بورهان شێخ ڕەئوف: عێراق لە نێوان دەستەڵات و ئۆپۆزەسیۆندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرچەندە ئەمە یەکەم جارم نیە لە سەر ئەم بابەتە بنووسم چ بۆ هەرێمى کوردستان و چ بۆ عێراقیش هاوکێشەى حوکمڕانى و پرۆسەى دیموکراتیزەکردنى وڵات بە بێ بوونى لایەنى ئۆپۆزەسیۆن و ڕکابەر هاوکێشەیەکى نابەرابەرو ناو هاوسەنگ دەبێت و ئاکامەکەى وەکو ئەوە دەبێت کە ئێستا لە عێراقدا دەیبینین کە لە شانزە ساڵى ڕابردوودا هیچ بەرهەمێکى ئەوتۆى نەبووە کە شایانى پێزانین و ستایش بێت واتە ئەگەر بەراوردى لایەنە پۆزەتیف و نەگەتیفەکانى بکەین بێگومان نەگەتیفەکان زیاترن.
ئەمەش بە پلەى یەکەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەو ساڵانەى گۆڕانکارى و پرۆسەى سیاسى عێراقدا هەموو حزب و لایەنەکان لە هەموو پێکهاتەکان جگە لە سوونەکان کە هەندێکیان ئۆپۆزەسیۆنى نیگەتیف بوون هەموو لە هەوڵى بەشداریکردن لە حکومەت و وەرگرتنى پۆست و ئیمتیازاتدا بوون و بیانوو پاساویشیان ئەوە بووە کە سازان پێویستە بۆ بارو دۆخى ئێستاى عێراق و دۆخى شێواوى عێراق بەرگەى ئۆپۆزەسیۆن بوون ناگرێت ، ئەگەر ئەمە تاڕادەیەک ڕاستى تێدا بێت ناکاتە ئەوەى لە برى سازان و بەرژەوەندى باڵاى وڵات لایەنەکان هاوپەیمانى ببەستن لە ئاستى هاوبەشى و ڕێکەوتن لە سەر پەردەپۆش کردنى هەڵەو کەموکورتى یەکتر تۆ چاو لە سەر هەڵە و گەندەڵییەکانى من دابخە منیش هەمان هەڵوێستم دەبێت لەسەر هەڵ و گەندەڵییەکانى تۆ، بە داخەوە لە چەند ساڵى ڕابردوودا ئەو کردەوە قێزەونە بۆ چەندین جار لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانى عێراقدا ڕوویداو لە میدیاکانیشەوە باسى کرا.
ئەوەى مەبەستمە بیڵێم لەم وتارە کورتەدا ئەوەیە کە تازە بەتازە هەندێک قەوارەو و فراکسیۆنى پەرلەمانى لە نێو ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقدا ئاماژە بە ئۆپۆزەسیۆن بوون دەکەن و هەندێکیشیان ڕایانگەیاندووە کە ئیتر ئەوان ئۆپۆزەسیۆنن ، وەکو ڕەوتى حیکمەى نیشتمانى کە سەید عەمار حەکیم سەرۆکایەتى دەکات هەرچەندە ڕایانگەیاندووە کە ئەم هەنگاوەى ئەمان دژ بە هیچ کەس و لایەنێک نیەو خواستى ڕووخانى کابینەکەى دکتور عادیل عەبدولمهدى نیە چونکە هەندێک دەنگۆ هەبوو کە دەیانووت ئامانجیان هەڵوەشانەوەى کابینەکەیە و وەرگرتنى پلەو پۆستى زیاتر ە بەڵام ڕەوتى حیکمە دەبێژن ئێمە خوازیارى پێکهێنانى ناوکى بەرەیەکى ئۆپۆزەسیۆنین لەوە هێزو قەوارانەى تا ئێستا دوودڵ و نیگەرانن لە پرۆسەى سیاسى بە ئامانجى ڕاستتکردنەوەى پرۆسەى سیاسى و دیموکراسى لە عێراقدا .
لەلایەکى ترەوە فراکسیۆنى نەسر کە حەیدەر عەبادى سەروەزیرانى پێشوو سەرۆکایەتى دەکات ڕایگەیاند کە ئەوانیش دەبنە ئۆپۆزەسیۆنى ڕاستکردنەوەو چاکسازى ( تقویمیە ) نیگەرانى خۆیان نەشاردەوە لە ئەداى کابینەکەى عەبدولمهدى بە حکومەتى بەشبەشێنەى تائیفیان وەسفکرد و وتیان ئێمە عەبدولمهەدییمان سەرپشک کردووە بۆ پڕِکردنەوەى پۆستە وەزارییە بەتاڵەکان و هیچ خواستێکى تایبەتمان نیە دەخوازین بە دەستێک لەپۆڵا بچێت بە گژى گەندەڵکاران و بەرنامەى نیشتمانى پراکتیزە بکات ، بەڵام ئەوەمان لە بیر نەچێت سەرۆک وەزیرانى پێشوو کە لە خۆیان بوو بە دەستێک لە تەختەش نەیدا بەسەر گەندەڵکاراندا هەرچەندە بە وتەو دروشم زۆرى وت بەڵام بە کردار هیچمان نەدى.
لەلایەکى ترەوە فراکسیۆنى سائرون کە سید موقتەدا سەدر ڕابەرایەتى دەکات و یەکەم دەنگى هێنا لە دوا هەڵبژاردنەکانى عێراق لە ساڵى 2018 لە دواى کۆبوونەوەیەکى بەشێک لە ئەندامانى فراکسیۆنەکەیان لە گەڵ سەید موقتەدا لە ناوچەى حەنانەى شارى نەجەفى پیرۆز لە لایەن شیعەکانەوە کەبارەگاى سەدریش لەوێیە ڕایانگەیاند:
کە دەبێت عەبدولمهدى و کابینەکەى بانگهێشتى ئەنجوومەنى نوێنەران بکرێت و لێپرسینەوەى لە گەڵدا بکرێت لەبەرئەوەى لە شەش مانگى ڕابردوودا هیچ شتێکى دیارى پێشکەش نەکردووە بۆ هاوڵاتیانى عێراق و شکستى هێناوە لە دابینکردنى هەلى کارو و خوازیارن ڕاپۆرتێکى ڕوون و درێژ لە سەر کارو چالاکییەکانى بخاتە ڕوو بە ژمارەو داتاى ورد و ڕایانگەیاند کە گەلى عێراق بە نالەبارترین دۆخى بێ ئومێدى و نیگەرانیدا دەڕوات و هەروەها خوازیارى ئەوە بوون کە هەموو دۆسێە گەورەکانى گەندەڵى ڕادەستى دادگاکان بکرێت.
لە کۆتاییدا جارێکى دى ئەو پرسیارە قورسە خۆى قووت دەکاتەوە ئایا تاقم و گروپى سیاسى بارگاوى بە بیرو باوەڕى توندڕەوى تائیفى دەتوانن وڵاتێکى وەک عێراقى فرە مەشرەب سەرکردایەتى بکەن بەرەو کەنارى ئارامى؟
جا ئیتر چ دەستەڵات بن یان لە ئۆپۆزەسیۆن؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت