بەهرۆز جەحفەر: دۆخی نادیاری کورد لە کەرکوک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئیش کردن لەسەر هەستانەوەی کوردستان و، بەرهەمهێنانی لێکۆڵینەوەی زانستی و، بە ستراتیژی کردنی پرسی کورد پێویستی بە تۆڵیرانس « لە خۆبوردەیی و سنگفراوانیەکی زۆرە » هەر دۆخەکە گەیشتۆتە ئاستێک ڕۆژانە لەناو کۆمەڵگادا پێت بوترێت « ئاگات لە خۆت بێت!». قسە لەگەڵ هەر تێکۆشەرێکی دوێنێ ئەکەی بە ترس و بە کۆدەوە لە تەلەفۆنا وەڵامت ئەداتەوە!. وەک ئەوەی ئەو ئوسامە بن لادنی شاردبێتەوە، پاسەوانی گازی کۆ دەمار و بۆمبە هایدرۆجینەکان بێت!. تۆ خۆت تێکداوە قسە ئەکەی لەسەر ئەم جیهانە ئاڵۆزە ئەویش هیچ خۆی تێک نادا ئەڵێ « تۆ پێتوایە لەم کۆنگرەیەی یەکێتی باڵی جافەکە موهیمە یان کەرکوکیە….و ….»…!.
کوردبون لە دەرەوەی حیزب و لایەنە کوردییەکان زەحمەت و سەختە، چونکە هەر هەموو جەمسەرە حیزبیەکان، کوتلەکانی ناو حیزب چاویان تەنها لە حیزب و ڕێککردنەوەی حیسابی سیاسی و دارایی و ئەمنی کوتلەو حیزب و ناوچەکەی خۆیانە. کە تۆ لە دەرەوەی ئەوانەوە ئەڵێیت وەرە بە دیدگایەکی زانستیەوە، لۆبی بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەت بکەین، مەترسیەکان و ئەگەرەکان و ئۆبشنەکانی ڕووبەڕوو بوونەوە دەست نیشان بکەین، ئەو شتی وای نەدیوەو نەزانیوە، ئەوە نازانێ کورد وەک بەشێک لە ستراتیژێکی نیشتیمانی سەیری کەرکوکی نەکردوە، تەنها لە سونگەی کوتلەکەی، حیزبەکەیەوە سەیری هەر شتێک ئەکا. ئەمە وەک ئەوە وایە لە بەقاڵێک داوای کێشانی دوو کیلۆ خەیار بکەیت، ئەو بڵێت ئێمە لە گەڕەکەکەی خۆمان کێشەمان لەگەڵ دراوسێکەمان هەیە ئەبێت تۆش بێیت هاوکارمان بیت لە پەلاماردانی!؟.
وەک دەرئەنجامێک، لەم سۆنگەیەوە بۆ کەرکوک چەند پێشهات و ئەگەرێکی ترسناک هەیە:
یەکەمیان/ لە هەموو مێژوودا، بەتایبەت لە نزیک بە 100 سەت ساڵی تەمەنی دەوڵەتی عێراقدا کورد دراوسێی سووننە بووەو تەماس و خۆشی و ناخۆشی لەگەڵ پێکهاتەی سووننە بووە، ئیمڕۆکە لەمەولا دیموگرافیای ناوچەکە لە خانەقینەوە تا شەنگال بە سوریاشەوە گۆڕاوە، ئیتر کورد ئەبێتە دراوسێی شیعە… لەمەولا پێکهاتەی شیعە لە موختاری گەڕەکەوە تا پەرلەمان کورسیان لەسەر کەرکوک ئەبێت.
دووەم/ سەرهەڵدانەوەی داعش یان هەر سیناریۆیەکی توندوتیژی بە مەبەستی سیاسی لە کەرکوک و دەوروبەری.
سێهەم/ مەترسی هێرشی ئاسمانی ووڵاتانی نەزانراو یان ئیسرائیل و سعودییە بۆسەر ئەو ناوچەیە و دەوروبەری.
چوارەم/ مەترسی لەبەردەم هێڵەکانی ووزەو پاڵێوگەکان.
پێنجەم/ مەترسی بارکردن و چۆڵکردنی شارەکە لەلایەن کوردەوە، بەپێی پێشبینیەکان کورد بەنزیکەیی 120 سەتوبیست هەزار دەنگ لە سەرژمێری کەرکوکدا لە دەست ئەدات کە چەند مانگێکی کەمی ماوە بۆ پرۆسەکە.
شەشەم/ دواجار کورد « نەک بە تەنها حیزبێکی کوردی» لە دوای ڕیفراندۆم یان 16 ی ئۆکتۆبەرەوە لە ڕووی جوگرافی و ئیداریی و ئابوری و ئەمنی و نێودەوڵەتییەوە کەرکوکی لەدەستداوە. ئێستا ئامادە کاری ئەکرێت لەڕووی ئیتنی و یاساییشەوە لە دەستی بدات.
لە کۆتاییدا با منیش جارێ ئەوە بە خەڵکی و بە حیزبەکان بڵێم « ئاگاتان لە خۆتان بێت»!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت