کاوسێن بابەکر: ئەمریکا دەتوانێ جڵەوی سەرەڕۆییەکانی ئەردۆگان بگرێ؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای ئەوەی ئەردۆگان بەخشکەیی دەستی بەسەر پارتی ئەکەپە دا گرت، کادیرە ڕەسەنەکانی پارتەکەی دوور خستەوە، کە لەگەڵ خەیاڵە سوڵتانیەکانیدا نەدەهاتنەوە، ئیدی کەوتە جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی و دەست تێکەڵاوکردن لەگەڵ داعش و یارمەتیدانی گروپە توندڕەوەکانی سوریاو دروستکردنی تاقم و گروپی توندڕەوی سەربەخۆی و کێشەدروستکردن بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانانی و داگیرکردنی خاکی کوردستانی سوریا تاکارەساتی کۆبانێ. تورکیا بەدرێژایی خەباتی کورد، یەکەمین دوژمن و ڕێگربووەو ئەو دژایەتیەشیان نەشاردۆتەوە تا گەیشتۆتە چڵەپۆپە لەسەردەستی ئەردۆگان، ئەم شەڕەش هەر لەباکوری کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان نەگیرساوەتەوە، بەڵکو لەهەر پارچەیەکی کوردستان بۆنی خەبات و سەرکەوتن هاتبێ، یەکەم دەوڵەت بووە بەگژیدا چۆتەوەو بە فێڵ و کەڵەک و بوختان و گەلەکۆمەگی پاشەکشەی پێکردووە. دەستبەسەرکردنی سەرکردەو ئەندام پەرلەمان و کادیرەکانی هەدەپە کەنزیکەی دەیان هەزار دەبن و قسەو سوکایەتیەکانی ئەردۆگان بەڕیفڕاندۆم و سەرۆکی ئەوسای هەرێم سەرەڕای ئەو هەموو دەستکەوتە مادیانەی لەباشور دەستیان دەکەوێ کە لە پارەی موفتی نەوت و کردنی باشور بە گەورەترین بازاڕی ساغکردنەوەی بەرهەماکانیان، نمونەی رق و قینەی بێ بنی فاشیەتی تورکە دژ بەگەلی کورد لەهەر کوێیەک بێ و سەلماندنی ئەو دەستەواژەیەیە کەدەڵی: کوردی باش ئەوەیە کەمردووە.
پلان و هەڕەشەکانی ئەردۆگان و ناردنی بەردەوامی هێز بۆ کوردستانی ڕۆژاوا بۆ هێرش بۆ سەر ڕۆژاوای فوڕات، دواین بەرنامەی ئەردۆگان نییە، بەڵکو ئەگەر بۆی بکرێ بەشێکە لەبەرنامە ستراتیژیەکەی کە لە ناوبردنی یەکجاری ئیدارەی خۆسەری و هێزەکانی یەپەگەو هێنانەدی خەونی سوڵتانە لەداگیرکردنی سەرجەم خاکی ڕۆژاوای کوردستان تا دەگاتەوە موسڵ!
ئەمریکا بەئاشکرا ڕێگری لەم کارە دەکات و لە گفتوگۆ دووقۆڵیەکان و ڕاگەیاندنەکانیاندا ئەمەیان دوپاتکردۆتەوە، ئەردۆگان کڕینی s400و نزیکبوونەوەی لەڕوسیا بۆ پشتیوانی خەونەکەی بەکارهێنا، بەڵام ئەمریکا لەکۆتاییدا نەرمی نواند بۆئەوەی بیخاتە ناو سیاسەتی خۆیەوە کە دوورخستنەوی لەڕوسیاو پاراستنی هێزەکانی کوردبوو ئەویش بەدانی باجی دەستهەڵگرتن لەبەشێک لەدەستکەوتەکانی لەسوریایە کەپێدەچێ مانەوەی ئەسەدو قبوڵکردنی ناوچەی ئارام بن بەمەرجێک ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی هەسەدەو یەپەگە زیانیان پێنەگات. تورکیاش لەوە گەیشتووە، کە روسیا پشتگیری خەونەکەی ناکات و ئامانجی کۆتایی ڕوسیا مانەوەی ئەسەدە بۆیە بەناچاری ملی خستۆتەژێر نیری ئەمریکاو هەرچەند لەمەنبەج ئەزمونێکی تاڵی بەسەرهات لەگەڵ ئەمریکاو هیچی دەستنەکەوت، بەڵام وادیارە هیچ ڕێگایەکی لەبەردەم نەماوە جگە لەوەی ئەردۆگان جڵەوی خۆی بداتە دەست ئەمریکاو خەونەکەی لی ببێ بەزڕەخەون، لەکاتێکدا دۆخی ناوخۆی ووڵاتەکەی و حزبەکەی بەرەو ئەوەدەچن کۆنە هاوڕێکانی لەئەکەپە بەدروستکردنی حزبێکی نوێ دۆخی سیاسی تورکیای بەسەردا قڵپکەنەوە.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت