سەلاح زانا: قازانجی رووەکخۆری بۆ مرۆڤ لەچی دایە؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ژمارەیەکی زۆر لە زانا و بیرمەندان لەو باوەڕە دان، کە مرۆڤ لە سەرەتادا بوونەوەرێکی رووەکخۆر بووە. گریمانەی ئەوە دەکرێ کە مرۆڤی سەرەتایی تەنیا میوەی خواردوە، بەڵام دواتر بەهۆی گۆڕانکاریەکانی سروشت و شێوەی ژیان، فێری جۆرەکانی تری خواردن بووە، وەک سەوزە و دانەوێڵە و گۆشت.
پەیدا بوونی خووی گۆشت خۆری، پێچەوانەیە لەگەڵ رەسەنایەتی مرۆڤ و سروشتی جەستەکەی. چونکە مرۆڤ لە رووی پێکهاتەی جەستەییەوە گیانلەبەرێکی رووەکخۆرە. هەروەها کوشتنی ئاژەڵ دژ بە بەها و ئاکارە بەرزەکانی مرۆڤە. هەر بۆیەش لە لایەن ژمارەیەکی زۆر لە رێبەرانی ئاینی و بیرمەندانەوە، دژایەتی خووی گۆشت خۆری کراوە . هەر سێ ئاینی ( بوودایی، مەزدەک، مانی )، خواردنی گۆشتیان یاساغ کردوە. چونکە کوشتنی ئاژەڵیان بە تاوان داناوە. ئاینی زەردەشتیش هانی پەیڕەوانی داوە بۆ دوورکەوتنەوە لە خواردنی گۆشت، زەردەشتیەکان لە کاتی بە رۆژوو بووندا خۆیان بە دوور دەگرن لە خواردنی گۆشت. هەروەها مەسیحیەکانیش کە ساڵانە پەنجا رۆژ بە رۆژوو دەبن، خۆیان لە گۆشت و سەرجەم بەروبوومە ئاژەڵیەکان بە دوور دەگرن. لەنێو موسڵمانانیشدا ژمارەیەکی زۆر لە ( سۆفی و عارف ) کان، وازیان لە خواردنی گۆشت هێنابوو.
زانا و فەیلەسوفی بە ناوبانگ ( فیساگۆرس )، زۆر دژی خووی گۆشت خۆری بوو لە لایەن مرۆڤەوە، لەم بارەیەوە دەڵێ: خۆتان بپارێزن لە خواردنی گۆشت و خۆتان تووشی ئەم خواردەمەنیە قێزەونە مەکەن.
لەبەر ئەوەی کوشتنی ئاژەڵان و خواردنی گۆشتەکەیان، ئاکارێکی دزێو و خراپە، بەردەوام لە لایەن بەشێکی زیندووی ویژدانی مرۆڤایەتیەوە دژایەتی کراوە، وە هانی مرۆڤ دراوە کە بگەڕێتەوە سەر خووە رەسەنەکەی خۆی کە ( رووەکخۆری ) یە .
سەرهەڵدانی دیاردەی رووەکخۆری لەم سەردەمانەی دواییدا، وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و پێویستیەکی تەندروستی، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەهەم لە ئەمریکادا . وە لە کاتی ئێستادا پەیڕەوانی رووەکخۆری دابەش دەبن بۆ دوو گروپ ؛ یەکەمیان پێیان دەوترێت ( vegetarians)، کە تەنیا واز دەهێنن لە خواردنی گۆشت . دووەمیان پێیان دەوترێت ( vegans)، کە خۆیان بە دوور دەگرن لە گۆشت و سەرجەم بەروبوومە ئاژەڵیەکان ( وەک شیر و بەرهەمەکانی ، رۆنی ئاژەڵی ، هەنگوین ، هێلکە ) .
بە پێویستی دەزانم بەر لەوەی باسی سودەکانی رووەکخۆری بکەم، ئاماژەیەک بە زیانەکانی خووی گۆشت خۆری بدەم . گۆشت خۆری لە دوو رووەوە زیانی زۆری هەیە بۆ مرۆڤ ؛
1- لە رووی ئەخلاقیەوە : سروشتی مرۆڤ بە جۆرێکە کە جیاوازە لە گیاندارانی دڕندە . هەر بۆیە زۆربەی مرۆڤەکان حەز بە هاوڕێیەتی گیانداران دەکەن . وە ئاژەڵانیش بە هەمان شێوە بە ئاسانی دەبن بە هاوڕێی مرۆڤ . ئەگەر سەرنجی کرۆکی ناخی مرۆڤ بدەین، دەبینین ئاژەڵ دۆستی غەریزەیەکی بەهێزە لای مرۆڤ . ئەم غەریزەیە زیاتر لە قۆناغی منداڵیدا دەردەکەوێ، بۆیە منداڵان هەمیشە حەز بە هاوڕێیەتی گیانلەبەران دەکەن.
گرنگترین خاڵی هاوبەش لە نێوان مرۆڤ و گیانلەبەراندا ئەوەیە، هەردووکیان لە لایەن پەروەردیگارەوە ئافرێندراون ( دروست کراون ) . وە خاوەن گیانێکن کە زۆریان حەز بە ژیان و مانەوەیە بە زیندوویی . هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ بەردەوامی دان بە ژیان و داکۆکی کردن لە ژیانی بێچووەکانیان. جا کە ئەم خاڵە هاوبەش و وابەستەییە هەیە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵاندا، بۆ دەبێ مرۆڤ لە پێناو چێژێکی کاتیدا، پەنا بباتە بەر کوشتنی دروست کراوەکانی ( مخلوقات ) یەزدان . کەواتە چۆن دەکرێ کوشتنی ئاژەڵان و خواردنی گۆشتەکەیان بە تاوان دانەنرێ؟
لە یەکەمین یاسای ئاینی بووداییدا لە بارەی کوشتنی ئاژەڵان هاتووە: دلۆڤان بن و ئاژەڵان مەکوژن و سوڕی ژیانی گیانلەبەران تێک مەدەن . هەروەها زەردەشتیش لە ئامۆژگاریەکانی خۆیدا، کوشتنی گیانلەبەرانی بێ ئازار وەک خوڵقێندراوی پەروەردیگار، وەکوو تاوانێکی قێزەون پێناسە دەکات. هەروەها ( عەلی کوڕی ئەبی تاڵب ) لە بارەی کوشتنی ئاژەڵ و خواردنی گۆشتەکەیان دەڵێ ( لا تجعلوا بطونکم مقابر الحیوانات ). واتە ورگتان مەکەن بە گۆڕستان بۆ ئاژەڵان.
کوشتنی ئاژەڵان و رژاندنی خوێنیان، هۆکارێکی سەرەکیە لەوەی کە وای کردووە تاوانی کوشتن لای مرۆڤ ببێ بە رەوشێکی ئاسایی. فیساگۆرس لەم بارەیەوە دەڵێ: کەسێ کوشتنی ئاژەڵان بە سروشتی بزانێ، بە هەمان شێوە کوشتنی مرۆڤ بە ئاسایی و رێگە پێدراو دەزانێ . وە فەیلەسوفی بە ناوبانگ ئەفلاتونیش لە کتێبی ( کۆمار ) دا باس لەوە دەکات، خواردنی گۆشتی ئاژەڵان، هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی شەڕ و خوێن رێژییە . بەڵگەش لەسەر راستی ئەم قسانە ئەوەیە، رێژەی تاوان و توندوتیژی لە لایەن ئەو کەسانەی پیشەی قەسابیان هەیە بەرزترە، یاسای سزادانیش پشتگیری لەم بۆچوونە دەکات.
لە راستیدا ئەگەر مرۆڤ لە رووی ئاکاریەوە، رشتنی خوێنی ئاژەڵ لە خۆی یاساغ بکات، بە ئەستەمیش دەستی دەچێتە خوێنی هاو رەگەزەکانی خۆیەوە . هەر بۆیەش ئەو نەتەوانەی کە زیاتر پشت بە خۆراکی رووەکی دەبەستن، ئارام و لەسەرخۆترن و کەمتریش پەنا دەبەنە بەر توندوتیژی . نمونە وەک گەلی ژاپۆن لە ئێستادا.
2- لە رووی تەندروستیەوە : لەشی مرۆڤ لە رووی کارئەندام زانیەوە ( فسیۆلۆجی )، وەک گیانلەبەرێکی رووەکخۆر دروست بووە. شێوەی دروست بوونی ددانەکانی کە کەڵبەی نیە بۆ ونجڕ ونجڕ کردنی گۆشت، بەڵگەیەکی بەهێزە لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ رووەکیە نەک گۆشت خۆر . هەروەها شێوەی پێکهاتنی گەدە و ریخۆڵەکانی، بەڵگەیەکی ترن لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ لە بنچینەدا رووەکخۆرە. بە تایبەتی کە ریخۆڵەکانی مرۆڤ درێژن ( ریخۆڵە باریکە نزیکەی 7 مەترە )، لە کاتێکدا ریخۆڵەی گیاندارە گۆشت خۆرەکان کورتە . درێژی ریخۆڵە دەبێتە هۆی مانەوەی خواردن بۆ ماوەیەکی درێژ لە جەستەدا، پێش ئەوەی ببێ بە پاشەڕۆ . بۆیە ئەگەر خواردنەکە گۆشت بێ، ئەوا زیانێکی گەورەی بۆ تەندروستی جەستە دەبێ.
هەر لە کۆنەوە حەکیم و پزیشکەکان، درکیان بە زیانەکانی گۆشت خواردن کردوە . نمونە زانا و پزیشکی ئیسلامی ( ئەبو عەلی سینا )، لەم بارەیەوە دەڵێ : خۆ بپارێزن لە خواردنی گۆشتی گیانلەبەران.
گۆشت خواردن سەرچاوەی چەندین نەخۆشی ترسناکە بۆ مرۆڤ، یەکێک لەوانە شێرپەنجەیە، بە تایبەتیش شێرپەنجەی ( کۆڵۆن و پرۆستات ) . هەروەها گۆشت خواردن، هۆکارێکی سەرەکیە بۆ نەخۆشیەکانی دڵ، وە کاریگەریەکی زۆری هەیە لەسەر بەرز بوونەوەی فشاری خوێن، وە ئەگەری رێژەی تووش بوون بە جەڵدەی دەماغ زۆر بەرز دەکاتەوە . ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشیەکانی دڵ و شەکرە دەبن، هەمیشە لە لایەن پزیشکانەوە ئامۆژگاری دەکرێن کە دوور بکەونەوە لە خواردنی گۆشت .
هەرەوها گۆشت خواردن هۆکارێکی سەرەکیە بۆ تووش بوونی مرۆڤ بە چەندین نەخۆشی تر، وەک ( سکچوون ، رۆماتیسم ، نەخۆشی جومگە ، دەردە باریکە و ریخۆڵە کوێرە ) . وە گۆشت خواردن کاریگەری زۆری هەیە لەسەر پرۆسەکانی خراپ هەرس کردن و هەناسە کێشانی ئەستەم .
هەروەها خووی گۆشخۆری دەبێتە هۆی زیاد بوونی رێژەی تەمبەڵی لە مرۆڤدا، ئەمەش وا دەکات مرۆڤ زیاتر حەز بە پشوو دان و خەوتن بکات و کەمتر بجوڵێ، ئاشکرایە کە ئەمەش زیانێکی زۆری هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ . وە زیانێکی تری گۆشت خۆری ئەوەیە، کەوا ئارەزووی مرۆڤ بۆ خواردنی سەوزە و میوە کەم دەکات . بەمەش جەستەی مرۆڤ بێ بەش دەبێ لە سودە زۆرەکانی ئەم جۆرە خواردنە .
بە تایبەتی لەم سەردەمەی ئێستادا کە مرۆڤ جووڵەی زۆر کەم بووەتەوە، گۆشت خواردن بووەتە هەڕەشەیەکی زۆر گەورە لەسەر تەندروستی جەستەی مرۆڤ . جگە لەم زیانانەی کە ئاماژەمان پێدان، دەرکەوتووە کە گۆشت خواردن مرۆڤ زووتر بەرەو پیری دەبات . چەندین لێکۆڵینەوەی پزیشکی گەیشتوون بەو دەرنجامەی، کە گۆشت خواردن مرۆڤ زیاتر رووبەڕووی مردن دەکاتەوە، وە کاریگەری هەیە لەسەر کورت بوونی تێکڕای تەمەنی مرۆڤ .
پەیڕەو کردنی سیستەمی رووەکخۆری، چەندین سودی گەورەی هەیە بۆ مرۆڤ. لە رووی ئەخلاقیەوە، مرۆڤ ئاشنا دەکاتەوە لەگەڵ بەها رەسەنەکانی خۆی . چونکە زیندوو کردنەوەی خووی رووەکخۆری، مرۆڤ جارێکی تر دەکاتەوە بەدۆستی راستەقینەی سروشت . هاوڕێیەتی کردنی ئاژەڵان و دوور کەوتنەوە لە توندوتیژی بەرامبەریان، ئاسودەیەکی دەروونی گەورە بە مرۆڤ دەبەخشێ . ئەمە جگە لەوەی کەوا دوورکەوتنەوە لە نەریتی کوشتنی ئاژەڵان، زەمینە خۆشکەرێکی زۆر باش دەبێ بۆ کەم کردنەوەی ئاستی توندوتیژی لەنێو کۆمەڵگەی مرۆییدا.
وە لە رووی تەندروستیەوە، رووەکخۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ سودێکی باوەڕ پێنەکراوی هەیە . هەر بە تەنیا وازهێنان لە خواردنی گۆشت، تەندروستی مرۆڤ لە زیانێکی زۆر گەورە دەپارێزێ. لێکۆڵینەوە پزیشکیەکان گەیشتوون بەو دەرنجامەی کە رووەکخۆرەکان کەمتر تووشی شێرپەنجە دەبن، بە تایبەتی شێرپەنجەی پرۆستات و کۆڵۆن. دەرکەوتووە کە رووەکخۆری بۆ تەندروستی دڵ زۆر باشە. پەیڕەو کردنی رووەکخۆری، تارادەیەکی زۆر مرۆڤ دوور دەخاتەوە لە فشاری خوێن و نەخۆشی شەکرە.
لێکۆڵینەوە زانستیەکان بەو راستیە گەیشتوون، کە ئەو میللەتانەی زیاتر پشت بە خواردنی رووەکی دەبەستن، باری تەندروستیان زۆر باشترە و تێکڕای رێژەی تەمەن لە نێویاندا بەرزە. واتە درەنگتر رووبەڕووی حاڵەتی مردن دەبنەوە . نمونە ژاپۆنیەکان، تێکڕای رێژەی تەمەن درێژی لەو وڵاتەدا بەرزترین پێوانەی تۆمار کردوە . چونکە سیستەمی خۆراکیان دەوڵەمەندە بە خواردنە رووەکیەکان.
پەیڕەو کردن لە رووەکخۆری، هۆکارێکە بۆ دابەزینی رێژەی کۆلیسترۆڵ لە خوێندا. هەروەها بۆ تەندروستی گورچیلە و ئێسکەکانی لەش زۆر بە سوودە . ئەمە جگە لەوەی کە مرۆڤ دوور دەخاتەوە لە ئەگەری تووش بوون بە حاڵەتی رەبۆی توند. وە رووەکخۆری چەندین سوودی تری هەیە بۆ تەندروستی جەستەی مرۆڤ، بەڵام لەم بابەتەدا بواری باس کردنیان نیە.
ئاشکرایە کە پەیڕەوانی رووەکخۆری، رووبەڕووی چەندین جۆری رەخنە بوونەتەوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە سێ جۆریان بدەم:
A_ گۆشت سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە پرۆتین و هەندێ ڤیتامینات، ئەگەر مرۆڤ دەستبەرداری خواردنی گۆشت بێ، ناتوانێ قەرەبوویان بکاتەوە . لە وەڵامی ئەم رەخنەیەدا دەڵێین: راستە گۆشت دەوڵەمەندە بە پرۆتین و هەندێ جۆری ڤیتامینات، بەڵام گۆشت لە هەمان کاتیشدا زیانی زۆری هەیە بۆ تەندروستی جەستە. ئەمە جگە لەوەی کەوا، خواردنە رووەکیەکان دەتوانن قەرەبووی پڕۆتین و ئەم جۆرە ڤیتامینانە بکەنەوە کە لە گۆشتدا هەن، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکیشیان هەبێ بۆ جەستە.
بقولیات ( فاسولیا ، لۆبیا ، نۆک و…. هتد ) زۆر دەوڵەمەندن بە پڕۆتین. هەروەها لە دانەوێڵەشدا رێژەیەکی زۆر لە پڕۆتین و ڤیتامینات بوونیان هەیە، بە تایبەتیش نیسک . وە جەرەساتیش ( بە تایبەتی تۆوی کولەکە ) زۆر دەوڵەمەندە بە پڕۆتین . خواردنە رووەکیەکان جگە لەوەی سودی زۆریان هەیە بۆ تەندروستی، مرۆڤیش دوور دەخەنەوە لە چەندین جۆری نەخۆشی .
B_ کە خواردنی گۆشت چێژێکی ئەوەندە زۆر بە مرۆڤ دەبەخشێ، بۆ دەبێ دەستبەرداری بێ ؟ راستە خواردنی گۆشت چێژێکی زۆری هەیە، بەڵام بەهۆی خواردنیشیەوە مرۆڤ لە گەورەترین چێژ بێ بەش دەبێ، ئەویش تەندروستیەکی باشە . جگە لەمەش کاتێ کە مرۆڤ بەهۆی خواردنی گۆشتەوە، تووشێ هەندێ جۆری نەخۆشی دەبێ، وەک نەخۆشیە درێژ خایەنەکان، ناچار دەبێ کە لە زۆربەی خواردنە بە چێژەکان دوور بکەوێتەوە . ئەو کات هەم تەندروستیەکی باشی لەدەست دەچێ، هەمیش بێ بەش دەبێ لە تام و چێژی چەندین جۆری خواردن .
C_ هەندێ لە موسڵمانان دەڵێن، ئەگەر کوشتنی ئاژەڵ کارێکی زۆر خراپ بوایە، ئەوا خودا لە قورئاندا یاساغ ( حرام ) ی دەکرد. لە وەڵامدا دەڵێم؛ ئیسلام توانی چارەسەری هەندێ نەریت و دیاردەی دزێوی نێو کۆمەڵگەی دوورگەی عەرەبی بکات، وەک خواردنەوەی مەشروب و زیندە بەچاڵ کردنی منداڵانی کچ، بەڵام نەیتوانی چارەسەری گشت نەریتە دزێوەکان بکات . نمونە هەرچەندە ئیسلام هانی ئازاد کردنی کۆیلەی دا، بەڵام نەیتوانی قەدەغەی بکات. چونکە کۆیلایەتی سیستەمێکی رەگ داکوتاو بوو لە ناوچەکەدا . وە گۆشتیش سەرچاوەیەکی زۆر سەرەکی خواردنی خەڵک بوو لە دوورگەی عەرەبیدا، بە تایبەتی کە بەروبوومی کشتوکاڵی زۆر کەم بوو . بۆیە ئیسلام لەو کاتەدا نەیتوانی کوشتنی ئاژەڵ و خواردنی گۆشتەکەی قەدەغە بکات، کە لە راستیدا بە تەواوی جێگرەوەی نەبوو .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت