بورهان شێخ ڕەئوف: ئێران و ئیمارات کرانەوە بەڕووى یەکدى دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵانێکى دوورو درێژە، کە سەرەتاکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەدەى هەژدە، ئێران چاوى لەوەیە هەموو کەنارەکانى کەنداوى لە بندەستدا بێت، بەڵام لە مێژووى نوێشدا ئێران و دەوڵەتى میرنیشینە عەرەبیە یەکگرتووەکان کێشەو ناکۆکیان هەبووە لە سەر سنوورو، بە تایبەتى لە سەر دووڕگەکانى تونبى بچووک و توونبى گەورەو ئەبو موسا کە لە ساڵى 1971 ەوە ئێران داگیرى کردووە چەند ڕۆژێک پێش ڕاگەیاندنى سەربەخۆیى دەوڵەتى ئیمارات.
ئیمارت و سعوودیە هاوپەیمانى یەکن بەتایبەتى تر، جگە لەوەى هەردووکیان ئەندامى ئەنجوومەنى هاریکارى وڵاتانى کەنداوى عەرەبین، بۆیە لە زۆر وێستگەو کاتى پێویستدا ڕاوێژو گفتوگۆى دووبەدوو و زیاترییان کردووە.
بەڵام ئەوەى دەخوازم لەم باسە کورتەدا تیشکى بخەمە سەر پەیوەندییەکانى ئێران و ئیماراتە لە گەرمەى ململانێ و ناکۆکیەکانى نێوان عەرەبستانى و سعوودیەو ئێراندایە کە بۆ لەم کاتەدا سەرەڕاى ناکۆکى و ململانێکانى نێوانیان ئێران و ئیمارات بە تایبەتى لە سەر ئەو سێ دووڕگەى کە ستراتیجیترین پێگەن لە دەروازەى گەرووى هورمزدا و ئێران داگیرى کردووە کەچى ئیمارات مەیلى بە دان وسانە لە گەڵ ئێران ؟
1 -هەرچەندە ئەم هەنگاوەى ئیمارات لە هەنگاوێکى تەکتیکى دەچێت تا ستراتیجى، بە پلە ى یەکەم مەسجێکە بۆ سەرۆک ترەمپ لە پاش ساردبوونەوەى پەیوەندى نێوان ئیمارات و ئەمریکا بە هۆى نزیک بوونەوەى ئەمریکا لە قەتەر، لە لایەکى ترەوە ئابوورى ئیمارات و بە تایبەتى دوبەى لەوەیە بەرگەى ململانێ و ناکۆکى لە گەڵ ئێران نەگرێت، لەوانەش بەهێزترئەو ئەگەرەیە کە ئیماراتییەکان لەو بڕوایەدان ئیدارەى ئەمریکا لە هەوڵى دان و سانە لە گەڵ ئێران و پەنا بۆ جەنگ نابات و هەوڵى پاراستنى هاتوچۆى دەریایى لە تەنگەى هورمز دەدات، بۆیە پێدەچێت ئەمە هەنگاوێک بێت پێشى ڕووداوەکە بکەون لە لایەن ئیماراتەوە.
2- ئەم هەنگاوەى ئیمارات لەوەیە خاڵێکى گۆڕانکاری گەورە بێت لە سیاسەتى دەوڵەتى ئیماراتدا کە لەمەودوا دەست وەرنەداتە کاروبارى وڵاتانى ترەوە چونکە بەشێکى هێزەکانیشى لە یەمەن پاشەکشە پێکرد ،لە هەمانکاتدا ئەم هەنگاوەى ئیمارات گورزێکى گورچکبڕە بۆ سیاسەتى ئەمریکا و ترەمپ بۆئەو هەوڵانەى داویانە بۆ پێکهێنانى هاوپەیمانێتیەکى عەرەبى لە گەڵ ئیسرائیل دژ بە ئێران لە هەمانکاتدا ڕێککەوتنێکى فەلەستینى و ئیسرائیلى پڕ لە کەمووکوڕیشى لە گەڵدا بێت، لەلایەکى ترەوە کۆسپ دەبێت بۆ ئەو هاوپەیمانیە عەرەبییەى کە ئەمریکا بەنیازە دروستى بکات بۆ پاراستنى کەنداوو، هاوپەیمانى دووقۆڵى ئیمارات و سعوودیەش دەخاتە ژێر پرسیارى جدییەوە و بەحرێن و عەرەبستانیش بەتەنیا جێدەهێڵێت لەوشەڕە قسەو میدیاییەى کە ئێستا لە نێوان ئەو دوو وڵاتەو ئێران دەگوزەرێت.
3- ئەم هەنگاوەى سیاسەتى ئیمارات بۆ دەست درێژ کردن بۆ وتو وێژ هەنگاوێکى تاڕادەیەک لۆجیکیە، چونکە پێشتر ئیمارات هیچ کات لە گەڵ ئەوە نەبووە شەڕ لە ناوچەکە هەڵبگیرسێت لە نێوان ئێران و ئەمریکادا، بەڵکو خوازیارى گۆڕانکارى لە سیاسەتەکانى ئێراندا بووە دەرهەق بە پرسە گرنگەکانى ناوچەکەو دژ بە پرسى گۆڕینى ڕژێمى کۆمارى ئیسلامى ئێران.
4- هەروەها ئەو ڕووداوانەى کە لە گەرووى هورمز هاتنە ئاراوە لە ماوەى ڕابردوودا بە تایبەتى پەلامارى کەشتییە نەوت بەرەکانى ئیمارات وەکو هەڕەشەیەک دەرکەوت بۆ ئیمارات پێدەچێت ئیمارات نەخوازێت ببێتە بەشێک لەو ململانێ یە.
5- لە ڕووى ناوخۆیى یەوە پێدەچێت میرنیشینى دوبەى ئەم دەستوەردانانەى میرنیشینى ئەبوزەبى پێ گونجاو نەبێت کە لە ساڵانى ڕابردوودا بە تایبەتى لە شەڕى یەمەنیش تێوەگلاوەو کە ئەم کارانە بە سوودو بەرژەوندى ئابوورى بۆ ئیمارات ناگەڕێتەوە، بەڵکو لە ڕوانگەى ئاسایشیەوە سەیریان کردووە کە قازانجى بۆ بەرژەوەندى گشتى وڵات نابێت بەڵکو ئاسایش و بەرژەوندییە باڵاکانى وڵات دەخاتە مەترسییەوە.
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم سیاسەتى ئەمریکاش تائێستا ڕوون و ڕەوان نیە چى دەکات بەرامبەر بە ئێران جارێک باسى ڕیگا چارەى سیاسى و دبلۆماسى دەکا و جارێک باسى بژاردەى سەربازى، لە ئاوا بارودۆخێکدا ئەگەر ئیمارات و بەرژەوەندییەکانى بە ئامانج بگیرێت لەوەیە زیانى گەورەى بەربکەوێت، بۆیە باشترین بژاردە بۆ دەوڵەتى ئیمارات و بە تایبەتى میرنیشینى ئەبوزەبى ئەوەیە کە کرانەوەو هەوڵى چارەسەرى دبلۆماسى قەیرانەکە بدات لە گەڵ ئێران و لایەنەکانى دیشدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت