کاوسێن بابەکر: شکەستی سەرکردایەتی سیاسی کورد لەدۆزی کەرکوکدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێ قسەدێتە سەر کەرکوک دەبێتە دڵ وقودس وهەموان بەکلیلی چارەسەری سەرجەم کێشەکانی کوردی دەزانن. بەڵام بەکردەوە نەک شتێکی ئاوایان پێشان نەداوە، بەڵکو کەرکوکیان کردۆتە قوربانی دەستکەوتە کەسی و حزبیەکان. سەرەتا گیرۆدەیان کرد بەمادەی 140 و هیچ نیشانەیەکی بەجدی کارکردنمان بۆ جێبەجیکردنی نەدیت، بەڵکو هەردەستی دەستی پێکراو کوردیش خەمساردانە ڕۆژگاری بەڕێکرد. جگە لەپڕۆژەکەی مامجەلال هیچ پڕۆژەو گەلە کۆمەگێکی جدی نەکرا بۆ چارەسەرو سەرخستنی ئەو مادەیە. هۆکارەکانیش زۆرن ڕاستە عەرەب و تورکمان هەمو هەوڵیکیان ڕێگریکردن بووە لە جێبەجیکردنی ئەو مادە دەستوریە و، دەستەڵاتدارانیش لەبەغدا پاڵپشتیان بوون و بەپێچەوانەی دەستور کاریان کرد، لەولاشەوە دەستەڵاتی کوردی شکەستیهێنا لە رازیکردنی لایەنەکان، لانی کەم تورکمانەکان. نەک هەر ئەوە بەڵکو خۆیان بەدژایەتی یەکتری و دروستنەکردنی کۆدەنگی و یەکڕیزی لەپێناو بەرژەوەندی تایبەت و حزبی هێندەی تر زەمینەی چارەسەریان وێران کرد.
ئێستا خەریکن دەچنە سەر ڕیگا ڕاستەکە کە لە گفتوگۆ و دان و ساندان لەگەڵ عەرەب و تورکمان، ئەگەر لەوە تێبگەین کە گێڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێم هەنگاوە بنچینەو دروستەکەیە و دەبێ ئامادەی ئەوەبین قوربانی بە کۆمەڵیک پۆست بدەین بۆ تورکمان، کە ئەوانیش لەکۆتاییدا ئەگەر بزانن ئەوەیان قازانجەو زوڵمیان لێناکرێ پشت لەبەغدا دەکەن، کە هیچ خێرو خۆشیەکیان لێ نەبینیوەو لەگەل کورد پێکەوە تاڵاوی زۆریان نۆشیوە. پێدانی پۆست بەتورکمان بەپاریزگاریشەوە بەمەرجی مسۆگەرکردنی پشتگیری تورکمان بۆ تەواوکردنی پرۆسەی جێبەجێکردنی مادەی ،140 کە کۆتاییەکەی گێڕانەوەی کەرکوکە بۆسەر هەرێم سەرکەوتنێکی مێژوویی گەورەدەبێ. بەڵام کاتێ تورکمان وەک مافی خۆی داوای ئەم پۆستەدەکات، بەبێ ئەوەی ڕازی بێ بەکۆتاییهێنان بەجێبەجێکردنی مادەی 140 گێڕانەوەی بۆ باوەشی کوردستان ئەوە جێگای قبوڵکردن نییە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت