ئۆرهان پامووک: بەراییەک بۆ پەرتووکی هەزار و یەک شەوە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە تورکییەوە: یوسف عزەدین
لەدنیاى هەزار و یەک شەوەدا ژنان هەردەم جێى متمانەو باوەڕپێکردن نین، ڕاستبێژنین، هەمیشە بەگچکە فێڵ و تەڵەکە پیاوەکان تەفرە دەدەن – ئۆرهان پامووک-

یەکەمین هەڵبژاردەیەکى حیکایەتەکانى هەزار و یەک شەوەم بەر لەزیاتر چل ساڵ لەمەوپێش خوێندەوە. ئەودەمە تەمەنم حەوت ساڵان بوو.. پۆلى یەکەمى سەرەتایم تەواوکردبوو، لەپشووى هاویندا لەگەڵ دایکمدا چووینە سویسرا، چونکە بابم لەوێ کارى دەکرد و بەوپێیەى تازەش فێرە خوێندنەوەو نووسین ببووم و بەمەبەستى بەرەوپێشچوونم لەخوێندنەوەدا، پوورم کۆمەڵێک کتێبى منداڵانى بەدیارى دایە من و کاکم، لەنێویاندا هەڵبژاردەیەکى حیکایەتەکانى هەزار و یەک شەوە هەبوو.. بەرگەکەى ئەستوور بوو، لەسەر کاغەزێکى زۆر باشیش چاپکرابوو.
وەبیرم دێتەوە بەدرێژایى ئەو پشووى هاوینە چوار پێنج جار خوێندمەوە، پاش نانخواردنى نیوەڕۆژان، بەو گەرماى هاوینە لەنێو ئەو خانووەى کەدەکەوتە نێو ئەو ئەپارتمانەى کە کۆڵانێک لەکەنارى دەریاچەى جنێف دوور بوو.. لەغورفەکەى خۆمدا و لەبان جێگەکەم ڕادەکشام و هەمان ئەو حیکایەتانەم چەند جار و سەرلەنوێ دەخوێندەوە.
لەو کاتانەدا کە نەرمە بایەک لەدەریاچەکەوە هەڵیدەکرد و لەپەنجەرە کراوەکەوە دەهاتە ژوورێ، ئەمە جگە لەدەنگى ئۆکۆردیۆنى ئەو دەرۆزەکەرانەى کەلەکۆڵانەکەى پشتەوەدا بوون، ئەز خەریکى خوێندنەوەى حیکایەتەکانى عەلى باباو چل دزەکەو عەلائەدین و فانووسە سیحرییەکەى بووم و جارێکى تر لەنێویاندا وون دەبووم.
ئەو وڵاتەى کەدەچووە نێوى کوێ بوو؟ یەکەمین هەستێک کەلاى من دروست بوو، ئەوە بوو کەئەو حیکایەتانە حیکایەتى شوێن و جێگە دوورە دەست و نامۆکانە بەئێمە.. سادەو ساکارتر..بەڵام دنیایەکى سیحراوى بوو.
بەوپێیەى ناوى قارەمانەکانى لەناوى ئەو کەسانەوە نزیکبوون کەلەکۆڵانەکانى ئیستانبووڵدا ڕووبەڕوویان دەبینەوە، تاڕاددەیەک ئەوانى لەمن نزیک دەکردەوە، بەڵام هەر وەک گوندەکانى ئانادۆڵى دوور، ئەم حیکایەتانەم بەبەراورد لەگەڵ دنیاى خۆمدا پێ هاوشێوەو هاوتا نەدەکرا.
هەوەڵینجار ئەو حیکایەتانەى هەزار و یەک شەوە، هەروەک چۆن منداڵێکى ڕۆژئاوا سەبارەت بەڕۆژهەڵات حیکایەتى پڕ پەنهان و نهێنى دەخوێنێتەوە، ئاوا ئەو حیکایەتانەم خوێندەوە.
لەیەکەمین خوێندنەوەمدا ئەوەم نەدەزانى کە ئەم حیکایەتانە لەهیندستان و ئێران و عەرەبستانەوە هاتۆتە نێو کولتوورى منەوە، نەمدەزانى ئەو کتێبە مەزنەى کەسەرسامت دەکات، شوێنپەنجەو کەشوهەواکەى لەنهێنى و جەنجاڵیى ئەو ئیستانبووڵەدا دەبینرێتەوە کەهەموو منداڵى خۆمم تێدا بەسەر بردبوو، هەر لەدرۆو فێڵ و تەڵەکەبازى و قۆڵبڕین و عەشق و ئیهانەو خۆگۆڕین و هەموو شتە سەرسووڕهێنەر و عەجایبەکانى.
لەهەوەڵین خوێندنەوەمدا هەستم بەوەنەکرد کەلەڕۆحى حیکایەتەکاندا زۆر شتى کۆڵانەکانى ئیستابووڵى تێدا بەدیدەکرێت.
هەر دواتریش لەڕێى کتێبى دیکەوە ئەوەم بۆ ڕوون بۆوە، ئەو حیکایەتانەى ئەوکاتە خوێندبوومەوە وەک عەلی باباو چل دزەکە، عەلائەددین و فانووسى سیحرى، ئەوەى “ئەنتوان گالان” نەبوو کەلەسووریا بەدەستنووس چنگى کەوتبوو، بەڵکو نووسەرەکەى ئەو حیکایەتانەى لەپیاوێکى مەسیحى عەرەبەوە بەناوى”حنا دیاب”ەوە ژنەفتبوو، دواتریش لەنووسینەوەیدا چۆنى بەخەیاڵدا هاتبۆوە ئاواى هۆنیبۆوە.
ئەمە دەمانباتەوە بۆ سەر بنەچەى مەسەلەکە، حیکایەتەکانى هەزار و یەک شەوە جوانترین شاکارێکى ئەدەبیاتى ڕۆژهەڵاتە.
بەڵام ئێمەیەک کەلەکولتوور و ئەدەبیاتى ڕەسەنى خۆمان و لەکولتوورى ئێرانى و هیندى دابڕاوین و کەوتووینەتە ژێر کاریگەرى ئەدەبیاتى ڕۆژئاواوە، سەیر لەوەدایە ئەوەى کە کولتوورى خۆشمان پێدەناسێنێت و فێرمان دەکات، هەر خودى ڕۆژئاواییەکان خۆیانن.
ئەم حیکایەتانەى کەباسمان کرد، چەندینجار کەسانێکى زۆرجار ناسراو، زۆرجار سەیر و سەمەرە، زۆرجار لایەنى دەروونى شێواو هەستاون بەوەرگێڕانى.
ناسراوترین وەرگێڕانیشى ئەوەى “ئەنتوان گالان”ە کەلەساڵى 1740 دا لەفەڕەنسا بڵاویکردۆتەوەو لەهەمووشیان کاریگەرتر و تواناى مانەوەى زیاتر و لەهەموو ئەوانەى دیکەش زیاتر خوێندراوەتەوە. دەتوانین بڵێین ئەو وەرگێڕانە بووە مایەى ناسینى هەموو ئەو حیکایەتانە لەدنیادا. وەرگێڕانەکەى “گالان” هەر لەو سەردەمەوەو تا دواتریش هەموو نووسەرە گەورەکانى ڕۆژئاواى وەک ژێدەرێک، خستەژێر کاریگەرى خۆیەوە.
لەتێکستەکانى “ستاندال و کۆلێردج و دیکوینسى و ئێدگەر ئالن پۆ”دا کاریگەرى حیکایەتەکانى هەزار و یەک شەوەم دەبینینەوە. بەڵام دیارە حیکایەتەکان هەر تەنها دەرخەرى لایەنە نهێنییەکانى ڕۆژهەڵات و شتى ناوازەو سەیر و سەمەرەو ڕووداوى میتافیزیکى و دیمەنە ترسناکەکان نییە.. کاتێک لەتەمەنى بیست ساڵیمدا وەرگێڕانە توورکییەکەى “رایف قەرەداغ”م خوێندەوە کەلەساڵى 1950دا چاپکرابوو، دیارە وەک هەر خوێنەرێکى ئاقڵ هەموو کتێبەکەم نەخوێندەوە، بەڵکو بەوپێیەى کەبەعەقڵمدا دەهات لەبەرگەوە بۆ بەرگ چاومدەگێڕاو ئەوەى ویستبام دەمخوێندەوە.
لەم خوێندنەوەیەمدا حیکایەتەکان شتێک بێزار و ناڕەحتیان دەکردم، لەکاتێکدا بەمەراقەوە هەروەک ئەوەى بمەوێت حیکایەتەکان هەڵبلووشم، ئاواهى دەمخوێندنەوەو لەهەمان کاتیشدا لێیان تووڕەو داخ لەدڵبووم.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک ئەرکێکى سەرشان نەمدەخوێندەوە کەلەخوێندنەوەى کتێبە کلاسیکییەکاندا دەبێتە پاڵنەرمان، بەڵکو بەپەرۆشەوەو لەپەرۆشیدا داخ لەدڵانە دەمخوێندەوە.
ئەمڕۆ پاش سی ساڵ و بۆ جارێکى دیکە کەخوێندمەوە، زانیم هۆکارى ئەو ناڕەحەتییەى ئەو کاتەم چیبووە. زۆر پێوەندیى نێوان پیاوان و ژنانى نێو حیکایەتەکان تائاستى هەژاندن، نائارامى و شڵۆقى پێوەدیارە، بێهەدادان و وێستان، یەکدى فریودەدەن و چاڵ بۆ یەکدى هەڵدەقەنن.. ئەمانە ئەو شتانە بوو کە لەو دەمەدا منیان تۆقاندبوو.
لەدنیاى هەزار و یەک شەوەدا ژنان هەردەم جێى متمانەو باوەڕپێکردن نین، ڕاستبێژنین، هەمیشە بەگچکە فێڵ و تەڵەکە پیاوەکان تەفرە دەدەن. تەنانەت دەسپێکى گێڕانەوەى حیکایەتەکانیش لەلایەن شەهرەزادەوە بۆ پیاوێکى دڵڕەق و بێبەزەیى، فێڵێکە بۆ ڕزگارکردنى ژیانى خۆى.
ئەو تێڕوانینەى کەسەبارەت بەژنان پانتاییەکى گەورەى حیکایەتەکانى داگیرکردووە لەڕاستیدا ڕەنگدانەوەى بیروهزرى هەموو ئەو پیاوانەیە کەلەهەمان کولتوور و کەشوهەواى ئەو حیکایەتانەدا دەژین.. بەو پێیەى کەگرنگترین چەکى ژنانیش بۆ فێڵ وتەڵەکەبازییەکانیان توانا سێکسییەکانیانە، ئەمە ئەوەندەى دیکە ترسەکانمان قووڵتر دەکاتەوە. ئەو جوگرافیایەى کەهەزار و یەک شەوە باسی لێوەدەکات، پیاوەکانى مەحکومن بەفراوانترین دەست لێبەردان و پێڕابواردن، لەلایەن ژنانەوە. ترسناکترین حیکایەتیش کەچێژێکى مازۆشیستیت پێدەبەخشێت، حیکایەتى ئەو پاشایەیە کەبەدزییەوە سەیرى ژن و کەنیزەک و کارەکەرەکانى خۆى دەکات، کاتێک لەگەڵ کۆیلە زنجییەکاندا ڕادەبووێرن.
هەستدەکەیت بێباوەڕى پێشوەختى پیاوان بەرانبەر بەژنان لەو حیکایەتانەدا چەند بەرجەستەبووە. ڕێکەوت نییە بەهەژانێکى ڕاستەقینەوە ڕۆماننووسێکى وەک”کەمال تاهیر” زۆر بەقووڵى ئەو حیکایەتانەى کردۆتە ئاگادارییەکى درەوشاوە لەڕۆمانەکانیداو ئیشى لەسەرکردووە. ئەو دنیایەى کەپڕە لەترسى پیاو و متمانەنەکردن بەژنان، لەتەمەنى بیست ساڵیمدا وەک شتێکى خنکێنەر و زۆر ئۆربانتاڵ هاتنە پێشچاوم و وامدەزانى زێدەتر ڕۆچۆتە نێو زەوقى خەڵکانى کۆڵانەکانى پەراوێزى شار، خراپەکارى، دووڕوویى، گەرچى زیاتر باسى کەوتنى ئینسانەکان یان خستنەخوارەوەیان بۆ نێو ناشیرینى و چەپەڵەییەکان دەکات.. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەربارى ئەو لایەنانەى کەقێزەوونن، لایەنە چێژبەخشەکانى ون نابن و هەردەم خۆیان دەسەلمێنن.
لەو خوێندنەوەیەمدا وەک هەر گەنجێک لەڕوانگەیەکى خۆبە ڕۆژئاوایى و ئۆرووپایى زانەوە تێمڕانیووەو لەمەشدا تەنها نەبووم.. ئەو دەمە زۆر گەنجى وەک من هەبوون، مەراقى خۆ مۆدێرنەکردنیان هەبوو، هەر بۆیە کلاسیکەکانى ڕۆژهەڵاتیان بە دارستانێکى تاریک دەزانى کەئێمە لەگەڵى دەرناچین. ئەودەمە ئەو کلیلانەمان پەی پێنەدەبرد کەئێمە لەوان نزیکدەکاتەوەو ئێمە لاى وان شیرین دەکات.
لەسێیەمین خوێندنەوەمدا ئەوەى پانام بۆ برد ئەو لایەنە ئەفسانەییە بوو، کەئەدەبیاتى ڕۆژئاوا لەو کتێبەدا کەزیاتر بەکتێبى سەفەرەکان دەچێت دۆزیبوویەوە، هەر لەحیکایەتە مەزنەکانى و سووربوونى کتێبەکە لەسەر تەواونەبوون و ئەو جیۆمەترە نهێنییەى کەتێیدا بوو.. هەمدیسان وەک هەموو کاتێک چۆنم حەز لێبوو ئاوا خوێندمەوە، لەحیکایەتێکەوە بۆ حیکایەتێکى تر و لەهەر حیکایەتێکیش بێزار بوومایە وازم لێدەهێناو دەستمدەکرد بەخوێندنەوەى یەکێکى تر.
ئەمجارەیان ڕێکوپێکى قەبارەى حیکایەتەکان و تێرنەبوونم وایانلێکردم دەستبەردارى ئەو خەیاڵانەببم کەدەرحەق بەخراپەکارییەکانى کۆڵانە پەراوێزکەوتووەکان لەسەردەمێکدا زەینمى تەنیبوو، ئەمە جگە لەکاریگەرى ئەزموونى ژیانى خۆم و هەموو ئەو ناشیرینى و بێباوەڕییانەى کەبینیبووم.
بەو چەشنە لەسێیەمین خوێندنەوەمدا، لایەنە ئەدەبییەکانم بینییەوە، ئەو لۆژیکانەم کەوتەبەرچاو کەسەدان ساڵە کۆن نەبووە. چێژم لەخۆگۆڕین و چوونەجێى کەسێکى دیکەو خۆشاردنەوەو هەموو ئەمانە بینى، ئەو حیکایەتەى کەلەئاستێکى بڵندا سەرسامت دەکات، حیکایەتى “هاروون ئەلڕەشید”ە کەخۆیدەگۆڕێت تا لەشەوێکدا بچێتە لاى ئەو کەسەى کەخۆى کردۆتە “هاروون ئەلڕەشید”. ئەمەم خستە نێو ڕۆمانى “کتێبى ڕەش”ى خۆمەوەو کەشوهەواى فیلمە ڕەشوسپییەکانى ساڵانى 1940ەکانى ئیستانبووڵم لەگەڵ تێکەڵکرد.
ئەمە جگە لەوەى پاش تەمەنى سیوپێنج ساڵیم بەیارمەتى هەموو ئەو کتێبە ئینگلیزییانەى کەسەبارەت بە”هەزار و یەک شەوە” نووسرابوون، گەیشتمە ئەوەى لەکاتى خوێندنەوەیدا لۆژیکى نهێنى و سەیرێتى و جوانى و بگرە جوانى سەرسامکەر و دزێویى بێئەدەبى و زۆر بڵێى و گاڵتەجاڕى، وەک گەنجینەیەک ببینمەوە، ئەو کاتەى لەدیدگەى عیشق و نەفرەتەوە دەمڕوانییە حیکایەتەکان، هێشتاکە فێرى ئەوە نەببووم ژیان وەک خۆى قبووڵبکەم.. ئەو کاتە لەنێوان خەیاڵى منداڵێک و هەڵچوونى گەنجێکدا ژیانم دەگوزەرا، بەڵام لەئێستادا لەوە حاڵیبووم، گەر حیکایەتەکانى”هەزار و یەک شەوە” نەشتوانێت وەک خودى ژیان خۆیمان بەسەردابسەپێنێت، ئەوە نکووڵى لەوە ناکرێت کەبێ ئومێدیمان هەر پێدەبەخشێت.
بەڕاى من خوێنەر بە بێ هیچ پێشینە هیواو چاوەڕێبوونێکى بەتاڵەوە، پێویستە بەپێى لۆژیکى چێژلێبینینى خۆى دەستبداتە خوێندنەوەى ئەم کتێبە. لەگەڵئەوەشدا سەبارەت ژیان و مردن، لەڕێى ئەم کتێبەوە دەمەوێت دووشت بڵێم.. سەبارەت بە”هەزارو یەک شەوە” دوو گوتەى باو هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کەتائێستا کەس نییە ئەم کتێبەى لەسەرەتاوە تا کۆتایى خوێندبێتەوەو دووهەمیشیان ئەوەیە کەهەر کەسێک لەسەرەتاوە تا کۆتایى بیخوێنێتەوە، ئەوە دەمرێت.. هەڵبەتە ئەم دوو ئاگادارکردنە پەنهانە وا لەخوێنەر دەکات، ئاگاى لەخۆى بێت، بەڵام پێویستیش ناکات زۆر بترسین، چونکە حیکایەتەکانى “هەزار و یەک شەوە” بخوێنینەوە یان نەخوێنینەوە هەر دەمرین.
__________________________
ژێدەر: milliyet.com

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت