ئارام قزلەری: بەسە فریودان!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەسە بەس! بەسە فرمێسکی تیمساحیانە!
بەسە هاشو هوشی سەرزارەکی بێمانایانە!
بەسە کولانەوەی بیرینی کەسوکاری ئەم غەدرلێکراوانە!
بەسە درۆ و دەلەسەی نوسین و قسەی زلی ئەم تۆرە کۆمەڵایەتیانە!

بەعس لە یەک چرکە ساتدا ئەم نەمرانەی کپو بێ دەنگ کرد و، دڵە گەورەکانیانی وەک سانیە ژمێری ئەم کاتژمێرە لە کارخست و، بێ ئاگای کردن لە ژیان. لە هەوالی کەسوکاریان … بێ ئاگای کردن لەوەی دوای خۆیان چ نەهامەتیەک ئەگوزەرێت لەکوردوستانەکەیاندا.
بەعس و جەلادەکان بۆ تەنها جارێک ئەم ئازیزانەیان زیندە بەچال کرد! بەڵام ئێستا بەرپرسانی وڵات و مافیاکانی بەناو وارس و دلسۆز بۆ خوێنی پیرۆز و ئێسکو پروسکی ئەم ئازیزانەمان! رۆژانە دەیان جار لەگەڵ کەسوکاریان زیندە بەچاڵ ئەکەنەوە و، سوکایەتی بە پیرۆزیەکانیانەوە ئەکەن.
ڕێزم بۆ هەندێک لە دڵسۆزان کەسانی وادەبینم پەرۆشی خۆیان ئەخەنەڕوو هەر یەکەی بە جۆرێک ئەلاوێنێتەوەو هەریەکەی لە ئاوازێک ئەخوێنێت و ئەنوسێت.
یەکێک ئەڵێت تۆ بلێی ئەمە کاتژمێری دەستی کێ بێ؟ تۆ بڵێی ئەمە ماوەی چەند کاری کردبێت و لە چ کات و ساتێکدا لە کار کەوتبێ؟ یەکێکی تر ئەڵێ تۆ بڵێی پاتریەکەی لەگەڵ ترپەی دلیاندا وەستا بێت؟
بۆی مەگەڕێن ئەمە کاتژمێری دەستی دایک و براکەی منە! ئەمە کاتژمێری دەستی خوشکەکەی منە! ئەمە کاتژمێری دەستی مام و خاڵ و پورو هاورێو هاوزمانێکی منە. ئەمەکاتژمێری دەستی هاوڵاتیەکی ئەم نیشتیمانە وێران کراوەیە، کە جەلادەکانی بەعس کۆمەڵ کوژی کردن. تەنها لە بەر ئەوەی کوردبوون تەنها دانیشتوانێکی ئاسایی جێنزرگەی بابو باپیرانیان بون. تاوانی گەورەیان ئەوەبوو کەسوکاری پێشمەرگە بون کە لە پێناو خاک و نیشتیمانەکەیاندا تێدەکۆشان ژیان و ماف و ئازادیان ئەویست بۆ گەلەکەیان. ئەوەی چمکێکی پچوکی دەسەلاتی بە دەستەوە بێت شەرمە تەنها دێڕێکیان لەسەر بنوسێت.
دەمێک بەسەر کاتژمێرەکانی دەستی نەمرەکانمانا ئەلاوێنەوە دەمێک بەسەر پۆشاک و جامانەی خۆڵاوی و کە لە سەری بە فیشەک کونکراوی سەری پیرۆزو پڕ لە سەروەری ئەو نەمرانەیا ئەڵاوێنەوە. بەڵام لە پشتی بەردەوە خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلارن لەسەر خوێنی پیرۆزی ئەم نەمرانە.
کێ لە خەمی شەهیدو ئەنفال و کیمیاباران کراوەکاندایە ئادەی پێم بڵێن؟ ئەو بەرپرس و دەسەڵاتدارانەی دێنە وەڵام، با پێم بڵێن ئایا من راست ئەکەم یاخود ئێوە. ئێوە وەڵامم بدەنەوە بۆ ئەوەی منیش تا هەرچی لە ژێر بەڕە هەیە بۆتانی بخەمە سەر بەڕە. ئەم کوردستانە پڕ بوە لە مافیا و دزو داوێن پیس و بازرگان بە سەر خوێنی پیرۆزی ئەم شەهیدانەوە. بەعس تەنها جارێک ئەمانەی ئەنفال کرد. بەلام رۆژانە کەسوکاری ئەمانەو هاوڵاتیانی وڵاتەکەم دەیان جار ئەنفال ئەکرێن و خۆڵی بێویژدانی و غەدرو ناحەقی دەسەڵاتداران ئەکرێتە چاویانەوە.
هەر بە بێدەنگی و خشکەیی بەرپرسان رۆژانە دەیان جار ئەنفالی ڕۆحی و ئەنفالی جەستەیی و ئەنفالی غەدرو ناحەقی بەبەرچاومانەوە دوبارە ئەکەنەوەو کەسێکیشمان نەبینی دادگایی بکرێت. بەرپرسێکمان نەبینی لە سەر دزی و بەتاڵانبردنی داهاتی ئەم وڵاتە لەسەر کار لاببرێت و بخرێتە کونجی زیندانەوە.
ئەنفال کردنەکەی سەدام. زیندانی کردنەکەی بەعس، لەسێدارە دان و ئەشکەنجە دان و شەهیدکردنی هەمو ئەوانەی گیانی پیرۆزیان بەخشی لە پێناو گەلەکەیاندا. ئەو مێژووە پڕ لەسەروەرییانەی کە بەعسیەکان پێیان بەخشین، ئەوان بونە هۆکاری ئەوەی ئێمە شانازی بکەین بە شەهیدەکانمانەوە.
بە مێژوی ڕابوردومانەوە! هەر هەمو ئەمانەی بەعسیەکان پێیان کردین مەدالیایەکی پڕ لە سەروەریی و مێژویەکی پڕ لە قارەمانێتی بون کە بەخشیە هەمو ئەو کەسانەی کەوتنە بەر شاڵاوی ئەو دڕندەیی و قات و قڕییەی کە سەدام و دارو دەستکەی بە کوردیان کرد.
ئادەی وەرن پێم بڵێن کوان ئەو مێژووە پڕ لە سەروەریانەی لە ڕابوردودا تۆمار کرابون، ئەو هەمو خوێن قوربانییەی لە پێناویدا بەخشران کوان و چیان لێ هات؟.چیان لێ هات؟ لە گەل تۆزو خۆڵی تایەی کاروانی ئوتوبێلە جام رەش و زریپۆشە، ئاخر مۆدێلەکانی بەرپرسانەوە بە تیژرەوی شوفێر و پاسەوانەکانیان بە بایاندا و چونە بۆشایی ئاسمانەوە؟. چیان لێ هات چونەتە پرۆژە سەبەڵاح و باڵەخانە چەندین نهۆمیە بەرزەکانی کاکی بەر پرسان و کوڕو کچ و زاواو ئاوەڵ زاواکانیانەوە! کە لە بەرزایی باخچە هەڵواسراوە هەزار مەتریەکانیاندا لە لە تاوەرە بەرزەکانی شاردا لەگەڵ گەڵای داری باخەکانیان بێ ناز لە بەرزایی بیناکاندا ئەلەرێنەوە؟.
چیان لێ هات ئەم نەمرانە بۆچی گیانیان بەخشی؟ لە پێناو گەلەکەیاندا بو؟. یاخود بۆ ئەوە گیانیان بەخشی لەسەر خوێنی پیرۆزی ئەمان ڕۆژانە هەزاران تەنکەرە نەوت بدزرێت و داهاتەکەشی بکرێتە پرۆژەی نیشتەجێبون و بچێتە گیرفانی خۆیان و ماڵ و منداڵەکانیانەوە؟.
ئەمانە بۆچی گیانیان بەخشی؟ بۆ ئەوە بو کوڕی کاک فڵان کچی کاک فڵان ببنە خاوەنی سەدان پرۆژەو کۆمپانیاو هەزاراران دەفتەرە دۆلارو پۆز بەسەر میلەت و کەسوکاری شەهیداندا لێ بدەن. ئەم نەمرانە بۆ چی گیانیان بەخشی؟ بۆ ئەوە بو ولات بنبڕ بکرێت لە مافیاو سەرانە سەن و دزو خیانەتکار؟ یاخود بە ئاشکراو بە بەر چاوی خەڵکەوە سەروەت و سامانی نیشتیمان بدزرێت و کە سیش بۆی نەبێ بڵێ بۆ وا ئەکەن.
ئەم وڵاتە غەرقی گەندەڵی بێویژدانی دزی و فەسادیە. نیشتیمان پڕ بوە لە ماری حەوت سەر بە راست و بەچەپدا هەڵپەی دزی و کۆ کردنەوەی داهات و سەروەت و سامانە. هەر هەموشی لە پاڵ حیزب و کورسی دەسەڵاتدا دەکرێن.
بەعس قوتبخانەیەکی دیکتاتۆریەتی بێویژدانی مرۆڤایەتی بو, بەڵام گەورەترین مێژوی پڕ لە سەروەری بۆ کوردو تێکۆشەران و خانوادەکانیان تۆمار کرد. بەڵام دەسەڵاتی کوردی و بەر پرسەکانی بە ناو زانکۆیەکی دیموکراتخواز و نیشتیمان پەروەرین مێشکی سەری مییلەتێکیان بە قسەی زل و درۆو دەلەسە بردوەو رۆژ لە دوای رۆژیش وڵات دەبێتە وێرانە.
زۆر بەداخەوە بۆ ئەو مێژوە پیرۆزەی تۆمارکرا، ئەو هەمو قوربانیەی بەخشراو هەزاران هەزار کوردی تیا بوە قوربانی هەر هەمویان ناشرین کرد! هەر هەمویان کردە ساقە سەری خۆیان و ماڵ و منداڵ و گیرفانیان و بەرژەوەندیە تایبەتیکانیان ئەو گریرفانانەیان کە بەهیچ جۆرێک پڕ نابێت و هەر تێی ئەخنن.
ئیتر بەسە بۆ ئەم نەمرانە مەگرین بۆ زیندوەکان بگرین کە رۆژانە بە چەندەها جۆر غەدریان لێ ئەکرێت و ئەنفال ئەکرێن بەسەر زەویەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت