شەریف ھەژاری: ترامپ و لابردنی جۆن بۆڵتن (ھەڵۆی دژ بە سیستمە دیکتاتۆرەکان) لە پۆستەکەی!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند ھۆکارێک لە پشت ئەم کارەی ترامپەوەیە، سەرەکیی و، لاوەکی. گرنگترین ھۆکارەکانی ئەمانەن:
ھۆکاری یەکەم/ ئەم ھۆکارە، ھۆکاری سەرەکی لادانی جۆن بۆڵتنە. ترامپ ئەیەوێت ھەرچی کردووەو ھەرچۆنی کردووە لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا بیباتەوە. یەکێک لە نیگەرانییەکانی زۆرینەی خەڵکی ئەمریکا ئەوەیە: ترامپ بە نیازی شەڕە. ترامپ ئەیەوێت لەم ڕووەوە خەڵکی ناوخۆی ئەمریکا لەگەل خۆی ئاشتبکاتەوە. چونکە جۆن بۆڵتن (ھەڵۆی دژە سیستمە دیکتاتۆرەکان) باوەڕی نەگۆڕ و ھەوڵی ھەمیشەیی ئەوەبوو، کە: ڕژێمی ئێران بۆمباران بکرێت، دیکتاتۆری فەنزوێللا بەھێز لە حوکم دوربخرێتەوەو، ئەمریکا دەست شل نەکات بۆ دیکتاتۆری کۆریای باکور. ئەم باوەڕانەی وایکردبوو خەڵکی ئەمریکا ھەمیشە باوەڕیان وابێت کە کابینەکەی ترامپ شەڕ ھەڵدەگیرسێنێت. ھەرچەندە من (وەک شەریف ھەژاری) پێموایە: باوەڕەکانی جۆن بۆڵتن باوەڕی ڕاستەقینە و مرۆڤدۆستانەن و ھاوتای تێزەکانی لیبراڵیزمن و ڕەوا نییە زلھێزترینی جیھان دەست بۆ ڕژێمە دیکتاتۆرەکان شل بکات. بەڵام خەڵکی ئەمریکا ئەمەی ناوێت، واتە شەڕی ناوێت!
ھۆکاری دووەم/ ترامپ ئەیەوێت جیلی نوێی کۆمارییەکان بێنێتەپێشەوە بۆ ئەوەی جەماوەرو نەوەی نوێ لە ھەڵبژاردنەکان دا بە لای خۆی دا جەزب بکات. ترامپ دەیەوێت زۆرینەی سیاسییە پیرەکانی کۆمارییەکان لە پۆستە ھەستیارەکانی کابینەکەی بە جیلی نوێی تەکنۆکراتی کۆمارییەکان بگۆڕێت!
ھۆکاری سێیەم/ ترامپ بیرکردنەوەیەکی (بازرگانانە) ی بۆ سیاسەتکردن ھەیە. ئامادەیە ھەمو ھاوڕێکانی لابدات و، ھەمو جۆرە ڕێگایەکی (مومکین) بگرێتەبەر لە پێناو بەرژەوەندی خودی دا. ئەوەش خۆی لە بردنەوە لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا دەبینێتەوە. بەو پێیە، خودی ترامپ بڕوای بە بەرژەوەندی خودی ھەیە ھەتاکو ئامانجی لیبراڵیزم و ژینگەپارێزیی لە جیھان دا. واتە وەک مامەڵەکردن تەماشای سیاسەت دەکات!
ھۆکاری چوارەم/ ئەم ھۆکارە پەیوەندی بە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی ئەمریکاوە ھەیە. ترامپ دەیەوێت بە لادانی جۆن بۆڵتن دەرگایەک بە ڕووی ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی ئێران و فەنزوێللا و کۆریای باکور بکاتەوە.
تێفکرینی خۆم، پێموایە: ڕەنگە ترامپ لە ڕووی ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکی ناوخۆوە بەلای خۆیدا کەمێک قازانج بکات لە لادانی جۆن بۆڵتن. بەو پێیەی بۆڵتن وەک (ھەڵۆی شەڕ دژی دیکتاتۆرەکان) ناسراوەو خۆشی نایشارێتەوە کە ئەوە ئامانجی نەگۆڕیەتی. بەڵام لادانی جۆن بۆڵتنەکان لە دامەزراوەکانی ئەمریکادا نەنگییەکی ترە بۆ ئەمریکا کە ئامادەنییە وەک زلھێزترینی جیھان لە پێناو (بیرۆکە لیبراڵیزمەکەی دا!) شێلگیرانە دژی دەوڵەتە ستەمکارەکان بووەستێتەوە!

شەریف ھەژاری: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت