نیازی حەمید براهیم: کێ تورکیا دەسوتێنێت؟!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەردۆگان، بێ ئەوەی بیەوێت بەرەی دیموکراسی لە تورکیا گەورەتر و یەکریزتر دەکات!.
ئەو کۆدەتایەی دوێنێ، ئەردۆگان بەسەر شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی ئامەد، وان و، ماردین ئەنجامیدا ، گەورەترین هەڵەیەکە کە لە دەئەنجامی بێچارەیی بۆ مانەوە لە دەسەڵات ئەنجامیدا.
ئەم کۆدەتایە بەسەر شەرعیەتی دەنگی گەل لەو سێ شارە ، کۆدەتایەکە بەسەر شەرعیەتی دەنگی گەل لەتەواوی تورکیا. ئەم کۆدەتایەی ئەردۆگان زیاتر یەکێتی و بەرەی دیموکراسی لە تەواوی تورکیا تۆکمەتر و بەهێزتر دەکات.
کاتێ رێبەری گەلان ‘ئۆجەلان’ لە زیندانی ئیمڕاڵییەوە بانگی لە هەدەپە کرد کە بەرەی دیموکراسی بەهێز بکەن و پەکەکەش لە سەر زاری جەمیل بایک لە وتارەکەی لە واشنتۆنپۆست ئەویش تەئکیدی لە بەهێزکردنی بەرەی دیموکراسی کرد، لە یەکەم هەنگاویدا ئەم بەرەیە، توانرا 5 لە گەورەترین شارەوانییەکانی تورکیا بەتایبەتی ئەستانبۆڵ لەبەردەست ئاکەپە-مەهەپەی فاشست دەربهێنرێن. ئەم زەربەیەی هەدەپە خالی وەرچەرخان بوو، لمۆزی کێرڤی دەسەلاتی ئەردۆگانی بەرەوخوار شۆڕکرد.
ئێستا دوای ئەم کۆدەتایە، ئەردۆگان لە بێچارەیی و نەزانینی سیاسەت، ئەوەندەی دیکە ئەو بەرەیە، بەرەی دیموکراسی گەلانی تورکیای بەهێزتر دەکات .
ئەردۆگان سیاسی نییە، بەڵکو کەسێکی فاشی دەسەلاتخوازە، دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت دەسەلاتی لەدەستدا بمێنێت، ئەو وا دەبینێت شەڕی بەردەوام ئەگەر سوتانی ناوەوە و دەرەوەی تورکیاشی تێدا بێت گرنگ نییە، گرنگیش نییە سەربکەوێت، لای ئەو گرنگ لە دەسەڵات بمێنێت.
ئەوەتا جەهەپە دووەم گەورە حزبی تورکیا، ئەردۆگانی پەیوەست بەم کۆدەتایە بە فاشی لەقەڵەمدا. سەرۆک شارەوانی ئەستانبۆڵ، ئەکرەم ئیمام ئۆغلو، گوتی ئەو کۆدەتایە بەسەر ئیرادەی خەڵکیە و، قەبوڵ ناکەین. سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا عەبدولا گول ئەویش بە لێدانێکی گەورەی بۆ دیموکراسی حەسباند. ئەحمەد داود ئۆغلو ئەویش نارەزایی دەربڕیی. چەندەها سەرۆک شارەوانی لە تەواوی تورکیا ئەم کۆدەتایەیان بە دژە دیموکراسی دانا و ئەردۆگانیش بە فاشی. دەیان نوسەر و رووناکبیری تورک، سەرکۆنەی ئەو کۆدەتایەیان کرد.. یەکەمجار ئاوا رۆژئاوای تورکیا لە خەمی رۆژهەڵاتی بێت.

ئەم گۆڕانە پەکەکە دورستیکرد و دەستکەوتی هەرە گەورەیە.
وای بۆدەچم، ئیمڕۆ و رۆژانی دابێ ، کاردانەوەی گەورە ببینین لە هەمبەر ئەو کۆدەتایەی ئەردۆگان بەسەر ئیرادەی خەڵکی. ئەردۆگان لە هەموو بەرەکان، لەناوەوە و لەدەرەوە، لە شکستی بەردەوام دایە، لە لێبیا بگرە تا دەگاتە ئیدلب، لەو پەری رۆژئاوای تورکیایەوە بۆ ئەوپەری رۆژهەڵات .
سوپاکەی ئەردۆگان لە هەموو دەڤەرێک کە لێیەتی لەبەردەم هێرش و پەلاماری گەریلا وشەرڤانان دایە، لەبەردەم هێرشی سوپای نیشتمانی لیبیادایە، گروپە تیرۆریستەکانی ئەردۆگان، ئەلقاعیدە و داعش و ئەوانی دیکە، لە ئیدلب لە بەردەم هێرش و پەلامارێکی توندی سوپای روسیا و سوریا دانە. دەتوانین رەوشی تورکیای ئەردۆگان بەرەوشی پێش تێکچوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بشوبهێنین.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم، دەبێت گەل لە باکوری کوردستان دەرسێکی گەورە بدەنە ئەو قەیومانەی یا جێگرەوانەی کە بۆ سەرۆکی شارەوانییەکانی دانراون. ئەوە ئیشی پەکەکە نییە ئەو کارە بکات وناشیکات، لێ ئەوە کاری گەنجانی ولاتپارێز و تۆڵەسێنەرەوەکانی گەلن، بەرتەکی توند نیشان بدەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت