Said-Blxribi

سەعید بلغربی: چەند تێکستێکی ئەمازیغی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕینی: یوسف عزەدین

ئایت سه‌عید، یان کاتێک وێنه‌کان لەسەرخاکی یادەوەرییەکان تێک دەشکێن
هه‌موو سپێده‌یه‌ک گونده‌که‌مان بێدار ده‌بێته‌وه‌و هه‌موو خه‌م و که‌سه‌ر و په‌ژاره‌کانی خۆیمان، به‌چه‌شن و شێوه‌ی شنه‌ با و گوڵ، به‌خۆڕا پێده‌به‌خشێت.
تا ئێستا چه‌ند خه‌ڵکی نه‌یار و نامۆ، به‌ئێره‌دا گوزه‌ریان کردووه‌.. ئیدی گوڵی باخچه‌کان هه‌ڵوه‌رین و شنه‌بای به‌ره‌به‌یانیش ژه‌نگاويی بوو، گونده‌که‌شمان به‌هه‌موو به‌شه‌کانییه‌وه‌ داڕما و وێران بوو.
چاوه‌ڕێی ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌مان ده‌کرد، که‌نایه‌ت..ئه‌و گوێی نابوو به‌هێڵه‌ ئاسنینه‌که‌دا و ده‌یگوت، هێشتاکه‌ زۆری ماوه‌، بگاته‌ جێ.
که‌مێک گونده‌که‌ خامۆش ده‌بێته‌وه‌، خه‌ڵکه‌ نه‌یار و نامۆکه‌ ده‌که‌ونه‌ جووڵه‌و هه‌موو ئه‌و گوڵه‌ چاوپشیلانه‌ له‌ژێر پێیاندا ده‌شێلن، که‌به‌ددان به‌خۆدا گرتن و ئارامییه‌کی قووڵ چاندبوومان. هه‌رچه‌ند له‌ڕابردووه‌وه‌ دوور بووم، به‌ڵام ئاگاداری گشت ساته‌کانیش بووم.. به‌قاچێکی بڕدراو و ته‌نها چاوێکه‌وه‌، ده‌مڕوانییه‌ شته‌کان، به‌ڵام هه‌ستم به‌هیچ که‌موکوڕییه‌ک نه‌ده‌کردو خاوه‌ن وره‌یه‌کی به‌هێز بووم، به‌هێزتر له‌کاره‌ساته‌که‌!؟.
گوڵی باخچه‌کان سیس بوون، ئه‌م شوێنانه‌ش‌:( رعراسی ن زیخر، عراسی ن بوتیاریس، ئیغزار ن و ئیغبار)، پڕ بوون له‌نه‌هامه‌تی و پێنه‌ده‌چوو، هه‌رگیز‌ ئاو به‌به‌رده‌میاندا شه‌پۆلی دابێت.
نامۆ و نه‌یاره‌کانیش به‌ئێره‌دا تێپه‌ڕین؟! پردیان دروست کرد، حه‌وزه‌ ئاویان بۆ ئه‌سپ و به‌رازه‌کانیان هه‌ڵکه‌ند و گه‌وڕو و پشتیر وته‌ویله‌یان بۆ دروست کردن… سه‌ربازه‌کانیان وه‌ک سه‌گی هار په‌لاماریان ده دا وته‌نها نابه‌دڵبوونی شێوه‌ی که‌سێک بۆ ئه‌وان به‌س بوو، که‌بیکوژن!؟
ته‌نها مێینه‌کان یه‌کسه‌ر نه‌ده‌کوژران و رۆژی کوژرانیان ده‌که‌وته‌ پاش سه‌ماکردنی شه‌ویان، که‌ده‌بوو له‌سه‌ر ریتمی “بایل” و به‌سکی رووته‌وه‌ سه‌ما بکه‌ن، ئیدی بسک و بازنی زیوو و جه‌سته‌یان، تێکه‌ڵ به‌ئازارێکی خه‌فه‌کراو و تکانی مێیایه‌تی تواوه‌، بۆ نێو جامه‌ شه‌راب و ئاره‌قی ده‌ستی نه‌یاره‌کان، شوێنه‌که‌ی له‌و شه‌وه‌دا ده‌کرده‌، شوێنی ئاهه‌نگگێڕانی کونکردنی مێینه‌کان، دوای ئه‌وه‌ش‌ ساته‌وه‌ختی مه‌رگیان نزیک ده‌بۆوه‌، به‌ڵام پاش ئه‌تککردنی شه‌ره‌فی گونده‌که‌مان؟!
ئیدی پاش ئه‌وه‌ی “ئایت سه‌عید”، بۆ گیان به‌ختکردووه‌کان گریا..له‌و ساتانه‌دا ژووانێکمان هه‌بوو له‌گه‌ڵ لاپه‌ڕه‌کانی مێژوو، له‌وێدا خۆمان نابۆوه‌ بۆ بینینی تێپه‌ڕبوونی مێژوویه‌کی رووت و قووتی قورس بوو، به‌ژه‌نگ و سه‌دا، ده‌مانویست ئه‌و ده‌مه‌ی که‌ له‌قوڕنه‌ی گونده‌که‌ماندا، پرسه‌ بۆ خه‌مه‌کانمان ده‌گێڕین و سه‌ره‌خۆشی له‌یه‌کدی ده‌که‌ین، ئه‌و به‌لاماندا گوزه‌ر بکات” کاتێک ئێمه‌ ده‌ست بۆ هه‌وداکانی رۆژه‌ زیندانکراوه‌کانی، مابه‌ینی ماسکه‌ گه‌نیوه‌کان ده‌به‌ین.
” ئایت سه‌عید” هه‌نسک ده‌دا و دواتر وه‌همێک له‌به‌رچاومدا به‌رجه‌سته‌ ده‌کات و داواکاره‌ و به‌ته‌مایه‌ رایمووسم، به‌ڵام من هاوارێکم پێشکه‌ش کرد، وه‌ک هه‌وره‌ گرمه‌ له‌ناخیدا ده‌نگی دایه‌وه‌.. له‌سه‌ر ده‌نگ و ریتمی سه‌دایه‌کی هێور و له‌قووڵایی هه‌ڵدێر و نشێوه‌ جوانه‌ درێژبۆوه‌که‌ی، سه‌ر خاکی “تامازغا”، وه‌ ئاگا هاته‌وه‌.
چ شانۆگه‌رییه‌که‌و چ شۆڕش کۆتایی هات.
به‌گریانه‌وه‌ لێم نزیک بۆوه‌و گوتی، وا رێکه‌وتین که‌ که‌رامه‌ت بۆ مێژوو بگه‌ڕێنینه‌وه‌، که‌واته‌ با رابردووی تێکه‌ڵ به‌بۆنی خۆڵ و خه‌م و که‌سه‌ر و بارودیان به‌سه‌ردا ببه‌خشینه‌وه‌.
“ئایت سه‌عید” ئه‌و ئه‌شکه‌نجه‌ دراوه‌یه‌، که‌ئه‌وان به‌ده‌سته‌ پیسه‌کانیان، له‌نێو هه‌ناوی چیاکانیدا بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند بوونی خۆیان ده‌گه‌ڕان، به‌ڵام ئه‌و راسا و به‌گژیاندا چۆوه‌و بووه‌ دوا مۆڵگه‌یه‌ک که‌نه‌یاره‌کان، توانیان پیسی بکه‌ن.
کۆتایی به‌شه‌ڕه‌ جه‌نگه‌کان هات و ئه‌وه‌ی مایه‌وه‌، بریتی بوو له‌ زام و قه‌ڵه‌م و ئه‌وه‌ی نووسی-یان.
سه‌رنج:”ئایت سه‌عید”: یه‌کێکه‌ له‌گونده‌کانی مه‌غریب.
– – –
شارێکی سوێر

به‌تووڕه‌ییه‌وه‌ ئه‌و ده‌مه‌ی زه‌مین له‌ژێر پێیه‌کانیدا بێڕه‌نگ بوو، ده‌ستی کرد به‌ موغازه‌له‌کردنی شینایی ئاسمان.
” چی ده‌بوو ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌م شیناییه‌، ده‌ریایه‌کی ژێر ده‌سته‌ی خۆم بایه‌”.
ئه‌مه‌ی له‌خۆی پرسی، له‌کاتێکدا هیواخواز بوو، که‌خۆی فڕێبداته‌ نێو ئه‌و ده‌ریایه‌و به‌شوێن شارێکی سوێری، بێده‌نگ و پاکژدا بگه‌ڕێت، شارێکی پاکبۆوه‌ له‌پیسایی هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌تێیدا نیشته‌جێ بوون، شارێک که‌ڕابردوو له‌نێو ئازاره‌کانیدا جێی هێشت و فڕێی دایه‌ نێو قووڵایی ده‌ریاوه‌.
ده‌یویست بژی، هه‌ر له‌”ته‌نجه‌وه‌” تا “کوبره‌” ی تاقیکرده‌وه‌( هه‌روه‌ک چۆن ته‌له‌فزیۆنی مه‌غریبی کاتێک ده‌یه‌وێت ، هه‌موو مه‌غریب له‌و دوو شاره‌دا کۆبکاته‌وه‌ و گچکه‌ی بکاته‌وه‌، ئاوا ئاماژه‌ی پێده‌دا).. به‌ڵام هه‌موو ئه‌و شارانه‌ی که‌ڕووی تێکردبوون، له‌نه‌هامه‌تیدا هاوشێوه‌ و لێکچوو بوون.. تارماییه‌کانی رۆژ و فه‌زا به‌تاڵه‌کانی شه‌ویان ده‌یانترساندیت، ئه‌و شوێنانه‌ هیچ جووڵه‌و نووزه‌یه‌کی تێدا نه‌بوو، کوچه‌کانی وێران و شه‌قام و ڕێگه‌کانی چۆڵ، هه‌ر به‌ یاده‌وه‌ریی شته‌ دووره‌په‌رێز خراوه‌کان ده‌چوو.
له‌قوڕنه‌یه‌کدا نووسینێکی به‌رچاو که‌وت که‌به‌ته‌باشیرێکی سپی نووسرابوو، میزکردن لێره‌دا قه‌ده‌غه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سوپاسمان، له‌گۆشه‌یه‌کی تردا نووسرابوو، هه‌ڵڕشتنی خۆڵ و خاشاک لێره‌دا قه‌ده‌غه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سوپاسمان، له‌شوێنێکی تردا نووسرابوو، دانیشتن لێره‌دا قه‌ده‌غه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سوپاسمان.. ئیدی به‌و پێیه‌ی که‌بۆ هه‌ر شوێنێک ده‌چوو قه‌ده‌غه‌بوونێکی ده‌هاته‌ پێش چاو، خه‌ریک ده‌بوو بگاته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌هه‌موو شتێک له‌م وڵاته‌دا هه‌ر له‌میز کردنه‌وه‌ تا دانیشتن قه‌ده‌غه‌یه‌!؟
به‌ره‌و پێش هه‌نگاوی ناو، نووسینێکی که‌وته‌ پێش چاو، ئاماژه‌ی به‌فرۆشتنی هه‌موو جۆره‌ خواردنه‌وه‌ کحولییه‌کان ده‌کرد و به‌تیرێکیش شوێنجێگه‌ی باڕه‌که‌ ده‌سنیشانکرابوو.
به‌نیازی خواردنه‌وه‌ی قوومێک ئاو، تا تینووێتی خۆی پێ بشکێنێت، چووه‌ نێو یه‌کێک له‌چایخانه‌ کۆنه‌ میللییه‌کان، هه‌ر وه‌ک به‌‌ناوه‌که‌یدا دیار بوو..به‌ڵام ته‌ماشای کرد، له‌چه‌ند کورسیی و مێزێکی په‌رش و بڵاو، هیچی تری تێدا نییه‌، سه‌رباری بۆنی پێڵاوی ئه‌و لانه‌وازانه‌ی که‌ شه‌وی رابردوویان له‌وێدا ‌‌ به‌سه‌ر بردبوو.
ئه‌و ده‌م، به‌بڕواو سووربوونه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌ک بۆ گه‌یشتنه‌ شارێکی پاکژی له‌بیر چۆوه‌ی ژێر قووڵایی ده‌ریایه‌ک، چووه‌ ده‌رێ…
کاتێکیش به‌ ته‌وێڵی خۆڵاوییه‌وه‌ بێدار بۆوه‌، به‌تووڕه‌بوونه‌وه‌ که‌وته‌ نه‌فره‌تکردن له‌هه‌موو ئه‌و شاعیر و نووسه‌رانه‌ی که‌به‌درۆ به‌جوانی شاره‌کانیاندا هه‌ڵده‌ده‌ن.

چرپە پەرشەکانی نێو کفنی غوربەت

شەو لەناخیدا بەساڵدا چوو و چەند درزێکی لەناڵینی ڕەنگاو ڕەنگ؛ تەژیی بەئاوارەیی و ونبوون، لەنێویدا ‌جێ ھێشت. تاڵە مووە سپییەکانی؛ وادەھاتە پێش چاو ، کەھێڵکاری پڕ وردەکاریی تاریکی ڕۆژانی ڕۆژگارێکی ئەو تەمەنەی بەرجەستە بکەن؛ کەبەتەنیا مەودا ڕەشەکانی خۆی تێدا دەلێسایەوە.. لەقوڵایی تاڵاییەکەوە ئاخ و ئۆفێکی لێ بەرز بۆوە..
چاوی بڕییە یەکێک لە مێینەکان، کەلەسەر شۆستەکە بەلۆژە لۆژە ھەنگاوی دەنا و بەزەردەخەنەوە تێی دەڕوانی.. بەڵام ئەو رووی وەرچەرخاند و خۆی دایە دەست بێدەنگی و لەو شەوە درەنگ وەختەدا، پێدەچوو ھەموو تەمتوومانی شاری لەسەر لێوە بارگاوییەکەی بەشەکەتی، ھەڵگرتبێت؛ ئەمە سەر باری بەردەوامبوونی لەھەنگاونان بەسەر شۆستە تەڕبووەکاندا.
لەپاڵ لوغزە سە ر سوڕھێنەرەکەیدا، بۆ تاوێک و بەبێدەنگی لەگەڵی کەوتە دیالۆگەوە، ناو و ساڵی لەدایک بوونی خۆی پێ گوت و دواتر باسی ئەو زامەی بۆ کرد؛ کەدەمێکەو ھەر لەسەرەتای ھاتنیەوە بۆ ئێرە لەگەڵ خۆیدا ھەڵیدەگرێت.
بۆنی ئەو بۆنە ناخۆشەی کرد، کەلەمابەینی پەنجەکانییەوە دەھات..بەخێرایی خۆی لەکچەکە دزییەوە و تا پێی کرا ھەڵھات و بەخێرایی چووە نێو تەمتوومانەکەوە، نەفرەتی لەڕۆژی لەدایک بوونی خۆی کرد و جوێنیشی بەو کارەدا، کەبەناچاریی و رۆژانە دەبوو لەنێو زێرابەکاندا پێی ھەڵسێت.
ھەرچەند ھەموو مادەکانی لابردنی بۆنی ناخۆشی تاقیکردەوە، بەڵام نەیتوانی ھیچ دەرھەق بەبۆنی ناخۆشی پەنجەکانی خۆی بکات.. ئیدی مرۆڤەکانی ئەو شوێنە وەک دەعبا گۆشتخۆرەکان، گۆشتیان دەخوارد و بەمەش بۆنی پیسایەکانیان، زێدەتر ناخۆش دەبوو.. بەتووڕەییەوە بەرەو خانووەکەی کەوتە رێ، کەدەکەوتە نزیک دواھەمین پێپلیکانەی ژێر زەمینی ئاپارتمانەکە..لەبەر دەرکەی خانووەکەیەدا نامەیەکی بینی کەلە زێدی خۆیەوە بۆی ھاتبوو، ھەستی بەشتێک لەبۆنی سۆزداریی، بۆ وردەکارییە بەتامەکان کرد:
ھاوڕێ ئەزیزەکەم، درەختەکان ھێشتاکە ڕووتن، خانووەکەتان؛ وەک بۆ خۆتان دەزانن لەپاش مەرگی باوکتانەوە ھیچ دەستی پێدا نەھێنراوەتەوە، بۆیە پاش وەرین و داڕمانی گەچ و سپیکارییەکەی وا خەریکە یەکە یەکەی بەردەکانیشی دادەڕمێت..دایکت دەڵێت؛ ئەگەر کەمێک پارەمان بۆ چاککردنەوەی بۆ نەنێریت.. ئەوا، بێشک خانووەکە لەپڕ بەسەرماندا دەڕمێت و ھەمووشمان لەژێریدا دەمرین.. لە کۆتایشدا ھیوادارین بە دیداری ئێوەی ئەزیز شادببین.
ھەستایە سەر پێ و تۆزی زەمەنێکی بەسەرچووی لەخۆ تەکاند، سەرەتا نامەکەی قەد و نوشت کردو دواتر ..بەخشپەیی لەڕادیۆکەوە دەنگی گۆرانییەکی ئەمازیغیی دەھات.. وشەکانی گۆرانییەکە باسیان لەلێک ترازانی نێوان مرۆڤ و خاک دەکرد، فرمێسکی گەرم بەسەر ڕوومەتەکانیدا ھاتە خوارێ و بۆیەکەمجار ھەستی بەوە کرد کەغوربەت تەواو خەساندوویەتی. پاش ئەوەی چەند ساتێکی ناڕێکخراو، لەیادەوەریی بەبەرچاوییەوە تێپەڕی، بەھەموو شەھوانیەتێکییەوە باوەشی بەشەودا کردو پاش ئەوەی بەدەم نرکەو ناڵەوە، ئاڵۆشەکانی خۆی تێدا بەتاڵکردەوە… بۆنی پەنجەی خۆیکرد و ھەر لەپاڵ ئەو بۆنەشدا خەوت.

کاتێک نازوور* نیو گەڵی دەترازێنێ
ئەو پیاوە زرتە بۆزەی نێو باخچەکە، کەلەسەر کورسییەکی لەچیمەنتۆ دروستکراو دانیشتبوو، زۆر سەر قاڵبوو بەڕوانینە سەعاتەکەی دەستی؛ لەکاتێکدا ئارەق بەجەستە دووگاوییەکەیدا دەھاتە خوارێ.
لەو کاتەدا نازوور یادی لەدایک بوونە نادیارەکەی خۆی، وەک ھەموو ڕۆژێک، بەبێ دەنگی و وەک منداڵێکی ھەژار بەبێ کێکی ڕۆژی لەدایکبوون و دیاری و ھاوڕێ و مۆمی ڕەنگاوڕەنگ دەکردەوە، ئەو مۆمانەی کەدەبوو بەھەناسە ساردە قورسەکانی بیکوژێنێتەوەو دواتر بخەوێت.
ئیدی نازوور ئاوایە، لەخەوتنیدا دەمرێت و بەیانیان بەپرخە پرخی ئۆتۆمبیل و ھات و ھاواری فرۆشیار وبۆنی زبڵ و خاشاکەکەکان بێدار دەبێتەوە.
پیاوە قەڵەوەکە ھێشتاکە لەشوێن خۆیدا دانیشتبوو، بەدڕدۆنگییەکی دیار و ئاشکراوە بەلای راست و چەپی خۆیدا دەیڕوانی، بەکەسێک دەچوو چاوەڕێی خۆشەویستەکەی بکات..ھەروەک چۆن منیش تووشی ھەمان حاڵەت دەبووم کاتێک خۆشەویستەکەم لەژووان دوادەکەوت.
ھەرچەند لەو کاتەدا سەبارەت بەکارەکانم، دیدارێکی گرنگم ھەبوو،..بەڵام پەرۆشی و حەزم بۆ زانینی ئەوەی کەدەبوو ڕووبدات، بووە ھۆکاری ئەوەی لەجێی خۆمدا بمێنمەوە…
ھەر ھێندەم زانی کچێکی جوانکیلەی منداڵکار لەپیاوەکە نزیک بووەوەو بەلێک نزیکردنەوەی روومەتیان لەیەکدی، ئاڵوگۆڕی سڵاویان لەیەکتر کرد..پیاوەکە لەکاتێکدا سەیری سەعاتەکەی دەستی دەکرد؛ بەتیلەی چاو و بەچاوی کەسێکی گلەیی خواز دەیڕوانییە کچەکە کەدیار بوو لەساتەوەختی ئامادەبوونی دوا کەوتبوو؛ ئەمە جگە لەوەی وام ھەستدەکرد ئەو گفتوگۆیەی کەلەو دەمەدا لەنێوانیاندا سازبووە، سەبارەت بە سێکس بێت، بەتایبەتیش کاتێک لەکاتی قسەکردنی پیاوەکەدا خۆڕسکانە کچەکە سوور ھەڵدەگەڕا، ئەمە جگە لەشەرمکردن و داپۆشینی چاوی بەدەستی…پیاوەکە بڕێک پارەی دەرھێناو ھەر یەکسەر کچۆڵەکە پڕی دایە و خزاندیە مابەینی درزی مەمکەکانییەوە.
ئەو نازوور-ە سکاڵای لەکەس نییەو بەبێدەنگی موراقەبەی ئەو کچۆڵە جوانکیلە ئاودارەی دەکرد کەلەیەکێک لەباخچەکانیدا و بەبەرچاوییەوە دەفرۆشرا.. ھەرچەند بەداخەوە تێی دەڕوانی، سەرباری نەفرەتکردنی لەو بێحورمەتییە، بەڵام وەک خودی پیشەی خۆی ھەردەم بەبێدەنگی دەمایەوە.
ھەردوو نەفەرەت لێکراوەکە، بەرەو شوێنێک کەوتنە رێ، پیاوەکە خەریک دەبوو، بەتێڕوانینە زەبەللاحەکانی کچۆڵەکە قووت بدات و وەک لیمۆ لەمابەینی دەست و قاچە پیسەکانیدا بیگوشێت.
نازوور-یش بەھەمان شێوە پیسییە، بەڵام ھیچ سکاڵایەکەی لەکەس نییەو دەتوانیت پیادەی کەشی رۆژانەی خۆت بکەیت و چەندت دەوێ لەخۆڵ و خاشاک، ڕۆیبکەیتە سەر دەست و قاچ و جەستەی..کەسیش نییە بۆ ئەمە لۆمەت بکات و تف بکاتە نێو چاوانت.
ھەردوو نەفرەت لێکراوەکە لەوێڵگەی شارەکەدا ونبوون…
جەستەی کچۆڵەکەم بەڕووتی دەھاتە پێش چاو، لەکاتێکدا لەسەر جەستەی زرتەبۆزی ھەڵئاوساو و پیسی پیاوەکە ھەڵدەخزا..تفی لێدەکات..میزی پێدا دەکات.. ئیدی ھەروەک چۆن جەستەی رووتکردە وە، ئاوا ڕۆحیشی ڕووت دەکاتەوە..دەگریی، ھەروەک چۆن ھەموو سۆزانییەک، پاش ئەوەی سەرمەستی و لەززەت شێتێتی ناخی دادەمرکێنێتەوە، دەگریی و دەست دەکات بەگێڕانەوەی حیکایەتی کونکردنی و چۆنییەتی ترازاندنی نێو گەڵی بۆ یەکەمین خۆشەیستی و …
لەبیرمە منێکی خەم مردوو، لەڕۆژێکدا؛ وەک عاشقێکی نابەڵەد، ھەروەک ئەو کەسانەی لە تەلیسمی ‌پیتی نووسینی عاشقان تێ ناگەن..نامەیەکم بەزمانێکی پڕ گلەیی، بۆ نازوور نووسی و پێم گوت:
تۆ سۆزانیت؟!
کەچی بەمە خەندە کەوتە سەر لێوی و نێو گەڵی بۆ کردمەوە و ئیدی ھەردووکمان بەبێدەنگی چووینە نێو دنیایەکی بۆگەنەوە.

* نازوور: شارێکی ئەمازیغییە، دەکەوێتە باکووری مەغریب
ژێده‌ر: ماڵپه‌ری تایبه‌تی نووسه‌ر.
هەندێک لەکتێبە چاپکراوەکانی:
Aswad Yebuyebhen هونەری گێڕانەوە/ مەغریب 2006
Asfidjet Nunja tanecruftn izerfan ڕۆمان/ مەغریب 2006
میدیای ئەلکترۆنی ئەمازیغی/ دەروازەیەک بۆ توێژینەوەی تیۆری و شیکاری/ مەغریب 2011
Anfarar هونەری گێڕانەوە/وەرگێڕانی کۆمەڵە تێکستێکی یوسف عزەدین/دارکەبەدانی/مەغریب 2015
Tariwriwtn raxartهونەری گێڕانەوە/ مەغریب/ 2015

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت