مستەفا قایتەوەنی: جیهان و ناوچەكە لە چاوەڕوانی شەڕێكی نوێ دا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عێراقی فیدڕاڵ ئەو وڵاتەی سەردێڕ و مانشێتی زۆرترین هەواڵی میدیاكانی جیهانە، عێراق وەك وڵات خەڵكەكەشی وەك گەلانی تەنها لە فۆڕمێكی كۆماریدا وەك یەك وڵات دەر دەكەوێ، لە دروست بونیەوە تا ئەمڕۆ نە ئاشتی باڵی بەسەردا كێشاوەو نە سەقامگیریش دەبێت. هەر جەنگێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو بدات، یەكەم ڕۆكیتی لە عێراقەوە تاقی دەكرێتەوە چی لە ناوخۆی وڵاتەكەدا بوبێت، چی دەوروبەری، چی هاوپەیمانیەكی فراوان لە دژ دروست بو بێت.
دەتوانم بڵێم: ئەمەریكا و ڕۆژئاواو خاوەن پێگەكانی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوی سەرقاڵ و گێروەردەی ئاڵۆزیەكانی ناوچەكەن، هەموو ڕێگاكانی ئاڵۆزیش چ ڕۆژئاواو چ ئەمەریكا دەهێنێتەوە عێراق، لە بواری وزەو ئابوری و سەقامگیری ئاسایشی ناوچەكە و دروست بونی هیلالی شیعی و قەڵەم ڕەوی ئێران لە عێراقەوە بۆ شام و… هتد.
هەڵبەت عێراق ئێستا بووەتە جێگای یەكلای بونەوەی ململانێكان لەنێوان ئەمەریكا و ڕۆژئاواو، لەبەرامبەر ئێران و بگرە هەندێك جار توركیا و وڵاتانی عەرەبی، ئێران و توركیا. عێراق لەناو خۆشیدا ململانێی هەزارو چوارسەد ساڵی ڕابردووی ئەم دوو مەزهەبەی شیعەو سوننە لەلایەك و، كوردو شیعەی حاكمی عێراق لەلایەك و كوردو سوننە لەلایەكی تر، ململانێی تەیارو باڵە میانڕەو تیژ ڕەوە ئاینیەكانی شیعەش لە ناو خۆیاندا لە لایەكی تر !..
ئەمانە هەمووی بونەتە ئاهەنگێكی كراوە و زۆربەی وڵاتانی جیهانیش بەتایبەتی ئەوانەی بەرژەوەندیەكانیان بەریەك دەكەون وەك میوانێكی بانگهێشت نەكراو هەمیشە بونیان لەسەر سفرەو خوانی سیاسی عێراق هەیە، هەر وڵاتێكی زلهێزیش بەپێی قورسای و كاریگەری لەناوچەكە مەزهەبێك یان ڕەوتێكی سیاسی ئاینی دەجوڵێنێ بە تایبەتی وڵاتانی هەرێمی.
كەواتە ئەم وڵاتەی ناوی عێراقە بەم هەموو جیاوازیە نەتەوەيي و ئاینی و مەزهەبی و سیاسیەیی، كە هیچ لایەك ئەوی تری قبوڵ نیە و، یەكتر ناخوێننەوە لە هەموو شوێنێ باشترە بۆ شەڕی بەوەكالەت دژ بەیەكتر.
تێكەڵ بون و كەڵەكە بونی ئەو هەموو فایلە بونەتە دەرفەت بۆ زۆر لە وڵاتانی ناوچەكە ئەزمەو گرفتە ناوخۆیەكانیان بهێنە عێراقەوە بۆیە باشترین شوێن بۆ دوور خستنەوەی ئەو كێشانەیان بۆ گۆڕەپانی سیاسی عێراق.
ئێستاش وای لێهاتووە جیهان بە هەموو جیاوازی یەكانیان لەبەرەیەكن و ئێران و نزیەكەكانی لەبەرەیەك وەستاون و، ئەمەریكا لەگەڵ هەریەك لە ڕووسیا و چین گەیشتونەتە دوا لێك تێگەیشتن لەسەر بابەتی ئێران، ڕەنگە تەنها لەسەر كات وەستا بێت. دروست بونی هاوپەیمانێتی لە ناوچەكە و جموجوڵی ئەمەریكا و بەریتانیا و وڵاتانی تر لە گەرووی هورمز ئاماژەی زۆر ڕوونن.
كۆبونەوەی G7 لەچەند ڕۆژی ڕابردوو كۆك بوونی جیهان لەسەر هەندێك بابەت ئاماژەی زۆر ڕوونترن بۆ داهاتوی ئەو شەڕەی ڕووی لە ناوچەكە كردوە. ڕەنگە لە ڕووكەش ئەوەی لە میدیاكان دەوترێت ناوەڕۆكی كۆبونەوەكان نەبن بەتەواویی، بەڵام ناكرێت هەموو شتیش لە جیهان بشاردرێتەوە. ئەوەی لە G7 بەڕوونی دەركەوت دەستكراوەی ئیسرائیل بوو بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی لە هەر شوێنێ ئاسایشی كەوتە مەترسیەوە، دەتوانێ گورزی سەربازی و ئاسمانی بوەشێنێ. لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردووشدا وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە و، خودی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئەوەیان دووپات كردەوە، كە ئەوان هەر پێگەیەكی سەربازی و هەواڵگری دەكەنە ئامانجی فڕۆكەكانیان لە ناوچەكە مەترسی بێت بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل. ئەمەی كە ئیسرائیل كردوەیەتی بێگومان هەریەك لە ڕووسیا و بەریتانیا و ئەوروپا و ئەمەریكاش پشتیوانن و گڵۆپی سەوزی هەیە بۆ كورت كردنەوەی دەستی ئێران لەناوچەكە، بەتایبەتی سوریا و عێراق.
عێراقیش بەو هەموو ئاڵۆزی و ناكۆكی یە ناوخۆی و نێودەوڵەتیەیی هەیەتی لەلایەك و شەڕی تیرۆرو نەبونی سەقامگیری ئاسایشی ناوخۆشی تەواو لە مەترسی دایە، بەتایبەتی پەنتاگۆن و خودی دۆناڵد ترامپ ئەوەیان ڕاگەیاند كە چیتر كوڕی خۆیان لە عێراق بەكوشت نادەن و هیچ ئامادە نین شەڕی تیرۆر بۆ عێراق بكەن و… هتد.
ڕای گشتی جیهانیش بەو شێوەیە جوڵاوە كە بەهۆی مەترسی ئەو هەموو گروپە چەكداری و میلیشیانەی كە لە عێراق و ناوچەكە بونیان هەیە و، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، مەترسین بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل بە پلەی یەكەم و، دواتریش وڵاتانی كەنداو، بەتایبەتی سعودیە و، پاشان گواستنەوەی ئەو مەترسیانە بۆ ئەورووپا و ئەمەریكا لە میدیاكانی ئەورووپا و ئەمەریكا و بەریتانیاش، مەترسی ئەم میلیشیانە كەمتر وێنا ناكرێت لە داعش، ئەگەر بە هاوشێوەی یەك سەیر نەكرێن.
ئێستا ئەمەریكا و بەریتانیا و هاوپەیمانەكانیان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ هەموو ئەگەرەكان بۆیە: جیهان و ناوچەكە لە چاوەڕوانی شەڕێكی نوێ دایە. چەخماخەی ئاگرەكە لە عێراقەوە سەرچاوە دەگرێت، كوردستانيش لە ئاگرەكە نزیكە.
هەڵكەوتەی جوگرافیای كوردستانیش وایە، هیچ هێزێكی نێودەوڵەتی و هەرێمی ناتوانێ وەك ژمارە نەیخوێنێتەوە. بۆیە هەمیشە پێگەو ڕۆڵی جیاواز لە عێراق سەیر دەكرێت، چونكە پێگەیەكی ئابوری بەهێزی هەیە، كە نەوت و گازە. ئەو دۆخە نوێ یەیی بەڕێوەیە، وا پێویستە هەرێمی كوردستان باشتر ئامادە بێت، چی لە یەككڕیزی نێشتیمانی و، چ ئامادە باشی كردن بە هێزی پێشمەرگە. ئەگەری زۆرە ڕووداوەكانی ناوچەكە، دیسانەوە دەرفەتێكی تری سیاسی بداتەوە بە كوردستان. چونكە بە دروست بونی شەڕ لەم ناوچەیە كەلێنی ئەمنی دروست دەببێتەوە لە زۆر شوێنی عێراق. هەرێمی كوردستان دەتوانێ بگەڕێتەوە پێش 16 ئۆكتۆبەری ساڵی 2017.
ئەوەی ئێستا لە عێراق و ناوچەكە دەگوزەرێ، لێدانی دەهۆڵی شەڕە بەنەرمی و، چاو گوێی خەڵك ڕادەهێنرێت بۆ ڕووداوەكان لە قۆناغی دووەم، كە ڕاگەیاندنی شەڕەكەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت