مەحمود عەبدوڵا: شەڕی ئێستای پەکەکە و ئاکەپە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ئێستادا ئاکەپە هەڵمەتێکی فراوانی دەستپێکردوە. بە جۆرێک کە وەک شەڕێکی یەکلایی کەرەوە دەبیندرێت. جودا لە شەڕی فاشیزمی قەومی تورک بەرامبەر بەکورد، کەسەدەیەکە هەڵوێستی نەگۆڕە بەرامبەر بە گەلی کورد. هاوکات ئەو شەڕەی ئێستا لە ئارادایە شەڕێکی فراوانترە، ئەو هێرشانەی ئێستای ئاکەپە بوعدێکی ئایدیۆلۆژیشی هەیە. واتا وەک ڕابردو تەنها شەڕی کوردو تورک نییە، بەڵکو لەهەمانکاتدا شەڕی دوو ئایدیۆلۆژیاشە.
ئەو شەڕە ی ئەردۆگان دەیکات، شەڕێکە لەجیاتی تەواوی هێزە کۆنە پارێزەکان و ئیخوانیزمە و نوێنەرایەتی ڕابردوو دەکات، فراوانتر لەمە بڵێین شەڕێکە لەجیاتی تەواوی هێزەکانی کە وەک ئیسلامی سیاسی کاردەکەن. هەرچی پەکەکەیە شەڕی کوردبون و ڕێنسانسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی ئازادی گەلان دەکات.
ئەگەر چی بەبڕوای زۆرێک لەچاودێران ئەردۆگان لەو زۆرانبازیە سەرکەوتونابێت، و ئەو سەرەڕۆیی و سنوربەزاندنانەی ڕەنگە تاساڵی 2023 بۆ بچێتە سەر، بەڵام ئەو تا ئەوکاتە هەموو توانای خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو هێزەی کە بەدیلی بۆ گرێکوێرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە سست بکات و ڕێنسانس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوابخات. ئەو ڕێنسانسەی کە بە بێ ئەنجامدانی گەلانی ناوچەکە هەر لەلێواری مەرگ ڕادەگرێت.
تەواوی هێزە ئیسلامیەکان ئیخوانیەکان، سەلەفیەکان، وەبەگشتی تەواوی ئەو هێزانەی کە تەبەنی ئایدیۆلۆژیای ئیسلام دەکەن سەرخۆشن بە بچوککردنەوەی پەکەکە، بۆ ئەوەی بتوانن لە زەلکاوی ڕۆژهەڵاتی ناوین و لەناو ئەو جەهەنەمەی کەهەیە بتوانن باسی خۆشیەکانی قیامەت بکەن،ئەو هێزانە باش لەوە تێگەیشتون کە بەسەرکەوتنی ئایدیۆلۆژیای پەکەکە، گەلان و کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەرگای ژیانێکی دونیایی عەقڵانیان بەڕودا دەکرێتەوە و، ئیتر دەرگای مەرگ دۆستی و قیامەتیان بەڕودا دادەخرێت. بۆ یە هێزە کانی نوێنەری قیامەت لەگۆڕستانی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەنێژرێن، و وەک ڕەمزی ڕابردوی پڕ ئازارو گێژکردنی گەلان پیشاندەدرێن.
لەبەر ئەوە ئاکەپە و بەتایبەت ئەردۆگان دەیانهەوێت ئەو ڕێنساسە دوابخەن و نەمامی ڕۆشنگەری بە ساوایی هەڵبکەنن. بەڵام ئەوە شتێکی مەحاڵە سیستەمی خەلافەت بەهیچ شێوەیەک چانسی سەرکەوتنی نییە، تەنیا دەتوانن ماوەیەکیتر بە دروستکردنی توندوتیژی ڕێگە لەپێش ئازادی و بیرکردنەوە بگرن.
پەکەکە بەدرێژایی چڵ ساڵ تێکۆشان بەرامبەر دۆگماتیزمی ئیسلامیەکان و فاشیزمی دینی تێکۆشانی خۆی بەردەوامکردووە و بنەماکانی ئاینی چوارەمی دامەزراندوە. ئاینی سێیەمیش بەتەواوی پیربوە و سەر لە کێشەکانی ئێستا دەرناکات و گێژبووە جگە لەهەوڵدان بۆخەواندنی کۆمەڵگا و خەو بینین بەڕابردو هیچ چارەسەرێکی پێنیە، بەناچاری دەبێت ڕێگە بۆ ئاینی چوارەم دیموکراسی و ئازادی گەلان بکاتەوە. ڕاستە هێزەکانی قیامەت ڕیشەیەکی قوڵیان لە زیهنیەتی کۆمەڵگاو مێژوو و پەروەردەکەیدا هەیە، بەڵام ڕیشەکانی گەندەڵ بوون و ڕوو لە فەوتانە. کاتی ئەوەیە کە گەلانی ناوچەکە خەبەریان بێتەوە. ئاکە پە کە باوەڕ بەمردنی پیاوە نەخۆشەکە ناکات و هەوڵدەدات لە گۆڕستانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەریبهێنێتەوە و ماوەیەکە ئەو مەیتە پیشاندەدات، بەڵام جگە لەمردوەکان، هەموو هێزە عەقڵانیەکان لوتیان دەگرن و هەست بە بۆگەنەکەی دەکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت