نەبەز گۆران: سەرنجێك لەسەر واعیزی جنێودەر.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێستا تەنها دونیای شاشەكان پڕنەبووە لە مەخلوقی جنێودەر و بەسوكدانەری ئەویتر و شتەكان، لەم بەرەو خواربوونەوەیەدا، چەندین واعیزی جنێودەر، خۆیان خزاندوەتە ناو مینبەرەكانی مزگەوتەكانەوە و، لەو رێگەیەوە بە پێی ئاستی خۆیان، سەیری ئیمان و ئەخلاق و خوداناسی دەكەن، دەیانەوێت بەو ئاستەی خۆیانەوە ئەخلاق و ئیمان و خوداناسی هەڵسەنگێنن. ئەم واعیزانە لە غیابی بیركردنەوەدا بۆ خوداناسی، وەك پۆلیسی ئەخلاق لەسەر ئەو مینبەرانە تەعین بوون و، بەجۆرێك ئیمان و خوداناسیان شێواندووە، تەنها دوركەوتنەوە لێینا، رێگا راستەكەیە بۆ وێناكردن و ناسینی ئەخلاق و ئیمان و خودا.
ئەو ئەخلاقەی واعیزە جنێودەرەكان تەفسیری دەكەن، ئەخلاقی جەستەیە و ئەخلاق لەواتا گەورەكەی داماڵدراوە، بۆ جەستەی ئەویتر. بەم تەفسیرە، ئەخلاق كردەیە، بەڵام هەر ئەخلاقێك كردەبێت، پێش ئەوەی ببێتە كردە، لەناو بیركردنەوە و زماندایە. كاتێك بیركردنەوە و زمان پیسبوون، بێگومان كردەی ئەخلاقیش پیسدەبێت. بۆ ئەوەی ئەخلاقێكی جوان بەرهەم بهێنین، دەبێت بیركردنەوە و زمان پاك بكەینەوە. مەخلوقێك بیركردنەوە و زمانی پیسبێت و لە نزمترین ئاستی زماندا تەفسیری ئەخلاق بكات، بێگومان ئەم كارەكتەرە خۆی لە كێشەیەكی گەورەی ئەخلاقیدایە و پێویستی بەوەیە ئەخلاقی چاكبكرێت. لەم داڕمانەدا لە زمان و لە بیركردنەوە، هەموو ئەویترێك بۆ واعیزی جنێودەر، دەبێتە مەترسی لەسەر ئەو ئەخلاقەی واعیز لە حیكایەتەكان وەریگرتووە. ئەشێت واعیز بە پێی ئاستی خۆی، بەوجۆرە وێنای دونیا و خودا بكات، هەر كەسێك لە دەرەوەی تەفسیرەكانی ئەوبێت، كەسێكە لە دەرەوەی ئەخلاق. بەڵام بونیادی ئەخلاق لەو كاتەوە دەست پێدەكات، واعیز بیركردنەوە و زمانی پاكبكاتەوە، هیچ كات ئەخلاقێكی بەرز لە رێگەی بكەرێكی جنێودەرەوە دروستنابێت. ئەوانەی جنێو دەدەن، ئەوانەن سەرقاڵی پیسكردنی ژینگەی ئەخلاقی كۆمەڵگەیەكن. ئەوانەی سوكایەتی بەجوڵەكانی ئەوانی تر دەكەن، ئەوانەن سوكایەتی بەخودی دونیاكەی خۆیان دەكەن و، بێئاگا لەوەی لەناو ئایدۆلۆژیاییەكی بەسوكدانەردا دەژین و، ئەم ئایدۆلۆژیا بەسوكدانەرە، ماهییەتی خاڵیكردونەتەوە بۆ ئاستێك، تەنها بە زمانی جنێو و سوكایەتی پێكردن، خوێندنەوە بۆ دونیای دەرەوەی خۆی و ئەویتری دەرەوەی خۆی بكات.
بۆ ئەوەی بزانین ئەخلاق چییە؟ دەبێت پرسیار لە بیركردنەوە و زمان بكەین. بیركردنەوەی بەرز و قوڵ، ئەخلاقی بەرزو قوڵ دروستدەكات. هەتا فەزای بیركردنەوە لۆژیكی نەبێت، ناتوانێت دەسكاری ئەخلاقێكی نادروست بكات. گەر بیركردنەوە نەخۆشبێت بێگومان زمانێكی نەخۆشیش تەفسیری ئەو بیركردنەوەیە دەكات، گەر بیركردنەوە لۆژیكی و جەوهەری بێت، زمانێكی بەرز و قوڵ تەفسیری ئەو بیركردنەوەیە دەكات. كاتێك بمانەوێت بیركردنەوە بناسین، لەرێگای زمانەوە دەیناسین، كە زمانەكە پیس بوو، بیركردنەوەكە پاك نابێت و، زمانی پیس بەرهەمی بیركردنەوەی پیسە و بەم لۆژیكەش، ئەخلاق بەزمان و بیركردنەوەی پیس ناتوانرێت بگۆڕدرێت و ناشتوانرێت دروستبكرێت. ئەو زمانە نزمە، زادەگەی نەبوونی بیركردنەوە و ناسینی جەوهەری ئەخلاقە. ئەو زمانە پڕجنێوە لە بكەرێكەوە دێتە دەر، ناسینی ئەخلاقی خۆیەتی لەو ئاستەدا. ئەو جوڵە تازانەی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا روودەدەن، جوڵە نین دژی ئەخلاق وەك ئەوەی پۆلیسەكانی ئەخلاق باسی لێوەدەكەن، دونیای نوێ‌، دونیایەكە تەنها دەسكاری شێوەی مرۆڤەكانی ئێمەی نەكردووە، دەسكاری جوڵەكان و دونیابینییەكەشی كردووە (ئەگەر دونیابینی هەبێت) دژ بوون بەم دونیا نوێیە، لەرێگەی زمانێكی نزم و ئاستێكی بیركردنەوەی نزمەوە، دژوبوونێكە هیچ لە دونیا نوێیەكە ناكات و، ئەو دونیا كۆنە ناشیرندەكات واعیزی جنیودەر خۆی كردوە بە پاسەوانی. كاتێكیش ئەخلاق كورتكرایەوە بۆ جەستەی ئەویتر، ئیدی لە مانا راستەقینەكەی دادەماڵدرێت و دەبێتە بینینێكی نێرانە، غەریزەیەكی پەتی و ، بۆ خاڵیكردنەوەی ئەخلاق لە هەموو واتایەك و داپۆشینی بە چێژ.
واعیزی جنێودەر، دەیەوێت ئەخلاق لە دیدە نێرانەكەوە سەیربكات. ئەو دیدە نێرانەیەی كە ئەخلاق نە زمان بێت، نە بیركردنەوەبێت، نە كردەبێت و، تەنها جەستەی ئەویتری ژن بێت. هەركاتێك جەستەكە ونكرا و داپۆشرا، ئیدی ئەخلاق لە شوێنی خۆیەتی و، گەر جەستەكە دەركەوت، ئەخلاق لە مەترسیدایە! ئەم تەفسیرە نێرانەیە بۆ ئەخلاق، بۆخۆی نەخۆشخستنی ئەخلاقی راستەقینەیە. جەستە هەرشتێك بێت، داپۆشرا و یان دەركەوتە، ناتوانێت دەسكاری ئەخلاق بكات، ئەگەر خودی ئەخلاقەكە رەگوڕیشەیەكی هەبێت لە بیركردنەوە و زماندا. دوو نمونە دەهێنمەوە تا یارمەتیدەربێت بۆ رونكردنەوەكە و تێبگەین جەستە دوا وێستگەی ئەخلاقە، دەگەرێینەوە بۆ دوو چیرۆكی ئایینی. ” مەریەمی مەجدەلی، بە تەفسیری نەریتپارێزەكان سۆزانی بوو، ئەما مەسیح كردییە نزكیترین هاوەڵی خۆی. ” ئەم كردەیەی مەسیح، كردەیەكە بۆ هەڵتەكاندنەوەی ئەو ئەخلاقەی نەریتپارێزان بۆ جەستەی دەكەن. ئەركی كەسی هوشیارە ئەخلاق بگەڕێنێتەوە شوێنەكەی خۆی و، لەو دیدە نێرانەیە كە لەجەستەدا كورتی دەكاتەوە، دروی بخاتەوە و بیخاتەوە ناو سیاقەكەی خۆی. مەسیح بەم كردەیەی تەواوی ئەو ئەخلاقە جەستەیەی رەدكردەوە و، لەناو مرۆڤەكەدا ئەخلاقێكی نوێی چاند، جیاواز لە ئەخلاقە كۆنەكە، كە لە جەستەوە سەیردەكرا. ” ژنەی ناو مزگەوتەكەی مەولانا، نەریتپارێزان پەلاماریاندەدا و ئازاریاندەدا، دەیانگوت: بۆچی سۆزانییەك بە جلی پیاوانەوە هاتوەتە مزگەوت، مزگەوتی پیسكردووە. شەمسی تەبریزی بەرگری لە ژنەكرد و، بە نەریتپارێزانی وت: گەر ئەو جەستەی پیسبێت هاتبێتە مزگەوتەكەوە، ئێوە ناختان پیسە و ئەو ناحی پاكە، كەوایە ئەوەی مزگەوتەكە پیسدەكات، ناخی ئێوەیە نەك جەستەی ئەو.”
واتای چیرۆكەكە ئەوەیە: جەستە گەر پیسبێت پاك دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر ناخ و بیركردنەوە و زمان پیس بن، چۆن ئەخلاقێك دروستدەكەن؟ یان، جەستە كاتێك پیسدەبێت زمان و بیركردنەوە و جەوهەری كەسەكە پیسبن، ئەو پیسبوونەش ئایین تەفسیری بۆ دەكات، پێسوبوونێكە بەر لە جەستە، لە بیركردنەوە و ناخەوە دێتە دەر. ئێستا بەشێك لە واعیزەكان بە جنێوەكانیان نوێنەرایەتی ئەو ئەخلاقە دەكەن، كە بیركردنەوە و زمانی پیسە و لە رێگەی جنێو سوكایەتییەوە پەخش دەبێت! ئەم دوو چیرۆكە لەسەر جەستە و ئەخلاق، دوو چیرۆكن بۆ گۆڕینی دیدگای كەسی نزیك لە ئایین لەسەر ئەخلاق. بەجەستەكردنی ئەخلاق، تەنها ئەركی ئەوانەیە لە بنەوانەوە ئەخلاق ناناسن. كاتێك دیدگایەكی نێرانە دروستدەبێت بۆ ئەخلاق و هەموو جەستەیەكی دەركەوتەی ژن، بە شێواندنی ئەخلاق دەچێوێنرێت، ئیدی ئەخلاق دەبێتە كۆمەڵێك چێژی پیاوانە و لەو چێژانەدا پیاو سنوورەكان و شێوازەكان و دەركەوتەكانی دیاریدەكات و لە هەرشوێنێك لەو سنوورە پیاوانەیە تێپەڕی، ئیدی بە بەد ئەخلاقی تەفسیردەكرێت. لەم دونیانوێیەشدا كە دونیای دەركەوتەی جەستەیە، واعیز ناتوانێت لەناو بیركردنەوەدا بۆ رەگوڕیشەكانی ئەخلاق بگەڕێتەوە، ناشتوانێت لە دونیانوێیەكدا بۆ ئەخلاقی نوێ بگەڕێت، هەر بە چاوە نێرانەكەی و زمانە نزمەكەیەوە، دەكەوێتە وێزەی ئەخلاق و جەستەی دەركەوتە. جگە لەم رێگایە رێگایەكی دیكە شك نابات، بۆ بەرهەمهێنانی ئەخلاقی نوێ‌ و پێشی وایە بەم ئاستەوە، ئیدی نوێنەرایەتی ئەخلاقی راستەقینە دەكات و بەرگریكاری ئەخلاقە!
بەشێك لە دونیای واعیزەكان، زۆر جیاوازی نییە لەو دونیا شاشەیەی لەناو تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا دروستبووە و، سەرقاڵی سوكایەتیكردن و جنێودانن. هەردوو تاپیەكە سەر بە دونیایەكن ئاستی هوشیارییان لاوازە. دونیایەك ئیمان و خودا، هێندە لاواز و بچوككراوەتەوە، لە جەستەدا وێنەیان دەكێشرێت! بە پێی تەفسیرە نێرانەكەی ئەم تاپیانە بۆ ئەوەی ئیمان و خودا بناسی، دەبێت سەیری جەستەی ئەویتر بكەیت. ئیدی زمان و بیركردنەوە و كردە رۆژانەیەكان پەراوێزخراون و ئەخلاق لە سیاقی خۆی دەرهێنراوە و، خراوەتە سەر جەستەیەك. جنێودان، سوكایەتیكردن، پەلاماردان، پۆلیسی ژیانی خەڵك، چاودێركردن و باسكردنی خەڵك، زمانبەدی و سەرنەویكردن بۆ دەسەڵاتی پیسخۆر و… هتد. ئەمانە هیچی بە ئەخلاق نابینرێن! لەوەش زیاتر ئەمانە بەم ئاستەی خۆیانەوە، خۆیان بە بەرگریكاری ئەخلاقی كۆن دەزانن و بەگوێگرەكانیشان ناڵێن ئەخلاقی كۆن چییە و ئەخلاقی نوێ‌ چییە! لە ساتێكدا دێنە ناو دونیا نوێیەكە و، سەیری هەموو جوڵە و كردەیەكی (بەقەولی خۆیان) نا ئەخلاقی دەكەن و، دەچنەوە لەسەر مینبەرەكان بە نزمترین ئاستی زمان، تەفسیری جوڵە و كردەكە دەكەن و، دەشیانەوێت وەك نوێنەری ئیمان و خودا و ئەخلاق بناسرێن! (ئیشیان بووە بەوەی شەوان لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان سەیری دیمەنە وروژێنەرەكان بكەن و، بەرۆژیش لەسەر مینەبەرەكانیان بەزمانە پڕجنێوەكەیان باسی ئەو دیمەنە بكەن، خۆیان شەو سەیریانكردووە!) ئەو ئەخلاقی ئەم واعیزانە نوێنەرایەتی دەكەن، بە پێی زمانە پڕ لەجنێوەكەیان نزمترین ئاستی ئەخلاقە. بۆ ئەوەی ئیمان و خودا و ئەخلاقی راستەقینە بناسین، گوێ لەم واعیزە جنێودەرانە ناگریێت، یەك میراسی گەورەی ئەدەب و فیكر لەبەردەستدایە، هەر لە (خانای قوبادی، بێسارانی، مەولەی، نالی، ئەحمەدی خانی، مەحوی، مەلای گەورە، مەلاعەبدولكەریمی مودەڕیس و… هتد) بیگرە تا دەگاتە (بایەزیدی باستامی، شەمسی تەبریزی، حەلاج، جونەیدی بەغدادی، مەولانا، ئیبن عەرەبی، سوهرەوەردی، عەتاری نەیشاپوری، حافزی شیرازی، سەعدی شیرازی و… هد) ئەم بیركەرەوانە لەناو دونیای ئیمان و خوداناسیدا، بە زمانێكی ئاست بەرزەوە، بە بیركردنەوەیەكی قوڵەوە، بە لۆژیك و ماناوە، سەیری ئیمان و خوداناسی، سەیری ئەخلاق و جەوهەرەكەی، سەیری ئەویتری ژن و ئەویتری پیاو، سەیری بوونی خود و ئاستی خود. هەموو ئەو وێنانەمان پیشاندەدەن، كە ئەمڕۆ لای واعیزی جنێودەر، هەرگیز ناگەیت بەم ئاستە و هەرگیز ناتوانیت بەو جۆرە ئەخلاق و خودا و ئیمان بناسی، كە لە رێگەی زمانە پڕ جنێوەكەیان و ئاستە لاوازەكەیانەوە تەفسیری بۆ دەكەن. گوێگرەكانیان بۆ ئەوەی لە جەوهەری ئەخلاقی ئایینی و ئیمان و خودا ناسی تێبگەن، باشترە لەم واعیزە جنێودەرانە دوربكەونەوە و بگەڕێینەوە سەر ئەو میراسە ئەدەبی و فیكريەی ئەستێرەكانی پێشو بۆیان جهێشتوین.

تێبینی: ئەمە تەنها سەرنجێكە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت