بە قسەکانیان و ناڕەزایی دەربڕینیان حەرام کردووە. لە کاتێکدا ئەم میرنشینانە بانگەشەی حکومڕانی دیموکراسی دەکەن، کە بە پێی بنەماکانی ئەو سیستەمە سیاسیە، تاک دەتوانێ بە ئازادانە ڕا و بۆچونی خۆی بڵێت و داوای مافەکانی خۆی بکات.
توانیویانە زۆرێک لە سەرۆک ھۆزەکان لە ڕێگەی پارە و بەخشینی پۆست لە میرنشەکەدا و چەکدارکردنیانەوە بکەنە پاڵپشتی خۆیان و بەمەش کۆمەڵێک لە خەڵکیان شوێنکەوتووە نمونەی ئەو ھۆزانەش سەنگاوی و ڕەباتی و ھەرکی و زێباری و خەیلانی و… ھتد.
ناشرینترین ڕێگە بۆ چەواشە کردن و بێ ئومێدکردنی خەڵک دروسکردنی حیزبی سێبەرە کە سەرەتا بانگەشەی ئۆپۆزسیۆن بوون دەکات تاکو دەنگی خەڵکی ناڕازی کۆدەکاتەوە و دواتر لەکاتی پێکھێنانی حکومەتدا دەچێتەوە پاڵ دوو بنەماڵەکە. ئەم ڕێگەیە وایکردووە کە خەڵکی باوەڕی نە بە ھەڵبژاردن ھەبێت نە متمانەی بەو ھێزانە ھەبێت کە بانگەشەی ئۆپۆزسیۆن بوون دەکەن.
بەم شێوازانە و چەندین شێوازیتر دوو میرنشینەکە یاخود دوو بنەماڵەکە توانیویانە خەڵکی بێ ئومێد و چەواشە بکەن و کوردستانیش بگێڕنەوە بە سەدەیەک پێش ئێستا!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت