نەبەز گۆران: كۆمەڵگە و دونیای مۆدێرنە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

كۆمەڵگەی _باشوور_ تازە دەیەوێت بە بەتەواوەتی بچێتە ناو دونیای مۆدرێنەوە، ئەو دونیاییەی كە هەردوو دیوەكەی مۆدێرنە ئاشنا دەكات بە كۆمەڵگەكە، دیوی توندوتیژی، دیوی رەخنە و عەقڵانییەت. كۆمەڵگە لە قۆناغەكانی پێشودا، لەرێگەی سیستەمی دەسەڵاتی _بەعس_ەوە، بە شێوەیەكی چڕ بەر ئەو دیوە توندوتیژەی مۆدێرنە كەوت، بەڵام پاش رووخانی دەسەڵاتەكە و جیاكردنەوەی خۆی لە لاشەی_عێراق_ بەر دیوێكی دیكەی مۆدێرنە دەكەوێت، ئەو دیوە لەگەڵ خۆیدا، رەخنە، بەشێوەیەكی فراوان، دونیای نوێ‌، هونەری نوێ، فەزای نوێ‌، كەرەستە و گوتاری نوێ و‌‌… هتد. لەگەڵ خۆیدەهێنێت. لەم هەوڵەدا بۆ چوونە ناو دیوێكی دیكەی مۆدێرنە، كۆمەڵگە لەناو خۆیدا توشی دژیەكی كردووە، دژیەكییەك هێشتا بۆی روون نییە، بگەڕێتەوە بۆ رابردوویەكی خێڵەكی و نەریتی و ئایینی، یان لەگەڵ دونیانووێیەكەدا، دونیابینی نوێ‌ و ژیانی نوێ‌ وەك خۆی وەربگرێت و، ببێتە كۆمەڵگەیەكی مۆدێرن و، ئەخلاقی نوێ‌ و فەزای نوێ‌ و سوبێكتی نۆی دروستبكات. دژیەك بوونەكەی لە هەندێك شوێندا، تا ئاستی توندوتیژییەكی زمانی و ئایدۆلۆژی دەیبات و، لە هەندێك شوێنیشدا، نە دەتوانێت سەر بە دونیا نوێیەكە بێت، نە دەتوانێت سەر بە دونیا كۆنەكە بێت! دەیەوێت مۆدێرنە بە دیدگایەكی میللییەوە وەربگرێت، كە چی بۆ نەریتەكان و كلتووری رابردووی كۆمەڵگە باشبێت، ئەو باشییەی وەرگرێت و چی بۆ كلتوور كۆمەڵگە و نەریتەكانی خراپ بێت، بیكاتە دەرەوەی خۆی. بێئەوەی دەرك بكات، مۆدێرنە خۆی دوو سیمای دیاری هەیە، یا ناتوانیت بچیتە ناوییەوە، یان بەچوونە ناوییەوە، هەردوو سیماكەی بە كۆی رەهەندەكیانییەوە دێنە ناو كۆمەڵگەوە. ئەم بەركەوتنە لەگەڵ دونیا نوێیەكەدا، نەبوەتە وێستگەیەكە بۆ دابڕانی گەورە و بووەتە خاڵێك بۆ هەڵگرتنی دژیەك بوونێك، چ لەناو بەشێكی سوبێكتەكانی ناو كۆمەڵگە، چ لەناو جیهان و گوتارە ئایدۆلۆژییەكەشدا. لەم فەزایەدا كە دژییەكییەكی دروستكردووە قۆناغێكی راگوزەری پێویستە، تا كۆمەڵگە لەنێوان دونیای مۆدێرن و دونیای رابردوودا خۆی یەكلایی بكاتەوە.
بەر لەوەی باس لە سیما نوێیەكەی مۆدێرنەبكەم، دەگەڕێمەوە بۆ سیما توندوتیژەكەی مۆدێرنە، كە لە رێگەی دامەزراوەی _بەعس_ و ئایدۆلۆژیاكەیەوە هاتە ناو كۆمەڵگەی كوردیی و، ئەو سیمایە دەكەینە دەلاقەیەك بۆ ئەوەی لە سیمای دووهەمی مۆدێرن و ئێستای كۆمەڵگەی كوردی باشوور سەرنج بدەین. “مێژووی پێشكەوتن بریتییە لە مێژووی بەربەرییەت. مێژوویی پەرەسەندنی چەكە كۆكوژەكان و تەكنۆلۆژییا كۆمەڵكوژەكان.” (1) عەقڵی ئامێری، عەقڵێكی مۆدێرنە. عەقڵێكە لەگەڵ ئامێرەكاندا مامەڵە دەكات و، ئامێر دەبێتە هێزێكی گەورە بەدەست ئەو عەقڵەوە، تا ئەویتر و شتەكانی ناو رووبەری دەسەڵاتی خۆی، كۆنترۆڵبكات و بیانخاتە ژێر ركێفی خۆی. مۆدێرنە بەرهەمهێنەری ئامێرەكانە و بەرهەمهێنەری دامەزراوەكان و ئەو عەقڵە ئامێرییە لە سوپاوە، تاكو كۆی ئەو دامەزراوانەی دیكە دەبنە رایەڵەیەك بۆ دروستكردنی سیستەمی دەسەڵاتێك كۆنترۆڵكەر. لەم دامەزراوەنەدا كە عەقڵی ئامێری مۆدێرن ئاراستەیان دەكات، لەبری سوبێكتی ئازاد و كۆمەڵگەیەكی ئازاد، هەمیشە عەقڵی ئامێری دێت سوبێكت و كۆمەڵگەی كۆنترۆڵكراو دروستدەكات. سیستەمی دەسەڵاتی_ بەعس_و ئایدۆلۆژیاكەی، سیستەمێك نییە لە دەرەوەی عەقڵ، بەڵكو سیستەمێكە عەقڵی ئامێری دەكاتە پرۆسەیەك بۆ كۆنترۆڵكردن و سڕینەوەی هەموو ئەویترێكی دەرەوەی دەسەڵاتەكە و ئایدۆلۆژیاكەی. بەقەولی_بنیامین_ ئەو مێژووە پێشكەوتووەی مۆدێرنە لەسەرەتاكانیدا چاوەڕوانبوو بەرهەمیبهێنێت، لەرێگەی عەقڵی ئامێری و گوتاری ئایدۆلۆژییەوە دەیباتەوە سەر مێژووێكی بەربەریانەیە. بەو مانایەی لەناو ئەم مێژووە پێشكەوتنەدا ئامێر و دیوی توندوتیژ هەیە، هەریەك لەم ئامێرو دیوە توندوتیژانەدا، كۆمەڵێك شەڕ و كارەساتی گەورەی لێ دروستكراوە، هەریەك لەو شەڕو كارەساتە گەورانە، گەڕانەوەی كۆمەڵگەبووە بۆ دۆخی بەربەرییەت و دروستكردنی گۆڕی بە كۆمەڵ و جینۆسایدی مرۆڤەكان و، زیندان و پرۆسەی بەجەماوەریكردن و سوبێكتێكی ئامێری، بۆ سڕینەوەی جیاوازییە گەورەكانی ناو كۆمەڵگە. ئایدۆلۆژیا بە گوتارەكانی و دەسەڵاتی مۆدێرن بە ئامێرەكانی، دەبنە دوو دیو لەناو مۆدێرنەدا بەربەرییەتێك دروستدەكەن، جیاوازی گەورەی لەگەڵ بەربەرییەتی پێش مۆدێرنەدا هەیە. بەربەرییەتی مۆدێرنە لەسەر بونیادی عەقڵێكی دارێژەر پرۆسەكان ئەنجامدەدات و، نەخشیەكی تۆكمەی هەیە بۆ سڕینەوە و دروستكردنی كارەساتی گەورە. بەربەرییەتییەك نییە لەچركەساتێكی شەیدایدا دروستبێت، هێندەی بەربەرییەتێكە پێش كردەكە، زەمینەی بۆ سازدەكرێت و سوبێكتی كۆنترۆڵكراوە بۆ دروستدەكرێت و، ماشێنێكی گەورەی بۆ دەخرێتە گەڕ، تا لەكاتی ئەنجامدانەكەدا پرۆسەكە خاڵبەخاڵ جێبەجێبكرێت و عاقڵانە بچێتە بەرێوە.
كۆمەڵگەی باشوور، لەرێگای بەعسەوە، بەر ئەو دیوەی مۆدێرنەكەوت لەگەڵ پێشكەوتنەكاندا، قۆناغی بەربەرییەتی هێنا، هەر لە گەڵ دەسپێكی _ئەنفال و هەڵەبجە_ و شەڕ و وێرانكاریدا، مۆدێرنەی پێشكەوتوو، لەرێگای سیستەمێكی تۆكمەی مۆدێرن و گوتاری ئایدۆلۆژییەوە، كۆمەڵێك جینۆسایدی بەرهەمهێنا، هەریەك لەو جنیۆسایدانە لە دونیای نوێدا، بەشێكبوون لەو مۆدێرنەیەی بە سیما سەربازیییەكەیەوە خۆی دەخزاندە ناو كۆمەڵگەوە. سوپاكان و چەكە پێشكەوتوەكان، ئامێرەكان و رێكخستنی دامەزراوەكان، ئایدۆلۆژیای نوێ و چەمكە نوێیەكان، سیستەمە كۆنترۆڵكەرەكان و سوبێكتی نوێ‌ و…هتد، هەریەك لەمانە سەر بە دونیای مۆدێرنن. لە زۆر وێستگەدا سیمای مۆدێرنەی رۆژهەڵاتی، هەمیشە دیوە توندوتیژەكەی دەردەكەوێت و لە رێگەی توندوتیژییەوە خۆی ئاشنا دەكات بە كۆمەڵگە رۆژهەڵاتیییەكان! پێشكەوتنی مۆدێرنە و شارەكان، نەیتوانی ببێتە پێشكەوتنێك بۆ بەرهەمهێنانی ژیانێكی نوێ‌، كۆمەڵگەیەكی نوێ‌، سوبێكتێكی ئازاد و بیركەرەوە، بەڵكو بوو بە پێشكەوتنێك دۆخێكی بەربەری خولقاند و هەموو تاكێكی دەرەوەی سیستەمە توندوتیژیەكە، لەژێر هەڕەشەی سڕینەوەدابێت. تەكنۆلۆژیای چەكەكان و سوپاكان، ئەو تەكنۆلۆژیانە بوون، سیستەمی ئایدۆلۆژی بەعس، بەكاری دەهێنان، تا كۆمەڵگەیەكەی جیاواز لەرووی زمان و فەرهەنگ و كلتوورەوە بسڕێتەوە. ئەم دیوە زبرەی مۆدێرنە، تەنها گۆڕی بە كۆمەڵ و سڕینەوەی بە كۆمەڵگەی ئێمە ئاشنانەكرد، بەڵكو فۆڕمێك لە ئایدۆلۆژیای توندوتیژیش لەگەڵ خۆی هێنا، ئەم ئایدۆلۆژیا توندوتیژییە لەناو ئایین و حیزب و كلتووردا، رەگی خۆی داكوتا و بە كۆتایی هاتنی سیما سەربازییەكەی سیستەمەكە، ئایدۆلۆژیاكە كۆتایی نەهات، ئەوەی كۆتایی هات، تەنها بەشێك بوو لە فیگەرەكانی ئایدۆلۆژیاكە، لە شوێنی دیكە جارێكی كە، ئایدۆلۆژیاكە بەناو سیما جیاوازترەوە دەركەوتەوە.(چاوەڕواندەكرێت لە رابردووشدا بە ناوی دیكەوە سەرهەڵبداتەوە.) جەماورێكی ئایدۆلۆژیكرا و سوبێكتێكی ئایدۆلۆژی دروستكرد، كە هەمیشە لە رێگەی زەبرو زەنگەوە دەست بۆ ژیان دەبات و، دەیەوێت لەرێگەی هێزی توندەوە ئەو فۆڕمە لە ژیان دەستەبەربكات كە ویستی ئایدۆلۆژی دەیخوازێت.

“دروستبوونی ئۆردوگاكان و ژورەكانی گاز، لە عەقڵانییەتی ئامرازییەوە سەرچاوە دەگرێت.” (2) عەقڵانییەتی ئامرازی سەر بە دونیای پێش مۆدێرنە نییە، سەر بە دونیای مۆدێرنەیە. بەعس سەر بەم عەقڵانییەتە ئامرازییەبوو. بەڵام ئایدۆلۆژیاكەی گرێدراوی دوو جیهانبوو، جیهانێكی نوێ‌ و جیهانێكی كۆن. ئەو جیهانەی وێنەی نوێی هەبوو، لەناو گوتاری ناسیۆنالیزمی عەرەبیدا خۆی بەیاندەكرد و، ئەو جیهانەشی سەر بەر دونیای كۆنبوو، لەناو گوتاری ئایینیدا خۆی بەیاندەكرد. ئایدۆلۆژیای بەعس، ئایدۆلۆژیایەك بوو، نەتەوەی عەرەب و ئایینەكەی پێكەوە گرێدەدا. گەر بمانەوێت زنارێك لەنێوان نەتەوە و ئاییندا بدۆزینەوە، ئەو زنارە بۆ بەستنەوەی دوو جیهان_جیهانی كۆن و نوێ‌_ ئایدۆلۆژیای بەعس بوو. لەرووی گوتارەوە ئایدۆلۆژیاكە یەك سیمای نییە، سیماكانی جیاوازن و خودی ئایدۆلۆژیاش یەكێك لە سیفەتەكانی گۆڕینی سیماكانییەتی. بەڵام گوتاری باڵای ئایدۆلۆژیاكە، كە دەبێتە سەڕدێڕی وردە گوتارەكان، نەتەوە و ئایینن. بەعس وەك هێزێكی ناو دونیای مۆدێرن، وەك ئایدۆلۆژیایەكی ناو دونیای مۆدێرن، لەرێگەی گوتارەكەیەوە، كۆن و نوێ پێكەوە دەبەستێتەوە و ئەم كۆن و نوێیەش لە عەقڵییەتی زاتی دادەماڵدرێت و ، دەیكاتە عەقڵییەتێكی ئامرازی. ئامرازی بوونەكە تەنها لەناو بەكارهێنانی ئامێرسازیدا نییە، بەڵكو لە بەكارهێنانی گوتارەكانیشیدایە. هیچ كات ئایدۆلۆژیاكە خۆی داناماڵدرێت لە دونیای كۆن و ئایین. بە دیوێكدا دەبێتە هێزێكی كۆنەپەرست، كە بەرگری لەتەواوی ئەو دونیا كۆنە دەكات ئایین پێیەوە سەرقاڵە و، كۆی حیكایەتە ئایینییەكان دەكاتە حیكایەتی خۆی. بۆیە لە گەورەترین پرۆسەی سڕینەوەی كورددا، پەنا بۆ چەمكێكی ئایینی دەبات _ئەنفال_ هێنانە پێشەوەی ئەم چەمكە، هێنانەپێشەوەیەكی ئاسان و ساكارنییە، ئەم چەمكە كۆمەڵێك مانا لەناو ئایدۆلۆژیاكەدا هەڵدەگرێت و ئێستا دەبەستێتەوە بە رابردووەوە. چەمكی _ئەنفال_ تاڵانكردن_ چەمكێكی ئایینییە، چەمكێكە بۆ هەموو ئەویترێكی دەرەوەی ئایین، ئەشێت بەكاربهێنرێت. ئەوەی ئەم چەمكەی رووبەروو دەكرێتەوە، دەبێت ئامادەبكرێت بۆ سڕینەوە و كۆتایی هێنان پێی. تاڵان، تەنها كەلوپەلەكان و كەرەستەكانی كەسی قوربانی ناگرێتەوە، بەڵكو گیانیشی دەگرێتەوە. ئەمما سەرەتا كەلوپەلەكانی دەبنە هی جەلاد و رووتدەكرێتەوە و پاشان خودی روتكراوە لە كەلوپەل، دەبێتە قوربانی.
ئەم پرۆسەیە لەناو سیستەمەكەدا، پرۆسەیەكە بە عەقڵی ئامرازی كراوە. عەقڵێك تەواوی ئامێرەكانی مۆدێرنەی لەبەردەستدایە و بەبێ‌ ئەو ئامێرە مۆدێرنانە ناتوانێت پرۆسەیەكی گەورەی سڕینەوەی لەو جۆرە ئەنجام بدات. ئەم عەقڵە ئامرازییە، ئامێر دەكاتە هێزێك بۆ پیشاندانی سیمایەكی مۆدێرنەی خۆی. ئەو سیمایەی كە توندوتیژی و سڕینەوە لەگەڵ خۆدا نما دەكات. بەڵام لە هەمان كاتدا، سەر بە دونیایەكی كۆنە و لە رێگەی چەمكێكی كۆنی ئایینییەوە، بە ئامێری نوێی مۆدێرنەوە كردەكە ئەنجام دەدات. عەقڵی ئامرازی، هەمان ئەو عەقڵییەتەیە دەتوانێت لەناو مۆدێرنەدا ئەو بەربەرییەتەمان پیشانبدات، كە لە پێشوتردا ئەو جۆرە بەربەرییەتییە رووینەداوە. عەقڵی ئامرازی بە نوێترین كەرەستە، نوێترین چەك، نوێترین شێوازی ئازاردان، نوێترین بیركردنەوە بۆ مەرگی دەستە جەمعی، بیردەكاتەوە بۆ ئەوەی باڵادەستی خۆی دەرخات و، ئەویتر كۆتایی پێبهێنێت. مۆدێرنە لەناو ئەم عەقڵە ئامرازییەدا، ئەو جیهانە رەخنەیی و فیكر و هونەرە نییە، دەیەوێت ژیانێكی نوێ‌ و دونیایەكی نوێ‌ پیشانی ئێمە بدات، بەڵكو مۆدێرنە لەناو ئەم عەقڵەدا، ئەو دۆزەخەیە لەرێگەی بیركردنەوە و نەخشە و ئامادەسازی زۆرەوە، مۆدێلێك لە مەرگ و سڕینەوەمان پیشاندەدات، تەنها لە ناو دونیای مۆدێرندا ئەو مەرگە دەتوانرێت ئەنجام بدرێت. _ئەنفال و هەڵەبجە_ دوو حیكایەتی مۆدێرنەن، چ لەناو سیاقە مێژووییەكەدا، چ وەك كردە، كردەی مۆدێرنەن. تەنها مۆدێرنە دەتوانێت بە ئامێرەكانی و دامەزراوەكانی و ئایدۆلۆژیاكانییەوە، دوو پرۆسەی مەرگی جەستەجەمعی لەو جۆرە ئەنجام بدات. لە دەرەوەی سەردەمی مۆدێرنە، زەحمەتە بتوانرێت بەو شێوە خێراییە، دوو پرۆسەی گەورەی لەو جۆرە جێبەجێبكرێن، بۆیە هەوڵدان بۆ پیشاندانی سیما توندوتیژەكەی مۆدێرنە، هەوڵدانیش بۆ ناساندنی حیكایەتە كارەسات بارەكانی ناوی.
سیما توندەكەی مۆدێرنە بۆ كۆمەڵگەی _باشوور_ سیمایەكی غەریب نییە، سیمایەكە زیاد لە سی ساڵ كۆمەڵگە بەریكەوتووە و مامەڵەی لەگەڵ كردوە. هیچ كام لەو كەرەستە و ئامێر و ئایدۆلۆژیایانەی بەعس بەرامبەر كۆمەڵگەی كۆردی باشوور بەكاری هێناون، سەر بە دونیای كۆن نین و، سەر بە دونیای مۆدێرنەن. بە واتایەكی سنووردارتر، ترس لە مۆدێرنە بۆ كۆمەڵگەیەكی تازە گەشەكرد و ترسە لەو دیوە زبرەی مۆدێرنە. ترسە لەو جیهانەی پێشوتر كۆمەڵگەیەك لە رێگەی مۆدێرنەوە لە لێواری سڕینەوەدا بووە. ئەشێت بەشێك لە ترسی ئێستای سوبێكتی ناو كۆمەڵگە لە مۆدێرنە، ترسێكی ئەخلاقی نەبێت، هێندەی ترسێكە لەو جیهانەی مۆدێرنە پێشوتر پیشانی داوین و، ئەمڕۆ بەجۆرێكی دیكە كۆمەڵگە چوەتەوە ناوی، هەرچۆن لە رابردوودا سیما توندەكەی كارەساتی پیشانداوین، لە سیما نەرمەكەیدا كۆی ئەو نەریت و ئەخلاقە باوانەش كاڵبكاتەوە، كە بۆ بەرگریكارانی كاڵبوونەوەیان كارەساتبارە. بەشێكی ترس لە مۆدێرنە ترسە لە هاتنی دونیایەك، هەم كارەسات دەهێنێت، هەم ئەخلاقی باو دەسڕێتەوە.(بەڵام ئەمە بەرگری نییە لەو ترسە نوێیە، چونكە ترسە نوێیەكە بەشێوەیەكی گشتی، ترسە لە دونیای نوێ‌ و ئەخلاقی نوێ‌. نوخبەیەكی كەم هەردوو ترسەكە وەك خۆی دەبینن و پێكەوە گرێیدەدەن، گوتارە باوە جەماوەریكراوەكە، لە دیدگای ئەخلاقییەوە سەیری دونیای مۆدێرن دەكات.)
سیمای توندی مۆدێرنە، بۆ كۆمەڵگەی ئێمە وێنەكەی لەناو بەعسدا رووندەبێتەوە. بەعس هەم وەك دامەزراوە، هەم وەك هێزی بەزەبروزەنگ، ئەم وەك ئایدۆلۆژیاییەكی نوێ‌، كە كار لەسەر سڕینەوەی هەموو ئەویترێكی دەرەوەی ناسیونالیزمی عەرەبی دەكات. ئەم بەشەی مۆدێرنە پاش روخانی _بەعس_ گۆڕانكاری بەسەردادێت، بەڵام لە دیوە ئایدۆلۆژییەكەدا، كۆی حیزبەكانی رۆژهەڵات، سەر بە هەمان ئەو میراسە ئایدۆلۆژییەن، لە سەدەی پێشودا لە رێگەی مۆدێرنەوە گوازراوەتەوە بۆ رۆژهەڵات. حیزبەكانی رۆژهەڵات، ئەكرێت بكرێن بە دوو تایپی بنەڕەتییەوە و لەژێر سێبەری ئەم دوو تایپەدا تایپەكانی دیكەش بێنە پێشەوە، بەڵام دوو تایپە سەرەكییەكە، لەسەر دوو گوتاری باڵاو دوو ئایدۆلۆژیای باڵادەژین و ئەوانی تری سێبەریان، ئەوانی تری سێبەر رەگوڕیشەیان دەچێتەوە سەر ئەم دوو تایپە:
تایپی حیزبە ئایدۆلۆژییە ناسیونالیستەكان
تایپی حیزبە ئایدۆلۆژییە دینییەكان
هەردوو بەشەكە، لەناو جەوهەری خۆیاندا، كۆمەڵێك توندوتیژیان هەڵگرتووە. بەشی حیزبە ناسیونالیستەكان، بریتین لەو حیزبانەی لە زۆربەی شوێنەكانی رۆژهەڵاتدا دەسەڵات دەگرنە دەست و، زەبرو زەنگەكەیان لەناو دەسەڵاتدا تەحیقیق دەكەن. بەشی حیزبە ئایدۆلۆژییە ئاینییەكان، خۆیان دابەشدەكەن بەسەر دوو هێڵی گشتییدا. ئەوانەیان بە گوتاری ئارامەوە مامەڵە لەگەڵ كۆمەڵگەكان و دەسەڵاتەكاندا دەكەن، بەرەو پوكانەوە دەچن و ئەم پوكانەوە بوونەیان، ناچاریان دەكات زمانی زبر بهێننەوە ناو گوتارەكانیان بۆ ئەوەی هێزێك بدەنە بەرخۆیان. بەشی توندوتیژەكانیان لە هەرشوێنێك دەسەڵاتیانگرتبێتە دەست، ئەو شوێنەیان گەڕاندوەتەوە بۆ قۆناغێكی زۆر دواكەوت و توندوتیژییەكەیان لەگەڵ كۆمەڵگەدا، هیچ جیاوازییەكی نەبووە، لەو توندوتیژییەی حیزبە ئایدۆلۆژییە ناسیونالیستەكان دروستیانكردووە. بەڵام هەردوو تایپەكە، سەر بە دونیای مۆدێرنەن. ئەو دونیایەی مۆدێرنە دەیهێنێتە رۆژهەڵاتەوە، دوو تایپی سەرەكی لە حیزب دروستدەكات، كە هیچ كات خاڵی نین لە توندوتیژی و زەبروزەنگ. خودی چەمكی ئایدۆلۆژیاكە، لە هەناویدا توندوتیژییەك هەیە، لە هەموو چركەساتێكدا ئەو توندوتیژییە ئامادەیە بۆ ئەوەی دەریخات و بەركاری بهێنێت. سیستەمی حیزبی و گوتاری ئایدۆلۆژی، زەبرو زەنگی نوێ‌…هتد بەرهەمی مۆدێرنەن. (ئەكرێت لە شوێنێكی دیكە بەوردی قسە لەسەر ئەو جیهانەی حیزب بكەین، سەر بە مۆێرنەیە و دەست بخەینە سەر خاڵە جەوهەرییەكانی.)
لەناو مۆدێلی حوكمڕانییەكانی ئەم تاپیپە حیزبە ئایدۆلۆژیایانەدا، دونیایەك لە توندوتیژی هەیە. ئەگەر حیزبی بەعس، یەكێكبێت لە سیما زۆر دیارەكانی ئەم مۆدێلە لەحیزب، حیزبەكانی دیكەش بە دەرنین لەو كاریگەرییە ئایدۆلۆژییە توندوتیژەی دونیای مۆدێرنە. دەتوانرێت بەعس وەك لوتكەیەكی ئەو توندوتیژییە ببینرێت و لەخوار ئەوەوە، ئایدۆلۆژیاكەی بووبێتە ئیحایەك بۆ حیزبە ناسیونالیستەكانی دیكە و، لەسەردەمی حوكومڕانیكردندا بەشێوەیەكی جیاوازتر توندوتیژیان كردبێت بە سیمایەكی دیاری خۆیان.

****
پاش بەركەوتن لەگەڵ سیمایەكی توندی مۆدێرنە، كۆمەڵگە بەر سیمایەكی دیكەی دەكەوێت. سیمایەك جیاوازترە لەو سیمایەی پێشوتر بەریكەوتووە. بۆ ئەوەی سیما نوێیەكە بناسین، گرنگە شوێنەكان و گوتارەكانی بناسین، گرنگە ئەو دونیاییە بناسین لە سیما نوێیەكەوە دێتە ناوكۆمەڵگە و لەناو كۆمەڵگەدا دژیەكییەك دروستدەكات.
هەریەك لە گوندە نوێیەكان، سۆپەرماركێتەكان، دامەزراوە نوێیەكان، هوشیاری تەندروستی، هوشیاری ژینگەیی، هونەر و مۆسیقای نوێ‌، رەخنە و فیكری نوێ‌، نووسین و ئەدەبی نوێ‌، شارو سیستەم، مۆبیل و شاشەكان، ئەنتەرنێت و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان، رێكخراوە ناحوكومییەكان، گۆڕینی وێناكردن بۆ شار، نەهێشتنی سنوورەكان ..هتد. هەریەك لە چەمكەكانی مافی تاك، ئازادی تاك، یاسا، پەیمانی كۆمەڵایەتی، تاكی ئایدۆلۆژی، مافی دەنگدان و مافی كار و مافی پیشە..هتد ئەمانە سەر بە دونیای مۆدێرنەن و دیوە نەرمەكەی مۆدێرنەن. كاتێك مۆدێرنە بەم سیما نوێیەوە دێتە ناوەوە و هەژمونێكی گەورەی دەبێت بەسەر كۆمەڵگە و سوبێكتەوە. ئیدی لەناو كۆمەڵگەدا دوو رایەڵەی دیار دروستدەبێت، رایەڵەیەكیان دەیەوێت بە تەواوەتی بچێتە ناو دونیا نوێیەكە و بیكاتە بەشێك لە ژیانی، رایەڵەیەكی دیكەیان بە هەموو هێزی خۆی، بە پشتبەستن بەگوتاری كۆنی ئەخلاقی، بەرگری لە چوونە ناوەوە دەكات. بەڵام لەم نێوانەدا تایپێكی دیكە هەیە، تایپێك ئەشێك ناوی بنێین _خۆڵەمێشی_ ئەم هێزە خۆڵەمێشییە خۆی پێ یەكلایی ناكرێتەوە، نە سەر بە دونیای پێش مۆدێرنەیە، نە سەر بەم دونیاییە بەرگری لە گەڕانەوەدەكات بۆ رابردوو، لەهەمان كاتیشدا هەردوو كیانە! ئەم هێزە خۆڵەمێشییە توشی دووفاقی زۆر گەورە دەبێت، دوفاقییەك كە ناتوانێت مانایەك بۆ خۆی بدۆزێتەوە و لەو دوو فاقی بوونەدا دەژیت. بەشێكی گەورەی ژیانی سەر بە مۆدێرنەیە و بیركردنەوە و دونیابینیشی سەر بە دونیای كۆنە، یان بە پێچەوانەكەشییەوە راستە و لەهەمان چركەساتدا، دژی هەردوو كیشییەتی. هێزی خۆڵەمێشی لە بۆشاییدا دەژیت، بۆ شاییەك ناتوانێت شوناسێكی راستەقینەی پێببەخشێت. دەیەوێت هەموو كەرەستەكانی و شوێنەكانی و فەزاكەی مۆدێرنبێت، بەبێ‌ ئەوەی گوتاری مۆدێرنە كار لە دونیا نەریتییەكەی بكات. ئەو دونیا نەریتییەی ئەم هێزە خۆڵەمێشییە بەرگری لێدەكات، لەژێر هەیمەنەی مۆدێرنەدا خاپوردەبێت و، دەیخاتە فەزای بۆشاییەوە، نە دەهێڵێت بگەڕێتەوە بۆ دونیا كۆنەكە و دەست لەهەموو ئەو شتانە هەڵگرێت هی مۆدێرنەن، نە دەشتوانێت بیهێنێتە ناوخۆی و بیكاتە هێزێكی مۆدێرنە. ئەم هێزە خۆڵەمێشییە لەیەك كاتدا، بەرگری لە رابردوو دەكات و بەرگری لە دونیای نوێ‌ دەكات. كاتێكیش بەرگری لە دونیا نوێیەكە دەكات، بەرگری لەو روكەشە دەكات مۆدێرنە لەرێگەی وێنە و جوڵەوە پیشانیدەدات، بە پێچەوانەشەوە كە بەرگری لە رابردوو دەكات، ئێستای خۆی نابینێت.
دوو تایپەكەی دیكە، خۆیان یەكلایی كردوەتەوە. تایپی مۆدێرنە زۆر بە نەرمی هاتوەتە ناو دونیاكەوە، دەشیەوێت ئەو دونیا نوێیە بكات بە ژیانێكی نوێ‌ بۆخۆی، ئامادەنییە بگەڕێتەوە دواوە و لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا هەنگاوی خۆی دەنێت و ژیانێكی مۆدێرن بۆ خۆی بونیاد دەنێت. هیچ گوتارێكی نییە و سەر بە هیچ گوتارێك نییە. ئەو گوتارە ئەخلاقییەی دژی دونیای مۆدێرنەیە نایكاتە كێشەیەك بۆ ژیانە نوێیەكەی، بەڵكو بە پێچەوانەوە لەناو مۆدێرنەدا لەبری گەڕان بۆ گوتارێك، بۆ ژیانێكی نوێ‌ دەگەڕێت. هەركاتێكیش رووبەرووی گوتاری كۆن دەبێتەوە، لە پەرچەكرداردا رووبەرووی دەبێتەوە. (مەبەست لە نوخبە نییە) تایپی دونیا كۆنەش تەنها گوتارەكەی سەر بە رابردووە، خۆی بە تەواوی كردەكانی ژیانییەوە لەناو مۆدێرنەدایە. بەڵام مۆدێرنە بۆ ئەو، بریتییە لەو هەژمونە گەورەیەی ئەخلاقی گشتی و ئەخلاقی كۆمەڵگە وێراندەكات، بۆیە لە رێگەی گوتارەكانییەوە بەرگری لە ئەخلاقی كۆندەكات و دژی ئەخلاقی نوێ‌ دەوەستێتەوە. ئەو بەركەوتن و دژیەك بوونەی لە ئێستادا لە رێگەی گوتارەوە بەرگوێمان دەكەوێت، هەمان ئەو فەزاییە مۆدێرنە لەناو خۆیدا دروستیدەكات. دوو تایپە یەكلایی بووەكە رووبەرووی یەكتر دەبنەوە، یەكێكیان سەر بەگوتاری نوێیە، ئەویتریان سەر بە گوتاری كۆنە. بەڵام هەردووكیان لەناو دونیا نوێیەكەدان و كەرەستەكانیان كەرەستەی كۆن نین و بەڵكو كەرەستەی مۆدێرنن. ژیانی دوو تایپەكە بە تایپی خۆڵەمێشییەوە، ژیانێكە بە كەرەستە و كاڵاكانی مۆدێرنە گەمارۆدراوە و، ئەوەی بەرهەمدەهێنێت مۆدێرنەیە و كۆمەڵگە بەرخۆر و بەكارهێنەرە لە هەندێكشوێنیشدا تەنها كاڵاكان بەكارناهێنرێن، بەڵكو سوبێكتەكانیش خۆیان لەناو دونیا مۆدێرنەكەدا، بونەتە سوبێكتی بەكارهێنراو. ئەوەی زۆر جێگەی تێرامانە، هەریەك لەم تایپانە زۆر رووكەشانە مامەڵە لەگەڵ دونیا كۆن و دونیا نوێیەكەدا دەكەن.
“قه‌یرانه‌كه‌ به‌ دیاریكراوی له‌وه‌دا كورت ده‌بێته‌وه‌ كه‌ “كۆن” ده‌مرێت و “نوێ”یش توانای له‌دایكبوونی نییه‌. له‌م قۆناغه‌دا توندوتیژ و دڕنده‌ په‌یدا ده‌بن”(3) ئێستای ئێمە، ئێستایە لەناو ئەم فەزایەدا. كۆمەڵگە دەرگای خۆی بەسەر دونیای مۆدێرنەدا كردوەتەوە، دەیەوێت خۆی گرێبدات بە ژیانی مۆدێرنەوە، دەیەوێت بكەوێتە ناو نەخشەی ئەویتری دەرەوەی خۆی و ناچاریشە بچێتە ناوییەوە، چونكە دەرگای دیكەی بۆ نەماوەتەوە جگە لە چوونە ناو دونیای مۆدێرنەوە، بەڵام نە دەتوانێت دەست لە میراسە كۆنەكە هەڵبگرێت، نە بۆشیدەكرێت لەناو ئەم دونیا نوێیەدا، نوێیك دروستبكات. ئێمە ناتوانین بانگەشەی مردنی كۆن بكەین، وەك ئەوەی _گرامشی_ باسی لێوەدەكات، كۆن لەناو ئێمەدا هێشتا پایە و شوێنی گرنگی هەیە، هێشتا خاوەن گوتارێكی بەهێزە، هێشتا بەشێك لە سوبێكتی ناو كۆمەڵگە ئامادەی دەستبەردان نییە لەو كۆن بوونە، ئەگەرچی ژیانەكە زۆر مۆدێرنە و تەنراوە بە كەرەستە و شوێنە مۆدێرنەكان، ئەمما ئایدۆلۆژیاكی كۆن دەنگی بەرزە و بەرگری لە رابردوویەك دەكات، كە پێی وایە جوانترە لە دونیای مۆدێرن. ئەم ئایدۆلۆژیاییە خوێندنەوەشی بۆ دونیای نوێ‌ خوێندنەوەیەكە لەسەر بنەمایەكی ئەخلاقی، نەك خوێندنەوەیەك لەسەر هاتنی چەمكە نوێیەكان لەرێگەی دەقە فیكرییەكانەوە. گوتارە ئایدۆلۆژیا كۆنەكە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، كۆنێكی پەتی نییە، كۆنێك نییە هەموو شتەكانی كۆنبن، كۆنێكە لە ئایدۆلۆژیا و گوتاردا، كۆنێكە لەبەشێك لە كردەكانیدا، كۆنێك دەیەوێت مۆدێرنە ببێتە بەشێك لە ئەو لەناو ئەودا بتوێتەوە، بێئاگا لەوەی مۆدێرنە هەموو كۆنێك كاڵدەكاتەوە و رێگەی پێنادات بەردەوام بێت، هەموو ئەوێكی تر دەهێنێتە ناوخۆی و كاڵیدەكاتەوە نەك خۆی كاڵببێتەوە. كۆنی ناو دونیای مۆدێرنە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، توانای نییە لەرێگەی میراسە فیكرییەكەوە سەیری دونیای نوێ‌ بكات، بەڵام توانای هەیە بەرگری لە ئایدۆلۆژیاكەی خۆی بكات. بەركەوتنەكان لەو ساتەدا دروستدەبن، كۆندێت قسە لەسەر نوێ‌ دەكات و، نوێ‌ دێت دەیەوێت كۆن كاڵبكاتەوە. زۆرێك لە بەركەوتنەكان و دژبەیەكبوونەكان، لە ئاستێكی توندوتیژدار روودەدان، لاینكەم لەرووی زمانەوە توندوتیژن، چونكە هەردوو لا كەرەستەی فیكری بەكارناهێنن بۆ ناساندنی دونیای یەكتری، بەڵكو ئایدۆلۆژیا و زمانی ئایدۆلۆژی شوێن زمانی فیكری گرتوەتەوە.
هەر دژیەك بوونێك لەم ئێستایەدا لەناو كۆمەڵگەی ئێمە، وزەیەكە بۆ دونیای مۆدێرنە. مۆدێرنە پێویستی بەو دژەیەك بوونەیە، دژیەك بوونەكان یەكلایی دەكاتەوە كۆن چییە و كێیە و، نوێ‌ چییە و كێییە. قۆناغی ئێستای كۆمەڵگەی ئێمە، ئەو قۆناغەیە لە سەدەكانی رابردوودا كۆمەڵگەكانی رۆژئاوا پێیدا تێپەڕین. هەرچۆن لە ئێستای ئێمەدا دوو هێڵی گشتی دیارن و هەریەكەیان سەر بە دونیایەكە، قۆناغی كۆمەڵگەكانی پێشوش بە هەمان شێوە بووە، بەڵام لە كۆتاییدا ئەوەی هەیمەنەی بەسەر كۆمەڵگەكاندا كردووە، دونیای نوێ‌ بووە. ئەكرێت لەناو كۆمەڵگەدا وێستگەیەك هەبێت بۆ بەرگریكردن لە كۆن و لە وەستان، لێ‌ دواجار هیچ كۆمەڵگەیەك ئامادەیی تەواوی نییە بۆ گەڕانەوەی هەمیشەیی بۆ دواوە و وەستانێكی هەمیشەیی، لە شوێنێكدا كۆمەڵگە ئیتر لە دۆخی بەرگریكردن لە كۆن دەوەستێت و بە تەواوەتی خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ ئەو دونیا نوێیەدا.
لە رووی مێژووییەوە، بەركەوتنی كۆمەڵگە لەگەڵ سیما نەرمەكەی مۆدێرنە، تازەیە. پێویستی بە تێپەڕینە بەسەر قۆناغێكی درێژی مێژوویدا، تا مۆدێرنە بەتەواوەتی هیچ بەشێك لە ناو كۆمەڵگەدا نەهێڵێت بۆ بەرگریكردن لە كۆن و لە رابردوو. دژیەك بوونەكەش لە گوتاری ئایدۆلۆژیدا، پەیوەندی بەو تازە بوونەوە هەیە، كۆمەڵگە لەگەڵ مۆدێرنەدا هەیەتی. تایپی دژەكانی مۆدێرنە، تایپێكن بە كەرەستە و ئامێرەكانی مۆدێرنە و ژیانە نوێیەكەی مۆدێرنەوە، دژی مۆدێرنەن. خۆیان خاوەنی هیچ كەرەستەیەك و ئامێرێك و ژیانێكی جیاواز نین، بریتین لەو كۆمەڵەیەی لەناو شارەكان و گوندەكاندان و لەرێگای شاشەكانەوە دەنگی بەرگریكردن لە دونیاكەی خۆیان دەگەیەننە ئەویتر. زمانەكەشیان زمانێكی ئایدۆلۆژیی پەتییە. زمانێكە مۆدێرنە خۆی بەرهەمیهێناوە. بەڵام ئەو دیدە ئەخلاقییەیان بۆ دونیای نوێ‌ و ژیانی نوێ‌، سەر بە دونیا كۆنەكەیە. تاكە هێزی بەرگریان لە دژی مۆدێرنە، تەنها دیدە ئەخلاقییەكەیە لە رێگەی زمان و گوتارێكی بێ‌ ئارگۆمێنتەوە. تەنانەت هیچ شتێكیان، لە بچوكترین كاڵاوە تا گەورەترین كاڵا، سەر بە دونیا كۆنەكە نییە. خۆشیان و دونیاكۆنەكەشیان ناتوانن لەبەرامبەر بەرهەمێنەری مۆدێرنەدا، هیچ بەرهەمێك بخەنە روو تا لەبەردەم مۆدێرنەدا بوەستنەوە، بەڵام بە پشتبەستن بە گوتارێكی ئەخلاقی كۆن، تەفسیر بۆ هەموو فەزا و شوێن و جوڵە و كردەیەكی مۆدێرنە دەكەن. ئەو چەمكانەشی رووبەرووی دەبنەوە، چەمك گەلێكن پێویستیان بە فیكری نوێی هەیە بۆ خوێندنەوەیان، نەك زمانێكی ئایدۆلۆژی پەتی لەسەر بنەمای ئەخلاق. بەرامبەرەكانیشیان (جگە لە نوخبەیەك) هەمان زمانیان هەیە و بە هەمان روانینی روكەشگەرایی ئەوانەوە دێنە وەڵام. هیچكامیان پشت بە مەعریفەیەك نابەستن بۆ ئەوەی ئێستا و رابردووی پێبخوێننەوە. هەریەكەیان لەناو فەزایەكی ئایدۆلۆژیدا، دژ بەویتر دەوەستێتەوە. مۆدێرنەش وەك فەزا گشتیی و باڵادەستەكە كاری خۆی دەكات و بەردەوام لە رێگەی كەرەستەكان و دونیا نوێیەكانییەوە، خەریكی راكێشانی كۆمەڵگەیە بۆ ناو خۆی.
هەرچۆن لەناو گوتارە كۆنەكەدا، ئەخلاق و نەریت، دوو چەمكی بەهێزن بۆ بەرگریكردن لە دونیای كۆن. بەهەمان شێوە لەناو گوتاری نوێدا، ژیانی نوێ‌ و دونیای نوێ‌، دوو چەمكی بەهێزن بۆ بەرگریكردن لە دونیای نوێ‌. ئەمما لەئاستی جەماوەرییدا، زۆر روكەشانە و زۆر توندوتیژانە بەرگریكاران دەكەونە ناو فەزای دژیەك بوونەوە. ئارگۆمێنتەكانی هەردوو لا، ئارگۆمێنت نین و سەفسەتەن، سەفسەتەیەك بۆ بەرگریكردن لە رەواڵەتی چەمكەكان، نەك لە جەوهەرەكەیان. تایپی دونیای كۆن، ناتوانێت ئەو ئەخلاقە نوێیە و ئەو كلتوورە نوێیە ببینێت مۆدێرنە دەیهێنێتە ناو كۆمەڵگە و بەشویێن رەهەندەكانیدا ناگەڕێت، تا بزانێت چ جۆرە سوبێكتێك و كۆمەڵگەیەك دروستدەكات. تایپە نوێیەكەش بەهەمان تەمەڵییەوە نە ئەخلاقە نوێیەكە، نە كلتوورە نوێیەكە، نە ئەخلاقی كۆن و نەریتی كۆن، وەك خۆی ناناسن هەڵسەنگاندنی دروستی بۆ بكەن. تەنها وەك سوبێكتێك لەناو فەزایەكی سەرسامكەردا بەشوێن مۆدێلێك ژیان كەوتووە، كە ئەم مۆدێلە لە ژیان هەستەكان و چێژەكان و ئارەزووەكان تێردەكات و بەرگری لەو سەرسامبوونەی ژیانە نوێیەكەی خۆی دەكات.
لەهەردوو سیماكەدا، سیمای توندی مۆدێرنە و سیمای نەرمی نوێی مۆدێرنە، ئایدۆلۆژیا باڵادەستی خۆی هەیە، چ لەرووی گوتارەوە، چ لەرووی كردەوە. ئەگەر لە قۆناغی توندوتیژی سیمای مۆدێرنە لە سیستەمی بەعسدا، ئایدۆلۆژیا بووبێتە زمانی مۆدێرنە و كۆن، لە ئێستاشدا ئایدۆلۆژیا هەمان ئەرك دەبینێت. ئەركی گەورەی ئایدۆلۆژیا لەرێگەی زمانی فیگەرەكانییەوە، دروستكردنی هوشیارییەكی ساختەیە لەسەر شتەكان. هوشیارییەك هیچ حەقیقەتێك پیشانی سوبێكت نەدات و لەناو فەزایەكی ساختەی پڕ لە حیكایەتی كورت كورتدا، حەقیقەت ونبێت و سەفسەتە شوێنی بیركردنەوە لە چەمكەكان بگرێتەوە. گەر مۆدێرنە لە رابردوودا زەبرو زەنگ بووبێت بۆ كۆمەڵگەی ئێمە، لە ئێستادا هەڵگری دژییەكیكە لەناو كۆمەڵگەدا. بەبێ‌ تێگەیشتن لە فەزا نوێیەكە و شتەكانی ناو فەزا نوێیەكە، لەوە تێناگەین بۆچی مۆدێرنە لەگەڵ خۆدا دژیەك بوون دروستدەكات. (من لەم وتارەدا بەهیچ جۆرێك قسە لەسەر سیستەمی سەرمایەداری و كاڵاكانی ناكەم، لەم دونیا مۆدێرنەدا. تەنها لەسەر چەمكی مۆدێرنە و سیماكانی لەبەردەم كۆمەڵگەی ئێمەدا جێی سەرنجی ئەم وتارەیە.)

ئەگەر وردتر لەسەر زمان و ئایدۆلۆژیای كۆن لەرەردەم ئێستای دونیای مۆدێرندا بوەستین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو گوتارە باوە میللیەی، لەرێگەی محافزكارانەوە رووبەرووی هەموو جوڵە و كردەیەكی نوێ‌ دەبێتەوە. بەڵام ئێستا دونیای شاشەكان، شوێنێكی مجازییە بۆ رووبەروو بوونەوەكە. گەرچی دونیای شاشەكان بەرهەمی مۆدێرنەیە، بەڵام لەناو خۆیدا شوێنێكیشە بۆ زمان و ئایدۆلۆژیای كۆن، تا لەو رێگەیەوە سنووری خۆی بپارێزێت و نەهڵێیت كردە و جوڵە مۆدێرنەكان بێنە ناو سنوورەكەیەوە. خاوەنانی ئەو زمان و ئایدۆلۆژیاییە، لەناو دونیای شاشەكانی مۆدێرنەوە، لەدۆخێكی پەرچەكرداردا بە زمانێكی توندوتیژەوە، دەڕمێن بەسەر هەموو كردەیەك و جوڵەیەكی نوێدا. گەر پێشوتر رووبەرێك هەبووبێت بۆ دژییەك بوونەكان و رووبەرێكی واقیعی بووبێت، لەم سەردەمەدا رووبەرەكە گوازراوەتەوە بۆناو دونیای شاشەكان و، كۆی تایپە دژیەكبووەكانی ناو دونیای مۆدێرنە، لەرێگای ئەم رووبەرەوە بەرامبەر یەكتری دەوەستن. نمونە: كاتێك لە رێگەی شاشەكانەوە جوڵەیەكی نوێ دێتە بەرچاوی بینەرەكانی، دوو بەرە دروستدەبێت. بەرەیەك بەرگری لە جوڵە و كردە نوێیەكە دەكات، بەرەیەكیش دژی دەوەستێت. ئەو بەرەیەی دژی دەوەستێتەوە، نە خوێندنەوەی بۆ جوڵەكەیە، نە باكیشی بەوەیە لەرێگەی كەرەستەكانی مۆدێرنەوە شەڕەكەی خۆی دەكات، گرنگ ئەوەیە بە زمانێكی توندوتیژەوە بچێتە ناو ئەو سنوورەی، سنووری جوڵە و كردەی مۆدێرنە و لەوێوە لە رێگەی گوتاری باوی میللییەوە، گوێگرەكانی بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخێكی ئەخلاقی و هەڵمەتی خۆی بۆسەر سنوورە مۆدێرنەكە دەستپێبكات و رابردوویەكی ئەخلاقی بهێنێتەوە ناو باسەكە. ئەخلاقێك كە سەر بە میراسێكی كۆنە و، لەناو سنوورێكی دیاریكراوەدا تەفسیر بۆ دونیای ئەویتر دەكات و جیاوازە لەم دونیا نوێیە. ئەخلاقێكی زۆرجار هێندە كورتدەكرێتەوە، پەیوەندی بە كردە و جوڵە وزمان و دونیابینیەوە نییە و، تەنها پەیوەندی بە جەستەوە هەیە. جەستەیەك كە دەبێت لە سنوورێكدا بهێڵرێتەوە و نابێت لەو سنوورە بچێتە دەرەوە. زۆرجاریش هەمان زمانی ئایدۆلۆژی گوتاری كۆن، بۆخۆی جۆرێك ئەخلاق بەرهەمدەهێنێت، ئەو ئەخلاقە زۆر مەترسیدارترە لەو دونیا نوێیەی ئەو لێی دەترسێت و دژی وەستاوەتەوە. ئەم زمانە توندوتیژ و روكەش گەرایە، لەناو دونیا تایبەتییەكەی خۆیدا شەیداییەكی دروستكردوە، پێی وایە بەم كەرەستە نامەعریفییەوە دەتوانێت بەر بە مۆدێرنە بگرێت!
بۆ كارەكتەری محافزكار شوناسەكە روونە چییە و بەرگری لە چی دەكات. بە هەمان شێوە بۆ سوبێكتی ناو دونیای مۆدێرنیش روونە، دەیەوێت بە چ جۆرێك بژی. ئەمما هێزی _خۆڵەمێشی_ هێزێكی میزاجییە. هێزێكە نە شوناسەكەی روونە، نە گوتارەكەی و نە دونیابینییەكەی. هەرجارە و بە پێی میزاجی خۆی بەسەر ئەم دوو بەرەیەدا خۆی یەكلایی دەكاتەوە. بەهۆی دووفاقیبوونەكەیەوە نازانێت بە تەواوەتی ج جۆرە سوبێكتێك هەڵدەبژێرێت. بۆ ئەوەی مانایەكیش بەخۆی بدات، ناچارە لەو نێوانەدا بەهەمان زمانی ئایدۆلۆژییەوە، خۆی بخاتە ناو یەكێك لەو بەرانەوە. لە هەموو حاڵەتێكدا سیمای دووهەمی مۆدێرنە، سیمایەكە پێویستی بە مێژووێكی زیاتر هەیە، تا دژییەك بوونەكانی ناو كۆمەڵگە لەناو خۆیدا كەمێك كاڵبكاتەوە. ئێستای كۆمەڵگەی ئێمە، ئێستایەكە هیچ كات ناتوانێت ئەو دژبوونەی لەگەڵ دونیانوێیەكە هەیەتی یەكلایی بكاتەوە. بەڵكو لەبری ئەمە لەناو خۆیدا پێكدادانی گوتاری دروستدەكات و، پێكدادانەكەش هەژمونی مۆدێرنە ناوەستێنێت و، دونیای كۆنیش كۆتایی پێناهێنێت. لەبری ئەمە تا دێت مۆدێرنە زیاتر دێتە ناو ژیانی كۆمەڵگە و تاكەكانییەوە و دونیا كۆنەكەش لەرووی فۆڕمەوە وردە وردە بەرەو گۆڕانی بنەڕەتی دەچێت و، ئەوەی دەمێنێتەوە، گوتاری ئایدۆلۆژییە و ئەو گوتارە دەنگی خۆی بەرزكردەوەتەوە و لە بەرگریدایە لە كۆن. بێگومان ئەو گوتارە ئایدۆلۆژییە تا قۆناغێكی دیكە ئامادەیی دەبێت و لە قۆناغێكی دیكەدا، گوتارەكەش گۆڕانی بەسەردا دێت و ئاڕگۆمێنتەكان شوێنی زمانە توندوتیژەكە دەگرێتەوە، چونكە ئەو خێرا رۆیشتنەی كۆمەڵگە بۆناو دونیا نوێیەكە، بەم فۆڕمە لە گوتار راناگیرێت و، پێویستە گوتارێكی عەقڵانیتر بێتە ئاراوە، تا بەدروستی مامەڵە لەگەڵ دونیای مۆدێرنەبكات. هەڵبەت هاتنی گوتارێكی نوێی عەقڵانی بۆ بەرگرتنی كۆمەڵگە نییە تابیوەستێنێت نەچێتە ناو دونیای مۆدێرنەوە، بەڵكو بۆ باشتر خوێندنەوەی چەمكە نوێیەكانی و چەمكە كۆنەكانە، تا بتوانێت لەو نێوانەدا فەزایەك دروستبكات، فەزاكە لە رێگەی گوتارێكی عەقڵانییەوە مامەڵە لەگەڵ هەردوو دونیاكەدا بكات.

سەرچاوەكان
(1)_ ملی گرای، جیهانی شدن و مدرنتە. مقالەیە باشگای اندیشە. بانك مقالات جیهانی شدن.
(2) نڤریە انتقادی مكتب فرانكفۆرت در علومی انسانی و اجتماعی. تهران، نشر اگاە. (1394)
(3)_ انتونی گرامشی، نامەهای زندان. ترجمە مریم علوی نیا. موسسە انتشار اگاە، تهران (1363)

 

ئەم لینکە ماڵپەڕی نوسەر نەبەز گۆران ـە nabazgoran

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت