بورهان شێخ ڕەئوف: پەیوەندییەکانى تورکیا و ڕوسیا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووى پەیوەندییەکانى تورکیاى عوسمانى و ڕوسیاى قەیسەریش بدەینەوە ئەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەمەى ئێستا لە نێوان کۆمارى دووەمى تورکیا بە سەرۆکایەتى ئەردۆگان و ڕوسیا نوێ بە سەرۆکایەتى فلادیمیر پوتین هاتۆتە ئاراوە یەکەمجار نیە، بەڵکو پێشتریش لە وێستگەى مێژوویى دا ڕووسەکان بە هاناى تورکەوە هاتوون و بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندى و سات و سەودایان هەبووە.
پێشتریش ساڵى 1833 زایینى ڕێککەوتننامەیەک لە نێوان ڕوسیاى قەیسەرى و دەوڵەتى عوسمانیدا مۆر کراوە کاتێک 30 هەزار سەربازى هێزى دەریایى ڕوس لە نزیک تەنگەى بسفۆر دابەزین بۆ بە هاناوە هاتنى سوڵتان مەحمودى دووەمى عوسمانى و پاراستنى لە هێرشى هێزەکانى محەمەد عەلى پاشا، دواتر کاتێک پاشەکشەیان کرد کە ڕێککەوتننامەى بەرگرى هاوبەشیان واژۆکرد لە گەرووى دەردەنیل مانەوەى هێزى سەربازى ڕوسیا لەوێندەرێ، بۆیە ڕوسەکان ئێستاش خەون بەوەوە دەبینن پەیوەندییەکانیان بگەڕێننەوەو بۆ ئەو ڕۆژگارە لە دواى زاڵبوون و باڵا دەست بوونى هەژموونى ڕۆژئاواییەکان لە گەڵ تورکیادا.
بۆیە پێدەچێت ئەو بۆندى کڕینى سیستمى S400 کە ئێستا لە نێوان ڕوسیا و تورکیادا واژۆ کراوە درێژکراوەو بنەماى ئەو ستراتیژە مێژووییە بێت.
ئەگەرچى پەیوەندییەکانى ڕوسیاو تورکیا لە نۆڤەمبەرى 2015 گەیشتە خراپترین ئاست لە دواى خستنە خوارەوەى فڕۆکەیەکى ڕوسى لە لایەن هێزەکانى تورکیاوە بە هۆى ئەوەى بوارى ئاسمانى ئەو وڵاتەى بەزاندبوو، دواتر سەرۆکى هەردوو وڵات توانیان ئەو قەیرانە سەختە تێپەڕێنن و و پەیوەندییەکان ئاسایى بکەنەوە، دواتریش دەست بکەن بە وتووێژ بۆ گرێبەستى کڕینى سیستمى S400 ڕوسى لە سبتەمبەرى 2017 دواتر ڕوسیا تیشکى سەوز دابگیرسێنێت بۆ تورکیا بۆ ئۆپەراسیۆنى قەڵغانى فورات و دواتر چڵە زەیتون لە باکورى سوریا.
پۆتین دەخوازێت ئەمریکا بەتایبەتى و ئەندامانى ناتۆ بە گشتى لە تورکیا دووربخاتەوەو، بۆیە هەر فشارو سزایەک لە لایەن ئەمریکاوە بۆ تورکیا زیاتر پاڵ بە تورکیاوە دەنێت کە زیاتر لە ڕوسیا نزیک بێتەوە و بەتایبەتى هەڕەشەکانى تورکیا بۆ پەلاماردانى ڕۆژهەڵاتى فورات لە سوریا کە لە بندەستى هێزەکانى سوریاى دیموکراتدایە و هاوپەیمانى ئەمریکان پێدەچێت بەرەیەکى ترى شەڕ بکرێتەوە لە نێوان ناتۆو تورکیادا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت