بورهان شێخ ڕەئوف: لەسەرو بەندى ڕاگەیاندنى کابینەى نۆدا دنیاییەک هیواو ئامانج.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژى 10 تەموزى 2019 دواجار دواى ژانێکى درێژ کە نۆمانگى خایاند کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دایک بوو، ئەو کابینەى کە هەروەکو سەرۆک وەزیرانى نوێ لە وتارى دەست بەکاربوون و خوێندنەوەى کارنامەى کابینەکەیدا وتى ملیارەها دۆلار قەرزارە.

کارنامەى حکومەت
ئەگەرچى پێشتریش کابینەکانى پێشوو بە هەمان شێوە کارنامە و پلان و نەخشە ڕێگاى جوان و گشتگیریان دەخستە ڕوو، بەڵام لە دواییدا لە بوارى پراکتیکدا کۆسپ و تەگەرەى گەورەیان دەهاتە پێش بۆیە خەڵکى ئەم وڵاتە ناهەقیان نیە ئەگەر بە وریایى و دوو دڵییەوە لە دۆخەکە بڕوانن هەرچەندە ئەمجارە کارنامەى حکومەت لە لایەن لیژنەیەکى سێ کەسى لە هەر سێ لایەنى سەرەکى بەشداربووى حکومەت واتە پارتى و یەکێتى و گۆڕانەوە نووسراوە و پێداگیرى زۆرى لە سەر زۆر بابەتى گرنگ و جێبایەخى تێدایە کە ئەگەر جێبەجێ بکرێت پێدەچێت گۆڕانکارى ڕیشەیى بهێنێتە ئاراوە .
لەو بابەتانەش کە یەکەم شت سەرنجى ڕاکێشام ئەوە بوو سەرۆک وەزیرانى نوێ وتى دەبێت ڕووبەڕووى گەندەڵى ببینەوە چونکە خواستى هاوڵاتیانە هەروەها وتى خواستى منیشە چاکسازى و بەگژاچوونەوەى گەندەڵى ئەوەى زیاتر گرنگ بوو وتى گەندەڵى دیاردەیەکى سامناکە بەڵام نەبووەتە کولتور، لە کاتێکدا زۆرێکمان لە بیرمانە سەرۆک وەزیرى پێشوو لە چەند بۆنەیەکى جیاوازدا وتى گەندەڵى بووەتە کولتور بەو هیواییەى سەرهەڵدانى ململانێ ى وا لە نێوان کۆن و نوێدا تەوژم و گوڕو تەکانێک بدات بە کابینەى نوێ کە بە دەستێک لە پۆڵا بچێتەوە بە گژ گەندەڵى و گەندەڵکاران کە لە تیرۆر مەترسیدارترە بۆ ئێستاو ئایندەى وڵات.
جگە لەوەش بەرنامەى کارى حکومەت گرنگى و پێداگیرى دەکات لە سەر زۆر خاڵى گرنگ لەوانە چاکسازى لە کەرتى وەزیفەى گشتى و لە مووچە خۆر و ختنەنشین و چارەسەرکردن و ڕێکخستنەوەى دەوام گرتنەبەرى ڕێکارى یاسایى لە بەرامبەر هەر سەرپێچیەک کەلەم کەرتەدا بکرێت ، کارکردن بۆ نەهێشتنى ڕۆتین و بە ئەلکترۆنى کردنى حکومەت، لەوانەش گرنگتر نابێت و ناکرێت بەرپرسانى باڵاى حکومەت پێگەى کارگێڕى خۆیان بەکار بهێنن بۆ بازرگانى و خۆ دەوڵەمەند کردن .
فاکتەرێکى تر گرنگ کە لەم کارنامەدا گرنگى پێدراوە مەسەلەى شەفافیەتە لە بوارى نەوتو غاز و سامانى سروشتى کە زۆرترین گلەیى و گازندەو قسەى لە سەرکراوە کە بەڵێنى دامەزراندنى سندوقى داهاتە نەوتییەکانیان داوە.
بابەتێکى تر چاکسازى لە بوارى تەندروستى و دەرمان و خۆراک ڕێکارى یاسایى بۆ هەر سەرپێچیەک ، چاکسازى لە سیستمى باج و بە شێوەیەک هیچ کەس و لایەنێک نەتوانێت خۆى بدزێتەوە لە دانى باج.
بابەتێکى تر کە گرنگى لەوانەى پێشووتر کەمتر نیە ئەویش ڕێگە گرتن لە قۆرخکارى بازاڕ و ڕەخساندنى بوارى یەکسان بۆ کۆمپانیاکان بۆ ململانێ بازرگانى ڕەوا.
ئەمانە بە چى دەکرێت؟
بە پشتیوانى پەرلەمان و دامو دەزگا چاودێرییەکانى تر ڕەخساندنى ئازادى بۆ لایەنە ئۆپۆزەسیۆنەکان بۆ ئەوەى ببن بە ئۆپۆزەسیۆنى پۆزەتیف بە ڕەخنەو سەرنجەکانیان کەموکورتیەکانى حکومەت بخەنە ڕوو ببنە چاودێرێکى وردو کاریگەر بەسەر کارەکانى حکومەتەوە. خۆشبەختانە کارنامەى حکومەت پێداگیرى لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێت پەرلەمانى کوردستان ڕۆڵى چاودێرى خۆى ببینێت بە گوێرەى پەیڕەو لە هەمان کاتیشدا مسۆگەرى کارى ئۆپۆزەسیۆنیش دەکات و ڕێز لە بیرو بۆچوون و داخوازییەکانیان دەگرێت.
جگە لەمانەش بەرنامەو پلانى گرنگە تێدایە بۆ هەموو بوارەکانى دى هەرلە خوێندنى باڵاو پەیوەندییەکانى دەرەوەو پەیوندى لە گەڵ حکومەتى ناوەندى ودابینکردنى هەموو خزمەتگوزارییە پێویستەکان و بیمەى بێکارى و بیمەى تەندروستى و کەسوکارى شەهیدان و کەمئەندامان و پاراستنى ژینگەو گرنگى دان و ژیانەوە کشتوکاڵ و ئاوەدانکردنەوەى گوندەکان و ناحیەکان و گرنگیدان بە گەنجان و… تد.
لە کۆتاییدا گرنگ ئەوەیە بتوانرێت لانى کەمى ئەم کارنامە جێبەجێ بکرێت و کێشەى ئەم هەرێمە لە ڕابردوویشدا هەر ئەوە بووە کە زۆر پلان و بەرنامەى جوان داڕێژراوە بەڵام نەتوانراوە پراکتیزە بکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت