ڕەوەند جەزا: بازرگانیکردن بە کەرتی تەندروستیەوە.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەرتی تەندروستی ھەستیارترین کەرتەو لە ھەموو کەرتەکانی دیکە زیاتر پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی ھاونیشتمانیانەوە ھەیە، بەڵام لە سایەی دەسەڵاتی دوو بنەماڵەوە، ئەم کەرتە بووە بە ئامرازێکی بازرگانیکردن و سەرتاپا وەک کەرتەکانی دی بە حیزبی کراوە. بازرگانیکردنی دەرمان لە لایەن سەرمایەدارێکی حیزبێکەوە قۆرغکراوە و بە پێی قسەی شارەزایانی دەرمان کوالێتیەکی نزمی دەرمان ھاوردەی ئەم ھەرێمە دەکرێت. بەڵام ھیچکام لەو شارەزایانە ناوێرن ڕەخنە بگرن یاخود سکاڵایی یاسایی لەسەر ئەو دۆسیە گەندەڵیە تۆمار بکەن، چونکە ڕووبەڕوی زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و تەنانەت مردنیش دەبنەوە. ئەو سەرمایەدارە مافیا ئاسایانە لەم ھەرێمەدا لە سەروو یاساوەن. لە ماوەی ڕابردوودا پزیشکێک بە ناوی ( بەختیار ئەمین ) ڕووبەڕوی ئەشکەنجەدان بویەوە تەنھا لەبەر ئەوەی ڕەخنەی لە کوالێتی دەرمان گرتبوو! تاوانبارانیش ھیچ ئیجرائاتێکی یاساییان ڕووبەروو نەکرایەوە! سەرەڕای سکاڵای یاسایی پزیشکەکە!
شانبەشانی دەستبەسەراگرتنی نەخۆشخانە (بە ناو) حکومیەکان، نەخۆشخانە ئەھلیەکانیش لە لایەن سەرمایەدارانی دوو حیزبەکەوە دامەزرێندراون. بۆیە بە شێوەیەکی بەرچاو نەخۆشخانە حکومیەکانیان پشتگوێ خستوە و خەڵکی متمانەیان بەو نەخۆشخانانە نەماوە، بەمشێوەیەش ژمارەی سەردانیکەرانی نەخۆشخانە ئەھلیەکان زیادی کردووە و لەم ڕێگەیەوە خزمەتی سەرمایەی خۆیان کردووە.
ئەم گەندەڵکاریەش تەنھا لە ئاستی باڵادا نیە، بەڵکو شۆڕبۆتەوە بۆ کارمەندانی تەندروستیش ( پزیشک ، دەرمانساز، کارمەندانی تەندروستی و… ھتد). بە شێوەیەک لە کاتی دامەزراندنی نۆرینگەیەکی پزیشکیدا پێویستە ڕێکەوتنێک لە نێوان پزیشک و دەرمانساز و کارمەندی تاقیگەدا ئەنجام بدرێت. کە زۆربەی ڕێکەوتنەکان بەم شێوەیەیە ( پارەی ئۆفیس و سکرتێری پزیشکی پسپۆڕ لەلایەن دەرمانساز و خاوەنی تاقیگەوە دابین دەکرێت و لە بەرامبەر ئەوەدا پزیشک دەرمان و پشکنینی زیاتر بۆ نەخۆش دەنوسێت ). بەمشێوەیەش کارمەندانی تەندروستی بازرگانی بە ژیانی نەخۆشەوە دەکەن و بڕە پارەیەکی زیاتریان دەستدەکەوێت! و تاکە زەرەرمەندیش کە فریودەدرێت نەخۆش و ھاونیشتمانیانن. بەم شێوەیە کەرتی تەندروستی بووە بە تۆڕێکی بازرگانیکردن. کە شکۆی یەکێک لە پیرۆزترین پیشەکانی ( کە پزیشکیە ) بێ بەھا کردووە.
سەرەڕای ئەم ھەموو گەندەڵیە، ھیچ لێپرسینەوەیەک لەو گەندەڵکارانە ناکرێت و لیژنەی نەزاھەش بێدەنگی ھەڵبژاردووە! ئاخۆ ئەبێت کەی بێت و ئەو گەندەڵکارانە بدرێنە دادگا؟! کەی سیستەمێکی پێشکەوتووی تەندروستیمان ھەبێت؟! کەی نەخۆش و کارمەندانی تەندروستی خاوەن مافی خۆیان بن؟ کەی حیزب و سەرمایەداری لە خزمەتکردن جیا بکرێتەوە؟
ئەم پرسیارانە و چەندان پرسیاریتر بێ وەڵام ماونەتەوە و تاکو ئەم دوو کۆمپانیایە حکومەت بەڕێوەبەرن گەندەڵی بنەبڕ نابێت و خەونی من و ھەزارەھا گەنجی وەک من بەدی نایەت!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت