گووینیل ئایایدن جەبە: یەشار کەمال و شارى تۆراو.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 کورتە لێکۆلینەوەیەکە سەبارەت بە رۆمانى (زەریا زیز بوو)ى یەشار کەمال

لە تورکییەوە: یوسف عزەدین
یەشار کەمال هەر لەدەستپێکى نووسینییەوە، گرنگییەکى تایبەتى بە سروشت داوە و لەپێناو کەشفکردنى پێوەندى نێوان مرۆڤ و سروشت، هەوڵى هێنانە کایەى زمانێکى تایبەتى داوە. یەشار کەمال پێى وایە مرۆڤ تەنیا لەو کاتەدا بەختەوەر و بارى تەندروستى باشە کەبتوانێت پێوەندییەکى دروست لەگەڵ سروشتدا بهێنێتە بوون، ئەم گۆشە نیگایەى بنەمایەکى سەرەکى و ڕەسەنى نێو تێکستەکانیەتى، لەپاش ساڵى 1970 – شەوە دەتوانین بڵێین بەتەواوى ئەم تێڕوانینەى بووە شوناسنامەیەکى پۆلەتیکى.
ئیدى ئەم تێڕوانینەى هێدى هێدى لەبونیادێکى تۆکمەدا جێى خۆى کردەوە و لە ڕۆمانى “زەریا زیز بوو”دا، لەشکڵ و شەمائیلى مانیفیستۆیەکدا کەوتە ڕوو. لەم ڕۆمانەدا بەتەواوی پێوەندییەکانى نێوان و مرۆڤ و سروشت ڕاڤە و شیکارى بۆ دەکرێت. ناکرێت تەنیا وەک ڕۆمانێکى تایبەت بەدەریا تەماشا بکرێت، چونکە لەوە زێدەتر دەگرێتە خۆى و باس لەشارێکى کەنار زەریا دەکات، کەمرۆڤەکانى بژێوییان لەمیانى دەریاوە بەدەست دەهێنن و بەشێوەیەکى یەکانگیر وابەستەین، بۆیە ڕۆمانەکە بەگێڕانەوەى بەسەرهاتى شارێک دەدرێتە قەڵەم، کەبەبێ دەریا ناکرێت بژێویان بەدەست بهێنن و بژین. باسوخواسى شار و وەسفکردنى، پانتاییەکى بەرفراوان و شوێنێکى گرنگى ڕۆمانەکە داگیر دەکات.
ئەمە جگە لەخستنەڕووى پێوەندییەکانى نێوان شار و زەریا و کاریگەرییان لەسەر یەکتر. بەشێوەیەکى ئیستێتیکى و بەپلەى یەکەم مامەڵە لەگەڵ منداڵانى نێو ڕۆمانەکەدا دەکات و بەپلەى دووهەمیش لەڕێى ئافرەتانەوە، پێوەندییەکانى نێوان مرۆڤ و شار دەخاتە ژێر پرسیارەوە و کەشوهەوایەکى پۆلەتیکیانەشى بۆ دەخوڵقێنێت. لەم ڕۆمانەدا لەنێو دنیاى ئافرەتان و منداڵان و پێوەندییەکانى سروشت و هەلومەرجەکانى ئەو دیوى شارەوە دەست پێدەکات و دواتر تێڕوانینەکانى خۆى سەبارەت بە ئیستانبووڵ دەخاتەڕوو کەهەموو ئەمانە لەمیانى پێوەندییەکانى نێوان مرۆڤ و سروشتەوە راڤە دەکات.
ئەو ئیستانبووڵەى کەیەشار کەمال، لە ڕۆمانى “زەریا زیز بوو”دا باسى لێوە دەکات. بەپێى ڕاوبۆچوونەکانى زۆرێک لە ڕەخنەگران، شیعرى “تەمتوومان”ى “تەوفیق فیکرەت”مان وەبیردەهێنێتەوە، هەر بۆیە رەخنەگرانى وەک “نەدیم گویرسەل و فەتحى ناجى” بەتایبەت ئەم چەند بەیتەى “تەوفیق فیکرەت” بەنموونە دەهێننەوە، کەدەڵێت:

(پەردە پۆشى بکەن، بەڵێ ئەو مەزنە
پەردە پۆشى بکەن، بەڵى ئەم شارە
پەردە پۆشى بکەن و بۆ هەتا هەتایە بنوو
ئەى فاجیرەى دەهر…
پەردە پۆشى بکەن، ئەى مەرگەسات
پەردە پۆشى بکەن، بەڵێ ئەم شارە
پەردەپۆشى بکەن و بۆ هەتا هەتایە بنوو
ئەى سۆزانییەکى دنیا).

“تەوفیق فیکرەت” وەک مێینەیەک دەڕوانێتە شار و ئەو شوناسنامەیەشى پێ دەبەخشێت. تەنانەت لەڕووى خۆ داپۆشینى ئافرەتان لەو سەردەمەدا و بەکارهێنانى “پەردەپۆشى بکەن”، مەبەستێتى ئەو پێوەندییە بەرجەستە بکات.. تەنانەت لەدێڕە شیعرێکى دیکەیدا، بە”قەیرە کچ” ناوى دەبات، یان دەڵێت:
(ئەى ئەوەى پاکیزەیەتى خۆى لەژێر هەزار مێرددا دۆڕاند). شایانى باسە تێڕوانینێکى نێرانە لەم شیعرەیدا زاڵە و شاریش دەکاتە مێینەیەکى دۆڕاو.
بەڵام ئەو ئیستانبووڵەى کەیەشار کەمال لە ڕۆمانى “زەریا زیز بوو”دا دەیخاتە ڕوو، بێ ڕەگەزە، بەهیچ شێوەیەک بەمێینەى ناشوبهێنێت. بەپێچەوانەوە لەجێى ئەوەى شار سزا بدات، لەپشت دێڕەکانییەوە خۆشویستنى شارى تێدا دەبینرێتەوە. هاوسەنگى نێوان گەندەڵى و پیسێتى شار و هارمۆنییەت و گوزەرانى ئینسانیانەى مرۆڤەکانى شار ڕادەگرێت و ڕێزنەگرتنى سروشت لەلایەن مرۆڤەوە، بەڕێزنەگرتنى ئافرەتانى دەشوبهێنێت. بەمەش لەتێڕوانینى ئیکۆفیمینیستەکان نزیک دەبێتەوە، کەدەیانەوێت چەوساندنەوەى ئافرەت لەکۆمەڵگەدا و وێرانکردنى سروشت پێکەوە گرێ بدەن و پێوەندى لەنێوانیاندا بدۆزنەوە.
لەڕاستییدا پێوەندى نێوان مێینەو سروشت، پێوەندییەکى بایۆلۆژى و بوونگەراییانە نییە، تەنها تێڕوانینێکى نێرانەیە کە ئەو پێوەندییە لە مابەینیاندا چێ دەکات.
” سیمۆن.س.ئیستۆک” پێى وایە، ئەمە تێڕوانینێکى مادییە، کەوەک پارچە زەوییەک مامەڵە لەگەڵ مێینە دەکات و بەحەقى خۆى دەزانێت کەبیچێنێت و بیبڕێتەوە. بەڕاى ئەو ئەمە تێڕوانینى زیهنیەتێکە کەچلۆن بەوێرانکردنى سروشت ناڕەحەت نییە، ئاواش بەئەشکەنجە کێشان و ئازاردانى مێینە ناڕەحەت نییە و هەر بە خەیاڵیشیدا نایەت.
لەڕۆمانى” زەریا زیز بوو”دا ئافرەت لەپشت هێڵى گشتى ڕۆمانەکەوە سەنگى خۆیان هەیە، هاوبەشى گێرمەو کێشەکانى شارن. یەکێک لەگرنگترین کاراکتەرەکانى ئافرەتەکانى ڕۆمانەکە”زوهرە پاشاڵى”یە، کەلەلایەن مێردەکەیەوە دەدرێتە بەرچەقۆ و دەکوژرێت.. ئەم ڕووداوە دەگاتە ترۆپک و ڕۆژنامەکان وێنەى جەستەى ڕووت و خوێناوى ئافرەتەکە بڵاودەکەنەوە، ئەمەش دەبێتە مایەى ڕێگەخۆشکردن بۆ بەئەنجام گەیاندنى کارەساتى لەو چەشنە لەنێو کۆمەڵگەدا و بابەتەکە دەکاتە بابەتى کڕین و فرۆشتن. پیشاندانى جەستەى ڕووتى ئافرەتەکە، بێ حورمەتى کردنە بەمردوویەک و ڕێز و شکۆى ناهێڵێت. ئەو ئافرەتەى کەزینا دەکات، سەرەتا لەلایەن مێردەکەیەوە و دواتریش لەلایەن کۆمەڵگەوە تف و لەعنەت دەکرێت. جا یەشار کەمال سەبارەت بەکوشتنى ئافرەتەکە و دواتر پیشاندانى جەستەى ڕووتى لەلایەن ڕۆژنامەکانەوە، لەهەمان ڕوانگەى عورف و عادەتى باوەوە تێى دەڕوانێت و دەڵێت:
” کوشتنى زوهرە پاشاڵى لەلایەن مێردەکەیەوە، تەنیا لەسەر مەسەلەى نامووس بوو”.
لێرەدا ئەو تێڕوانینە پیاوانەیە زاڵە، کەئافرەت بە موڵکى خۆى دەبینێت، ئەو تێڕوانینەى کەهیچ مافێکى هەڵبژاردن و ئیرادە بۆ ئافرەت ناهێڵێتەوە و هیچ حیسابێکیش بۆ ئەقڵ ناکات. هەر ئەم تێڕوانینەشە کە ڕێگە خۆشکەرى توندوتیژییە لەگەڵ ئافرەتاندا، بەتایبەت ئەو دەمەى بەمەسەلەیەکى ڕەوشتى تاوانبار دەکرێت.
“باربەڕە. ت. گاتیس” پێى وایە کەبەدرێژایى مێژوو، پیاو ئافرەتى وەک ئامێرێکى وەبەرهەمهێنان بینیوە و گەرچى لەئێستادا بەحوکمى زیادبوونى ژمارەى مرۆڤ و لەناوچوونى سەرچاوە سروشتییەکان، داواکارى پیاو بۆ منداڵبوون کەمێک وەک جاران نەماوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەردەم ئافرەت لاى پیاو ئەو عەردەیە کە دەیکێڵێت و تۆوى خۆى پێدا دەکات و ئەمەش پەیوەستە بە بەرهەمهێنانەوە. لەمڕۆى شار و شارەوانیشدا، سەربارى زۆربوونى ژمارەى دانیشتووان، هێشتاکە نەوە خستنەوەى لا گرنگە و هەر ئەمەشە ئەو قەرەباڵغییەى لە دنیادا دروست کردووە.
لەڕۆمانى “زەریا زیز بوو”ى یەشار کەمال-دا، پیسبوونى شار و پیسبوونى ئافرەت، ئەگەر لەڕوانگەیەکى ئیکۆفیمینیستییەوە تێى بڕوانین، لەنێوانیاندا هەست بەپێوەندییەک دەکەین.
لەڕۆمانەکەدا بێجگە لە”زوهرە پاشاڵى”، زۆر کاراکتەرى دیکەى مێینەش، دەکەونە بەر شاڵاوى توندوتیژى پیاوەوە. هەروەک “دایکى ئەحمەد” کەلەلایەن مێردەکەیەوە ئەشکەنجە دەدرێت، کەدواتر “دایکى ئەحمەد” بۆ ڕزگاربوون لەو بارودۆخەى خۆى، ڕەدووى گەنجێکى دراوسێیان دەکەوێت و دواتریش “باوکى ئەحمەد” هەردووکیان دەکوژێت. لەشوێنێکى دیکەدا، دیمەنێکى توندوتیژى دەخاتەڕوو، کە”زەینەڵ” بەچاوى خۆى دەبینێت، پیاوێکى دەمانچە بەدەست، ئافرەتێک بەپرچ ڕادەکێشێت و هەردوو دەستى ئافرەتەکە زامدارن و خوێنیان لێدەچۆڕێت، ئیدى پاش ئەوەى “زەینەڵ” لەشوێنى ڕووداوەکە دوور دەکەوێتەوە، گوێى لەدەنگى زریکەیەکى درێژخایەن و پاشان دەمانچەیەک دەبێت، کەبەدواى یەکدا سێ فیشەکى لێ دێتەدەر.
بەپێى ئەم نموونانە دەزانین کەئافرەتى شارەکە بەختەوەر نین، پیاوەکان لەڕوانگەى باڵادەستى خۆیانەوە، ئافرەتەکان بەکاردەهێنن و پیسیان دەکەن و پاشان دەیانکوژن.
لەڕۆمانەکەدا “حالیم بێى وەزیر ئۆغڵو” یەکێکە لەو کەسایەتییانەى کەدەستى هەیە لەژەهراوى کردنى شار و پیس کردنى، ئەمە جگە لەوەى کەهۆبییەکى سەیرى هەیە، لەکڕین و فرۆشتنى زەوییەکانى شاردا، هەر چۆن حەزى بەدەست بەسەراگرتنى زەویدا هەیە، ئاواش حەزى بەدەست درێژى کردنە سەر نامووسى کچۆڵە گچکەکانە، تەنانەت هیچ ڕێزێکیشى بۆ بەها مەعنەوییەکانیش نییە، بگرە بەها ئایینییەکانیش.. تا جارێکیان مافوورێکى ڕاخراوى نێو مزگەوتێکى بەدڵدا دەچێت و بە پارە دەیکڕێتەوە.
تەنانەت یەکێک لەو کچانەى کەدەست درێژى کردۆتە سەر، پاش ئەوەى هەڕەشەى لێدەکات کە شکاتى لێ بکات، بەدەستى خۆى دەیخنکێنێت و فڕێى دەداتە نێو زەریاوە. ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە ئەو کاراکتەرە لەپێناو پاراستنى موتڵەقیەتى هێز و تواناى خۆیدا، هیچ سڵ لەئەنجامدانى کارێک ناکاتەوە، کەبکەوێتە دەرەوەى بازنەکانى مرۆڤایەتییەوە.
یەکێک لەکاراکتەرە گرنگەکانى ڕۆمانەکە”سەلیم باڵکچى”یە، کەبەهۆى ئەو کاروکردەوانەى کە”حالیم بێى وەزیر ئۆغڵو” دژ بەکچان بەئەنجامى دەگەیەنێت، بڕیارى کوشتنى دەدات. جا “سەلیم” پێش ئەوەى ئەو کارەى بەئەنجام بگەیەنێت، دیمەنێکى دێتە پێش چاو، کەدەکەوێتە مابەینى واقیع و زیندەخەونەوە:
(” حالیم بێى وەزیر ئۆغڵو” لەئوتێلى “هیلتۆن” لەنێو حەوزێکى قووڵایى زەریاکە، لەگەڵ هەشت کچى پرچ زەرد دایە…
“ئەو نییە” نەخێر ئەو پرچ زەردە نییە..وەڵڵاهى و بیلاهى ئەو نییە….
یەکێک لەو کچانە لەو دەچێت؟ کچە پرچ زەردەکان، لەقووڵایى زەریادا شانیان هەڵوەریوە، ئەم ماسى نا.. ئەوى دیکە.. ئەم دۆلفین نا، ئەویتر..لەگەڵیاندا دەدوێت، ئەم دۆلفینە پرچ زەردە.. “حالیم بێى وەزیر ئۆغڵو” لەگەڵ ماسییەکان و پرچ زەردەکاندا تاوڵە دەکات.. ماسییەکان بڵاوبوونەتەوە و بەدەورى “وەزیر ئۆغڵو”دا بازنەیان دروستکردووە..پرچ زەردەکان دەگرین…).
لێرەدا دەبینین “سەلیم باڵکچى”، ئەو کچە –نێرس-ەى کەعاشقى بووە، وەک ماسى دەبینێت و ئەمەش جێگەى سەرنجە، چونکە پێوەندى بەدنیابینى ماسیگرێکەوە هەیە، کەپێى وایە:
(ئەو هەروەک خۆى دەمێنێتەوە، ئافرەت پیر نابێت، وەک خونچەى تازە پشکوتوو دەمێنێتەوە، وەک زەریا دەمێنێتەوە، دەریا پیر نابێت، هەروەک چۆن ئاسمان و هەورەکان و ئەستێرەکان، پیر نابن، بەڵام ئینسان پیر دەبێت و دەمرێت).
“سەلیم” ئەم تێڕوانینەى کەئافرەت و سروشت وەک یەک دەبینێت، لەباوکییەوە بۆى ماوەتەوە، باوکى پێش ئەوەى زێدى خۆى قافقاسیا جێ بهێڵێت، دەنووشتێتەوەو سێ جار ئەو خاکە ماچ دەکات کەچیمەنى لەسەر ڕواوەو دەڵێت:
(ئەى دایکەکەمان، ئەى چیاکەمان، ڕەنگە ئیدى بۆ هەتا هەتا تۆ نەبینمەوە).
لەڕاستیدا ئەو بیرۆکەیەى کەئافرەت لەپیاو جیا دەکاتەوەو وەک پارچەیەک لەسروشت تێى دەڕوانێت. تێڕوانینێکى ئایدیۆلۆژیانەى پیاوانە. جیاوازى لەنێوان “وەزیر ئۆغڵو” و “سەلیم”، لەوەدایە کە”سەلیم” وەک سروشت دەڕوانێتە ئافرەت و پلەیەکى بەرزترى لەپیاو دەداتێ.
“وەزیر ئۆغڵو”ش ئافرەتى پێ بوونەوەرێکى غەیرە ئینسانەو تەنیا بۆ ڕابواردنە. پێوەندى “وەزیر ئۆغڵو” بە هەموو بوونەوەرەکانەوە، وەک گەمەى تاوڵە وایە.
“فاتمە ئەبڵە” یەکێکە لەو کەسایەتییە شیرین و خۆشەویستانەى کەلەفیگۆرى دایکێکدا دێتە پێش چاومان. کاتێکیش “سەلیم باڵکچى” لەخەستەخانە دەکەوێت، “فاتمە ئەبڵە” بەدیارییەوە دەمێنێتەوە.
“یەشار کەمال” لەڕیپۆرتاژێکیدا”فاتمە ئەبڵە” بەفیگۆرێکى تراژیدى و ڕەمزى دایکێکى قاڵبۆوەى دادەنێت، کە کاریگەرى زەمەنى پێوە دیارە.
لەڕۆمانى “زەریا زیز بوو”دا، نووسەر هاوسەنگى نێوان فیگۆرى “فاتمە ئەبڵە” وەک دایکێک و ئافرەتەکانى دیکە دەپارێزێت. لەڕۆمانەکەدا قەرەباڵغى شار، چ لەڕووى فیزیکى و چ لەڕووى کولتوورى و پیس بوونى، بۆتە مایەى بازرگانى کردن بەلەشى ئافرەتەوە، هەر بۆیە ئەو خەڵکانەى کەلەدەرەوەى شار دەژین، ئافرەتەکانى بەئافرەتەکانى نێو شارەکان ناچن.
ئیکۆفیمینیستەکان تێڕوانینى خۆیان بەچەشنێک بەرفراوان کردووە، کەمنداڵیش بگرێتە خۆى، چونکە منداڵانیش وەک ئافرەت و سروشت، بەدەست زەبر و زەنگى پیاوانەوە دەناڵێنن. ئەو تێڕوانینەى کەجەستەى ئافرەت وەک ماڵ و موڵکێکى سروشتى خۆى دەبینێت، هەر بە شار و سروشتەوە ناوەستێت، بەڵکو زەبر و زەنگ دەرحەق بەمنداڵانیش جێبەجێ دەکات.
لەڕۆمانەکەدا ئەو زەبر و زەنگەى کەبەرانبەر بەمنداڵان دەکرێت، لەکەسایەتى “زەینەڵ”دا ڕەنگ دەداتەوە و هەر ئەمەشە دەبێتە هۆى ئەوەى کەببێتە تاوانبار.
“سولەیمان” یەکێکە لەو کەسایەتییانەى کەپێش پانزە ساڵ و لەکاتێکدا کەزەینەڵ خەریکى پاککردنى ماسییە، بەپێیەکانى دەچێتە سەر پەنجەکانى دەستى و دەیانشکێنێت. ئەمە جگە لەوەى کە”سولەیمان” وەک وەستایەک، زۆر پارەى زەینەڵ-ى خواردووەو نەیداوەتێ.
“سولەیمان” لەکاتى ڕاوکردنى ماسیدا، دەستى ژنەکەشى لەژێر پێیان دەنێت و بەرانبەر ئەویش توندوتیژە.. تەنانەت لەڕاوەماسیشدا و لەپێناو بەدەستهێنانى پارەدا، هەموو ڕێگەیەکى چەوت و چەوێڵ تاقى دەکاتەوە.
ئیدى پانتاییەکانى ژیانى ئینسان و پێوەندییەکانى، منداڵانیش دەگرێتەوە. هەر لەژەهراویکردنى دەوروبەر و ژینگەو زیان بەخشینى فیزیکى و ڕوخساریى، هەر گەورەکانیشن کەکاریگەرییان بەسەر ژیانى منداڵان و دواڕۆژیانەوە هەیە. “زەینەڵ” چوونکە بەدەست گەورەکان زۆرى کێشاوەو هەر توندوتیژى و ئەشکەنجەدانى لێ بینیوون، بۆخۆشى کە گەورە دەبێت هەمان شت دووبارە دەکاتەوە.. گەرچى نایەوێت “دووڕسن کەمال” وەک خۆى لێ بێت، تا پێى بکرێت لەخۆى دوور دەخاتەوە، بەڵام ئەو خۆشەویستییەى کەبەرانبەر بە”دووڕسن” ى منداڵ دەینوێنێت، دەبێتە مایەى ئەوەى کەئەویش بچێتە نێو دنیاى توندوتیژییەوە.
بەڕاستى لەنێو شاردا زۆر منداڵى وەک”دووڕسن کەمال” هەیە، کەپێوەندى لەگەڵ خێزانیدا پچڕاوە، ئەمە جگە لە منداڵە بێ لانەو جێیەکان، یان ئەو منداڵانەى کەبەناچارى دەبێت کار بکەن و خانەوادەیەک بژێنن.
یەشار کەمال لە”سەربازەکانى خوا”دا، زۆر لەنزیکەوە گرنگى بەژیانى ئەو منداڵانە دەدات. ئەمە جگە لەوەى کە”زەریا زیز بوو”شدا، گرنگیان پێدەدات.
منداڵە لانەوازەکان لەهەموو پێوەندییەکى مرۆڤانە بێ بەشن و بەتایبەتیش بەدەست پۆلیسەوە دادوبێدادیانە و کەپێویستیش بکات هەر لەلایەن ئەوانیشەوە جارێکى تر بەکاردەهێنرێن.
یەشار کەمال، کوشتنى منداڵەکانى یوونس، کەسەربارى شین و فوغان و هەوڵدانى دایکەکە، هیچى بۆ منداڵەکانى پێناکرێت.. بەکوشتنى دۆلفینەکانى دەریاوە گرێدەدات.. نووسەر دەنگى دۆلفینە زامدارەکان، پێش مەرگیان… بەدەنگى منداڵان دەشوبهێنێت:
( لەژێر زەریادا، لەکاتى قەتڵوعامکردنى دۆلفینەکان، قوڕگیان پڕ دەنگى منداڵ ببوو….. ساوایەکى باوەشى دایکى، درایە بەر دەستڕێژ…).
نووسەر منداڵ و دۆلفین بەیەک دەشوبهێنێت، چونکە لاى ئەو هەر تاوانێک کەبەرانبەر سروشت بکرێت، لەهەمان کاتیشدا تاوانە بەرانبەر بەخۆى و کولتوورەکەى.
ئەو بیرۆکەیەى کەهەموو شتێک وەک کاڵایەک بۆ بەکارهێنان دەبینێت و زیان بەسروشت دەبەخشێت، ئەوە بێگومان کاریگەریشى بەسەر نەوەکانى داهاتوو و پاشەڕۆژیانەوە دەبێت.
لەڕۆمانى “زەریا زیز بوو”دا، نووسەر پانتاییەکانى ژیان و خودى مرۆڤ و پێوەندییەکانى، بەشێوەیەکى سەرسامکەر دێنێتە پێشچاو. بەرجەستەبوونى ئەم تێڕوانینەى یەشار کەمال-یش لەباڵاترین شێوەیدا، دەکرێت لەدوو توێى ئەم گوتەیەیدا ببینینەوە:
( ئەگەر مرۆڤ هەر لەمنداڵێکى حەوت ساڵانەوە تا کەسێکى حەفتا ساڵ، لەو ڕاستییە تێنەگات و ئا بەم شێوەیە سروشت بەدیوێکى دیکەدا وەربچەرخێنێت، ئەوە بە ماوەیەکى کەم ڕەگەزى خۆشى بەرەو لەناوچوون دەبات).
ئەم بیرۆکەیەى یەشار کەمال، لەڕۆمانى “زەریا زیز بوو”دا لەمەودایەکى ئەدەبیدا بەرجەستە دەبێت و هەڵسوکەوتى ئینسانەکان بەرانبەر بەسروشت و ئافرەت و منداڵ ڕاڤە دەکات و دەیەوێت سەرنجمان بۆ ئەوە ڕابکێشێت، کەهەموو ئەمانە پێکەوە گرێدراون. تەنها بەسەرهاتەکانیشمان لەزنجیرەیەکى یەک لەدواى یەکدا ناخاتە پێشچاو، بەڵکو لەڕێى سیمگەو لێکچوونەکانەوە نێوەندێکى هاوبەش دەخووڵقێنێت و وا لەخوێنەر دەکات کەعەوداڵى سەرچاوەى ئەو شتانە بێت، بەمەش هاوسۆزییەک لەگەڵ خوێنەر دروست دەکات و واى لێدەکات کەپێوەندییەکانى خۆى لەگەڵ ئەو شوێنەى کەتێیدا دەژى بخاتە ژێر پرسیارەوە.
سەرنج: (” گووینیل ئایایدن جەبە” نووسەرێکى مێینەى تورکەو ئەم بابەتەى لەمەلەفێکى تایبەت بە- یەشار کەمال-دا بڵاوکردۆتەوە لەژێر ناونیشانى” شار دەتۆرێت: سەرەتا ئافرەتان و ئینجا دۆلفینەکان”دا کەبەباشمان زانى بۆ زیاتر حاڵى بوونى خوێنەرى کورد لەماهیەتى بابەتەکە، تەنها دەستکارى ناونیشانەکەى بکەین و بیکەینە: “یەشار کەمال و شارى تۆراو”).
________________________
ژێدەر:
Kitaplik-yapi kredi yayinlari-101-2007-istanbul

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت